19.5.21

ئاوی باران و پەڵەی پاییز



ساڵ دووازدە مانگە و لە بەشێکی زۆری وڵاتی ئێمە نزیکەی شەش مانگی گەرما و بێ بارانییە. بەشێوەیەکی گشتی مانگێک و پازدە رۆژی پاییز، سێ مانگی زستان و مانگێک یا مانگێک و پازدە رۆژی بەهار بۆی هەیە باران ببارێت. دیارە لە ناوچە سارد و کوێستانەکان رێژەی باران بارین زیاترە؛ بەڵام ئەوەی مەترسیی ووشکەساڵی و بەبیابانبوون و داشۆرانی لێدەکرێت، لە پلەی یەکەمدا ناوچە گەرم و دەشتەکانە؛ هەربۆیە مەبەستی سەرەکیی ئەم بابەتە ئەم ناوچانایە. کە دەڵێین نزیکەی شەش مانگ گەرمایە، مەرج نییە شەش مانگەکەی تر بەردەوام باران ببارێت؛ بەشێوەیەکی گشتی لە چەند دەیەی رابردوودا رێژەی بارانبارین زۆر دابەزیوە و زۆربەی ساڵان پاییز دەڕوات و زەوییەکان دادەچنرێن بێ ئەوەی پەڵەبدات.
دووای ئەوەی لە مانگی دووەم یا نیوەی مانگی سێیەمی بەهارەوە کۆتایی بە بارانبارین دێت، گیا بەخێڕایی زەرد و ووشک دەبێت. تین و تەوژمی خۆر زیاد دەبێت و بە درێژایی هاوین بەردەوام دەبێت. تا پازدە بیست رۆژێک لە پاییز تێدەپەڕێت، باران نابارێت. زەوی لەژێر تیشکی سووتێنەری هەتاودا شەقار شەقار دەبێت. بەهۆی بێئاوی و تینی گەرمی خۆرەوە، خاک ووشک و رەق دەبێت و دەبێتە یەکپارچە بەرد. نەک بێڵ، تەنانەت پاچ و کوڵینگیش بە سەخت و دژواری کار لە زەوی دەکات.
کاتێک کە بارانی پاییز دەستپێدەکات، چ درەنگ بێت، چ زوو، یەکەم و دووەم و رەنگە سێهەم بارانیش دڵۆپێک ئاو نەچێتە ژێڕ خاکەوە؛ چونکە بارانەکە بە خوڕ دەبارێت و خاکەکەیش وەک بەرد رەق و ووشکە و توانای هەڵمژینی نییە. هەربۆیەیش جووتیار چاوەڕێی پەڵەیە؛ واتە چاوەڕوانە کە باران ئەوەندە ببارێت، بە ئەندازەی بستێک رۆبچێتە خوارەوە و خاک تەڕ بکات. وەک زۆربەمان دەزانین ساڵانی پێشوو هەم بەهار درێژتر بوو، هەم پاییز؛ و هەم زووتریش پەڵەی دەدا. هۆکارەکەیش روونە، ئەو سەردەمە ووڵات سەوزتر بوو، دار و درەخت زۆرتر بوو؛ دارستان و لێڕەوارەکان وەک ئێستا نەڕووتابوونەوە. چۆم و رووبارەکان هەر هاژە و لرفەیان دەهات. هیچ گوند و ئاواییەک نەبوو کە خاوەنی چەندین کانی و کارێز و جۆگەی خۆی نەبێت.
ئێستا زۆربەی ساڵان، بەتایبەتی لە شارەکاندا بارینی کەمترین باران دەبێتە هۆی لافاو. چونکە شارەکان جگە لەوە کە خاکەکەیان رەق و ووشک دەبێت، زۆربەی کووچە و کۆڵان و شەقامەکانیان قیڕ و کۆنکرێتن. ئاو هەڵنامژن و یەکسەر ئاوەکە بەسەریاندا تێدەپەڕێت بەرەو زێرابەکان. لە ماوەی وەرزی گەرمایشدا کە تۆز و خۆڵ و زبڵ و خاشاک زۆرە، کون و ئاوەڕۆی زێرابەکان دەگیرێن؛ هەربۆیە ئاوی بارانەکان لەسەر جادە و شەقامەکان کۆدەبێتەوە و دەبێتە لافاو. هەرکە بوو بە لافاو دوو زیان دەگەیەنێت، یەکەم: زیان بە ماڵ و حاڵی خەڵکی دەگەیەنێت؛ دووەم: رێگا بۆ خۆی دەکاتەوە و بەهەدەر دەڕوات و بە هەر زەوییەکدا تێپەڕێت خاکەکەی سەرەوە کە خاکی کشتوکاڵییە لەگەڵ خۆی راماڵی دەدات و دەیبات؛ و خاکێکی سووری بێسوود دەهێڵێتەوە.

بۆ پێشگیری لە زیانەکانی بارانی بەخوڕ و بۆ سوود وەرگرتن لەو بڕە بارانەی ساڵانە دەبارێت، گرنگترین رێگا بریتییە لە روواندنی دار و دەوەن و بووژاندنەوەی دارستان و لێڕەوارەکان. تا رێژەی دار و دەوەن زیاتر بێت، خاک زیاتر بە نەرمی و نمناکی دەمێنێتەوە؛ و توانای هەڵمژینی زیاتر و خێراتری ئاوی بارانی دەبێت. کاتێک کە زیاتر و خێراتر ئاوەکە هەڵدەمژێت، کەواتە هەم پێشگیری لە رووداوی لافاو دەکرێت و هەم زووتریش پەڵەدەدات و مەترسیی ووشکەساڵی دوور دەکەوێتەوە.

 


No comments:

Post a Comment