25.5.21

بڵا بەرد و بارانی ووڵات وەبەربێنین


 

مرۆڤ لە هەر شوێنێک نیشتەجێ بێت، بەگوێرەی ژینگە و دەوروبەرەکەی خۆی دەگونجێنێت. هەورامان زۆربەی شاخ و بەردەڵانی سەختە، هەر بۆیە هەورامییەکان هەموو خانووەکانیان لە بەرد سازدەکەن.  لە ناوچەکانی تریش دەکرێت وەک هەورامان سوود لە بەرد وەربگیرێت.   زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی تری کوردستان بەردەڵانن، تەنانەت زۆرلە زەوییە کشتوکاڵیەکانیش یا بەردەوام بەردبژێر دەکرێن یا پێشتر بەردبژێر کراون تا بۆ کێڵان و چاندن و دروێنە کۆسپ و بەربەستیان نەمێنێت.  هەروەها زۆر زەویی دێم و بەیار هەیە کە لەبەرئەوەی ژمارەیەکی یەکجار زۆر بەردیان تێدایە خاوەنەکانیان تەنیا وەک لەوەڕگە بەکاریان دەهێنن و هەوڵی کێڵانیان نادەن.  ئەم بابەتە گرنگی بەم خاڵە دەدات و تێدەکۆشێت بۆ سوود وەرگرتن لەم جۆرە زەوییانە بەرچاوڕوونی و ڕێنومایی بایەخدار بداتە دەست.


خاڵێکی گرنگی تر کە شایانی باسکردنە و پێویستە بە بایەخەوە لێی بڕوانین، رووبەری هەوایی ووڵاتەکەمانە.  ئاسمانی ووڵاتەکەمان هی ئێمەیە، ئەو بەفر و بارانەی لێوەی دادەبارێت، هی ئێمەیە و دەبێ خۆمانی لێ بە خاوەن بکەین.  ئەگەر ئێڕان ئاوی رۆژهەڵاتی ووڵاتمان لەسەر ووشک دەکات، ئەگەر تورکیا ئاوی باکووری نیشتمانی خۆمانمان لەسەر ووشکدەکات، جێگرەوەی ئەوەمان هەیە.  ئاسمانی ووڵاتەکەمان هی خۆمانە و هیچ هێزێک ناتوانێت دەسی بەسەردا بگرێت. لەجیاتی ئەوەی بەفر و بارانەکەمان ببێتە لافاو و ماڵ وحاڵمان تێکبدات، گەرەکە سوودی لێوەربگرین و بۆ خزمەتی خۆمان بەکاری بێنین.  

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەشوهەوا تەنانەت ئەو ساڵانەیش کە ووشکەساڵین، رێژەیەکی باش بەفر و باران دەبارێت.  کوردستان وەک ووڵاتانی بیابانی عەرەبستان و ئەفریقا نییە کە هەندێک جار سێ ساڵ جارێک و هەندێ جار دە ساڵ جارێک بارانیان لێدەبارێت.  هەربۆیە ئەو بڕە بەفر و بارانە کەمەیش کە لە ساڵانی ووشکەساڵیدا دەبارێت ئەگەر بەووردی و بە بەرنامە گلبدرێتەوە، گرفتی ووشکەساڵیمان نامێنێت؛ و ووڵات سەرسەوز دەکات.


وەک دەزانین زۆربەی گوندەکان جیا لەوە کە زەویی کشتوکاڵیان هەیە، هەرکامەیان دەیان و سەدان هیکتار خاکی دارستان و بەیاریان هەیە کە وەک لەوەڕگە و پاوان بۆ ئاژەڵەکانیان سوودیان لێوەردەگرن.   زۆر جار لەبەر چۆڵبوونی گوندەکان، تەنانەت بەگوێرەی پێویست وەک لەوەڕگەیش بەکارناهێندرێن و لە راستیدا دەکرێ بگوترێت کە هیچ سوودێکیان لێوەرناگیرێت.  سەرەڕای ئەمەیش رەنگە هەر چەند ساڵ جارێک بە ئاگا یا نائاگایی ئاگرێکیشی تێبەربدرێت.  لە راستیدا مایەی داخە کە لەم بارودۆخە سەخت و ناهەموار و تەنگاسییەدا کوڕ و کچی کورد خاکەکەی خۆی بەرەڵا بکات و بۆ دابینکردنی خۆشگوزەرانیی خۆی و وەستانی لەسەرپێیی خۆی بەکاری نەهێنێت.  بۆ مەبەستی سوودوەرگرتن لە بەردی زەوی و بەفر و بارانی ئاسمانی نیشتمانەکەمان لە پلەی یەکەمدا پێویستیمان بە یەکدەنگی و یەکدەستی و  راوێژە لەگەل یەکتریدا.  دووای ئەوە شوێنەکان دەسنیشان دەکرێن و قۆناغەکانی کارکردن و شێوازی جێبەجێکردنەکە شیدەکرێتەوە.


پێویستە ئەو شوێنانەی کە رێژگەن یا دۆڵ و کەند و جۆمن و ئاوی قەدپاڵ و بەرزاییەکان پیایاندا گوزەردەکات، بەربەست و پاردەی بەردینیان تیادا ساز بکرێت.  ئەو بەردانەی کە لە زەوییەکاندا هەن هەموو کۆبکرێنەوە و بەکاربهێنرێن بۆ دروسکردنی بەربەست و بەنداو لەم جۆرە شوێنانە.  بەم کارە هەم زەوییەکان بەردبژێر دەکرێن و پاک دەبنەوە، هەم  بەکاریش دەهێنرێن بۆ گلدانەوەی ئاو.  لە هەندێک شوێن پێویست دەکات بە چیمەنتۆ دیوارو بەربەست بە بەردەکان  دروستبکرێت؛ بەڵام لە زۆر شوێن پێویست بە چیمەنتۆیش ناکات و تەنیا بە بەکارهێنانی گڵی سوور و بەرد کارەکە جێبەجێ دەبێت و بەنداوەکە دروست دەبێت.


بە گلدانەوەی ئاو لە بەنداوگەلی بچووکدا تەنیا ئاو بۆ باغ و بێستان و شیناییەکانمان پاشەکەوت ناکەین؛ بەڵکوو ئاو بۆ ئەو هەموو مەل و باڵندە و ئاژەڵە کێوییانەیش دابیندەکەین کە بە هۆی ووشکەساڵییەوە بەردەوام کوردستان بەجێدەهێلن و هەندێکیان ساڵانێکە تۆراون و روویان نەکردووەتەوە نیشتمانەکەمان کە نیشتمانی دێرین و کەونارای ئەوانیشە.

لەلایەکی ترەوە زۆربوونی ئاو دەرفەتی زیاتر بۆ کشتوکاڵکردن دەڕەخسێنێت؛ و بیانوو لە دەست ئەو گەنج و لاوانەیش دەردەهێنێت کە زۆر جار هۆکاری رۆیشتنیان بۆ هەندەران و بەجێهێشتنی ووڵات دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی کار و ناڕۆشنیی ئایندەیان.  هەم سوود لە هێز و توانستیان وەردەگیرێت و هەم چیتر دڵی دایکان بە خنکانی جگەرگۆشەکانیان لە ئاوی دەریاکاندا ناسووتێت.


کارکردن لەسەر ئەم جۆرە پرۆژەیە مەرج نییە لە بەرنامە و گەڵاڵەی حکومەتدا بێت؛ دەکرێت خەڵکی گوندێک یان چەند گوندێک پێکەوە رێکبکەون و چەند هەفتەیەک بەر لە پاییز بەرنامەکە دابڕێژن و دەسبەکار بن.  ئەم پرۆژانە تێچوویان کەمە و زیاتر پشت بە هێزی مرۆڤیی دەبەستن نەک دارایی.  تەنانەت ژنان و منداڵانیش دەتوانن تیایدا بەشداری بکەن و بە چەند هەفتە کاری هەرەوەزی، ناوچەکەی خۆیان بکەنە زنەی ئاوی بەفر و باران و دیمەنی  سەوزایی بۆ بگەڕێننەوە.


No comments:

Post a Comment