1.5.21

سەوزکردن و بە جەنگەڵکردن



سەوزکردن و بەجەنگەڵکردن پێواژۆیەکی درێژخایەنە و گەڵاڵە و بەرنامەی لانیکەم پێنج ساڵەی گەرەکە. ژمارەیەک لە وڵاتانی ئاسیایی و ئەفریقایی دەستیان داوەتە وەها کارێک و هەرکامەیان بەگوێرەی شوێن و هەڵکەوت و توانست و بەرنامەی خۆیان تیایدا سەرکەوتوو بوون. لە رۆژهەڵاتی ناوینیش ئیسراییل هەوڵی زۆری داوە و سەرکەوتنی زۆری دەستەبەرکردووە. عەرەبستانی سەعوودی و ئیماراتی عەرەبیش خەمیان لەم بابەتە خواردووە و هەندێک هەنگاوی باشیان هاویشتووە. لە کاتێکدا کە ئەم وڵاتە ووشک و لمین و بێئاو و خاکانە هەوڵی سەوزکردنی ناوچە بێبەرهەمەکانیان دەدەن، لە کوردستان ساڵ بە ساڵ ووڵات زیاتر دەڕووتێتەوە بەبیابان دەبێت. ساڵ بە ساڵ کەم ئاوی خەڵکی زیاتر تەنگەتاو دەکات و پلەی گەرمایش زیاتر بەرز دەبێتەوە.
بەداخەوە لە باشووری کوردستان نەک بیر لە سەوزکردن و بەجەنگەڵ کردن نەکراوەتەوە، تەنانەت کشتوکاڵکردنیش لە ستراتێژیی حکومەتدا حیسابێکی ئەوتۆی بۆ نەکراوە. حکومەت ئەوەندەی دڵی بە بەرهەمی هاوردە خۆشە، نیو ئەوەندە ئومێدی بە بەرهەمی کشتوکاڵی نێوخۆ نییە. بەداخەوە حکومەتی باشوور هەمو بیر و هۆشی بۆ نەوتفرۆشتن و هەڵکۆڵینی چاڵەنەوت و گاز تەرخانکردووە، کە هەموو کەس دەزانێت تێیدا شکستی خواردووە و بەشە نەوتی چەند وەچەی ئایندەی ئەم میللەتەی پێشفرۆش کردووە و لەسەریشی قەرزدار بووەتەوە. ئەم شکستە ئابوورییە، یا باشتر بڵێین شکستی سیاسەتی نەوت، بووەتە هۆی لەدەستدانی زۆرێک لەو ئیمتیازانەی لە دووای ٢٠٠٣ وە کوردی باشوور بەدەستی هێنابوو..
لە راستیدا لە قۆناغی ئێستادا هیچکام لە کەرتە ئابوورییەکان ناتوانن وەک کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە هەستانەوەی ئەم شکستەدا هاوکار و یارمەتیدەر بن. ئاووهەوا و خاکی کوردستان گونجاوترینە بۆ ئاژەڵداری و کشتوکاڵ؛ و ئەگەر دەسەڵاتێکی بەڕاستی خەمخۆر هەبووایە، دەیتوانی نەک باشووری کوردستان، بەڵکوو هەموو ئێراق بەخێو بکات. لێ مخابن، ئەم دەسەڵاتە نەک هەر گرنگی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری نادات بەڵکوو داژیەتیشی دەکات. ساڵ نییە جووتیار و وەرزێرانی باشووری کوردستان سکاڵا و داد و فیغانیان نەبێت بەدەست هاوردەکردنی بەرهەمی بیانی لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانیاندا. لە وەرزی سەرمایشدا نزیکەی هەموو کەسکەماڵەکان دادەخرێن و بۆ دەسکێک کەرەوز و کیلۆیەک تەماتە دەبێ دەستەوداوێنی تورکیا و ئێران و سووریا بن.
کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بخەینە ئەو لاوە و سەرنج بدەینە سەر سەوزکردن و بەجەنگەڵکردن. لە چل ساڵی رابردوودا رووبەرێکی زۆری کوردستان، تەنانەت ناوچە شاخاوییەکان رووتاونەتەوە و و درەختە خۆرسکەکانیان ریشەکێش کراون. زۆر ناوچە بە تەواوی خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی کشتوکاڵییان لەدەسداوە و چەند ساڵێکە هیچ رووەکێکیان لە نەڕوێندراوە. جووتیار و وەرزێران داماون بە دەست کەمئاوی و گڕە و گەرماوە. ووشککردنی ئاوی رووبارەکانی زێی بچووک و سیروان و ئەڵوەندیش لەلایەن ئێرانەوە هەڕەشەیەکی زۆر گەورەیە نەک تەنیا بۆ سەر ژینگەی باشوور بەڵکوو بۆ شکستدانی غرووری دەسەڵاتی کوردیش لەم هەرێمە. وەرزێرێکی توانای وەک کاک ئازاد محەممەد بە ناچار درەختەکانی بچوووک دەکاتەوە و دەیانهێنێتە سەر خاک تا بەرەکانیان لە تین و تەوژمی خۆر بیپارێزێت. زۆر لەوانەی کەسکەماڵیان هەیە لە هاویندا تۆڕ بەسەر کەسکەماڵەکانیاندا دەکێشن تا تینی خۆر کەم بکاتەوە و بەرهەمەکانیان تووشی خۆربردەیی نەبن. بەڵا بەم حاڵەیش حکومەت بیری چارەسەرێکی بنچینەیی نەکردووەتەوە و رۆژ لە دوای رۆژ دۆخەکە زیاتر دەشێوێت.
چارەسەری ئەم دۆخە بە سەوزکردنی ئەو ناوچانە دەکرێت کە پێشتر رووتاونەتەوە یا داشۆراون و و بە بیابان بوون. ئەم کارەیش پێویستیی بە رێنومایی و پشتگییریی دارایی حکومەت و هەوڵێکی بەکۆمەڵی گەلەرییە. گەرەکە حکومەت بوودجەیەک بۆ ئەم مەبەستە تەرخان بکات و رێنمایی پێویست بداتە جووتیاران و هەموو خەڵکی بەتایبەت گوندنشینەکان؛ و هانیان بدات تا هەر کەس لە ماڵی خۆی و لە گوندەکەی خۆیەوە دەست بکات بە سەوزکردنی ووڵات. لەو ناوچانەدا کە دەمێکە رووتاونەتەوە هەڵمەتی مەزن بەڕێوە ببردرێت و کەس و رێکخراوگەلی خۆبەخش و ناحکومی هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ روواندنی نەمامی درەخت و رووەکە خۆجێییەکان لەو شوێنانە. مەرج نییە ئەو درەختەی دەڕوێندرێت، درەختی بەردار بێت؛ گرنگ ئەمەیە درەختی خۆجێیی بێت وەک تاووک، پەڵک، بی، شۆڕەبی، چنار و ... سەرەڕای درەختە بەردارەکانی وەک بەڕوو، و توو، گۆیژ، کرۆسک، تاوسک\خۆشیلە، هەنار، سماق و گوێز و ..
هەروەها لە هەر شوێنێک جێگا و دەرفەت هەیە گۆل و بەنداوی گەورە و بچووک دروستبکرێت بۆ گلدانەوەی ئاوی بەفر و باران؛ و پێشگیری لە بەفیڕۆچوونی. ئەزموونی وڵاتانی ئەفریقایی وەک کینیا، ئەتیووپی، ئوگەندا و هەروەها وڵاتانی هیندوستان و چین و ئیکوادۆر سەلماندوویەتی کە دروستکردنی گۆل و خەندەک و چاڵ لە قەدپاڵەکان و دۆڵ و شیوەکان دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ئاو تیایاندا؛ و لە درێژخایەندا ئاو بۆ خاک دەگەڕێتەوە و دووبارە ووڵات سەوز دەبێتەوە. زۆر بوونی سەوزایی و رووبەری دارستان و لێڕەواریش دەبێتە هۆی زۆر بوونی شێ و گەڕانەوەی بەفر و بارانی سەردەمانی زوو. گەڕانەوەی ئاو و سەوزایی دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ژیانی کێویش بۆ ناوچەکە و ئەو مەل و ئاژەڵ و زیندەوەرانەیش کە بەهۆی بێئاوی و بێ پەنایی رۆیشتوون، بۆ جارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ نیشتمانە کۆنەکەی خۆیان. هەبوونی سەوزایی واتە دەستەبەربوونی ئالیک بۆ مەڕ و ماڵات و ئاسانکردنی کاری مەڕدار و کۆچەرەکان.

لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش کە حکومەتی ئێران بە هاوکاریی زۆرێک لە دەوڵەمەندە خۆجێییەکان و کەسانی بەکرێگیراو رۆژ لە دووای رۆژ زیاتر جەنگەڵ و دارستانە سروشتییەکان ئاگردەدات و لەناویان دەبات؛ هەروەها بە راگواستنی ئاوی چیاکانی زاگرۆس بۆ ناوچە دەشت و بێئاوەکانی فارسنشین، لێڕەوارەکانمان لەگەڵ ووشکبوونەوە و رووتانەوە رووبەڕوو دەکاتەوە، پێویستە مەردم بە هەوڵ و تێکۆشانی بەکۆمەڵی خۆیان و لە چوارچێوەی رێکخراوگەلی ژینگەوانی و کۆمەڵایەتیدا توانستیان یەکبخەن و دەسبکەن بە گێڕانەوەی سەوزایی و ئاوەدانی بۆ نیشتمان. پێشینان گوتوویانە و ئاو و ئاوەدانی! تا ئاو کەمتر بێتەوە، ووڵات چۆڵتر و ژیان سەختتر دەبێت، بە پێچەوانەیشەوە تا ئاو زیاتر بێت، ئاوەدانیی زیاتر روو لە ووڵات دەکات و مەردم تێروپڕتر دەبێت. دانیشتووانی گوندەکان هەرکامەیان لە سنووری خۆیاندا دەتوانن بە کەندنی چاڵ و خەندەک و دروسکردنی گۆل و بەنداوی بچووک ئاوی بەفر و باران گلبدەنەوە. هەروەها بە روواندنی تۆو و نەمامی درەختەکانی وەک بەڕوو، بەن، کرۆسک، گۆیژ و دەوەنەکان و هەر کام لە سەوزی و رووەکە خۆجێییەکانی تر، لێڕەوار و دارستانەکانیان دووبارە زیندوو بکەنەوە. لە هەر ناوچەیەک و شاخ و دۆڵێک کە شوێنزای جۆرێک یا چەند جۆر رووەکە، پێویستە چڵەوەزی بکرێت و پەرەی پێبدرێت و لە شوێنە گشتییەکانی وەک کەنار جادە و شەقامەکان یا لە پارک و باغچە گشتییەکاندا بڕوێندرێن. بۆ وێنە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا رووەکی کاڕووش دەڕوێت و تەنانەت لە گەرمای هاوینیشدا ووشک نابێت، هەرچەندە ئاژەڵ نایخوات و وەک هەرزەگیا هەژماردەکرێت بەڵام لەبەرئەوەی توانای خۆڕاگریی لە زستانی سارد و هاوینی گەرمدا هەیە باشترین بژاردەیە بۆ روواندن لە کەنار جادە و شەقامەکان؛ هەم رەنگێکی سەوز و جوان دەبەخشێت و هەم نم و شێ بە خاک و هەوا دەدات. هەروەها دەوەنی وەک دوودڕک و شیلان و قەرەخان و مێکووک و تاڵوو و گوڵی هێرۆ و تاد.. هەموویان تابی گەرما و سەرمای کوردستان دەهێنن و دەکرێت کاریان لەسەر بکرەت و بروێندرێن.




No comments:

Post a Comment