11.5.21

بەرەنگاربوونەوەی ووشکەساڵی



رۆژهەڵاتی ناڤین و بەتایبەتیش کوردستان کە لە مێژوودا بە هیلالی بەپیت یا هیلالی زێڕین ناسراوە، بێشکەی ژیار و شارستانیەتە مەزنەکان بووە. روون و ئاشکرایشە کە شارستانیەت و پێشکەوتن بەبێ ئاو و ئاوەدانی سەری هەڵنەداوە. تا ئاو نەبێت ئاوەدانی نابێت. تا ئاو نەبێت کشتوکاڵ نابێت کە تاکە سەرچاوەی گەشەی لەشی زیندەوەرەکانە.
ئاووهەوای کوردستان بریتییە لە زستانی سارد بە بەفر و باران و سەهۆڵبەندانەوە؛ و هاوینی گەرم کە زۆر جار لە پلەی پەنجای سەدی نزیک دەبێتەوە؛ هەوایەکی ووشک و برینگ و بێ نم و شێ. رووکاری ئەم سەرزەمینە، بریتییە لە دەشتی بەپیت، شیوو و دۆڵی پڕ ئاو و کانی، شاخ و کێوی بەرز و سەرکەش و پڕ بەفر و رنوو، دارستان و لێڕەواری چڕ، و پڕ لە دەوەن و گوڵ و گیای جۆراوجۆر. جۆرەها ئاژەڵ و مەل و زیندەوەری جۆراوجۆری دڕندە و خشۆک و.. بەگشتی رێژەی بەفر و باران و مەودای گونجاوی تیشک و خۆرەتاو لەم وڵاتە ئەوەندە لەبارە بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کە لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە مرۆڤ بە کەرەستە و ئامێرگەلی سەرەتایی توانیوێتی بەرهەمی زۆر لە زیاتر لە پێداویستیی رۆژانەی خۆی بداتە دەرەوە. لە پاڵ ئەمانەیشدا ناوەناوە ووشکەساڵی رووی کردووەتە ووڵات و مەردم تووشی تەنگاسی هاتوون؛ بەڵام هەر بە بیرۆکە و کەرەستە سەرەتاییەکانی خۆیان توانیویانە بەسەر ووشکەساڵیشدا زاڵ بن؛ و لە کەمبوون و نەبوونی ئاویشدا دەستەوەستان نەبوون.
کەندنی چاڵاو، کەندنی کارێز و گواستنەوەی ئاو لە رێگەی گونجە و لوولەی سوواڵەتی و ئاودێری بەهۆی گۆزە و گڵینەوە مێژوویەکی دوور و درێژی لەم ووڵاتەدا هەیە. دروسکردنی بەنداو و سوودوەرگرتن لە گۆل و کانییەکان و راکێشانی ئاوی رووبارەکان لەرێگەی جۆگەی قووڵ و دوور و درێژەوە تا ئەم ساڵانەی دوواییش شتێکی باو بووە. لە هەمووی گرنگتر ووشکەکێڵی و دێمەکاری لە هەموو ناوچەیەکی ئەم نیشتمانەی ئێمەدا باو بووە و ئاژار و دەسکەوتی باشی هەبووە...
لەم سەردەمەدا کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی زوو، رێژەی بەفر و باران دابەزیوە و هەوا رۆژ بە رۆژ گەرمتر دەبێت، پێویستە ئێمەیش تێبکۆشین سوودی زیاتر لە ئاوی ئەو بەفر و بارانە کەمە وەربگرین کە ساڵانە بەسەر خاکی ووڵاتدا دەبارێت؛ و نەهێڵێن بچێتە نێو زێراب و ئاوەڕۆکانەوە بەرەوە دەرەوەی کوردستان. سازکردنی بەنداو یەکێکە لە رێگا سەرەکییەکان بۆ گلدانەوەی ئاوی بەفر و باران. ناکرێت لە هەموو شوێنێک بەنداوی گەورە ساز بکرێت، بەڵام ئاساییە کە لە دەوروبەری هەموو گوندێک چەند بەنداوی بچووکی خۆڵین دروسبکرێن و دانیشتوانی ئاواییەکە بۆ مەبەست ئاودێری سوودیان لێوەربگرن. گلدانەوەی ئاو لە بەنداودا تەنیا سوودی ئەوەندە نییە کە ئاوەکەی لێهەڵگۆزن و بەکار بێنن بەڵکوو بەشێکی زۆری ئاوەکە لەشوێنی خۆیدا خاک هەڵیدەمژێت. بەمجۆرە رێژەی ئاوی ژێر زەوی زیاد دەکات و کانی و چاڵاوەکان پڕدەبنەوە لە ئاو؛ هەروەها رێژەیەکی زۆریشی دەبێتە هەڵم و رێژەی شێ لە هەوادا زیاددەکات؛ کە ئەمیش لە بواری خۆیدا سوودی هەیە بۆ ئەم هەوا ووشکەی هاوینی ئێمە.
لەو شوێنانە کە دۆڵ و شیو و گەڵین و جێگای بەنداو سازکردنیان نییە دەکرێت چەندین گۆلی بچووکی یەک لە دووای یەک دروستبکرێن بۆ گلدانەوەی ئاوی وەرزی. هەر کام لەم گۆلانە دەتوانێ بۆ ماوەی لانیکەم مانگێک ئاو لە خۆیدا رابگرێت تا دەرفەت بدرێت بە خاک لە خۆیدا هەڵیمژێت. دیارە لە رابردوویشدا لە هەندێک ناوچەی کوردستان وەها کارێک کراوە؛ بەڵام ئەگەر بکرێتە گشتی و هەموو ناوچەکان بگرێتەوە لە ماوەیەکی کەمدا رێژەی سەوزایی زۆر زیاد دەبێت. زیاد بوونی رێژەی سەوزاییش گۆڕانی هەوا لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و فێنک و شێداری دەکات. لە پاڵ ئەمانەیشدا روواندنی درەخت زۆر زۆر گرنگە. راستە درەخت رووبەرێکی زۆر لە خاک داگیردەکات، بەڵام سەلمێندراوە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی رووتانەوەی زەوی بە بیابانبوونی ئەو کاتە دەستپێدەکات کە درەختەکاندەبڕدرێن. درەخت رێژەیەکی زۆر لە ئاو و شێ لە لە خاک و هەوادا کۆدەکاتەوە. هەربۆیە پێویستە چ لە نێو ئاوەدانی و چ لەسەر مووچە و مەزراکان شوێنی تایبەت بۆ روواندنی درەخت تەرخان بکرێت و لە هەموو ناوچەیەکیش دەس بکرێت بە بنیاتنانی دارستان.



 

No comments:

Post a Comment