10.2.20

پەنیری تالمە



ئیرەج مۆرادی


تالمە جۆرێکە لە پەنیر کە شوانەکان لە دەشت کاتێک برسییان دەبوو و حەزیان دەکرد پەنیر بخۆن دروستیان دەکرد.  تالمە لە شیری مەڕ یان بزن دروست دەکرا.  شوانەکان مەڕێک یان بزنێکیان دەدۆشی و دەچوون هەنجیرێکی سەوز (کاڵ) یان لێدەکردەوە لە دارەکان و یەک دڵۆپ لە شیرەی هەنجیرەکەیان دەچۆڕاندە ناو تاسە شیرەکەوە.  پاش کەمێک شیرەکە دەبوو بە پەنیر.  ئەو جۆرە پەنیرە لە کوردەواری بە پەنیری تالمە ناسراوە.  ئەگەر هەنجیری کاڵ دەست نەکەوتبایە گەڵایەک یان هەنجیرێکی پێگەیشتوویان بەکار دەهێنا بۆ دەستکەوتنی ئاوە شیریەکەی هەنجیر.  دەبێت شیرەکە ڕاستەوخۆ لە مەڕەکە بدۆشرێت و شیرەی هەنجیرەکەی تێ بکرێت؛ چونکە گرنگە گەرمی شیرەکە لە نزیکی ٣٠ پلەی سەدی بێت ئەویش پلەی گەرمی لەشی مەڕ و بزنە.  ئەگەر دواکەوت دەبێت شیرەکە گەرم بکرێتەوە؛ و ئەگەر ئاگر خۆش کرابوو باشترە شیرەکە لە ٣٠ پلە گەرمتر بکرێت.  نزیکەی ٧٠ تا ٨٠ پلەی سەدی، خێراتر پەنیرەکە دروست دەکات.
ئەگەر رێژەیەکی زۆر لە شیرەی هەنجیر  تێکەڵی شیرەکە بکرێت، تامی پەنیرەکە تاڵ دەکات.  بۆ چوار لیوان شیر پێویستیت بە پێنج دڵۆپ هەیە.
هەندێک جار شوانەکان ئەو شیرە هەنجیرەیان لە ناو جامێکی قوڕ کۆ دەکردەوە لە بەهاران و وشکیان دەکرد؛ پاشان دەیان هاڕی بۆ بەکارهێنانی لەو شوێنانەی کە دار هەنجیری لێ دەست ناکەوت.
پەنیری دەڵەمە یان تالمە تەنها بە ئاوی هەنجیر دروست ناکرێت. هەندێک گیای دیکەش بەکار دێن؛ بەڵام هەندێکیان پەنیرەکەیان زۆر تال دەردەچێت؛ لەبەر تاڵی ئاوەکەیان وەک شیری ڕووەکی خۆشیلک، و هەندێکیشیان تامی پەنیرەکەیان تاڵ نابێت وەکو گیا دەڵەمە.
ئەم جۆرە پەنیرە لە زۆر کۆنەوە ناسراوە. لە نووسراوە کۆنەکانی یۆنانیدا باسی کراوە کە سەربازە ڕۆمیەکان و هەروەها خێڵە کۆچەرە جووەکان دەربارەی ئەم پەنیرە لە پەڕتووکەکانیان دا شتیان نووسیوە.





















خاشاک (کۆمپۆست) چییە؟


وا هەست دەکەم هێشتا کەسانێک هەن سەرەڕای ئەوە کە کاری کشتوکاڵی دەکەن یا ئارەزووی کردنی کاروباری کشتوکاڵییان هەیە، بەڵام لە واتای کۆمپۆست تێنەگەیشتوون یا بۆیان شی نەکراوەتەوە و خراپ لێی تێگەیشتوون.  هەربۆیە لە چەند دێڕێکدا بە کورتی پێناسەیەکی کۆمپۆست دەکەین.
وشەی کۆمپۆست لە رووی زمانەوانییەوە وشەیەکی لێکدراوی لاتینە و پێکهاتووە لە دوو بەش. (کۆم) واتە لەگەڵ یا پێکەوە، (پۆست) لە (پۆزیشن)ەوە هاتووە و واتای (دانان یا رۆنان) دەبەخشێت.  پێکەوە واتا تێکەڵکردن و کۆکردنەوە لە شوێنێک.  دروستبوونی ئەم وشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چواردە و مەبەست لێی کۆکردنەوەی گەڵا  و چڵ و چیلکە و پاشماوەی گژ و گیا و دار و درەخت بوو لە شوێنێک تا بڕزێت و ببێتە پەین و بەکاربهێنرێت بۆ بەهێزکردنی خاکی باخچەکان.  ئەم پووش چیلکە و گژوگیایە کە کۆدەکرێتەوە لە کوردیدا پێیدەگوترێت خاشاڵ یا خاشاک.

لە سەردەمی ئێستادا خاشاک \ کۆمپۆست واتە هەر پاشماوەیەکی رووەکی یا ئاژەڵی کە کرابێتە پەین بۆ ئەوەی لەجیاتی خاک و گڵ بۆ چاندنی رووەک بەکار بهێنرێت.  پێویستە ئەم خاڵە بزانرێت کە کۆمپۆست جیاوازە لە کوود\سەماد و پەینی ئاژەڵ.  کوود\سەماد کە بە ئینگلیسی پێیدەگوترێت [فێرتەڵایزەر] بە پرۆسەیەکی جیاوازدا تێپەڕدەکرێت و تەنیا وەک یارمەتیدەر بۆ بەهێزکردنی خاک بەکاردەهێنرێت؛ و دەکرێ کیمیایی بێت یا ئۆرگانیک؛ بەڵام کۆمپۆست راستەوخۆ لەجیاتی خاک و گڵ رووەکی تێدا دەچێنرێت.   هەروەها کۆمپۆست جیاوازە لە پەینی ئاژەڵ؛ پەینی ئاژەڵ ماددەیەکی خاوە و جیاوازی هەیە لە نێوان رێژەی پێکهاتەکانی پەینی ئاژەڵە جیاوازەکاندا؛ بۆ وێنە پاشەرۆی پەلەوەر زۆر بەهێزە و ناتوانیت بڕێکی زۆری بۆ رووەک بەکاربهێنیت ئەگینا دەیکوژێت؛ کەچی پەینی ئەسپ هیچ جۆرە ماددەیەکی خۆراکیی تێدا نییە بۆ رووەک.  بەڵام کۆمپۆست بە هۆی ئەوەی کە تێکەڵاوێکە لە زۆر جۆر ماددەی ئۆرگانیک و زیندووی رووەکی یا ئاژەڵی، دەکرێ بڵێین هەموو ماددە خۆراکییە پێویستەکانی رووان و گەشەکردنی رووەکی تێدایە.  وەک لە بابەتێکدا پێشتر روونمان کردووەتەوە کە ئەو چینە خاکە رەشەی کە رووی سەرەوەی زەویی داپۆشیوە، لە راستیدا کۆمپۆستە؛ واتە پاشماوەی هەموو ئەو دار و گژ و گیا و ئاژەڵ و زیندەوەرە مردووانەیە کە سروشت خۆی دایڕزاندوون و شیی کردوونەتەوە و کردوونی بەو خاکەی ناسراوە بە کۆمپۆست.

ئەو کۆمپانیایانەی خاشاڵ \ کۆمپۆست بەرهەم دەهێنن بەگوێرەی جۆری کۆمپۆستەکە هەندێ ماددەی بۆ زیاد یا کەم دەکەن.  بۆ  وێنە ئەگەر بیانەوێت کۆمپۆستێک دروست بکەن پۆتاسیۆمی زۆر بێت، ئەوا بە تێکەڵکردنی خۆڵەمێش رێژەکەی زیاد دەکەن.  یا ئەگەر بیانەوێت کۆمپۆستەکە بۆ روواندنی تۆو بەکاربهێندرێت، رێژەیەکی زۆر چەوی لەگەڵ تێکەڵ دەکەن.  ئەگەر بیانەوێت کۆمپۆستەکە کالیسیۆمی زۆر بێت ئەوا رێژەیەکی زۆرتر ماددەی گەچی تێکەڵ دەکەن.  هەروەها ئەگەر بیانەوێ نایترۆجینی زۆر بێت، رێژەیەکی زۆرتر پاشەڕۆی مریشکی تێکەڵ دەکەن.  شایانی باسە کە کۆمپۆستی ئۆرگانیک و کۆمپۆستی نائۆرگانیکیش هەیە.  کۆمپۆستی ئۆرگانیک هیچ ماددەیەکی کیمیایی تێکەڵ ناکرێت بەڵام هی نائۆرگانیک بۆ زیادکردنی توانای کۆمپۆستەکە ماددەی یوریا و نایترۆجین و ماددە کیمیاییەکانی تری بۆ زیاد دەکرێت.

6.2.20

چۆنیەتیی گۆڕینی پاشەرۆی ئاژەڵی و پاشماوە رووەکییەکان بۆ کۆمپۆست


بێڵێک بگرە بە دەستتەوە و لە نێو چیمەنێک بێڵەکە بچەقێنە لە خاک و پڕ بە تێغی بێڵەکە خاک هەڵبکەنە.  جارێکی ترییش بێڵەکە  هەر لەو شوێنە بدە و پێی پێدا بکێشە و گڵەکە بهێنە دەرەوە.  ئینجا بە ووردی سەرنج لە خاکە هەڵکەنراوەکە و شوێنەکەی بدە.  دەبینیت چینی سەرەوەی خاکەکە رەش یا قاوەییەکی تۆخە؛ بەڵام تا پتر بەرەو قووڵایی دەڕوات رەنگی خاکەکە دەگۆڕێت  بۆ سپی یا سوور یا لمین و تاد... ئەم چینە رەشە لە زاراوەی کشتوکاڵیدا پێیدەگوترێت [تۆپ سۆیڵ] واتە خاکی سەرەوە.  ئەم خاکە رەشە لە قووڵایی زەویدا نییە؛ چونکە لە راستیدا خاک نییە و پەینە.  ئەم بەشەی خاک باشترین جۆری خاکی کشتوکاڵییە و زۆربەی  نزیک بە هەموو جۆرەکانی رووەک لەم خاکەدا بە ئاسانی دەڕوێن.  تایبەتمەندییەکانی خاکی رەش یا خاکی سەرەوە بریتین لە:
- چ تەڕ بێت و چ وشک بێت توند و رەق نابێت و هەمیشە نەرم و بۆشە.
- لەبەرئەوەی بە بۆشی دەمێنێتەوە، هەوا و ئۆکسجین بە ئاسانی پیایدا هاتوچۆدەکات و ناهێڵێت رەگ و ریشەی رووەک بگەنێت، کەڕوو یا بەکتریای زیانبەخش لێیبدات.
- لەمانەیش گرنگتر، خاکی رەش پڕە لە ماددەی خۆراکی بۆ رووەک؛ چونکە بەشێک نییە لە پێکهاتەی زەوی؛ بەڵکوو هەموو پاشماوەی زیندە ندامەکانی وەک دار و درەخت و گیا و زیندەوەری مردووە.  واتە پاشماوەی ئەو رووەک و زیندەوەرە مردووانەیە کە هەزاران و میلیۆنان ساڵە هاتوونەتە ژیان و مردوون و شی بوونەتەوە.
  
وەک دەزانین خاکی رەش لە هەموو شوێنێک دەسناکەوێ.  بەزۆری لەو شوێنانە هەیە کە پێشتر جەنگەڵ و لێڕەوار بوون و دوواتر  کێڵدراون.  ئێستایش ئەگەر بچیتە نێو لێڕەوار و دارستانەکان و  بە بێڵ خاکی سەرەوەی ئەو شوێنانە هەڵبدەیتەوە، ئەوا باشترین خاکی کشتوکاڵیت پەیدا کردووە و هیج پێویستیت بە پەین و سەمادی کیمیایی نییە.  لە وڵاتانی پێشکەوتوو خاکی رەش وەک پەین دەکرێتە نێو کیسەوە و دەنێردرێتە بازاڕ بۆ فرۆشتن.  لەبەرئەوەی خاکی رەش بەشێک نییە لە جۆرەکانی خاکی زەوی، هەبوون و دەسکەوتنی سنووردارە، هەربۆیە جووتیاران خۆیان هەوڵی دروستکردنی دەدەن. کاتێ کە بمانەوێ خاکی رەش دروست بکەین، پێویستە هەمان پێواژۆی سروشتی دووبارە بکەینەوە؛ بەڵام بە شێوەیەکی خێراتر و لە چوارچێوەیەکی بچووک و لە ژێر چاودێریدا. 

وەک ئاماژەمان پێکرد، سروشت هەموو پاشماوە زیندووەکانی لەدوای مردن شیکردووەتەوە و کردوونی بە خاک.  ئێمەیش دەتوانین پاشەرۆی گا، بزن، مەڕ، ئەسپ، کەر، مریشک، پاشماوەکانی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی وەک گەنم، جۆ، برنج، نۆک،  ماش، نیسک، فاسۆلیا، لۆکە، گوڵەبەڕۆژ، گەنمەشامی،  و تەنانەت پاشماوە خۆراکییەکانی ماڵەوەشمان هەرچی دەسمان بکەوێت کۆی بکەینەوە و بیکەین بە پەین و خاکی رەش.  لەم پێواژۆیەدا پاشەرۆی مریشک رۆڵێکی زۆر کاریگەر و بەرچاو دەگێڕێت و دەبێ بەجیا لەگەڵ ئەو رەفتار بکرێت.   پاشەرۆی مریشک دەبێ لە ئەوانی تر جیابکرێتەوە و بە بڕێکی کەمتر لەگەڵ ئەوان تێکەڵ بکرێت.  پاشەرۆی کەر و ئەسپ ماددەی ووزەبەخشی زۆر بە کەمی تێدایە هەربۆیە ئەگەر بمانەوێت بە تەنیا بیانکەین بە کۆمپۆست پێویستە بڕێکی زۆرتر پاشەرۆی مریشکیان بۆ بەکار بهێنین.  پاشەرۆ رووەکیەکان پێش بەکارهێنان، پێویستە وورد بکرێن تا پێواژۆی بە کۆمپۆستکردنەکە لە کاتی خۆیدا تەواو بێت.  بۆ وێنە قەسەڵی گەنم و جۆ و بەڵمی برنج بکرێتە کا.  پاشماوەی گەنمەشامی و لۆکە و گوڵەبەڕۆژە بە ئاشی تایبەت بهاڕدرێن و وورد بکرێن.

دیارە لە کوردستان بە زۆری پاشەرۆی مانگا، بزن و مەڕ، مریشک و پاشماوە کشتوکاڵیەکان هەیە و رەنگە پاشماوەی ئەسپ و کەر کەم بێت؛ هەربۆیە وا باشە دووای ئامادەکردنی پاشەرۆ و پاشماوە هاڕدراوەکان لە شوێنێک کەڵەکەبکرێن و بە ئاو تەڕ بکرێن.  بە جۆرێک کە هەموو تێکەڵەکە بەشێوەیەکی چونیەک تەڕ بێت.  ئەگەر تێکەڵەکە سێ دیواری سادە بە دەوریدا دروستبکرێت زۆر باش دەبێ.  لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە پاشەرۆی مریشکەکە جیادەکرێتەوە و لە بەرامبەر هەر یەک تۆن پاشەرۆ تێکەڵاوەکاندا ٢٥٠-٣٥٠ کیلۆ پاشەرۆی مریشک بەکاردەهێنرێت.  لە کاتی تەڕکردندا پێویستە ئاگادار بیت کە ئەوەندە تەڕ نەبێت کە ئاوی لێ بچۆڕێتەوە، بەڵام وشکیش نەبێت.  ئەگەر زۆر تەڕ بێت، دەگەنێت.  ئەگەریش وشک بێت، دەرفەت بۆ بەکتریاکان ناڕەخسێت و ناتوانن چالاکییان هەبێت.  ئەم تێکەڵەیە لە دوای ئەوەی کە بەباشی تەڕ دەکرێت، دەکرێتە کۆما و بە نایلۆنێکی رەش دادەپۆشرێت بۆ ماوەی چوار رۆژ وازی لێدەهێنرێت.  رۆژی چوارەم سەرلەنوێ تێکەڵاو دەکرێت و وەک جاری یەکەم تەڕ دەکرێتەوە و دەکرێتەوە کۆما.  رۆژی هەشتەم بە هەمان شێوە.  رۆژی دوازدەهەم، شازدەهەم، بیستەم و  بیست و چوارەمیش بە هەمان شێوە.  رۆژی دوازدەهەم و و شازدەهەم دەبێ پلەی گەرمیی تێکەڵاوەکە بگاتە ٧٠ پلەی سەدی.  رۆژی بیست و هەشتەم بە وردی تێکەڵاوەکە دەپشکنرێت.  دەبێ گەرماکەی دابەزیبێت بۆ خوار ٤٠ پلەی  سەدی و دەبێ بۆگەنی نەمابێت؛ و بۆنێکی خۆشی لێوە بێت؛ و دەبێ رەنگی گۆڕابێت بۆ قاوەیی تۆخ.  ئەگەر وا نەبوو ئەوا بۆ جارێکی تر تەڕ دەکرێتەوە تێکەڵاو دەکرێت و کۆدەکرێتەوە بۆ چوار رۆژی تر؛ واتە دەبێتە ٣٢ رۆژ.  ئیتر دووای ئەم ماوەیە و ئەم پێواژۆیە ئەگەر هەموو کارەکانیت بە باشی و بە ووردی جێبەجێ کردبێت، ئەوا پەینێکی ئۆرگانیکی باشی ئاژەڵی و رووەکیت دروستکردووە؛ کە پێیدەڵێن کۆمپۆست. 



5.2.20

چارەگە سەدەیەک دوای تەقینەوەی چێرنۆبیل


کەڕووی کریپتۆکۆکوس نیۆفۆرمانس
لە ژێر ووردبین دا
چارەگە سەدەیەک بەسەر تەقینەوەی بنکەی ناووکیی چێرنۆبێل لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و رووسیای ئێستادا تێدەپەڕێت.  ئەو رووداوە کە بووە هۆی وێرانیەکی زۆری مرۆیی و ژینگەیی هێشتا ناوچەکە بە ڕووی خەڵکیدا داخراوە؛ و روون نییە چەند ساڵ و سەدە دەخایەنێت تا کۆتایی بە ئاسەوارە زیانبەخشەکانی دێت.  بەڵام لێکۆڵەر و توێژەران لە زۆر بوواری جیاوازدا بەردەوام کاری لەسەر دەکەن و ئەزموون و تاقیکردنەوەی لەسەر ئەنجام دەدەن.

توێژەران بە هۆی ناردنی رۆبۆتەوە بۆ ناوچەی قەدەخەکراوی چێرنۆبیل کە لە دەیەی هەشتای سەدەی رابردوودا بنکەی ناووکیی یەکێتی سۆڤیەتی تێدا تەقییەوە، بۆیان دەرکەوتووە کە جۆرێک کەڕووی رەش بە دیواری ریاکتەری ناووکیی ژمارە چوارەوە روواوە کە ریاکتەرێکی مردووە.  کەڕووەکان باڵایان بەرزە و باش دیارن.   تەنانەت وا دەردەکەوێت گرافیتی رادیۆئەکتیڤەکەیان لە کاکڵەکە جیا کردووەتەوە، و پێدەچێت کە کەڕووەکان گەشەکردنیان بە ئاراستەی سەرچاوەی تیشکەکاندایە، بەجۆرێک کە پێدەچێت میکرۆبەکان بەرەو لای کەڕووەکان دەچن.
برشی کڵادۆسپۆریەم سفایرۆسپێرمەم
لە ژێر ووردبین دا

زیاتر لە دەیەیەک دوواتر، پرۆفیسۆر [ئیکاتارینا داداچۆڤا] لە [کۆلێژی پزیشکیی ئاڵبێرت ئەنیشتاین] لە نیویۆرک لەگەڵ هاوپیشەکانی هەندێک کەڕوویان داواکرد و تاقیانکردەوە.  لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوت کەڕووەکە بە هەبوونی تیشکەکان خێراتر گەشەدەکەن بە بەراورد لەگەڵ کەڕووی تر.  هەر سێ جۆرە  کەڕووەکانی تاقیکرانەوە، کڵادۆسپۆریەم سفایرۆسپێرمەم، کریپتۆکۆکوس نیۆفۆرمانس و وانجیڵا دێرماتیتیدیس، هەرکامیان بڕێکی زۆر لە ماددەی رەنگینی مێلانینیان تێدابوو، کە لە زۆر شوێن لە پێستی مرۆڤدا هەیە.  ئەوانەی کە پێستیان تاریکترە، مێلانینیان زۆرترە.  مێلانین رووناکی هەڵدەمژێت و تیشکی ژوور وەنەوشی ناهێڵێت.  بەڵام لە بواری کەڕوودا پێدەچێت کە تیشکەکان هەڵمژێت و بیانکاتە ووزەی کیمیایی بۆ گەشەکردن، رەنگە هەر ئەو رێبازە بێت کە رووەکەکان کلۆرۆفیلی سەوز رەنگ بەکاردەهێنن بۆ بەدەسهێنانی ووزە بە رێگای  رۆشنەپێکهاتن (فۆتۆسینتاسیز). 

کارگی وانجیڵا دێرماتیتیدیس










خانوویەکی وێرانە لە دوای تەقینەوەکەی
چێرنۆبیل لە ساڵی  ١٩٨٦










سەرچاوە:

1.2.20

دروسکردنی ئامادوو

دروستکردنی ئامادوو
(لە رۆژانی ئایندەدا ئەم بابەتە تەواو دەکرێت)

ئامادوو چییە؟
ئامادوو باشترین پووشووە بۆ داگیرساندنی ئاگر و باشترین پۆلوو\سکڵی هەیە و وەک پووشوو لەگەڵ بەرد و ئەستێ بەکاردەهێنرێت.  توانای هەیە بە بچووکترین بزیسک و بڵاچە و چەخماخەی ئاگر دابگیرسێنێت.   ئامادوو لە کارگی سمەئەسپ( فۆومس فۆمەنتاریوس) دروستدەکرێت.  کارگی سمە ئەسپ جۆرێکە لە کوارگە کەوانەییەکان کە لە کەشوهەوای فێنکدا لەسەر قەدی داری (بیرچ) دەڕوێت.  شێوەی رێک وەک سمی ئەسپە بۆیە لە زۆربەی زمانە جیاوازەکاندا بەم ناو ناسراوە.  ئەم جۆرە قارچکە لە خێزانی ئەو جۆرانەی کە ناسراون بە فرەکونەکان؛ کە  زۆربەیان رەق و جیڕ و چەرمینن لەسەر قەدی درەخت دەڕوێن.    هەرچەندە ئەم جۆرە قارچکانە ژەهراوی نین بەڵام خۆراکیش نین.  چێژێکی توون و تاڵ و ترشیان هەیە.  یان زۆر جار هەر سێ تامیان پێکەوە هەیە.   بۆنیان وەک بۆنی میوە و کوارگە و بۆنێکی خۆشە.  زۆربەیان لەسەر قەدی داری رزیو و مردوو دەڕوێن و  توێژی دەرەوەیان رەق و پتەوە. 
لە رووی توێکارییەوە سمە ئەسپ سێ بەشە.  کاتێ کە کوارگەکە سەرەتا دەڕوێت، ماددەیەکی نەرمە و رەنگی سپییە، تا گەورەتر دەبێ رەقتر دەبێ و دابەش دەبێ بەسەر [کیوتیکڵ] وشەی کیوتیکڵ واتە مردە گۆشتی دەوروبەری نینۆک؛ و [پۆڕ]؛ پۆریش واتە کون  یا کونۆچکە.  لە راستیدا ئەمە لێوی قارچکەکە پێکدەهێنێت.  کونەکان ژمارەیان هەزارانە و دەکەونە بەشی بنەوەی کوارگەکە و نەرمترە لە بەشەکانی تر.  ئەم کونانە توخمارەی قارچکەکە بەرهەم دەهێنن.  بەشی ناوەنجیی ئەم قارچکە ناسراوە بە [تراما].  تراما ئەو بەشەیە کە بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی ئامادوو.  ئەم قارچکانە لەسەرەتای رووانیاندا نزیک بە هەموو پێکهاتەکەیان ترامایە و تەنیا بەشێکی کەمیان کیوتیکڵ و پۆڕ پێکدەهێنێت. 
بۆ جیاکردنەوەی تراما پێویستە یا رۆژێک کوارگەکە لە ئاودا بخووسێندرێت یا بۆ ماوەی چەند هنگارێک لە سەر ئاگر بکوڵێندرێت.  

ئەم جۆرە کوارگە لە سەر زۆر جۆر دار دەڕوێت و زۆر جۆری جیاوازیشی هەیە.  ئەمە بەشێکی لێ جیادەکرێتەوە بۆ دروسکردنی ئامادوو

ئامادوو جیا لەوە کە وەک پووشوو بەکاردەهێنرێت بۆ داگیرساندنی ئاگر،  دەکرێ وەک چەرمیش بەکاربهێرێت بۆ دروستکردنی کڵاو، جزدانی پارە، کالانی چەقۆ، بەرگی پەرتووک و سیپارە و تاد..
دووای ئەوەی بەشە گرنگەکە لە کوارگەکە جیاکرایەوە بە پێواژۆیەک دا تێپەڕدەکرێت و تا نەرم دەبێت و پارچەیەکی چەرمیی لێدروست دەبێت


پارچە چەرمییەکە بۆ زۆر مەبەست بەکاردەهێنرێت وەک دروسکردنی کڵاو و شەپکە و هەگبە و زۆر شتومەکی بەنرخ



ڤیدیۆیەک سەبارەت بە پێستی کەڕوویین