20.7.19

قەسەڵ/کڵۆش/کا

قەسەڵ\کڵۆشی گەنم \ جۆ

یه‌کێک له‌ سه‌ره‌کیترین پێکهێنه‌ره‌کانی کۆمپۆستی قارچک لاسک/ قه‌دی گه‌نم و جۆیه‌ که‌ له‌ زمانی کوردی دا به‌ قه‌سه‌ڵ یا کڵۆش ناسراوه‌. قه‌سه‌ڵ پێکهاتووە لە سیلیلیوز و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ مادده‌ی کاربۆنی، که‌ خۆراکێکی گرنگ و به‌سووده‌ بۆ گه‌شه‌پێدان و پێگه‌یاندنی کوارگ.  دیواری دەرەوەی قەسەڵ ماددەیەکی لووس و ئاوهەڵنەگرە کە پێیدەڵێن لیگنین.  ئه‌و کڵۆشه‌ی ده‌کرێته‌ کۆمپۆست بۆ ڕواندنی قارچک پێویسته‌ تازه‌ بێت، نه‌گنخابێت و گیاوگۆڵی دیکه‌ی تێکه‌ڵاو نه‌بووبێت. له‌ هه‌موو شتیک گرنگتر ئه‌مه‌یه‌ که‌ هه‌تا قه‌سه‌ڵه‌که‌ تازه‌تر بێت کۆمپۆستی باشتری لێوه‌ به‌رهه‌م دێت و باشترە بۆ روواندنی کوارگ.
ئه‌وانه‌ی به‌شێوه‌ی بازرگانی کوارگ به‌رهه‌م ده‌هێنن، به‌شی ساڵێک کڵۆش له‌ ئه‌نبار ده‌که‌ن و هه‌رکاتێک چه‌ندیان پێویست بێت، به‌کاری ده‌هێنن.  گه‌ره‌که‌ کڵۆشه‌که‌ له‌ ژێر که‌پرێکدا ئه‌نبار بکرێت که‌ به‌فر و باران ته‌ڕی نه‌کات، ئاو نه‌چێته‌ ژێرییه‌وه‌ و شێی زه‌وی ڕانه‌کێشێت و هه‌روه‌ها له‌به‌ر خۆریش تاوسووتوو نه‌بێت.  هه‌روه‌ها ڕێگا نه‌درێت ببێته‌ هێلانه‌ی مشک.
زۆربه‌ی جۆره‌کانی کارگ له‌گه‌ڵ قه‌سه‌ڵی گه‌نم و جۆ ته‌بان؛ و له‌ پێواژۆی گه‌شه‌کردنیاندا پشتی پێ ده‌به‌ستن.  هه‌ربۆیه‌ په‌روه‌رده‌کارانی کارگ ده‌بێ گرنگییه‌کی زۆر به‌ جۆر و چۆنایه‌تیی قه‌سه‌ڵه‌که‌ و هه‌ڵگرتن و پاراستنی بده‌ن.

لە پێواژۆی دروستکردنی کۆمپۆست دا سەرەتا رێژەیەکی گەچی خاو بەسەر قەسەڵدا دەپڕژێندرێت و تەڕ دەکرێت.  کاری ئەم گەچە بریتییە لەمە کە بە قەسەڵەکەوە دەنووسێت و تەڕییەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر دەپارێزێت، تا توێژاڵە لیگنینەکە خێڕاتر لەناوبچێت.  هەروەها دەبێتە هۆی بردنە سەری رێژەی پی ئەیچ لە کۆمپۆستدا.  رێژەی پێ ئەیچی کۆمپۆست دەبێ ٧-٧.٥ بێت.  خودی پێوانەی پی ئەیچ کە هاوسەنگیی نێوان ترشی و ئەڵکەڵاین دەپێوێت، لە سفرەوە تا چواردەیە.  ٧،٥ رێژەیەکی مامناوەندی و بێلایەنە کە زۆر گونجاوە بۆ کۆمپۆست و لەم رێژەیەدا هەموو ماددە خۆراکییەکان لە رێگای کۆمپۆستەوە دەگەن بە قارچک.
مەرج نییە هەموو جۆرە کوارگێک لەسەر کۆمپۆست بڕوێت، بەڵام بێگومان هەموویان نشیمەنی خۆیان هەیە و هەرکامەیان خۆراک و پێداویستییەکانی خۆیان لە شتێکەوە دابین دەکەن.  کارگی دوگمەیی خۆراکی خۆی لە کۆمپۆست یا پەینەک دابیندەکات کە پێکهاتە سەرەکییەکەی قەسەڵی گەنم، جۆ یا بەڵمی برنجە و چەند ماددەی تری وەک پاشەڕۆی پەلەوەر و ئەسپ و تاد.. لەگەڵ تێکەڵ دەکرێت.

نشیمەنی کارگی سەدەف دەکرێ بریتی بێت لە قەسەڵی دانەوێڵە، تڵتەی قاوە، ئاردەدار، کاغەز و هەر ماددەیەکی سیلیۆلۆزیی تر.  یه‌ک کیلۆ قه‌سه‌ڵی وشک و تازه‌ ئه‌گه‌ر به‌باشی و به‌ گوێره‌ی ڕێوشوێنه‌ زانستییه‌ باوه‌کانی په‌روه‌رده‌کردنی کارگ ده‌کار بکرێت، 600-900 گرام و ڕه‌نگه‌ زیاتریش قارچکی سه‌ده‌ف به‌رهه‌م ده‌هێنێت.  ئەمە دەبێ بکرێتە پێوەرێک بۆ راددەی سەرکەوتوویی لە کاری روواندنی کوارگی سەدەف دا. واتە تۆ لە یەک تۆن قەسەڵی وشک دەبێ ٦٠٠ کیلۆ تا یەک تۆن بەرهەم بچنیتەوە، ئەوسا دەتوانیت بڵێیت کە لە کارەکەتدا سەداسەد سەرکەوتوو بوویت.




ژینگەی کارگ


له‌ کوردستان کوارگ به‌ شێوه‌ی سروشتیی خۆی له‌ وه‌رزی به‌هار و پاییز دا ده‌ڕوێت.  لە ناوچە کوێستانەکان یا دارستان و لێڕەوارە چرەکاندا بۆی هەیە لە وەرزی هاوینیش دا هەندێک جۆری قارچک بڕوێت.  لەبەرئەوەی لە وەرزی پاییز و بەهار‌دا پله‌ی هه‌وا فێنکێکی مامناوه‌ندییه؛‌ و ڕاده‌ی شێ له‌ هه‌وا دا به‌رز ده‌بێته‌وه‌، باشترین دەرفەتە بۆ رووان و گەشەکردنی مایسیلیەم؛ هەربۆیە دوای ئەوەی رێژنە بارانی پاییز دەستی پێکرد، دوای پێنج  شەش هەفتەیەک یەکەمین کوارگی پاییز خۆی نیشان دەدات.  لە وەرزی بەهاریش دا وەک دەزانین باران ده‌بارێت و ئاوی پێویست بۆ ڕووان و گه‌شه‌کردنی تۆو(سپۆر)ی قارچک ده‌سته‌به‌رده‌بێت. ئه‌م سێ هۆکاره‌ ژینگه‌یه‌کی له‌بار بۆ کوارگ فه‌راهه‌م ده‌که‌ن و له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ کا و کڵۆش و لاسک و قه‌د و ڕه‌گی جۆره‌ جیاوازه‌کانی دانه‌وێڵه‌ و دره‌خت و ڕووه‌که‌کان خۆراکی پێویست بۆ تۆوه‌که‌ دابین ده‌که‌ن. به‌م جۆره‌ له‌ هه‌رکام له‌ وه‌رزه‌کانی به‌هار و پاییز دا چه‌ند جۆرێک قارچک له‌ کوردستان ده‌ڕوێن.
لە کوێستانەکان و لە وەرزی بەهاردا ئەو جۆرە کوارگانە کە هاوژینن لەگەڵ رووەکەکانی وەک کەما، هەڵز، بۆڕ، کەرکۆڵ، تاڵیتۆز و رەس و تاد.. دەڕوێن، لەبەرئەوەی ئەو رووەکانە لە پاییزدا سەرهەڵنادەنەوە و ناڕوێنەوە، هەربۆیە قارچکەکانیش ناڕوێن.  بەڵام جۆرەکانی تر، چە ئەوانەی لە خاکدا یا لە نێو مێرگ و چیمەنەکاندا دەڕوێن، و چ ئەوانەیش کە لەسەر درەخت و کۆتەرە دار دەڕوێن، بۆیان هەیە لە هەرکام لە وەرزەکانی ساڵدا بڕوێن، جگە لە چلەی زستان کە زۆر ساردە و مایسیلیەم تیایدا گەشە ناکات.  زۆر جۆر کارگی بچووک لە هۆڵ، تەویلە، گەوڕ و کۆڵیتەکان  و لەسەر پاشەرۆکی ئاژەڵ دەڕوێن کە لە کوردەواریدا بە کارگە گولانە، کوارگە سەیانە، قارچکە خووگانە و تاد.. ناسراون.  ئەمانە ئەگەریش شایانی خواردن نەبن، بەڵام هەر قارچکن و لە جیهانی قارچک بەدەر نین.
وەک لە چەند بابەتێکی تردا ئاماژەی پێکراوە، قارچک بەگشتی  پێویستیی به‌ ڕووناکی و تیشکی خۆر نییه‌ و مادده‌ خۆراکییه‌کانی خۆی له‌ لاسک و قه‌دی دره‌خت و ڕووه‌کان وه‌رده‌گرێت. له‌سه‌دا نه‌وه‌دی پێکهاته‌ی کوارگ بریتییه‌ له‌ ئاو و له‌سه‌دا ده‌ی فایبه‌ر واتە ریشاڵه‌.
بۆ ڕوواندنی قارچکی ده‌سچێن، پێویسته‌ له‌ ژوورێکی تاریکدا که‌شوهه‌وایه‌کی له‌باری بۆ بڕه‌خسێنرێت؛ پله‌ی گه‌رمای له‌ نێوان ١٦-٢٤ ی سه‌دی دا بۆ ڕێکبخرێت؛ هه‌روه‌ها ڕاده‌ی شێ ی له‌ نێوان٧٠-٩٠ پله‌دا بۆ دابین بکرێت.  پێویسته‌ به‌ردەو‌ام هه‌وای پاک به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕێت و گازی کاربۆنی لێ دوور بخرێته‌وه‌.  هه‌روه‌سا له‌ ئاودانی غافڵ نه‌بین و نه‌یشهێڵین ئه‌وه‌نده‌ ئاو بدرێت که‌ تۆوه‌که‌ بخنکێت و بڕزێت.  لە هەمویش گرنگتر پاک و خاوێنییە؛ پێویستە ئەو ژوورەی کوارگی تێدا دەڕوێندرێت بە دەرمانی میکرۆبکوژ پاک بکرێتەوە و ئەو کەلوپەل وکەرەستانەیش لە پێواژۆی بەرهەمهێناندا بەکاردەهێنرێن، هەموویان، پاستۆریزە بکرێن.

کۆمەڵێک تێگەیشتنی هەڵە سەبارەت بە کۆڤارک



لە کوردەواری و لە نێو هەموو گەل و نەتەوە و کۆمەڵگەیەکدا کۆمەڵێک بیر و بۆچوون و تێگەیشتنی هەڵە و چەوت بڵاوبوونەتەوە و جێکەوتە بوون.  هەندێک جار ئەم جۆرە بۆچوونانە تێکەڵ بە نەریت، فەرهەنگ، زمان و وێژە و ئاینیش بوون.  قارچک یەکێک لەو شتانەیە کە لە کوردەواریدا، سەرەڕای ئەوە کە خۆراکێکی گشپەسەندە، بەڵام زۆر بۆچوونی چەوت و ناڕاست لە بارەیەوە بڵاو بووەتەوە.  لەم ساڵانەی دوواییشدا کە پەیوەندییەکان لەگەڵ دنیای دەرەوە بەربڵاوتر و خێراتر بوون، لە سایەی کۆلکە نووسەر و کۆلکە خوێندەوارەکانمانەوە کۆمەڵێک بۆچوونی ناڕاستی تریش بە هەڵە و چەوتییەکانی رابردوومانەوە زیاد بوون.   لە یادمە ساڵی ٢٠١٣ لە یەکێک لە ماڵپەڕە کوردییەکاندا بابەتێک سەبارەت بە قارچک نووسرابوو بە ناوی (قارچکی هێلانە قەلەڕەش)!!  نە نووسەر و وەرگێڕەکە و نە سەرنووسەر و هەڵەچنی ماڵپەڕەکە ئاستی زانیارییان ئەوەندە بەرز نەبوو کە وشەیەکی گونجاو لەبری (هێلانە قەلەڕەش) بنوووسن.  ئاخر لەوەتەی کورد هەیە وشەی لەم جۆرەی نەبیستووە!!  چەند جارێک بە ئیمێڵ و تێچن ئاگادارم کردنەوە لە هەڵەکەیان تا بابەتەکەیان سڕییەوە.
لێرەدا ژمارەیەک لەو وتە و بۆچوونە ناڕاستانە دەخەینە بەر چاوی خوێنەران کە هیچ بنەمایەکی راست و دروستیان نییە و هیچکامیان ناتوانن ببنە بنەما بۆ ناسین و لە یەکتری هەڵاواردنی کوارگی خۆراکی و ژەهراوی:

١- هەر کوارگێک شانە\پەڕەکانی سپی نەبێت، ژەهراوییە.
٢- هەر کوارگێک لەسەر داری گوێز رووابێت ژەهراوییە.
٣- هەر قارچکێک لە شوێنی پیس رووابێت ژەهراوییە.
٤- هەر قارچکێک مێروولە یا زیندەوەرێک خواردبێتی، ترست لێی نەبێت و بیخۆ.
٥- هەر کارگێک لەسەر داری بی رووابێت ژەهراوییە.
٦- خوێ بکە بەسەر قارچکدا، ئەگەر رەنگی زەرد بوو، ئەوا ژەهراوییە، ئەگەر زەرد نەبوو، بیخۆ!
٧- قارچک بە هۆی هەورەبرووسکەوە هەڵدەتۆقێت.
٨- کارگ یەکەمجار کە لە خا ک دەتە دەرەوە کەفە؛ دووایی بەرەبەرە شێوەی خۆی وەردەگرێت و دەمەیێت.
٩- هەر کارگێک لە کاتی کوڵاندندا ئاوەکەی رەش بێت، ژەهراوییە.
١٠- هەر کوارگێک رەنگی قاوەیی بێت، بۆ خواردن ناشێت.
١١- هەر کارگێک کرمی تێدا نەبێت، بۆ خواردن ناشێت.
١٢- هەر قارچکێک لە دەوروبەری درەخت بڕوێت، ژەهراوییە.
١٣- خوێ ئەكەیت به سەریدا، ئه گەر ره ش بوو کەواتە تەندروسته؛ ئەگەر رەنگیشی زەرد بوو ئەوا ژەهراوییه.



جاران لە کوردەواری دا


جاران له‌ کورده‌واری دا باو بوو که‌ پاییزان و به‌هاران هه‌ر شه‌وێک باران و گرمه‌ و زرمه‌ و چه‌خماخه‌ی هه‌ور و برووسک بووایه‌، به‌ته‌مه‌نه‌کان به‌ منداڵه‌کانیان ده‌گوت ئه‌مشه‌و کارگ هه‌ڵده‌تۆقن، به‌یانی سه‌حه‌ری بڕۆن بۆ ئه‌و ده‌شت و کوێستانانە‌ بۆ کارگ چنینه‌وه‌.


ئه‌وسا باوه‌ڕ وابوو که‌ له‌گه‌ڵ گرمه‌ی هه‌ور و زه‌بری برووسکه،‌ زه‌وی شه‌ق ده‌بێت و قارچکه‌که‌ لێوه‌ی دێته‌ ده‌ره‌وه‌. هەروەها زۆر کەس بڕوای وابوو کارگ سەرەتا کە لە خاک دێتە دەرەوە لە شێوەی کەفێکدایە و پاشان دەمەییێت و تەنراوەکەی پتەو دەبێت.
به‌ڵام زانستی نوێ سه‌لماندی که‌ ئه‌م بۆچوونانه‌ هه‌ڵه‌ن؛ و کوارگیش وه‌ک هه‌موو ڕووه‌کێکی تر تۆوی هه‌یه‌؛ و به‌هۆی ئاو و ژینگه‌ و هه‌وای گونجاوه‌وه‌ ده‌ڕوێت. له‌ هه‌ر کات و هه‌ر شوێنێکدا ئه‌م ژینگه‌ گونجاوه‌ی بۆ دابین بکرێت، کوارگ گه‌شه‌ده‌کات و پێواژۆی ژیانی ده‌ست پێده‌کات.

دیارە بەر لە گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی زانستی ژیانزانی و زیندەوەرزانی، زانایان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە تەنانەت زۆر لە کرم و زیندەوەرە بچووکەکانیش وەکوو کەڕوون؛ واتە وەک چۆن خواردنێک بە هۆی کۆن بوونەوە کەڕوو هەڵدێنێت، هەر بەم جۆرەیش گۆشت کە کۆن دەبێ کرم هەڵدێنێت.  یانی ئەو سەردەمە باوەڕ وابوو کە نە کرم و مێرووە وردیلەکان رەسەن و نەژادێکیان هەیە و بە ڕێگەی زاووزێ زیاد دەبن؛ و نە کەڕوویش تۆوی هەیە و بە ڕێگەی تۆوەکەیەوە زیاد دەبێت.  بەڵکوو لایان وابوو ئەوانە دەرەنجامی کۆنبوون و گەنینی خۆراک یا ماددەکانی ترن؛ باوەڕ نەدەکرا کە کەڕوویەک خۆی چۆن بێت، هەر ئەو کەڕووەی لێ بروێتەوە.

بەهەرحاڵ پاش هەور و برووسک و باران و دوای ئه‌وه‌ی کوڕ و کچه‌ گه‌نجه‌کان به‌ چارۆکه‌ و تووره‌که‌ی پڕ له‌ کوارگه‌وه‌ له‌ کوێستان ده‌گه‌ڕانه‌وه‌، له‌ماڵه‌وه‌ ڕووه‌که‌کان له‌ یه‌کتری جیا ده‌کرانه‌وه‌ و دابه‌ش ده‌کران.  ئینجا کاتی ئه‌وه‌ ده‌هات چێشت ئاماده‌ بکرێت. دایک و باوکه‌کان کچه‌کانیان ئامۆژگاری ده‌کرد که‌ قارچکه‌کان له‌ گۆشه‌یه‌ک یان له‌ لایه‌کی حه‌وشه‌ و حەساره‌که‌ بشۆرنه‌وه‌ و پاک بکه‌نه‌وه‌ که‌ زۆر هاتوچۆی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بێت. ئه‌وان باسیان لە تۆو نەدەکرد بەڵام پێیان وابوو ماکەی ئەم قارچکانە لەگەڵ ئاوەکەدا ڕۆدەچێتە نێو خاک و جارێکی دیکە هەڵەسوونە دێنێتەوە؛ و بۆ ساڵی دواتر له‌م شوێنه‌ کارگ ده‌ڕوێت.  ئه‌م قسه‌یه‌شیان هه‌ر له‌ خۆڕایی نه‌بوو؛ به‌ڵکوو له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌زموونی پێشوویان هه‌بوو.

ئه‌م بۆچوونه‌ ساڵه‌های ساڵ له‌ نێو کورده‌واری دا باو بوو.  زانستی تازه‌ش پشگیریی ده‌کات؛ و ده‌ڵێت که‌ له‌گه‌ڵ پاککردنه‌وه‌ و شۆردنه‌وه‌ی کوارگ له‌ شوێنێک که‌ پووش و په‌ڵاش و چیلکه‌ و چه‌وێڵی لێ بێت( که‌ بێگومان تا ده‌یه‌ی چله‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو زۆربه‌ی ڕووبه‌ری کوردستان به‌ گیا و ڕووه‌ک داپۆشرابوو) له‌گه‌ڵ له‌باربوونی ئاو و هه‌وا دا ژینگه‌ی له‌بار بۆ کوارگ ئاماده‌ ده‌بێت و کوارگ ده‌توانێت بڕوێت. له‌ چین و ئه‌مریکا و تایله‌ند و زۆر وڵاتی دیکه‌ که‌سانی وا هه‌ن له‌ کێڵگه‌دا کوارگ به‌ دێراو ده‌چێنن و و به‌رهه‌می باشیشی لێ ده‌چننه‌وه‌.  دیارە چینییەکان لە کۆنەوە کوارگیان لە ئەشکەوتدا روواندووە و لە بابەتێکی تردا ئەم باسە بە درێژی دەکرێت.


کارگی ورووژێنەری زایەندی


بەگوێرەی وانستێکی زانستی کە لە بڵاڤۆکی نێونەتەوەیی کارگی دەرمانی دا لە ساڵی ٢٠٠١ بڵاو بووەتەوە، جۆرێک کارگ هەیە کە لە رووی زایەندییەوە ژن دەگەیەنێتە دوندی ئاسوودەیی.

وانستەکە لەلایەن دوو توێژەری ئەمریکایی بە ناوەکانی جۆن هۆڵیدەی و نۆح ساوڵ (John Holiday and Noah Soule) وە ئەنجام دراوە و لە ژمارەی ٣ی ساڵێ ٢٠٠١ی بڵاڤۆکەکەدا بڵاوکراوەتەوە؛ بەڵام لەم ڕۆژانەدا دەزگاکانی راگەیاندن  تیشکیان خستووەتە سەر.  لێکۆڵەرەکان دەڵێن پێشتر بیستبوومان کە لە نێو خەڵکی دورگەی هاوایی وتەیەکی ئەوتۆ لەسەر زمانانە، بەڵام کەس لە راستی و ناراستییەکەی دڵنیا نەبوو.

وەک لە وانستەکەدا ئاماژەی پێدراوە ئەم جۆرە قارچکە لەسەر پاشماوەی گووراسن (سووتماکی توواوە)ی گڕکانێک دەڕوێت کە تەمەنی لە نێوان ٦٠٠ تا ١٠٠٠ ساڵ زیاتر نابێت. ئەم قارچکە کە ڕەنگی نارنجییەکی کاڵە و لە خێزانی دیکتایۆفۆرا(Dictyophora)یە، ژن بە بۆنکردنی، ئارەزووی زایەندیی دەورووژێت و دەگاتە چڵووکی ئاسوودەیی.  بۆ سەلماندنی ئەمەش توێژەرەکان تاقیکردنەوەیان لەسەر شازدە ژنی خۆبەخش کرد و ئەنجامی هەر شازدە لە ژنەکانیش ئەرێنی بوو.  شەش لە ژنەکان بە تەواوی ئاسوودەبوون؛ بەڵام دە ژنەکانی تر کە هەرکامەیان بڕێکی کەمیان بۆن کردبوو، لێدانی دڵیان خێراتر بوو.  شایانی باسە کە ئەم کوارگە هیچ کاریگەرییەک ناکاتە سەر پیاو و هەر پیاوێک بۆنی دەکات سەری بادەدات و ڕووی لێوەردەگێڕێت، چونکە هەست دەکات بۆنیکی لێوە دێت کە نزیکە لە بۆنی تەرسی کۆنی ئەسپ.  شارەزایان دەڵێن تەنیا لێکۆڵینەوەیەک بەس نییە بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە؛ و پێویستە بۆ دڵنیابوون و گەیشتن بە راستییەکی پشڕاستکراوە، وانست و توێژینەوەی قووڵتر و فراوانتر لەسەر ئەم بابەتە بکرێت.



ئەمە ناوی فالووسە، ورووژێنەری زایەندی نییە بەڵام لە هەمان خێزانە









سەرچاوە:


- سایتی دەیلی مەیڵ