16.12.19

ئاگاراگار

ئاگاراگار بەشێوەی تۆز


ئاگاراگار بۆ زۆرێک له‌ خه‌ڵکی، هه‌ر له‌ توێژی زانستییه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ توێژی چێشتلێنه‌ران ناوێکی ئاشنایه‌. له‌لایه‌نی زانستییه‌وه‌ ئاگارئاگار ئه‌و مادده‌ لینجەیە که‌ له‌ بۆڕی و که‌موڵه‌کانی تاقیکردنه‌وه‌دا به‌کارده‌هێنرێت بۆ چاندنی به‌کتریا.
له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ئاگاراگار مێژوویه‌کی دوور و ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه‌ له‌ دروستکردنی (دیسێرت) شیرینی دا، چونکه‌ ئه‌مه‌ پێکهاته‌ی سه‌ره‌کییه‌ له‌ دروستکردنی ‌لەرزەک (جێڵی)، کاسته‌رد، خواردنه‌وه‌ شیرینه‌کان و پودینگه‌کان له‌ خۆراکه‌کانی میانماری، ژاپۆنی، هیندی، فیلیپینی، ڤێتنامی و ڕووسی دا.  وه‌ک جێگره‌وه‌یه‌کی ڕووه‌کی بۆ ئه‌و خواردنانه‌ به‌کار ده‌هێنرێت که‌ لەرزەکیان تێدایه‌. به‌زۆری وه‌ک چڕکه‌ره‌وه‌ و خه‌ستکه‌ره‌وه‌ له‌ خۆراکه‌ هاڕڕاوه‌کاندا به‌کارده‌هێنرێت. هه‌روه‌ها له‌ دروستکردنی به‌سته‌نی(ئایسکرێم)یشدا به‌کارده‌هێنرێت.
هه‌ر ئه‌م ئاگاراگاره‌یش بۆ چاندنی تۆوی زۆربه‌ی زۆری جۆره‌کانی‌ قارچک به‌کارده‌هێنرێت. که‌واته‌ ئه‌و که‌سه‌ی حه‌ز و ئاره‌زووی کارکردنی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ کارگ دا، ده‌بێ ئاگارئاگار بناسێت و به‌کارهێنانی فێر ببێت.
ئاگاراگار بەشێوەی ریشاڵ
ئاگاراگار زۆرجار هه‌ر پێیده‌گوترێت ئاگار. ئاگار به‌ کوڵاندنی جۆرێک قه‌وزه‌ی ده‌ریایی به‌ده‌ست ده‌هێنرێت. ئاگار مادده‌یه‌کی بێ بۆن و بێ تامه‌ و ته‌نراوێکی لووس و ڕیشاڵ ڕیشاڵه‌. ئه‌م مادده‌یه‌ به‌ زۆری له‌ فرۆشگا ئاسیاییه‌کان، له‌و شوێنانه‌ که‌ خۆراکی ته‌ندروستیی ئاسیایی ده‌فرۆشن یان ئه‌و بنکه‌ و فرۆشگایانه‌ی گیاده‌رمان ده‌فرۆشن ده‌ست ده‌که‌وێت. ده‌کرێ له‌و شوێنانه‌ به‌شێوه‌ی تۆز، ورده‌توێژاڵ، بسکۆڵه‌ی گیا یان بلۆکی لەرزەکی(جێڵی) بفرۆشرێت.  بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت به‌ ئاسانتر بیدۆزیته‌وه‌ وا باشتره‌ بڵێیت به‌ دوای لەرزەکی ڕووه‌کی (vegetarian jelly) دا ده‌گه‌ڕێم.  به‌شێکی زۆر له‌ خه‌ڵک به‌م ناوه‌وه‌ ده‌یناسێت نه‌ک به‌ناوی ئاگار.
بۆ ئه‌وه‌ی تۆزی ئاگار بکه‌یت به‌ لەرزەک‌ ده‌بێت ٢ که‌وچکی چا له‌گه‌ڵ دوو کوپ ئاو تێکه‌ڵ بکه‌یت؛ و ماوه‌ی١٠ تا ١٥ خوله‌ک بیشێوێنیت.  ئینجا گه‌رمی بکه‌یت و پاشان ماوه‌ی ٥ خوله‌کی دیکه‌ لێکیبده‌یت.  بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بیت له‌وه‌ی لەرزەکە‌که‌ت دروست بووه‌ یان نا که‌مێک له‌ تێکه‌ڵاوه‌که‌ له‌سه‌ر قاپێکی سارد دابنێ؛  ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی ٢٠-٣٠ چرکه‌دا چڕبوویه‌وه‌ و بوو به‌ لەرزەک‌ ئه‌وا پێگه‌یشتوه‌، ئه‌گه‌ر چڕ نه‌بویوه‌وه،‌ که‌واته‌ که‌مێکی تر له‌ تۆزی ئاگاره‌که‌ بکه‌ نێو تێکه‌ڵاوه‌که‌وه‌ و لێکیبده‌وه‌.


لینجەقەوزەی ئاگاراگار
















15.12.19

سووڕی ژیانی کارگ و رووان و گەشەی ریسوو

سووڕی ژیانی قارچک ئەو کاتە دەسپێدەکات کە دەنکۆڵەیەکی هاگ  لە شوێن و کەشوهەوایەکی لەبار و گونجاودا دەسدەکات بە گەشەکردن.  هاگەکە خۆی ناووکی نێر و مێی تێدایە، دووای ئەوەی گەشەی کرد ناووکە نێر و مێیەکان دەکەونە چالاکی و کرداری پیتاندن روودەدات.  ئاکامی پیتاندنەکە دەبێتە هۆی دروستبوونی دەزوولەی زۆر باریک کە لە زمانی زانستیدا پێی دەڵێن مایسیلیەم؛ و ئێمە لە بەرامبەریدا ریسوو بەکاردەهێنین.  ریسووەکان دووای ئەوە کە گەشەیان کرد و هەراش بوون، وردە تەنی وەک گرێ دروستدەکەن کە بناخەی قارچکە و پێیدەڵێن دوگمە یا دەندووکە.  ئەویش زیاتر گەشە دەکات و دەبێتە کوارگ.  کوارگیش کە تەواو پێگەیشت هاگ  دروستدەکات و دەیپژێنێت و بە هۆی باوە جارێکی دی بڵاو دەبێتەوە و لە شوێنێک دەگیرسێتەوە و دەڕوێتەوە.








ئەم ڤیدیۆیە شێوازی رووان و گەشەکردنی مایسلیەم واتە ریسووە سەرەتاییەکانی کەڕوو نیشان دەدات کە چۆن لە دەفری پێتری دا، و لە ماوەی سێ رۆژدا دەڕوێت و تەواوی رووبەری دەفرەکە داگیر دەکات.

مایسیتیزم یا ژاراویبوون بە کوارگ



ژاراویبوون به‌ کارگ یان مایسیتیزم(Mycetism) بریتییه‌ له‌ کاریگه‌رییه‌کی نه‌رێنی که‌ له‌ ئاکامی خواردنی جۆرێک له‌ جۆره‌کانی قارچک/کارگ تووشی له‌شی مرۆڤ ده‌بێت. نیشانه‌کانی ژاراویبوون بریتین له‌ سه‌ره‌گێژه‌، هێڵنجدان، ڕشانه‌وه‌، چاولێل بوون، بوورانه‌وه‌ و تاد.. ژاراویبون ته‌نیا له‌ ئاکامی خواردنی کوارگه‌ کێوییه‌کاندا ڕووده‌دات، ئه‌ویش له‌ ده‌ره‌نجامی نه‌ناسین یان به‌دناسینی ڕووه‌که‌که‌یه‌. وته‌ی پێشنیان و سه‌رزاران سه‌باره‌ت به‌ لێک جیاکردنه‌وه‌ی جۆره‌کانی کارگی ژەهرین له‌ کوارگی خوارده‌نی، به‌ربڵاون به‌ڵام هیچیان ڕاست نین و ناکرێت پشتیان پێ ببه‌سترێت. هه‌یه‌ ده‌ڵێت هه‌ر کوارگێک ڕه‌نگی کراوه‌ و گه‌ش بێت بۆ خواردن ده‌شێت؛ هه‌یشه‌ ده‌ڵێت هه‌ر قارچکێک قه‌ده‌که‌ی باریک بێت یان په‌ڕه‌کانی ژێر چه‌تره‌که‌ی سپی نه‌بێت، ژاراوی و کوشنده‌یه‌، وته‌ی ئه‌وتۆیش هه‌یه‌ ده‌ڵێت که‌مێک خوێ بکه‌ره‌ سه‌ر قارچکه‌که‌ ئه‌گه‌ر ڕه‌نگی گۆڕا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م جۆره‌ قارچکه‌ بۆ خواردن ناشێت و ژاراوییه‌. کەسانێ هەن دەڵێن هەر کاتێ مێروولە یا زیندەوەرێک قارچکەکەی خواردبوو، نیشانەی ئەوەیە ئەو قارچکە ژەهراوی نییە.  زۆر قسه‌ی تریش هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌مانه‌ هیچیان ڕاست نین؛ زۆر که‌س له‌سه‌ربنه‌مای پشتبه‌ستن به‌م جۆره‌ وتانه،‌ نائاگایانه‌ ژاراوی بووه‌ و مردووه‌.  ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت تا ئێستا هیچ بنه‌مایه‌کی جێ متمانه‌ بۆ لێک جیاکردنه‌وه‌ی کوارگی خوارده‌نی له‌ کوارگی ژاراوی نییه‌ و نه‌زانراوه‌. باشترین ڕێگا هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ سه‌داسه‌د کوارگه‌که‌ بناسیت؛ و دڵنیا بیت که‌ ژاراوی نییه‌.  جاری وا هه‌یه‌ کوارگێک له‌ ناوچه‌یه‌ک خوارده‌نییه‌ به‌ڵام هه‌ر ئه‌م جۆره‌ کوارگه‌ له‌ ناوچه‌یه‌کی دیکه‌ ژاراوییه‌. واتا هه‌ڵکه‌وته‌ی جۆگرافیایی کاریگه‌ریی هه‌یه‌ له‌ دیاریکردنی خوارده‌نی و ژاراوه‌یبوونی قارچک. له‌لایه‌کی تره‌وه‌ شێوازی لێنانی خۆراکی کارگیش بێ کاریگه‌ری نییه‌. کوارگی وا هه‌یه‌ ژاراوییه‌، به‌ڵام به‌ زۆر کوڵاندن ژاره‌که‌ی نامێنێت؛ و ده‌توانرێت ڕێژه‌یه‌کی لێ بخورێت. لەشی مرۆڤەکانیش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و بۆی هەیە کاردانەوەی لەشی من بەرامبەر کوارگی کەما جۆرێک بێ، هی تۆ یا هی ئەو جۆرێکی تر بێت.  رەنگە من قارچکێک بخۆم بۆم ئاسایی بێت بەڵام تۆ بیخۆیت پێی بڕشێیتەوە؛ ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە قارچکەکە رێژەیەکی کەم ژەهری تێدایە کە سیستەمی بەرگریی لەشی تۆ ناتوانێ رووبەڕووی ببێتەوە؛ بەڵام سیستمی بەرگریی لەشی من بەهێزترە بۆیە هەستی پێناکەم.  کوارگی ده‌سچێن و پیشه‌سازی سه‌داسه‌د جێی متمانه‌یه‌ و هیچ چه‌شنه‌ مه‌ترسییه‌ک بۆ سه‌ر گیانی مرۆڤ دروست ناکات.

کەڕوو چییە؟


به‌ ئه‌ندامێک له‌ کۆمه‌ڵێکی گه‌وره‌ له‌ زینده‌وه‌ره‌ (یوکاریۆتیک)ناوکداره‌کان، که‌ وردە ‌زینده‌ندامه‌کانی وه‌ک هه‌وێن و برش و قەوزەیش ده‌گرێته‌ خۆی، ده‌گوترێت که‌ڕوو. که‌ڕوو نه‌ کلۆرۆفیلی هه‌یه‌ و نه‌ رتیشاڵی ده‌ماری. له‌ ڕاستیدا که‌ڕوو هه‌رچه‌نده‌ وه‌ک ڕووه‌ک سه‌یر ده‌کرێت، به‌ڵام جۆرێک زینده‌وه‌ره‌ که‌ له‌به‌ر هه‌ندێک جیاوازی نه‌ له‌ ڕیزی ڕووه‌کدا جێده‌گرێت و نه‌ له‌ ڕیزی گیانداره‌کاندا. به‌گوێره‌ی دوا پۆلبه‌ندییه‌کان که‌ ساڵی 2007 ئه‌نجام دراون، که‌ڕووه‌کان کراون به‌ حه‌وت جۆری سه‌ره‌کی: نیۆکالیماستیگۆمایکۆتا(Neocallimastigomycota)،
 به‌سیدیۆمایکۆتا (Basidiomycota)،
 ئاسکۆمایکۆتا(Ascomycota)،
 گلۆمیرۆمایکۆتا(Glomeromycota)،
 چایتریدیۆمایکۆتا(Chytridiomycota)،
 بلاستۆکرادیۆمایکۆتا(Blastocladiomycota)،
 مایکرۆسپۆریدیا(Microsporidia).

هه‌ندێک له‌ که‌ڕووه‌کان مشه‌خۆرن و له‌سه‌ر ئه‌ندامگه‌لی زیندوو یان مردوو ده‌ژین و گه‌شه‌ده‌که‌ن؛ وه‌ک که‌ڕووی نان و میوه‌ و خۆراک . هه‌ندێکیان له‌ سەر ئه‌ندامگه‌لی زیندوو دەژیێن و لە کۆتاییدا دەیکوژن. وەکوو جۆرەکانی کارگی پووشوو کە شێوەیان وەک سمی ئاژەڵە و لە قەدی درەختی زیندوو دەڕوێن؛ هەروەها کوارگی کۆردیسێپس یا مێڵەگورگانە کە دەچێتە نێو لەشی مێرووە جومگەدارەکان و تەنانەت شەمشەمەکوێرەوە.  هەندێکیشیان لەسەر ئەندامگەلی مردوو ده‌ژین وه‌ک  قارچکی سەدەف کە لەسەر درەختی وشک و مردوو دەڕوێت.   هەروەها زۆر جۆر کوارگ و دومبه‌ڵان هەیە ناتوانن بە تەنیا بژین و دەبێ بە هاوکاریی رووەکێک یا درەختێک بژیێت و گەشە بکات وەک کارگی کەما، هەڵز، بۆر، رەس، خوون، چەورە، کەرکۆڵ، تاڵیتۆز و هەروەها دۆمبەڵانەکان.  لەلایەکی ترەوە که‌ڕووی ئه‌وتۆیش هه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌موو شوێنێک ده‌ژێت وه‌ک که‌ڕووی سه‌وز و ڕه‌ش. که‌ڕووی وایش هه‌یه‌ که‌ له‌ نێو ترشی و سوێری دا ده‌ژێت وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ترشیات و ماست دروست ده‌بێت. که‌ڕووی وا هه‌یه‌ که‌ تا پله‌ی گه‌رمای 65ی سه‌دی ته‌حه‌مول ده‌کات و هی ئه‌وتۆیش هه‌یه‌ له‌ سه‌رمادا گه‌شه‌ده‌کات. هه‌ندێک جۆری که‌ڕوو له‌سه‌ر لاشه‌ی زیندووی مرۆڤ و ئاژەڵ  گه‌شه‌ده‌که‌ن؛ و به‌شێوه‌ی زام و برین یان توێژاڵی پێستی له‌سه‌ر له‌شی مرۆڤ ده‌رده‌که‌ون.






14.12.19

دەرمان و کەڕوو



کەڕووزانی لکێکی گرنگی زانستە کە پەیوەندیی هەیە بە زۆر لە لکە جیاوازەکانی زانستەوە وەک ژیانزانی، زیندەوەرزانی، بوومزانی و تاد... لە سەردەمی جەنگە جیهانییەکانەوە کە بە ڕێکەوت پنیسیلین لەلایەن ئەلیکساندەر فڵێمینگەوە دۆزرایەوە، گرنگی و بایەخی کەڕوو بەدیارکەوت. هەروەها ناسینی نەخۆشییە کەڕووییەکانی مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەک زانایانی ناچارکرد کە بواری کەڕووزانی وەک بوارێکی سەربەخۆی زانست پێناسە بکەن و لە زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن و توێژینەوە بە جیاواز بایەخی پێبدەن و کاری لەسەر بکەن.
ئێستا لە پاڵ پنیسیلین دا دەیان جۆر کەڕووی تر لە ئەزموونگەکاندا بەرهەمدەهێنرێن و بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی دەرمانی چارەسەریی نەخۆشییەکانی مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەک. تەنیا پنیسیلین خۆی ساڵانە گیانی دەیان میلیۆن کەس لە مردن رزگار دەکات لەکاتێکدا کە کەڕوویەکی ئاساییە و خۆت دەتوانیت لە ماڵەوە بەرهەمی بهێنیت.
دەڵێن لە کوردستان کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمان هەیە.. ئەگەر ئەمە راست بێ، شتێکی ئەرێنی یە؛ بەڵام بە مەرجێک ماددە خاوەکانی دەرمانەکان هی کوردستان خۆی بێت نەک لە وڵاتانەوە هاوردە بکرێن. لە رەوشێکی ئەوتۆ دا پێویستە زانکۆ و ناوەندە زانستییەکان لەگەڵ دەرمانسازەکان هاوکاری بکەن بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان لە ماددەی خاوی کوردستانی.