20.7.19

چاپکردنی هاگ یا تۆوی کارگ



تۆوی کوارگ کە بە کوردی پێیدەوترێت هاگ و بە ئینگلیسی پێیدەگوترێت سپۆر ئه‌وه‌نده‌ وورده‌ به‌ چاو نابینرێت، مه‌گه‌ر به‌ ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر له‌سه‌ر یه‌کتری که‌ڵه‌که‌بێت. هاگ ڕه‌نگی جیاوازی هه‌یه‌، سپی، قاوه‌یی، خاکی و قاوه‌یی تاریک و... به‌ مه‌به‌ستی دیتنی هاگ ڕێگایه‌کی ئاسان هه‌یه‌ که‌ پێیده‌وترێت چاپکردنی هاگ (Sporeprinting).

بۆ چاپکردنی هاگ سه‌ره‌تا کارگێکی پێگه‌یشتوو دێنین. لاسک/قه‌ده‌که‌ی له‌ بێخه‌وه‌ ده‌بڕین.
پارچه‌یه‌ک کاغه‌زی ڕه‌ش و پارچه‌یه‌ک کاغه‌زی سپی به‌ یه‌که‌وه‌ ده‌نووسێنین و له‌ نێو شووشه‌یه‌ک یان ده‌فرێکی پلاستیکی دا ڕایده‌خه‌ین.
کوارگه‌که‌ به‌جۆرێک داده‌نێینه‌ سه‌ر کاغه‌زه‌که‌ که‌ نیوه‌ی بکه‌وێته‌ سه‌ر پارچە ڕه‌شه‌که‌ و ئه‌و نیوه‌ی بکه‌وێته‌ سه‌ر پارچە سپییه‌که‌.
پارچه‌یه‌ک په‌ڕۆی ته‌ڕ که‌ ئاوی لێوه‌ نه‌چۆڕێته‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر زاری ده‌فره‌که‌ و ئینجا سه‌رپۆشه‌که‌ی له‌سه‌ر داده‌نێین.
ماوه‌ی ٢٤ هنگار له‌ شوێنێکی تاریک و فێنک دایده‌ێین.

دوای ئه‌م ماوه‌یه‌ ده‌فره‌که‌ دێنین و ته‌ماشای ده‌که‌ین بزانین چی ڕوویداوه‌!
کاتێک قارچکه‌که‌ له‌ سه‌ر کاغه‌زه‌کان لاده‌به‌ین ده‌بینین په‌ڵه‌یه‌ک به‌ ئه‌ندازه‌ی دیوی ژێره‌وه‌ی قارچکه‌که‌ که‌وتووه‌ته‌ سه‌ر کاغه‌زه‌که‌.  ئه‌گه‌ر تۆوه‌که‌ قاوەیی یا ئاڵ یا مۆر بێت ئه‌وا به‌جوانی له‌سه‌ر پارچه‌ سپییه‌که‌ ده‌رکه‌وتووه‌ و ئه‌گه‌ریش سپی بووبێت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌سه‌ر پارچه‌ ڕه‌شه‌که‌ به‌جوانتر چاپ بووه‌.

کارگی شیتاکی یا قارچکە دارانە

هه‌روه‌ک هه‌موومان ئاگادارین و ده‌زانین کوارگ سه‌ره‌ڕای تام و چێژه‌ خۆش و دڵگیره‌که‌ی و ڕه‌نگ و شێوه‌ جوان و دڵڕفێنه‌که‌ی، له‌ کورده‌واری دا زۆر گرنگیی پێنادرێت. زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوارگ/قارچک له‌ لیستی خۆراکه‌کانی ڕۆژانه‌یاندا پشتگوێ ده‌خه‌ن. زۆربه‌مان گوێقوڵاغ ده‌بین تا سه‌ره‌تای به‌هار و رووانی کوارگی خۆڕسکی کوێستانان. هه‌ندێکیشمان هه‌ن له‌ لادێکان که‌ کوارگی نێو مێرگان کۆده‌که‌نه‌وه‌ و پاییز و به‌هاران ده‌یکه‌نه‌ چێشته‌کوڵه‌ و که‌لێنێک له‌ بۆ شایی خۆراکی ڕۆژانه‌ی منداڵه‌کانیانی پێ پڕده‌که‌نه‌وه‌.
جێگای داخه‌ که‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سروشتی نیشتمانه‌که‌مان زۆر له‌بار و گونجاوه‌ بۆ ڕووان و په‌روه‌رده‌ی قارچک، به‌ڵام تا ئێستا زۆربه‌ی جۆره‌کانی ئه‌م ڕووه‌که‌ لای ئێمه‌ به‌ نه‌ناسراوی و نه‌زانراوی ماونه‌ته‌وه‌.  شیتاکی یه‌کێک له‌م جۆره‌ قارچکانه‌یه‌ که‌ له‌ کوردستان ده‌ڕوێت؛ به‌ڵام مه‌ردم نایناسن و نایخۆن و ته‌نانه‌ت ده‌ستیشی لێوه‌ناده‌ن.  له‌ کورده‌واری دا شیتاکی وه‌ک قارچکه‌ دارانه‌ ناسراوه‌. ئه‌م کوارگه‌ له‌سەر کۆتەرەی مردوو یا وشکبووی داری به‌ڕوو و چەند جۆرە داری تر ده‌ڕوێت.  له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا هه‌ندێک هه‌وڵ به‌ ئاکام گه‌یشتووه‌ بۆ ڕوواندنی شیتاکی له‌ ئاردی داری به‌ڕوودا که‌ وایکردووه‌ ماوه‌ی به‌رهه‌مدانه‌که‌ی نزیکتر ببێته‌وه‌ و بگاته‌ ٦ تا ٨ مانگ.  وه‌ک له‌ بابه‌تێکی وه‌رگێڕدراو دا ئاماژه‌ی بۆ کراوه،‌ سووده‌کانی بۆ له‌شی مرۆڤ زۆرن...

شیتاکی چۆن ده‌ڕوێت؟

ئه‌م جۆره‌ له‌ قارچک له‌ کۆنه‌وه‌ له‌ ئاسیای دوور گرنگیی پێدراوه‌ و به‌شێوه‌ی ده‌سچێن به‌رهه‌م هێنراوه‌. ماوه‌ی به‌رهه‌مدانی ئه‌م جۆره‌ کوارگه‌ له‌ ٨ مانگ تا ساڵێک ده‌خایه‌نێت؛ به‌ڵام زه‌حمه‌ت و کوێره‌وه‌ریی که‌مه‌ و ته‌نیا پێویستیی به‌ هه‌ندێک چاوه‌دێری هه‌یه‌ له‌ شوێنێکی فێنکدا.  هاوشێوەی ئەم کوارگە بە کەمێک جیاوازییەوە لە کوردستان بەشێوەی سروشتی و خۆڕسک هەیە؛ هەربۆیە روواندنی ئەمە لە کوردستان ئاسانە.

هه‌نگاوه‌کانی ڕوواندنی قارچکه‌دارانه‌ ئه‌مانه‌ن:

١. به‌ مه‌به‌ستی ڕوواندنی ئه‌م جۆره‌ کوارگه‌ یه‌که‌مجار گەراکه‌ی په‌یدا ده‌که‌یت.  گەرای ئه‌م جۆره‌ قارچکه‌ وه‌ک حه‌ب یا که‌پسوول که‌ پێی ده‌گوترێت (کەلووکە) ئاماده‌ ده‌کرێت و به‌ ده‌نک ده‌نک ده‌فرۆشرێت.
٤. ئینجا به‌ هۆی ده‌زگای (دریل) ه‌وه‌ هه‌موو لایه‌کی داره‌که‌ به‌ قووڵایی ٤ سه‌نتیمه‌تر کون کون دەکرێت.
٥. کونه‌کان  دەبێت نزیکه‌ی ١٠ سه‌نتیمه‌تر له‌ یه‌کترییه‌وه‌ دوور بن.
٦. ئه‌و‌ نووکه‌ دریله‌ی کونه‌کانی پێ دروست ده‌کرێت گەرەکە که‌مێک له‌ پێنووسێکی ئاسایی ئه‌ستوورتر بێت.
پاشان کەلووکه‌کان به‌ وریایی و ئه‌سپایی به‌ چه‌کوش له‌ کونه‌کان ده‌ئاخنرێن و ده‌مه‌که‌یان به‌ مۆم داده‌پۆشرێت.
٧. داره‌کان ئاو ده‌درێن و له‌شوێنێکی فێنک و شێدار و پا ک و خاوێن دا ده‌پارێزرێن تا کاتی به‌رهه‌مهێنان.






ئاناتۆمی یا توێکاریی کارگ


ئەم وێنە نیگارییانە پێکهاتە سەرەکییەکانی کارگ نیشان دەدەن و بە گشتی بەشە جیاوازەکانی کوارگێکی نموونەییە.
دیارە ئەگەر بچینە نێو ووردەکارییەکانەوە، جیاوازیی زۆر بەرچاو دەکەوێت لە نێوان کوارگەکاندا بۆ وێنە کارگی وامان هەیە لە جیاتی پەڕ یا شانە پێکهاتەیەکی کونکونی هەیە وەک  ئیسفەنج؛ هی وامان هەیە لە جیاتی پەڕ یا کون ددانی هەیە.  هەروەها کوارگی وا هەیە قەدی نییە وەکوو پزلیک کە لەشێوەی تۆپێکی خڕ لەسەر زەوی دەردەکەوێت یان ئەو جۆرە قارچکانەی لە قەدی درەختەکان دەڕوێن و شێوەیان لە شێوەی سمی ئاژەڵ دەکات.  قارچکی ئەوتۆیش هەیە کە کڵاوی نییە و لەبری کڵاو پێکهاتووە لە گۆیەکی ناڕێک و کونکون لەشێوەی مێشکی مرۆڤ و ناسراوە بە هەنگەشان یا مۆرێڵ.  هەروەها هەندێک قارچک هەن کڵاوەکەیان تیسکی پێوەیە واتە توێژاڵی تەنک و باریک لە شێوەی موو لەسەر کڵاوەکە بەرزدەبنەوە.









کەڕوو یا برشی نان


هیچکەس نییە کە رۆژێک لە رۆژان چاوی بە نانێک نەکەوتبێت کە ووردە کوڵکێکی سەوز، شینباو، سپی یا رەشی پێوە نووسابێت.  ئەو ووردە کوڵکە هەر رەنگێک بێت، ئەوە جۆرێکە لە کەڕوو کە پێیدەگوترێت برش.  برشەکانیش وەک قارچکەکان جۆرێکن لە کەڕوو کە گەلێک چەشن و گۆنی جیاوازیان هەیە.  برش لە هەموو شوێنێک و هەموو کیشوەرەکانی جیهان هەیە؛ بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئەمەیە کە زۆربەیان سەلامەتن و مەترسی بۆ سەر ژیان دروست ناکەن.  برش وەک کوارگ  بەهۆی  هاگەوە زیاد دەبێت کە زۆر ووردە و بە چاوی رووت نابینرێت؛ و لە کەشوهەوای تەڕ و شێداردا گەشەدەکات و سووڕی ژیانی بەردەوام دەبێت.

ژمارەیەک برش هەن کە لەسەر نان دەڕوێن و بە گشتی لەلایەن مەردمەوە بە کەڕوو یا برشی نان ناسراون.  لەم بابەتەدا تێدەکۆشین بە کورت و رۆشنی کەڕووەکانی نان بناسێنین.

یەک: برشی رەشی نان
برشی رەشی نان ناوە زانستییەکەی بریتییە لە (رایزۆپوس ستۆڵۆنایفەر) کە یەکێکە لە باوترین برشەکانی نان.  لە هەموو کیشوەرەکان هەیە.  جیا لە نان لەسەر میوە و سەوزییە کێوییەکانیش دەڕوێت؛ بەتایبەتی لە کاتێکدا کە میوە یا سەوزییەکان لە کەشوهەوایەکی نمناک و شێداردا رووابێتن.  لەسەر هەر زیندەندامێک بڕوێت، دەیڕزێنێت؛ ئەمەیش ئەمە دەگەیەنێت کە برشی رەش رووەک دەکوژێت.
برشی رەش لەسەر نان بەشێوەی پەڵەگەلی فشۆڵی شین یا سەوز دەردەکەوێت.  خواردنی برشی رەشی نان بۆ زۆربەی خەڵکی مەترسیدار نییە و دەبێتە هۆی هێڵنجهاتن، هەرسنەکردن و رشانەوە. 

دوو: برشی پێنیسیلیەمی نان
پێنیسیلیەن نەژادێکی برشی نانە کە لەسەر نان و خۆراکگەلی تر دەردەکەوێت لە سەرتاسەری جیهاندا.  زۆربەی جۆرەکانی پێنیسیلیەم چونیەکن، بەکردەوە ئاسان نییە لە یەکتری جیابکرێنەوە، مەگەر بە هەڵسەنگاندنی وورد و قووڵ.  هەندێک لە برشەکانی پێنیسیلیەم لە لایەن مەردمەوە بەکاردەهێنرێن بۆ خۆشکردنی چێژی خۆراک، وەکوو پەنیری شین.  هەندێک جۆری تری برشی پێنیسیلیەم گەردیلەیەک دروستدەکەن کە پێیدەگوترێت پێنیسیلین، کە وەک ئەنتی بایۆتیک لەلایەن خەڵکییەوە بەکاردەهێنرێت.  ئەمانە لە جۆری پێنیسیلیەم کرایسۆجینم ن.
ئەم جۆرە برشە بە شێوەی ئاسایی وەک ووردە کوڵکێکی فشۆڵی رەنگ سپی، سورمەیی یا شینی کاڵ خۆی دەنوێنێت،  هەروەک برشی رەش، ئەم برشی پێنیسیلیەمەیش جێگای مەترسی نییە ئەگەر بخورێت، مەگەر کەسەکە ئەلێرجی یا بەرهەستیی هەبێت.  بەڵام لەبیرمان نەچێت کە هەندێک گۆنی پێنیسیلین  دەبنە هۆی دروستبوونی ژەهری مایکۆتۆکسین کە پەیوەندیی هەیە بە چەند جۆرێک شێرپەنجە و  نەخۆشینی ترەوە.  هەر لەبەر ئەم خاڵەی دوواییە کە خواردنی مەترسیدارە.

سێ: برشی کڵادۆسپۆریەم 
برشی کڵادۆسپۆرییەم بێزارکەرترین جۆری برشی نانە کە دەبێتە هۆی ئەلێرجی و بەرهەستی.  ئەم برشە دەبێتە هۆی پژمین، کۆخە و ئەگەریش زۆر بخایەنێت دەبێتە هۆی سینگ گیران و تەسکبوونەوەی بۆڕییەکانی هەناسە.  ئەم برشە بەشێوەی ئاسایی  وەک پەڵەگەلی شینی تۆخ تا رەشی تۆخ لەسەر نان دەردەکەوێت.  کلادۆسپۆریەم لە دوورەوە بۆنی هەیە و رەنگە پێش ئەوەی بیبەیت بۆ زارت، هەست بە بۆنەکەی بکەیت و نەیخۆیت.  هەرکاتێکیش بە رێکەوت خورا، دەسبەجێ هیچ روونادات مەگەر کەسەکە بەرهەستیی هەبێت.  بەڵام لەبەر بۆنە قورسەکەی، بۆی هەیە کەسەکە بڕشێتەوە.  ئەم برشەیش وەک برشەکانی پێنیسیلیەم لەوانەیە ژەهری مایکۆتۆکسین دروستبکات.


سەرچاوە: 







چۆنیەتیی دروستکردنی خاشاکی کارگ

خاشاک یا کۆمپۆست واتە ئەو پەینە یا ئەو خاکە کە لە چەند ماددەیەکی ئۆرگانیک یا نائۆرگانیک دروستدەکرێت تا بکرێتە نشیمەن و نێوپارە بۆ روواندنی قارچک یا هەر رووەکێکی تر.  جۆرەکانی خاشاک زۆر و جیاوازن.  کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی خاشاک بەگوێرەی پێداویستییەکانی بازاڕ و خواستی کڕیارەکانیان رۆژانە خاشاکی جیاواز دەخەنە بازاڕەوە.  جیاوازییەکان بە دوو مەبەستن.
یەکەم: جۆری رووەک یا درەختەکان.  وەرزێڕی وا هەیە تەنیا یەک یا دوو جۆر بەرهەمی هەیە، بۆ ئەو مەبەستەیش دەگەڕێت بە دووای باشترین خاشاکدا کە تایبەت بێ بەو بەرهەمانەی خۆی.
دووەم:  زیادکردنی بەرهەم یا تەندروستترکردنی بەرهەم.  هەندێک وەرزێڕ بە دوای بەرهەمی زۆر و خێرا دادەگەڕێن و گوێ نادەنە لایەنی  سەلامەتی و تەندروستی؛ هەندەکیش بەپێچەوانەوە.  ئیتر هەرکام لەم دووانە جۆری خاشاکی تایبەت بەخۆیان دەوێ.  هەموو ئەمانە بەرهەمهێنەرانی کۆمپۆست ناچار دەکات کە خاشاکەکانیان زیاتر تایبەت بکەن و بەشێوەی جیاجیا بیاننێرنە بازاڕ.

شایانی باسە کە هەندێک لە خاشاکەکان بۆ بەهێزبوون، ماددەی کیمیایی وەک یووریا و هەروەها توخمە سەرەکییەکانی وەک پۆتاسیۆم و نایترۆجین و فۆسفات و.. یان تێدەکرێت.  هەندێکیش لە جیاتی ماددە کیمیاییەکان ماددەگەلێکی جیاوازیان تێدەکرێت کە پێیاندەڵێن (تەواویەر) واتە خۆراکدەر یا یارمەتیدەر؛  بۆ وێنە دۆشاو، پاشەرۆی پەلەوەر، خوێن، هەوێن و تاد..
هەروەها هەندێک جۆریش هەن کە سەداسەد پاشماوەی دار و دەوەن و گیان و هیچ چەشنە ماددەیەکی کیمیاییان تێکەڵ ناکرێت.
   خاشاکی کوارگ جۆرێکی جیاوازە لە هەموو خاشاکەکانی دیکە؛ چونکە کوارگ خۆی ناتوانێت خۆراک بۆ خۆی دابین بکات، هەربۆیە خاشاکەکەی دەبێت هەموو پێداویستیەکانی تێدا بێت.  بۆ ئەم مەبەستە پێویسته‌ سه‌ره‌تا خاشاکێک ساز بکرێت که‌ پێکهاته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی بریتین له‌ قه‌سه‌ڵی گه‌نم یا جۆ، پاشه‌رۆکی په‌له‌وه‌ر، گه‌چی خاو.  پاشه‌رۆکی ئه‌سپ و دۆشاو و یووریا و هه‌ندێک مادده‌ی به‌هێزکه‌ری تریش هه‌ن که‌ هه‌ندێک که‌س به‌کاریان ده‌هێنن.  که‌سانی ئه‌وتۆیش هه‌ن له‌ بری ئه‌م مادده‌ ئۆرگانییانه‌ مادده‌گه‌لی کیمیایی به‌کار ده‌هێنن. هه‌رچه‌نده‌ له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه‌ یارمه‌تیده‌ری باشن به‌ڵام له‌ ڕووی چۆنایه‌تییه‌وه‌ کاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر سەلامەتیی به‌رهه‌مه‌که‌ به‌جێده‌هێڵیت.

دروستکردنی خاشاکی کارگی دو‌گمه‌یی ماوه‌ی 21 ڕۆژ ده‌خایه‌نێت و له‌م ماوه‌یه‌دا، هه‌ر سێ یان چوار ڕۆژ جارێک پێکهاته‌کان به‌ شه‌ن ژێر و ژوور ده‌کرێن و ئه‌گه‌ر پێویستیان به‌ ئاو بوو ئاوپڕژێن ده‌کرێن.
-  سەرەتا قەسەڵەکە بۆ ماوەی ٢٤ هنگار لە شوێنێک کۆدەکرێتەوە و تەڕدەکرێت.  چاودێری دەکرێت تا لەم ماوەیەدا وشک نەبێتەوە.
- دوای ٢٤ هنگار پاشەڕۆی مریشکی بەسەردا دەپڕژێندرێت و باش تێکەڵاو دەکرێت.
- ئینجا گەچی خاوی بەسەردا دپڕژێندرێت و لێکدەدرێت  تا بە جوانی گەچەکە بە قەسەڵەکەوە دەنووسێت.
- دوای ئەمە لە شوێنێک دەکرێتە کۆما و دادەپۆشرێت.
هەموو سێ رۆژ جارێک سەرەوبن دەکرێت و ئاوپڕژێن دەکرێت و جارێکی دی دەکرێتەوە کۆما.
- دوای 21 ڕۆژ خاشاکە‌که‌ پێده‌گات و له‌ ژوورێکی تایبه‌تدا (پاستورایز) ده‌کرێت؛ ئینجا ئاماده‌ ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی گەرا یا تۆوی کوارگی تێدا بوه‌شێندرێت.
خاشاکی کوارگی دوگمه‌یی لە رۆژانی سەرەتادا بەهۆی ئەوەی رێژەیەکی زۆری ئامۆنیای تێدایە، بۆگەنێکی زۆری لێوە دێت؛ بەڵام  کاتێک که‌ پێده‌گات ڕه‌نگی قاوه‌ییه‌ و چڵه‌ قه‌سه‌ڵه‌کانی نه‌رم و ڕیزاڵ ڕیزاڵ ده‌بن و هیچ بۆگه‌نێکی ئامۆنیای لێوه‌ نایەت.