18.2.20

ئیکۆلۆژی و ئینڤایرۆمێنت یا ژیوارزانی و زانستی ژینگەیی


ئیکۆلۆژی: بریتییە لە شیمانەگەلی زانستی، و وانستی کارتێکەرییەکانی زیندەوەرەکان لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ ژینگەدا.  ئیکۆڵۆژی زانستێکە کە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە تێگەیشتنماندا لە زۆرێک لە  ئیکۆ سیستمەکاندا.  هەروەها مەیدانێکە بۆ کارکردن لەسەر بووارگەلی جیاوازی وەک ژیانزانی و زانستی زەوی، بەڵام بووارێکی جیاوازترە لە ژینگەوانی، مێژووی سروشتی، و زانستی ژینگەیی.  وشەی ئیکۆڵۆژی ساڵی ١٨٧٣ لەلایەن زیندەوەرزانی ئەڵمانی ئێرنست هایکڵ [Ernst Haeckel] بەکارهێنرا کە لە هەمان [ئیکۆنۆمی] وەرگیراوە.  [ئیکۆ] بە واتای ماڵ، خانوو، شوێنی ژیان، کۆ [لۆژی یا لۆجی] بە واتای زانین؛ کە هەردووکیان یۆنانین و پێکەوە مانای زانستی شوێنی ژیان و دەوروبەر دەبەخشن.  لەکوردیدا دەکرێ ژیوارگەزانی لەبەرامبەریدا بەکاربهێنرێت.  هەنبانە بۆرینە وشەی ژیواری بەم جۆرە مانا کردووە: رابواردنی تەمەن. باری ژیان، چۆنیەتی ژین.  بژیو.  لە نووسراوەکانماندا ژیوارگە بە واتەی ئیکۆسیستم و ژیوارگەزانی بە واتای ئیکۆلۆژی بەکاردەهێنرێن.  یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ژیوارگەزانی، تێگەیشتنە لە دابەشکردن و فراوانیی شتە زیندووەکان لە ژینگەی فیزیکیدا.  بۆ وێنە، گریمان تۆ دانیشتووی شاری چۆمانیت لە ناوچەی باڵەکایەتی.  باخچەی حەوشەکەت یا پارکی شارەکەت کۆمەڵێک گیا، زیندەوەر و کەڕوو و برشی تێدایە کە جیاوازن لەوانەی کە لە پارکێک یا لە باخچەیەکی گەرمیان و گەرمەسێر هەیە.  رەنگە رووانی گوڵی شلێر و سوێسنە و کوارگی تاڵیتۆز یا کەرکۆڵ لە باخچەی گوندێکی باڵەکایەتی و هەبوونی پڵینگ و ورچ لە ناوچەکە ئاسایی بێت، بەڵام لە گەرمیان و گەرمەسێر مەحاڵ بێت.  هەروەها رووانی دۆمەڵانی تێرفێزیا لە حەوشەی ماڵێکی گەرمەسێر ئاساییە بەڵام لە باڵەکایەتی رەنگە پەرجوو بێت.  واتە لە هەر ناوچەیەک نەخشبەندییەکی جیاواز لە رووەک وکەڕوو و برش و زیندەوەرەکان هەیە کە لە ناوچە و هەرێمێکی تر نییە یا لەوو جۆرێک نەخشبەندی هەیە کە جیاوازترە.  ئەم نەخشبەندییانە لە ژینگەدا بە هۆی  تێکەوەهاویشتنی نێوان  زیندەندامەکان و هەروەها لە نێوان زیندەندامەکان و ژینگە تایبەتەکەیاندائاراستە دەکرێن. 

ئینڤایرۆمێنت: زانستی ژینگەیی چڕێژ دەخاتە سەر کارتێکەرییەکانی نێوان پێکهاتە فیزیکی، کیمیایی، و زیندووەکانی ژینگە، بە کاریگەرییەکانی سەر هەموو جۆرە زیندەوەرکانیشەوە.  بەلای زۆر کەسەوە، زانستی ژینگەیی بەتایبەتی بریتییە لە شوێندانانی مرۆڤەکان لەسەر ژینگە.  کەواتە جیاوازیی چییە لە نێوان زانستی ژینگەیی و ئیکۆلۆژیدا؟ 
جیاوازییەکی گرنگ لە نێوانیاندا بریتییە لە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە هەر تەکووزێکدا.  بەشێوەیەکی گشتی، زانستی ژینگەیی بووارێکی فراوانترە کە زۆر توخمی جیاوازی زانستەکانی زەوی و ژیان دەگرێتە خۆ، لە کاتێکدا کە ژیوارگەزانی پتر چڕێژ دەخاتە سەر ئەوە کە چۆن زیندەوەرەکان لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ دەوروبەریاندا، و زۆر جاریش لەگەڵ چەند کۆمەڵێکی بچووکی دیاریکراودا تێکەوەداوێن.
ژیوارگەزانەکان زۆر جار دەکرێ چڕێژ بخەنە سەر رەفتارێکی دیاریکراو لە نێو دەستەیەکدا، وەک باشییەکانی خۆراک، خووەکانی جووتبوون، جۆرەکانی دڕندەیی و کۆچبەری. ئەوان هەروەها بابەتی بڕی هەشیمەت، رەنگاورەنگییەکان، بڵاوبوونەوە و تەنینەوەی زیندەوەرێکی دیاریکراو، و هەروەها کێبەرکێی نێوانیان و نێوان ژیوارگە جیاوازەکان، دەخەنە ژێر توێژینەوە.
بەڵام زانایانی ژینگەیی چڕێژ دەخەنە سەر ژمارەیەکی بەرفراوانتری سیستمەکانی ژیوارگەیی، و کاریگەرییەکانی هۆکارە دەرەکییەکان لەسەر ژیوارگە.



سەرچاوە:








10.2.20

بەشێکی تر لە کارەکانی کەیتی ئایەرس

ئەمانەیش بەشێکی تر لە کارە جوانەکانی [کەیتی ئایەرس]ن کە پێشتر لەسەر کەڕوو ئەنجامی داون؛ و کەرەستە و  پێداویستیی جۆراوجۆری بە ریسووی کارگی  گانۆدێرما لوسیدیەم دروستکردووە.  وەک لە وێنەکاندا دیارە، کورسی و خشت و دەفر و گوڵدانی دروست کردووە؛ و لە وێنەی یەکەمدا دیارە کە لایەکی دەستەی کورسییەکە قارچکی گانۆدێرما لێیەوە سەری هەڵداوە.

























بەلەمێک لە کوارگ کە کوارگ بەرهەم دەهێنێت


 ئەم ژنە کە لە وێنەکەدایە ناوی [کەیتی ئایەرس]ە و خەڵکی ئەمریکایە.  ئەم وێنانەی لە فەیسبوک داناوە و دەڵێت کە ئەم بەلەمە تازەترین کاری ئەوە کە لە کارگی گانۆدێرما لوسیدیەم دروستکی کردووە.  
کارگی گاندۆدێرما لوسیدیەم خۆی بە شێوەی سروشتی لەسەر هەندێک جۆری درەخت دەڕوێت کە یەکێک لەو درەختانە بەڕووە.   کەیتی هاگی قارچکی گانۆدێرمای لەسەر ئاردەدار روواندووە.  بۆ ئەم مەبەستەیش سەرەتا بە تەختە چوارچێوەیەکی دروستکردووە و شێوەی بەلەمی پێداوە؛ ئینجا هاگی قارچکەکەی لە ئاردەدار دا روواندووە و دایپۆشیوە و ژینگەی گونجاوی بۆ دابینکردووە تا هاگەکە گەشەی کردووە و بووتە ریسوو [مایسیلیەم] و بە باشی گەشەی کردووە و هەموو چوارچێوە تەختەکەی داپۆشیوە.   وەک لە وێنەی یەکەمدا دیارە کەیتی لە نێو بەلەمەکەدایە و لێیدەخوڕێت.  ئەو دەڵێت دوای هەر گەشتێکم بە نێو ئاودا بەلەمەکەم هەندێک لە بەرهەمی کوارگم بۆ دروست دەکات.  ئەگەر سەیری وێنەکانیش بکەیت دەبینیت کە لە دوا وێنەدا کوارگی گانۆدێرما لەسەر لێواری بەلەمەکە روواوە.  ئەم جۆرە قارچکە یەکێکە لە جۆرە دەرمانییەکان و باشترین چارەسەر بۆ چەندین نەخۆشیی وەک شەکرە، شێرپەنجە، گوشاری خوێن، نەخۆشیی پێستی و بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی لەش.
















































لێرە کوارگ روواوە











پەنیری تالمە



ئیرەج مۆرادی


تالمە جۆرێکە لە پەنیر کە شوانەکان لە دەشت کاتێک برسییان دەبوو و حەزیان دەکرد پەنیر بخۆن دروستیان دەکرد.  تالمە لە شیری مەڕ یان بزن دروست دەکرا.  شوانەکان مەڕێک یان بزنێکیان دەدۆشی و دەچوون هەنجیرێکی سەوز (کاڵ) یان لێدەکردەوە لە دارەکان و یەک دڵۆپ لە شیرەی هەنجیرەکەیان دەچۆڕاندە ناو تاسە شیرەکەوە.  پاش کەمێک شیرەکە دەبوو بە پەنیر.  ئەو جۆرە پەنیرە لە کوردەواری بە پەنیری تالمە ناسراوە.  ئەگەر هەنجیری کاڵ دەست نەکەوتبایە گەڵایەک یان هەنجیرێکی پێگەیشتوویان بەکار دەهێنا بۆ دەستکەوتنی ئاوە شیریەکەی هەنجیر.  دەبێت شیرەکە ڕاستەوخۆ لە مەڕەکە بدۆشرێت و شیرەی هەنجیرەکەی تێ بکرێت؛ چونکە گرنگە گەرمی شیرەکە لە نزیکی ٣٠ پلەی سەدی بێت ئەویش پلەی گەرمی لەشی مەڕ و بزنە.  ئەگەر دواکەوت دەبێت شیرەکە گەرم بکرێتەوە؛ و ئەگەر ئاگر خۆش کرابوو باشترە شیرەکە لە ٣٠ پلە گەرمتر بکرێت.  نزیکەی ٧٠ تا ٨٠ پلەی سەدی، خێراتر پەنیرەکە دروست دەکات.
ئەگەر رێژەیەکی زۆر لە شیرەی هەنجیر  تێکەڵی شیرەکە بکرێت، تامی پەنیرەکە تاڵ دەکات.  بۆ چوار لیوان شیر پێویستیت بە پێنج دڵۆپ هەیە.
هەندێک جار شوانەکان ئەو شیرە هەنجیرەیان لە ناو جامێکی قوڕ کۆ دەکردەوە لە بەهاران و وشکیان دەکرد؛ پاشان دەیان هاڕی بۆ بەکارهێنانی لەو شوێنانەی کە دار هەنجیری لێ دەست ناکەوت.
پەنیری دەڵەمە یان تالمە تەنها بە ئاوی هەنجیر دروست ناکرێت. هەندێک گیای دیکەش بەکار دێن؛ بەڵام هەندێکیان پەنیرەکەیان زۆر تال دەردەچێت؛ لەبەر تاڵی ئاوەکەیان وەک شیری ڕووەکی خۆشیلک، و هەندێکیشیان تامی پەنیرەکەیان تاڵ نابێت وەکو گیا دەڵەمە.
ئەم جۆرە پەنیرە لە زۆر کۆنەوە ناسراوە. لە نووسراوە کۆنەکانی یۆنانیدا باسی کراوە کە سەربازە ڕۆمیەکان و هەروەها خێڵە کۆچەرە جووەکان دەربارەی ئەم پەنیرە لە پەڕتووکەکانیان دا شتیان نووسیوە.





















خاشاک (کۆمپۆست) چییە؟


وا هەست دەکەم هێشتا کەسانێک هەن سەرەڕای ئەوە کە کاری کشتوکاڵی دەکەن یا ئارەزووی کردنی کاروباری کشتوکاڵییان هەیە، بەڵام لە واتای کۆمپۆست تێنەگەیشتوون یا بۆیان شی نەکراوەتەوە و خراپ لێی تێگەیشتوون.  هەربۆیە لە چەند دێڕێکدا بە کورتی پێناسەیەکی کۆمپۆست دەکەین.
وشەی کۆمپۆست لە رووی زمانەوانییەوە وشەیەکی لێکدراوی لاتینە و پێکهاتووە لە دوو بەش. (کۆم) واتە لەگەڵ یا پێکەوە، (پۆست) لە (پۆزیشن)ەوە هاتووە و واتای (دانان یا رۆنان) دەبەخشێت.  پێکەوە واتا تێکەڵکردن و کۆکردنەوە لە شوێنێک.  دروستبوونی ئەم وشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چواردە و مەبەست لێی کۆکردنەوەی گەڵا  و چڵ و چیلکە و پاشماوەی گژ و گیا و دار و درەخت بوو لە شوێنێک تا بڕزێت و ببێتە پەین و بەکاربهێنرێت بۆ بەهێزکردنی خاکی باخچەکان.  ئەم پووش چیلکە و گژوگیایە کە کۆدەکرێتەوە لە کوردیدا پێیدەگوترێت خاشاڵ یا خاشاک.

لە سەردەمی ئێستادا خاشاک \ کۆمپۆست واتە هەر پاشماوەیەکی رووەکی یا ئاژەڵی کە کرابێتە پەین بۆ ئەوەی لەجیاتی خاک و گڵ بۆ چاندنی رووەک بەکار بهێنرێت.  پێویستە ئەم خاڵە بزانرێت کە کۆمپۆست جیاوازە لە کوود\سەماد و پەینی ئاژەڵ.  کوود\سەماد کە بە ئینگلیسی پێیدەگوترێت [فێرتەڵایزەر] بە پرۆسەیەکی جیاوازدا تێپەڕدەکرێت و تەنیا وەک یارمەتیدەر بۆ بەهێزکردنی خاک بەکاردەهێنرێت؛ و دەکرێ کیمیایی بێت یا ئۆرگانیک؛ بەڵام کۆمپۆست راستەوخۆ لەجیاتی خاک و گڵ رووەکی تێدا دەچێنرێت.   هەروەها کۆمپۆست جیاوازە لە پەینی ئاژەڵ؛ پەینی ئاژەڵ ماددەیەکی خاوە و جیاوازی هەیە لە نێوان رێژەی پێکهاتەکانی پەینی ئاژەڵە جیاوازەکاندا؛ بۆ وێنە پاشەرۆی پەلەوەر زۆر بەهێزە و ناتوانیت بڕێکی زۆری بۆ رووەک بەکاربهێنیت ئەگینا دەیکوژێت؛ کەچی پەینی ئەسپ هیچ جۆرە ماددەیەکی خۆراکیی تێدا نییە بۆ رووەک.  بەڵام کۆمپۆست بە هۆی ئەوەی کە تێکەڵاوێکە لە زۆر جۆر ماددەی ئۆرگانیک و زیندووی رووەکی یا ئاژەڵی، دەکرێ بڵێین هەموو ماددە خۆراکییە پێویستەکانی رووان و گەشەکردنی رووەکی تێدایە.  وەک لە بابەتێکدا پێشتر روونمان کردووەتەوە کە ئەو چینە خاکە رەشەی کە رووی سەرەوەی زەویی داپۆشیوە، لە راستیدا کۆمپۆستە؛ واتە پاشماوەی هەموو ئەو دار و گژ و گیا و ئاژەڵ و زیندەوەرە مردووانەیە کە سروشت خۆی دایڕزاندوون و شیی کردوونەتەوە و کردوونی بەو خاکەی ناسراوە بە کۆمپۆست.

ئەو کۆمپانیایانەی خاشاڵ \ کۆمپۆست بەرهەم دەهێنن بەگوێرەی جۆری کۆمپۆستەکە هەندێ ماددەی بۆ زیاد یا کەم دەکەن.  بۆ  وێنە ئەگەر بیانەوێت کۆمپۆستێک دروست بکەن پۆتاسیۆمی زۆر بێت، ئەوا بە تێکەڵکردنی خۆڵەمێش رێژەکەی زیاد دەکەن.  یا ئەگەر بیانەوێت کۆمپۆستەکە بۆ روواندنی تۆو بەکاربهێندرێت، رێژەیەکی زۆر چەوی لەگەڵ تێکەڵ دەکەن.  ئەگەر بیانەوێت کۆمپۆستەکە کالیسیۆمی زۆر بێت ئەوا رێژەیەکی زۆرتر ماددەی گەچی تێکەڵ دەکەن.  هەروەها ئەگەر بیانەوێ نایترۆجینی زۆر بێت، رێژەیەکی زۆرتر پاشەڕۆی مریشکی تێکەڵ دەکەن.  شایانی باسە کە کۆمپۆستی ئۆرگانیک و کۆمپۆستی نائۆرگانیکیش هەیە.  کۆمپۆستی ئۆرگانیک هیچ ماددەیەکی کیمیایی تێکەڵ ناکرێت بەڵام هی نائۆرگانیک بۆ زیادکردنی توانای کۆمپۆستەکە ماددەی یوریا و نایترۆجین و ماددە کیمیاییەکانی تری بۆ زیاد دەکرێت.