1.2.20

دروسکردنی ئامادوو

دروستکردنی ئامادوو
(لە رۆژانی ئایندەدا ئەم بابەتە تەواو دەکرێت)

ئامادوو چییە؟
ئامادوو باشترین پووشووە بۆ داگیرساندنی ئاگر و باشترین پۆلوو\سکڵی هەیە و وەک پووشوو لەگەڵ بەرد و ئەستێ بەکاردەهێنرێت.  توانای هەیە بە بچووکترین بزیسک و بڵاچە و چەخماخەی ئاگر دابگیرسێنێت.   ئامادوو لە کارگی سمەئەسپ( فۆومس فۆمەنتاریوس) دروستدەکرێت.  کارگی سمە ئەسپ جۆرێکە لە کوارگە کەوانەییەکان کە لە کەشوهەوای فێنکدا لەسەر قەدی داری (بیرچ) دەڕوێت.  شێوەی رێک وەک سمی ئەسپە بۆیە لە زۆربەی زمانە جیاوازەکاندا بەم ناو ناسراوە.  ئەم جۆرە قارچکە لە خێزانی ئەو جۆرانەی کە ناسراون بە فرەکونەکان؛ کە  زۆربەیان رەق و جیڕ و چەرمینن لەسەر قەدی درەخت دەڕوێن.    هەرچەندە ئەم جۆرە قارچکانە ژەهراوی نین بەڵام خۆراکیش نین.  چێژێکی توون و تاڵ و ترشیان هەیە.  یان زۆر جار هەر سێ تامیان پێکەوە هەیە.   بۆنیان وەک بۆنی میوە و کوارگە و بۆنێکی خۆشە.  زۆربەیان لەسەر قەدی داری رزیو و مردوو دەڕوێن و  توێژی دەرەوەیان رەق و پتەوە. 
لە رووی توێکارییەوە سمە ئەسپ سێ بەشە.  کاتێ کە کوارگەکە سەرەتا دەڕوێت، ماددەیەکی نەرمە و رەنگی سپییە، تا گەورەتر دەبێ رەقتر دەبێ و دابەش دەبێ بەسەر [کیوتیکڵ] وشەی کیوتیکڵ واتە مردە گۆشتی دەوروبەری نینۆک؛ و [پۆڕ]؛ پۆریش واتە کون  یا کونۆچکە.  لە راستیدا ئەمە لێوی قارچکەکە پێکدەهێنێت.  کونەکان ژمارەیان هەزارانە و دەکەونە بەشی بنەوەی کوارگەکە و نەرمترە لە بەشەکانی تر.  ئەم کونانە توخمارەی قارچکەکە بەرهەم دەهێنن.  بەشی ناوەنجیی ئەم قارچکە ناسراوە بە [تراما].  تراما ئەو بەشەیە کە بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی ئامادوو.  ئەم قارچکانە لەسەرەتای رووانیاندا نزیک بە هەموو پێکهاتەکەیان ترامایە و تەنیا بەشێکی کەمیان کیوتیکڵ و پۆڕ پێکدەهێنێت. 
بۆ جیاکردنەوەی تراما پێویستە یا رۆژێک کوارگەکە لە ئاودا بخووسێندرێت یا بۆ ماوەی چەند هنگارێک لە سەر ئاگر بکوڵێندرێت.  

ئەم جۆرە کوارگە لە سەر زۆر جۆر دار دەڕوێت و زۆر جۆری جیاوازیشی هەیە.  ئەمە بەشێکی لێ جیادەکرێتەوە بۆ دروسکردنی ئامادوو

ئامادوو جیا لەوە کە وەک پووشوو بەکاردەهێنرێت بۆ داگیرساندنی ئاگر،  دەکرێ وەک چەرمیش بەکاربهێرێت بۆ دروستکردنی کڵاو، جزدانی پارە، کالانی چەقۆ، بەرگی پەرتووک و سیپارە و تاد..
دووای ئەوەی بەشە گرنگەکە لە کوارگەکە جیاکرایەوە بە پێواژۆیەک دا تێپەڕدەکرێت و تا نەرم دەبێت و پارچەیەکی چەرمیی لێدروست دەبێت


پارچە چەرمییەکە بۆ زۆر مەبەست بەکاردەهێنرێت وەک دروسکردنی کڵاو و شەپکە و هەگبە و زۆر شتومەکی بەنرخ



ڤیدیۆیەک سەبارەت بە پێستی کەڕوویین




30.1.20

هەنگاوەکانی روواندنی کارگی مێڵەگورگانە لەسەر کرمی ئاوریشم

مێڵەگورگانەی خۆڕسک

وەک پێشتر لە چەند بابەتێکدا باسمان کردووە، قارچکی مێڵەگورگانە یا کۆردیسێپس یەکێک لەو جۆرە کوارگانەیە کە لەسەر لاشەی زیندووی زیندەوەر دەڕوێت و گەشەدەکات و سەرەنجام زیندەوەرەکە دەکوژێت.  ئەم جۆرە قاچکە بە هۆی ئەو خەسڵەتە  باشە دەرمانییانەوە کە هەیەتی، نرخی زۆر گرانە و بۆ مەبەستی بازرگانی دەڕوێندرێت.

لەم وێنانەی خوارەوەدا تێزاندنی هاگی کارگی مێڵەگورگانە لە لاشەی کرمی ئاوریشم؛ و دوواتر رووان و گەشەکردنی  کوارگەکە و تا دەگاتە دووا هەنگاوی چنینەوەی بەرهەمەکە نیشان دراوە و هەنگاو بە هەنگاو سەرنجی لەسەر دراوە.  ئەمە تەنیا نموونەیەکە مەرج نییە تەنیا کرمی ئاوریشم بۆ مەبەستی روواندن بەکاربهێنرێت؛ مرۆڤ دەتوانێ زۆر جۆرە کرمی تر بەکاربهێنێت؛ ئەوە پەیوەندیی بەمەوە هەیە کە تۆ لە وڵاتەکەی خۆت چ جۆرە کرمێک زۆرە و بە ئاسانی دەستت دەکەوێت.  
شایانی باسە کە ئەم جۆرە قارچکە لەم ساڵانەی دوواییدا بەشێوەی بازرگانی لە دەفرگەلی شووشەیی بچووکدا و لەسەر ناوەندی خۆراکیی وەک برنج دەڕوێندرێت و زۆر سەرکەوتوو بووە؛ هەرچەندە لەلایەن بەکارهێنەرانەوە ئەو بایەخەی پێنەدراوە کە بە کارگی مێڵەگورگانەی سروشتی دەدرێت.


کۆمەڵێک کرمی ئاوریشمی هەراش

کرمی ئاوریشم لە کاتی تێزاندنی هاگی کارگی مێڵەگورگانە دا

دوو کرمی ئاوریشمی هەراش کە هاگی کارگی مێڵەگورگانەیان تێزاندراوە

کۆمەڵێک کرمی ئاوریشمی هەراش کە ریسووی کارگی مێڵەگورگانە لە ناویاندا گەشەی کردووە و بووەتە کوارگ

کوارگی مێڵەگورگانە لەسەر لاشەی کرمە ئاوریشمەکان زیاتر گەورە بووە

لەم قۆناخەدا کارگی مێڵەگورگانە زۆری نەماوە پێبگات

لێرەدا کوارگەکە بە تەواوی پێگەیشتووە و کاتی چنینەوەی بەرهەمەکەیە

چەند چڵە کوارگێکی مێڵەگورگانە کە پێگەیشتوون و چنراون

دەفرێک کە کوارگی مێڵەگورگانەی تێدا روواندراوە و پێگەیشتووە



سەرچاوە:


کۆنترۆڵکردنی مەچیرک بە هۆی جۆرێک کەڕووی مەچیرکخۆر



مەچیرک (نیماتۆد)ەکان ژمارەیان یەکجار زۆرە؛ هەزاران جۆری جیاوازن.  سروشت کە ئەوانی کردووە بە مڵۆزم بۆ دار و درەخت 
رووەک، شتی تریشی کردووە بە مڵۆزم بۆ لەناوبردنی مەچیرک؛ بەڵام هێشتا زانست پەی بە هەموو زانیارییەکان نەبردووە.
تا ئێستا ژمارەیەک کوارگ و کەڕوو دۆزراونەتەوە کە توانای لەناوبردنی مەچیرکیان هەیە.  هەندێک لەو کەرووانە کە توانای ئەم کارەیان هەیە لە جۆری مەچیرکخۆر (نیماتۆفویگوس)ن. ئەمانە  بریتین لە کەڕووگەلی گۆشتخۆر کە پسپۆرن لە لەداوخستن و خواردنی مەچیرکەکان.  دەوروبەری ١٦ چەشنن.  هەندێکیان هەر لەسەرەتای ژیانیانەوە لە هەناوی مەچیرکەکاندا دەژیێن و هەندێکیان مەچیرکەکان دەگرن.  هەندێکیان داوەکەیان چەسپییە و هەندێکیان ئاڵقەییە.  هەندێک چێشن هەردووک جۆر داو بۆ گرتنی مەچیرکەکان بەکاردەهێنن.  بڕێک لە کەڕووەکان وەک کۆپرینوس کۆماتوس، سترۆفاریا روگۆسۆنولاتا و خێزانی پلورۆتاسیای بەهۆی ژەهرەوە مەچیرکەکان گێژ و کاس دەکەن.  بۆ وێنە ئەم قارچکەی کە لە. وێنەکەدا دەیبینن ناسراوە بە کۆپرینووس کۆماتووس و قارچکێکە کە لە زۆر شوێن دەڕوێت و پێش رەشبوونیش دەتوانیت بیخۆیت. ئەم قارچکە توانای کوشتنی دوو جۆر نیماتۆدی هەیە کە ئەمانەن: پاناگریلووس رێدیڤایڤوز و مێلۆیدۆجین ئاریناریا
پاناگریلووس رێدیڤایڤوس جۆرێکە کە لە شێوەی ماددەیەکی شل لە قەدی درەختەکان دەردەچێت. هەروەها مێلۆیدۆجین ئاریناریا لە رەگ و ریشەی درەخت و رووەکەکان دروست دەبێت لە شێوەی فستقی بچووک بچووک





سەرچاوە




22.1.20

لە ویلایەتێکی چین سندووقێک کارگی مێڵەگورگانە لە ژێر پەرەستگایەکدا دۆزرایەوە


کۆنینەناسان لە ویلایەتی جیانگسوو لە وڵاتی چین سندووقێکیان لە ژێر پەرەستگایەکدا دۆزییەوە کە پڕە لە کوارگ و بە شێوەیەکی زۆر باش هەڵگیراوە و پارێزراوە.  ئەوان دەڵێن جۆری قارچکەکە بریتییە لە قارچکی مارزیوە کە لە جسنی مێڵەگورگانەی یا کۆردیسێپسە.  بەگوێرەی وتەی کۆنینەناسان ئەم قارچکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆر (لیوو خوا) کە باوکی  نەخۆش بوو؛ و دوچاری ئازار بوو لە جەرگ و گورچیلە و سییەکانیدا.  پێدەچێت ئەم جۆرە کوارگە وەک دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی باوکی ئیمپراتۆر لیوو خوا بەکارهێنرابێت.  ئەگەر جۆری ئەم کارگە و کۆنییەکەی پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوا دەسەلمێندرێت کە چینییەکان لە ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەرەوە کارگی مارزیوەیان بۆ مەبەستی دەرمانی بەکارهێناوە. 

21.1.20

دیمانەی پرۆفیسۆر ئازاد خانەقا لە ئێن ئار تی سەبارەت بە دۆمەڵان


نوێترین دیمانەی پرۆفیسۆر ئازاد خانەقا پسپۆر لە مایکرۆبایۆلۆژی سەبارەت بە دۆمەڵان 
١٩\١\٢٠٢٠