12.1.20

کەوانەی بە پیت یا کەوانەی زێڕین

رەنگە سەوزەکە هیلالی بەپیتە

کەوانەی بە پیت دەستەواژەیەکی کۆنە کە مێژووزان و جۆگرافیازانان بەکاریان هێناوە بۆ روونکردنەوە و جیاکردنەوەی ناوچەکان لە یەکتری. دووای ئەوەی رۆژهەڵاتناسی ئەمریکایی لە ساڵی ١٩١٩ ئەم دەستەواژەیەی لە نووسینەکانیدا بەکارهێنا، لەوساوە بوو بوو بە باو. زۆر جار لە بری ئەمە دەستەواژەی لانکەی شارستانییەت بەکارهێنراوە; کە ئەمەیش نیشاندەری گرنگیی کشتوکاڵە بۆ ئاوەدانی و پێشکەوتن و گەشەی ژیار و شارستانییەتی مرۆڤ. ئەم کەوانەیە بە پیتە مێژووەکەی دەگەێتەوە بۆ هەزارەی نۆیەمی پێش زایین و لە دەریای هورمز (کەنداوی فارس)ەوە دەسپێدەکات، بە دەشتی میاندووروان (مێزۆپۆتامیا) و زنجیرە چیاکانی زاگرۆسدا هەڵدەکشێت بەرەو باکوور تا دەگاتە باشووری چیاکانی ئاگری (ئارارات). دەسووڕێتەوە بەرەو رۆژاوا، کێو و دەشتاییەکانی باکووری زنجیرە کێوەکانی تۆرۆس دەگرێتە خۆی تا دەگاتە سەر دەریای مێدیتەرانە(ناوەراست). لەوێوە شۆڕدەبێتەوە بە لێوار و کەناراوەکانی ئیسراییل و فەلەستین و لوبناندا تا دەگاتە بیابانی سینا و میسر و لێوارەکانی رووباری نیل. لە رۆژاوا و باکووری سووریاوە دێتەوە خوار بەرەوە مووسڵ و لێوارەکانی رۆژاوای رووباری دەجلە و شۆر دەبێتەوە تا دەریای هورمز(کەنداوی فارس).
دیارە بەگوێرەی لێکدانەوکان و سەلیقەی پسپۆران و بەگوێرەی سەردەمەکان نەخشەی هیلالی بەپیت گۆڕانی بەسەرداهاتووە؛ و ئەگەر لە ئەنتەرنێتیش بتەوێت بە دوای نەخشەیەکی وورد و دروستدا بگەڕێیت، بە ئاسانی دەستت ناکەوێی؛ بەڵام ئەوەی گرنگە ئەمەیە کە لە هەموو نەخشەکاندا کوردستان نێوجەرگەی کەوانەی بەپیت (هیلالی زێڕین)ە. واتە خاک و ئاو و هەوای وڵاتی ئێمە لە دێر زەمانەوە وەک بە پیتترین ناوچەی جیهان بۆ کشتوکاڵ ناسراوە و ددانی پێدانراوە. بەپیتیی ئەم خاکە رەگ و ریشەی لە شارستانیەتە کۆنەکانی سومەری، بابلی، ئاسۆری، ئەکەدی، فینیسی، هیتی و میتانی دا هەیە.
کەوانەی بەپیت بەتەنیا نان و ئاوی بۆ مرۆڤ دابین نەکردووە بەڵکوو هەموو بووارەکانی زانستی و تەکنۆلۆجی و وێژە و نووسین و ئایینی داهێناوە و بەرەوپێش بردووە. تەکنیکە کشتوکاڵیەکان، داهێنانە بنەڕەتییەکانی خورد و خۆراک، بیرکاری و ئەستێرەناسی، کەییکردنی ئاژەڵ، بازرگانیی رێگە دوورەکان، پزیشکی، داهێنانی چەرخ و ئارەبە و پێوەر بۆ کات و تاد... هەموو لە سۆنگەی کەوانەی بەپیت بووە و لەم خاک و هەرێمە سەریهەڵداوە و داهێنراوە.


سەرچاوە:
ئینسایکڵۆپێدیا بریتانیکا
ئانشنت هێستری ئینسایکلۆپێدیا
هیستۆری
ناشناڵ جیۆگرافی

10.1.20

جۆرێک کەڕوو ژەنگ بە زێڕ هەڵدەهێنێت


بە گوێرەی هەواڵێک کە هەواڵدەریی ئاسۆشیەتد پرێس ی ئوسترالیا بڵاوی کردووەتەوە، توێژینەوەیەک دەریخستووە کە لە باشووری شاری پێرت لە ئوسترالیا جۆرێک کەڕوو دۆزراوەتەوە کە دەتوانێت زێڕ ئۆکسیدایز بکات واتە دەتوانێ زێڕ ژەنگاوی بکات.  پێشتر دەرکەوتبوو جگە لە بەکتریاکان، کەڕوویش دەتوانێ کانزاکانی وەک مس، فافۆن، ئاسن و مەنگەنیز ژەنگاوی بکات؛ بەڵام ژەنگاویکردنی کانزایەکی ناچالاکی وەک زێڕ نەبینرابوو.  ئەم دۆزینەوەیە هێز و توانای کەڕوو نیشاندەدات لە داڕزاندنی توخمە جیاوازەکاندا و گێڕانەوەیان بۆ باوەشی دایکە زەوی بە رێگایەکی سروشتی.  لە هەمان کاتدا هەم هەواڵێکی سەرسوڕمێنە و هەم نائاساییە چونکە زێڕ ماددەیەکی زۆر ناچالاکە و ئەو کەسانەی لە بوواری کیمیادا شارەزاییان هەیە ناتوانن بە ئاسانی باوەڕ بەم راستییە بکەن.  شایانی باسە وەک لە هەواڵەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە ئەم کەڕووە ناوە زانستییەکەی بریتییە لە (فیووزاریەم ئۆکسیسپۆرەم) و لە جسنی کەڕووە کاسەییەکانە.  ریسووە مۆرەکانی ئەم کەڕووە گەردیلەکانی زێڕ لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە و دەیانئاڵێنێت لە خۆی و پاشان ئەنزایمێکیان بەسەردا دەڕژێنێت کە هەموو گەردیلەکان دەکات بە خاک و خۆڵ.  شایانی باسە کە هەر کەڕوویەکی فیووزاریەم ئۆکسیسپۆرەم کاتێ زێڕ لە خۆی کۆدەکاتەوە خێراتر و زیاتر گەورە دەبێت و گەشەدەکات لەوانەی کە زێڕیان کۆنەکردووەتەوە؛ بەڵام هێشتا روون نییە ئەم کەڕووە چۆن زێڕ دەناسێت و لە گەردیلە کانزایی و خاکییەکانی تر جیایان دەکاتەوە!



سەرچاوە:
دە ساینتیست
رۆژنانەمەی ئێکسپرێس

8.1.20

شوێنێک کە لەوێ رووەکە پیازی و گوڵدارەکان خۆراکی پەسەندن



ئەمە توێژینەوەیەکە لەبارەی خۆراکە نەریتی و گەلەرییەکانی ناوچەکانی خوارووی باشووری کوردستان، کە لەلایەن زانکۆی زانستی خۆراکناسی ئیتاڵیاوە و بە هاوکاریی دوو ئەکادیمیی کورد هاوڕێ زاهیر و هەوراز ئیبراهیم محەممەدەمین ئەنجام دراوە.  ناونیشانی توێژینەوەکە بریتییە لە:
شوێنێک کە لەوێ رووەکە پیازی و گوڵدارەکان خۆراکی پەسەندن.
توێژینەوەکە بە شێوەی جیاواز لە نێو کوردانی موسڵمان و کوردانی کاکەییدا ئەنجام دراوە و پاشان هەردووکیان بەراوەرد کراون.
بابەتەکە چەند وێنەیەکی رووەکەکان و دیمەنی ناوچەکانی تێدایە لەگەڵ نەخشەی جۆگرافیایی هەرێم کە شوێنی توێژینەوەکەی تێدا دەسنیشان کراوە؛ و دوو خشتەکی وەک پاشکۆ بۆ زیاد کراوە کە یەکەمیان ناوی ٦٠ لەو رووەکانەی بە هەندێک ووردەکارییەوە تێدایە.  لە نێو رووەکەکاندا جۆرێک دۆمبەڵان(تێرفیزیا)ی تیرامانیا و  کوارگی پلورۆتوس و ئەگاریکوسیش ناویان بردراوە.  ناوی رووەکەکان بە کوردی و هەم بەئینگلیسی و ناوە زاستییەکەشیان نووسراوە.  ئەوان هەوڵیانداوە  رووەکەکان لە کوردیدا  چەند ناویان هەیە هەموویان تۆماربکرێن.  هەروەها ئاماژەیان بە شێوازی خواردنی رووەکەکانیش کردووە.

بۆ دیتنی فایلی توێژینەوەکە کرتە لێرە بکە.

7.1.20

کەڕوو وەک ماددەیەکی جێگرەوە

وەک پێشتر و لە بابەتگەلی تردا ئاماژەی پێکراوە، جیهانی کەڕوو جیهانێکی زۆر فراوانە و هێشتا بەشێکی کەم لەم جیهانە فراوانە بۆ مرۆڤ ناسراوە.  هێشثا زۆر لایەن و کەلێنی ئەم جیهانە بە تارک و لێڵی ماوەتەوە و زانستی مرۆڤ پەی پێ نەبردووە.  ئەم بەشە کەمەیش کە مرۆڤ لە بارەی کەڕووەکانەوە زانیوێتی و رازەکانی ئاشکرا کردووە، بە زۆر هۆکار، هێشتا نەیتوانیوە یا نەیویستووە وەک پێویست، بەکاریبهێنێت و بیخاتە خزمەت خۆی و ژینگەوە. یەکێک لەم هۆکارانە قازانجپەرەستی و پاوانکردنی بازاڕە لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە.. کە هەموو 

ئایندە و دووارۆژی مرۆڤایەتی و سروشت دەکەنە فیدای سەرمایەکەیان..
با بگەڕێینەوە سەر کرۆکی باسەکە کە کەڕووە.  ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە کەڕوو توانای هەیە ببێتە جێگرەوە بۆ زۆرێک لەم ماددە زیانبەخش یا ئالوودەکەرانەی کە پیشەسازی و سەرمایەداری ئافراندوویەتی و بە ناوی پێشکەوتن و ئاسانکاری رۆژانە سروشتی پێ کاول و ئالوودە دەکرێ.  کەڕوو دەکرێ لەجیاتی چیمەنتۆ دیواری خانووی پێدروست بکرێ؛. دەکرێ لە جیاتی پلاستیک و نایلۆن دەفری خۆراکی لێوە دروست بکرێت؛ دەکرێ لە جیاتی ماددە جۆراوجۆرەکانی پاشماوەی پەترۆڵ، قوماشی لێدروست بکرێت بۆ جلوبەرگ.  دەکرێ پێستی رووەکیی لێدروست بکرێت، بێ ئەوەی ئاژەڵێک بکرێتە قوربانی.  کەڕوو دەکرێ وەک دەرمان بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکانی مرۆڤ و رووەک بەکاربهێنرێت، بێ ئەوەی زیانی لاوەکی بۆ مرۆڤ و سروشت و ژینگە هەبێت.  دەکرێ وەک هاوکارێکی بە توانا بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە پشتی پێببەسترێت و توانای داڕزاندنی گەورەترین دوژمنی ژینگە واتە پلاستیکی هەیە لە چەند هەفتەیەکدا.  چالاکوان و هەڵسووڕاوان و پسپۆرانی کەڕووزانی رۆژانە کەرەستە و کەلوپەلی تازە وەک جێگرەوە بۆ کەلوپەل و کەرەستە زیانبەخش و ئالوودەکەرەکان، لە کەڕوو دروستدەکەن و دادەهێنن.

ئەوەی لەم ڤیدیۆیەدا دەیبینن دەفرێکە کە دەکرێ وەک هەموو دەفرێکی ئاسایی کەڵکی لێوەربگیرێت و دووای کۆنبوون یا لە بێکەڵکبوونی ووردی بکەیت و بیکەیتە بەشێک لە خاکی باخچەکەت، بێ ئەوەی پاشماوەیەکی لە بەجێبمێنێت.  ئەم دەفرە لە کوارگی گانۆدێرما کورتیسی و ئاردی داری بەڕوو دروستکراوە.

هەروەها ئەو دەفرە کە لیمۆکانی تیادایە و لە وێنەکەدا دیارە، لە قارچک و رووەکی شەدانە دروستکراوە.  ئەو بوتڵە شووشەیەش کە دەیبینن لە نێو تەپەدۆرێکی کەڕووییندایە نەک تەپەدۆری پلاستیکی.  هەروەها کڵاوەی سەر ئەم گڵۆپ(چرا)یانەیش لە کوارگ و ریشاڵی شەدانە دروستکراوە.

هەروەها ئەم وێنەیەی کە دوو شەپکە و دوو جانتای تێدا دەبینرێت، کە چەندە جوان و رازاوەن، بە هەمان شێوە لە پێستێک دروستکراون کە پێستی ئاژەڵ نییە بەڵکوو کەڕووە و لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بەرهەم هاتووە.  ئەمانە و زۆر شتی تریش دەکرێ بە وەک جێگرەوەی شووشە و پلاستیک و ماددە زیانبەخشەکانی تر، لە کوارگ بەرهەم بهێنرێن و دوواتر بە سەلامەتی و بێ کێشە و گرفت بگەڕێنەوە بۆ سروشت.





سەرچاوە:







6.1.20

ناسینی کارگ\قارچک

ناسینی کوارگ کارێکی ئاسان نییە و هیچ رێوشوێنێکی تایبەتی نییە بۆ لێک جیاکردنەوەی کوارگی خۆراکی لە جۆرەکانی تر. بەڵام شارەزا و پسپۆرانی بوواری قارچک بەگوێرەی ئەزموونەکانی خۆیان چەند رێنماییەکان داوە تا ئاسانکاری بکات بۆ ناسینی کارگ. بێگومان زۆر جار سەرەڕای ئەم رێنماییانەیش، لە ناسینی هەندێ جۆری کارگ دا مرۆڤ هەڵەدەکات.
ئەم وێنەنیگاریانەی خوارەوە هەرکامەیان بە جۆرێک رێنمایی ناسینی قارچک دەکەن.  بۆ ئەم مەەبستە دوو خاڵی زۆر گرنگ بە ووردی کاریان لەسەر کراوە.  یەکەم شێوەی کڵاوی قارچکەکە و دووەم پەیوەندیی پەڕەکانی قارچک بە کڵاو و بەژن\قەدی کوارگەکەوە.  ئەمانەی خوارەوە هەرکام بە جۆرێک دەتوانە خوێنەر تێبگەیەنێت لە شێوەی کڵاوەکان و پەیوەستیی پەڕەکان بە بەژنەوە.  هەر یەک لەم شێوە کڵاوانە یا شێوازی پەیوەندیی پەڕەکان، دەکرێ بڵێین نموونەی دەیان و سەدان کوارگی ترە.  هیواداریم سوودی لێ ببینن.