15.12.19

کەڕوو چییە؟


به‌ ئه‌ندامێک له‌ کۆمه‌ڵێکی گه‌وره‌ له‌ زینده‌وه‌ره‌ (یوکاریۆتیک)ناوکداره‌کان، که‌ وردە ‌زینده‌ندامه‌کانی وه‌ک هه‌وێن و برش و قەوزەیش ده‌گرێته‌ خۆی، ده‌گوترێت که‌ڕوو. که‌ڕوو نه‌ کلۆرۆفیلی هه‌یه‌ و نه‌ رتیشاڵی ده‌ماری. له‌ ڕاستیدا که‌ڕوو هه‌رچه‌نده‌ وه‌ک ڕووه‌ک سه‌یر ده‌کرێت، به‌ڵام جۆرێک زینده‌وه‌ره‌ که‌ له‌به‌ر هه‌ندێک جیاوازی نه‌ له‌ ڕیزی ڕووه‌کدا جێده‌گرێت و نه‌ له‌ ڕیزی گیانداره‌کاندا. به‌گوێره‌ی دوا پۆلبه‌ندییه‌کان که‌ ساڵی 2007 ئه‌نجام دراون، که‌ڕووه‌کان کراون به‌ حه‌وت جۆری سه‌ره‌کی: نیۆکالیماستیگۆمایکۆتا(Neocallimastigomycota)،
 به‌سیدیۆمایکۆتا (Basidiomycota)،
 ئاسکۆمایکۆتا(Ascomycota)،
 گلۆمیرۆمایکۆتا(Glomeromycota)،
 چایتریدیۆمایکۆتا(Chytridiomycota)،
 بلاستۆکرادیۆمایکۆتا(Blastocladiomycota)،
 مایکرۆسپۆریدیا(Microsporidia).

هه‌ندێک له‌ که‌ڕووه‌کان مشه‌خۆرن و له‌سه‌ر ئه‌ندامگه‌لی زیندوو یان مردوو ده‌ژین و گه‌شه‌ده‌که‌ن؛ وه‌ک که‌ڕووی نان و میوه‌ و خۆراک . هه‌ندێکیان له‌ سەر ئه‌ندامگه‌لی زیندوو دەژیێن و لە کۆتاییدا دەیکوژن. وەکوو جۆرەکانی کارگی پووشوو کە شێوەیان وەک سمی ئاژەڵە و لە قەدی درەختی زیندوو دەڕوێن؛ هەروەها کوارگی کۆردیسێپس یا مێڵەگورگانە کە دەچێتە نێو لەشی مێرووە جومگەدارەکان و تەنانەت شەمشەمەکوێرەوە.  هەندێکیشیان لەسەر ئەندامگەلی مردوو ده‌ژین وه‌ک  قارچکی سەدەف کە لەسەر درەختی وشک و مردوو دەڕوێت.   هەروەها زۆر جۆر کوارگ و دومبه‌ڵان هەیە ناتوانن بە تەنیا بژین و دەبێ بە هاوکاریی رووەکێک یا درەختێک بژیێت و گەشە بکات وەک کارگی کەما، هەڵز، بۆر، رەس، خوون، چەورە، کەرکۆڵ، تاڵیتۆز و هەروەها دۆمبەڵانەکان.  لەلایەکی ترەوە که‌ڕووی ئه‌وتۆیش هه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌موو شوێنێک ده‌ژێت وه‌ک که‌ڕووی سه‌وز و ڕه‌ش. که‌ڕووی وایش هه‌یه‌ که‌ له‌ نێو ترشی و سوێری دا ده‌ژێت وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ترشیات و ماست دروست ده‌بێت. که‌ڕووی وا هه‌یه‌ که‌ تا پله‌ی گه‌رمای 65ی سه‌دی ته‌حه‌مول ده‌کات و هی ئه‌وتۆیش هه‌یه‌ له‌ سه‌رمادا گه‌شه‌ده‌کات. هه‌ندێک جۆری که‌ڕوو له‌سه‌ر لاشه‌ی زیندووی مرۆڤ و ئاژەڵ  گه‌شه‌ده‌که‌ن؛ و به‌شێوه‌ی زام و برین یان توێژاڵی پێستی له‌سه‌ر له‌شی مرۆڤ ده‌رده‌که‌ون.






14.12.19

دەرمان و کەڕوو



کەڕووزانی لکێکی گرنگی زانستە کە پەیوەندیی هەیە بە زۆر لە لکە جیاوازەکانی زانستەوە وەک ژیانزانی، زیندەوەرزانی، بوومزانی و تاد... لە سەردەمی جەنگە جیهانییەکانەوە کە بە ڕێکەوت پنیسیلین لەلایەن ئەلیکساندەر فڵێمینگەوە دۆزرایەوە، گرنگی و بایەخی کەڕوو بەدیارکەوت. هەروەها ناسینی نەخۆشییە کەڕووییەکانی مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەک زانایانی ناچارکرد کە بواری کەڕووزانی وەک بوارێکی سەربەخۆی زانست پێناسە بکەن و لە زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن و توێژینەوە بە جیاواز بایەخی پێبدەن و کاری لەسەر بکەن.
ئێستا لە پاڵ پنیسیلین دا دەیان جۆر کەڕووی تر لە ئەزموونگەکاندا بەرهەمدەهێنرێن و بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی دەرمانی چارەسەریی نەخۆشییەکانی مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەک. تەنیا پنیسیلین خۆی ساڵانە گیانی دەیان میلیۆن کەس لە مردن رزگار دەکات لەکاتێکدا کە کەڕوویەکی ئاساییە و خۆت دەتوانیت لە ماڵەوە بەرهەمی بهێنیت.
دەڵێن لە کوردستان کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمان هەیە.. ئەگەر ئەمە راست بێ، شتێکی ئەرێنی یە؛ بەڵام بە مەرجێک ماددە خاوەکانی دەرمانەکان هی کوردستان خۆی بێت نەک لە وڵاتانەوە هاوردە بکرێن. لە رەوشێکی ئەوتۆ دا پێویستە زانکۆ و ناوەندە زانستییەکان لەگەڵ دەرمانسازەکان هاوکاری بکەن بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان لە ماددەی خاوی کوردستانی.





13.12.19

دەرمانی کارگی جادوویی لە یەکەمین تاقیکردنەوەی ئەزموونگەیی دەردەچێت


ماددەی سیڵۆسایبینی ئاوەزگەردان کە سەرەکیترین پێکهاتەی دەرمانی دەروونییە لە قارچکی جادووییدا، هەنگاوێکی تازەی بەرەو پێشەوە هەڵگرتووە تا مۆڵەدت فەرمیی پێبدرێت بۆ بەکارهێنان وەک دەرمانی چارەسەری خەمۆکی.  ئەمەش لە دەرەنجامی وانست(Study)ێکی ئەزموونگەیی دەرکەوتووە.
رۆژی چوارشەممە دەروونزانان لە کۆڵێژی کینگ لە لەندەن دەرەنجامی بەشی یەکەم تاقیکردنەوەی ئەزموونگەییان بڵاوکردەوە کە هەڵسەنگاندنێک بوو بۆ سەلامەتیی سیلۆسایبین لە دیداری ساڵانەی کۆڵێژی ئەمریکایی بۆ نیۆرۆسایکۆفارمالۆجی.
دەیڤید روکەر پشکنەری پێشەنگ لە ئەنستیتووی دەروونناسی، دەروونزانی و دەمارناسیی کینگ، دەڵێت: دەرەنجامەکانی وانستەکە پێداگری دەکات لەسەر زیاتر بەکارهێنانی سیلۆسایبین وەک چارەسەر بۆ ئەو نەخۆشانەی کە گرفتی مێشکییان هەیە و بە دەرمانە باوەکان چارەسەر نەبوون، وەکوو ئەو خەمۆکییەی کە چارەسەر قەبووڵ ناکات.  قۆناخی دووەمی تاقیکاریەکان و کاریگەرییەکانی سیلۆسایبن لەسەر ٢١٦ نەخۆش لە ئەمریکا و باکووری ئەوروپا چاوەڕوان دەکرێ ساڵی ٢٠٢١ ئەنجام بدرێ.

شایانی باسە کە کارگی جادوویی جۆرە کوارگێکە کە لە پێکهاتەکانیدا جیاوازیی زۆرە لەگەڵ قارچکی خۆراکی.  کاتێک مرۆڤ دەیخوات تووشی جۆرێک سەرخۆشی دەبێت بەڵام. سەرخۆشییەکە جیاوازە لە هی ئەڵکۆڵ و ماددە هۆشبەرەکان.  تا نەزانراوە کە کەسێک بە قارچکی جادوویی ئالوودە بووبێت بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لە زۆر وڵات لە ریزی ماددە هۆشبەرکەان هەژمار دەکرێت.  تا ئێستا نەزانراوە لە کوردستان ئەم جۆرە کوارگە رووابێت بەڵا بۆی هەیە هەبێت.


سەرچاوە:



7.12.19

بانگەوازێک بۆ هەموو کەڕووزانان


مایکۆلۆجی یا کەڕووزانی بووارێکی گرنگی زانستیە کە بایەخ دەدات بە دۆزینەوە و لێک جیاکردنەوەی جۆرەکانی کەڕوو، قەوزە و هەوێن\ئامیان. دۆزینەوەی ئەم زیندەندامانە کە بەشێکی زۆریان وورد و مایکرۆسکۆپین، زۆر گەنگە چونکە تا ئێستا سەرژمێرییەکی تەواو بۆ کەڕوو، قەوزە و هەوێنەکانی کوردستان نەکراوە. هێشتا نازانرێت لە کوردستان چەند جۆر کوارگ\قارچکمان هەیە و کامیان خۆراکییە؟ کامیان دەرمانییە؟ و کامیان ژەهردارە؟ هێشتا زۆربەی خەڵکی ئێمە نازانێ دۆمبەڵان چییە. هێشتا نزیکە بە ٩٩ لەسەدی کوردی ئێمە وشەی پزلیکیان نەبیستووە و نازانن کە جۆرێک قارچکی جیاوازە. زۆرینەی خەڵکیش باوەڕ ناکەن کە کوارگ کەڕوو بێت...
تا ئێستا قەوزەکانی کوردستان نە پۆلبەندی کراون، نە سەرژمێری کراون و نە هیچ سوودێکیان لێوەرگیراوە؛ لە کاتێکدا کە لە وڵاتانی تر، قەوزە بۆ زۆر مەبەستی بازرگانی و پیشەسازی بەکارهێنراوە و هەناردەی وڵئتان دەکرێت؛ و تەنانەت خاکی کشتوکاڵیی لێدروست کراوە و سووتەمەنیی لێوە بەرهەم هێنراوە.
هەوێن\ئامیان زۆر جۆری هەیە و لە زۆر وڵات و لە زۆر شارستانیەتە کۆنەکاندا بۆ مەبەستی خۆراکی و دەرمانی و پزیشکی بەکارهێنراوە. لە کۆنەوە سرکە و شەراب و هەویرترش و زۆر شتی تر لە مال ئامادەکراون. بە درێژایی مێژوو، ژنی کورد خۆی هەوێنی پەنیری دروستکردووە؛ بەڵام ئێستا ئەویش لەبیر چووەتەوە و رەنگە نەوەی ئەمڕۆ سەری بسوڕمێ و هەرگیز باوەڕ نەکات بەم راستییە. هەروەها زۆر هەوێنی تر هەن کە بە لێکۆڵینەوە و بەدوواداچوون دەکرێ دەستەمۆ بکرێن و بەخەڵکی ئاشنا بکرێن و ببنە بەشێک لە خۆراکی کوردەواریمان.
هەموو ئەوانەی لەسەرەوە باسکران، پێویستییان بە کۆمەڵێک کەسی شارەزا و لەخۆبوردووی بوواری کەڕووزانی هەیە ک قۆڵی لێ هەڵبماڵن و زانیارییەکانیان لە لاپەڕەیەکی ئەنتەرنێت یا تۆڕی فەیسبوکدا کۆ بکەنەوە بیخەنە سەر یەکتری و بە خەڵکی بناسێنن. ئەمە هەم بۆ بردنە سەری ئاستی زانیاریی جەماوەر شوێندانەر دەبێت؛ و هەم دەکرێ بۆ خوێندکارانیش ببێتە سەرچاوەیەکی زانستیی بایەخدار و باوەڕ پێکراوە.
بڵاگی مایکۆڵۆجیا کوردستانیکا پێشوازیی گەرم لە هەر کەسێ دەکات کە لە خەمی بوواری کەڕووزانیی کوردستاندا بێت و هەوڵی بایەخپێدانی بدات. هیوادارین هەموو خەمخۆرانی کەڕووزانی بابەتی دانراو یا وەرێڕدراوی خۆیان بۆ ئەم بڵاگە بنێرن و ئێرە بکرێتە سەرچاوەیەکی باوێڕپێکراو و جێ متمانە بۆ خوێنداران و فێرخوازانی کورد.














3.12.19

کوارگی مێڵەگورگانە یا کۆردیسێپس


کۆردیسێپس کەڕوویەکی مفتەژی\مشەخۆرە لەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوە و بێشتر لە ٤٠٠ جۆری هەیە.  وشەی مێڵەگورگانە لە زمانی کوردیدا بە جۆرە گوڵێک دەگوترێت کە پاییزان دەڕوێت و رەنگی مۆرێکی مەیلەوقاوەیی تۆخە و نێرتکێکی هەیە شێوەی لە مێڵی چاوڕشتن یا کلچێوک دەچێت.  لە میتۆلۆژیای کوردیدا دەڵێن کاتێک کە گورگ دەیەوێت بچێت بۆ راو و شکار، پێش ئەم کارە دەچێت ئەم گوڵە دەدۆزێتەوە و بە نێرکەکەی کە لە مێڵی چاوڕشتن دەچێت چاوەکانی دەڕێژێت؛ ئەوسا دەسدەکات بە راو.

ئەم جۆرە قارچکەیش شێوەکەی لە نێرتکی گوڵی مێڵەگورگانە دەچێت بۆیە لە کوردیدا زۆر جێکەوتەیە؛ و ئێمە لە بری کۆردیسێپس لە کوردیدا دەڵێین کارگی مێڵەگورگانە.   ئەم جۆرە کەڕووە بەشێوەیەکی ئاسایی پەلاماری مێرووەکان و بەتایبەتیش جومگەدارەکان دەدات.  بەهۆی باوە یا بە هەر هۆکارێکی ترەوە بێت، هاگی مێڵەگورگانە دەکەوێتە سەر لەشی مێرووەکە؛ دەترووکێت و  دەبێتە رایەڵکە (هایفی) و دەسدەکات بە دزەکردنە نێو لەشی مێرووەکە و لەوێدا گەشەدەکات و دەبێتە ریسوو (مایسیلیەم).  ریسووەکە گەشەدەکات و لە هەناوەوە دەسدەکات بە خواردنی مێرووەکە تا دەیکوژێت.  ئینجا ئەگەر بارودۆخ گونجاو بوو، زیاتر گەشە دەکات و تا لە سەری مێرووەکەوە  تەنمیوەی کەڕووەکە کە کوارگێکە لە شێوەی تیغێکی بچووک بە قەدێکی باریکەوە یا بەشێوەی میلێکی بچووکی چاوڕشتن دەردەکەوێت.  ئەم قارچکە بچووکە پاشان هاگەکانی دەپژێنێت و بڵاودەبنەوە و جارێکی تر سووڕی ژیانی بەردەوام دەبێت.  شایانی باسە کە ئەم پێواژۆیە سێ هەفتە دەخایەنێت.

لێرەدا سەرنجتان رادەکێشین بۆ سەیرکردنی ئەم ڤیدیۆیە کە ڤیدیۆیەکی بەڵگەیی بی بی سی یە؛ و لەودا رووانی کارگی مێڵەگورگانە لەسەر لاشەی مێروولە نیشان دەدرێت.  کاتێک کە مێروولەکان دەزانن یەکێکیان نەخۆشە، لە خۆیانی دووردەخەنەوە تا دەمرێت.

ڤیدیۆی دووەمیش باسی پەلاماری جۆرێکی دیکەی کارگی مێڵەگورگانە دەکات بۆ سەر جۆرە مێشێک.





ڤیدیۆی سێیەم شێوازی روواندنی کارگی مێڵەگورگانە لەسەر برنج








سەرچاوە:
ریل مەشروومس