1.2.22

خۆت پی ئێچی خاکەکەت دەسنیشان بکە

 

زانینی رێژەی ترشی و تفتیی خاک پێش چاندن و روواندن زۆر گرنگە.  ئەمەیش خۆی یەکەیەکی پێوانی جیهانی هەیە و بە پی ئێچ ناسراوە؛ کە لە سفرەوە دەستپێدەکات تا چواردە.  پی ئێچ بە (p)ی بچووک و (H)ی گەورە (pH) دەنووسرێت.  رێژەی سفر واتە ئەوپەڕی ترشی؛ و رێژەی چواردە واتە ئەوپەڕی تفتی.  بە ووتەیەکی تر پێوانی پی ئێچ واتە پێوانی چڕبوونەوەی ئایۆنەکانی هایدرۆجین لە خاکدا.  زۆربەی خاکەکان رێژەی پی ئێچیان لە نێوان سێ و نیو تا دەیە.  هەر خاکێک رێژەی پی ئێچی لەنێوان پێنج و نیو تا هەشت بێت ئەوا نێونجییە، نە تفتە و نە ترشە.  زۆربەی رووەکەکان حەزیان لەمەیە.

خودی ئاو رێژی پی ئێچی هەفتە کە پێیدەگوترێت پلەی نیتار.  خاکێک کە رێژەی تفتییەکەی زۆرە، چریی ئایۆنی هایدرۆجینی نزمە.  لەو ناوچانەی رێژەی باران بەرزە، پی ئێچی خاک بە شێوەی سروشتی لە نێوان٥ و ٧ دایە.  لەو ناوچانەیش کە ووشکن و رێژەی بارانیان نزمە،  پی ئێچی خاک بەشێوەی سروشتی لە نێوان٦،٥ تا ٩یە.


هەرچەند ئێستا پێوەری پێوانی ترشی و تفتی خاک هەیە و کارەکەیشی ئاسانە بەڵام لە کات و شوێنێکدا کە پێوەرەکە لە دەستدا نەبێت، دەشێت بەم شێوازەی خوارەوە بیرۆکەیەکی گشتی سەبارەت بە تفتبوون یان ترشبوونی خاکەکەت دەست بکەوێت:


سەرەتا هەندێک خاک لە هەر چوار لای زەوییەکەت کۆ بکەرەوە و تێکەڵی بکە.  ئینجا دوو دەفری پلاستیک بێنە و هەر کامەیان چارەگە لیوانێک لە خاکەکەی تێبکە.


یەکەم بۆ زانینی تفتیی خاکەکە: نیو لیوان سرکە بکەرە نێو دەفری یەکەمەوە.  ئەگەر بڵقی هەڵدایە سەرەوە و هەڵفزا، ئەوا خاکەکەت تفتە.

دووەم بۆ زانینی ترشیی خاکەکەت: کەوچکێک یا دووان لە سۆدەی خواردن( ئەو سۆدەیە دەکرێتە نێو چێشت و نان) بکەرە نێو دەفری دووەمەوە.  ئەگەر  هەڵفزا و چالاکانە بڵقی هەڵدایە سەرەوە، ئەوا خاکەکەت ترشە.


تێبینیلەبەرئەوەی زۆربەی خاکەکان کەمێک ترشن، هەبوونی بڵقی کەم لە هەردوو حاڵەتەکاندا روودەدات؛ بەڵام ئەگەر بڵقەکان زۆر بوون و بەتەوژم بوون ئەوا دۆخەکە جیاوازە.


چارەسەری تفتی:

هەندێک لە ماددە پیتاوەرەکان پی ئێچی خاک دەگۆڕن و رێژەی ئەو ووزەخۆراکە دەگۆڕن کە لە رووەکەکاندا هەیە.   پیتاوەرەکانی وەک گۆگردی هاڕڕاو و هەندێک پیتاوەری نایترۆجینی کە ئامۆنیادارن، پی ئێچ دادەبەزێنن و خاک دەگۆڕن بۆ ترش.  کەواتە ئەمانە باشن بۆ ئەو زەوییانەی خاکەکەیان رێژەی ترشیی بەرزە.


چارەسەری ترشی: کاتێک خاکێک رێژەی ترشییەکەی زۆر بەرزە، دەکرێت ڵایم یا دۆڵۆمایتی بۆ بەکاربهێنرێت تا ترشیەکەی داببەزێنرێت.






قارچکی ئەمانیتا ئێکسیڵسا


 خۆراکی 

بە ناوی زڕە ئەمانیتای شەرمنی ئەوروپاییش ناسراوە.  هەروەها وەک زڕە پاندێرنایش ناوی دەبردرێت.  لە خێزانی ئەمانیتاسییە.  لە ئاسیا، ئەوروپا و باکووری ئەمریکا هەیە. لە دارستانی درەختە گەڵاڕێزۆکەکاندا دەڕوێت.   گۆنی ئەمانیتا ئێکسیڵسا سپیسا خۆراکییە بەڵام  مەترسیی زۆر هەیە کە لەکاتی پشکنینیدا لەگەڵ ئەمانیتا پاندێرنای ژەهراوی یا ئەمانیتا ئێکسیڵسا ئەڵبای ناخۆراکی بگۆڕێت.  هەندێک سەرچاوە پێیان وایە یەک چەشنە بەڵام خۆی دەگۆڕێت وبە شێوەی گۆنەی جیاواز دەردەکەوێت.

یەکەم جار ساڵی ١٨٢١ لەلایەن کەڕووزانی سوێدی ئەلیاس ماگنووس فرایسەوە وەسفیکراوە.  تیرەی کڵاوەکەی ٨٠ تا ١٥٠ میلیمەترە.  رەنگی قاوەیی تا قاوەیی خاکییە؛ و کڵاوەکە شێوەی گومەزییە؛ و پارچەی ناڕێک و جیاوازی پاشماوەی پەردەکە بە سەر ییەوە دەنووسێت.  کە بۆڕ دەبێت ئەوەندە دەکرێتەوە کە تەخت دەبێت.  لە کاتێکدا کە زۆربەی ئەمانیتاکان شیپەڕەیان ئازادە هی ئێکسیڵسا رەنگی سپییە و زۆر لە یەکترییەوە نزیکن و  بە قەدەکەوە نووساون.  

قەدەکەی ٨٠ تا ١٢٠ میلیمەتر درێژە دەبێت و ئەستوورییەکەی ١٥ تا ٢٥ میلیمەتر دەبێت.   رەنگی سپییە و ئەڵقەیەکی پتەو بەلای سەرووی قەدەکەوەیەبنەکەی ئەستوورە بەڵام کاسەی راستەقینەی نییە.   ئەم چەشنە قارچکە هاوژینە لەگەڵ درەختە رەقەکان و نەرمەکان و بە زۆری لە دەوروبەری دارستانە تێکەڵاوەکان دەبینرێترەنگی هاگەکانی سپییە بەڵام بۆنی خۆش نییە.






سەرچاوە


فێرست نەیچەر


ئەمانیتاسیی



31.1.22

قارچکەکانی ئەمانیتا سیترینا

ئەمانیتا سیترینا سیترینا
 ناخۆراکی 
 

بە ناوی زڕەکڵاومەرگ ناسراوە، هەرچەندە ژەهراوی نییە بەڵام چونکە شێوە و بیچم و روواڵەتی زۆر لە کڵاومەرگی کوشندە، واتە ئەمانیتا فاڵۆییدس دەچێت بەم ناوە ناسراوە.  بۆنی کەمێک لە بۆنی پەتاتە\سێوزەوینی دەچێت.  باشترین نیشانە بۆ جیاکردنەوەی ئەمە لە ئەمانیتا فاڵۆییدس بریتییە لە کاسەی بنی.  کاسەی ئەمانیتا فاڵۆییدس فراوانە بەڵام هی سیترینا بە سەرکەکەیەوە دەنووسێت.  بەشێوەی هاوژینی لەگەڵ درەختە رەقەکان و گەڵادەرزیلەییەکان دەڕوێت.   هەرچەندە ژەهراوی نییە بەڵام لەبەرئەوەی ناسینی ئاسان نییە وا باشە بیر لە خواردنی نەکرێتەوە.  شایانی باسە کە ئەمانیتا سیترینا پێکهاتە ئاوەزگەردانیی تێدایە.

ئەمانیتا سیترینا گریسی

تیرەی کڵاوی ئەمانیتا سیترینا  ٢٥ تا ٨٠ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی زەردی کاڵە و بە تەڕوتازەیی کەمێک دیسناکە.  شیپەڕەکانی بە قەد و بەژنەکەیوە نەنووساون.  رەنگیان قەیماغییە و لەگەڵ بۆڕبووندا دەگۆڕێن بۆ زەرد.  

درێژیی قەدەکەی ٤٠ تا ٩٠ میلیمەتر دەبێت. و سەرکێکی گۆیینی هەیە.  ئاڵقەیەکی داوێنداری لای سەرووی قەدەکەیەوە هەیە کە هەندێک جار کوڵکنە.   کاسەکەی بنی رەنگی سپییە و وەک لەسەرەوە ئاماژەی بۆکراوە بە سەرکەکەیەوە دەنووسێت.  



سەرچاوەکان ئاماژە بە هەبوونی سێ گۆنی جیاوازی ئەمانیتا سیترینا دەکەن.


ئەمانیتا سیترینا گریسی: ئەم چەشنە لە ژاپۆن و چین دۆزراوەتەوە.  کڵاوەکەی خاکی تا خاکیی تۆخە و بەلای قاوەییشدا دەڕوانێت.  ئەندازەکەی ماناوەندییە؛ واتە ٧٠ تا ٨٠ میلیمەتر دەبێت؛ و درێژییەکەی دەگاتە ٨ میلیمەتر.   لە بنەکەی کاسەیەکی هەیە کە ٢٥ میلیمەتر پان دەبێت.  شیپەڕەکەنای سپین و هەندێک جار کەمێک بەلای ئاڵدا دەڕوانن. 

ئەمانیتا سیترینا ئاڵبا
 

گۆنی ئەمانیتا سیترینا ئاڵبا: ئەمەیان هەمووی سپییە.  کڵاوەکەی ١٢٠ میلیمەتر گەورە دەبێت و قەدەکەیش لە هی گۆنەکانی تر سپیترە.  


 





سەرچاوە

زانکۆی مشیگان

مەشرووم ئێکسپێرت

فێرست نەیچەر

ئەمانیتاسیی




پێنج سەمارۆقی دارستانەکانی خۆرمووا لە توێژینەوەیەکی زانکۆی لوڕستاندا

پێنج چەشنە کارگ\سەمارۆقی دارستانەکانی دەوروبەری شاری خۆرمووا، کە لە توێژینەوەیەکی زانکۆی لوڕستاندا وەک قارچکی ژەهراوی ناویان هاتووە. بەهۆی ئەوە زاگرۆس نیشتمانی هاوبەشی هەموو ئەوانەیە هەزاران ساڵە لێی نیشتەجێن، بە باشم زانی بە ووردی توێژینەوەکە بخوێنمەوە و وێڕای تێبینی و سەرنجەکانی خۆم، لەگەڵ هاوڕێیانی هاوزمانم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پاری بکەم. شایانی باسە کە توێژینەوەکە بە زمانی ئینگلیسی و لەلایەن (سەید زەهرا حوسەینی، ئەحمەد ئیسماعیلی، عەید بازگیر، مستەفا دەروێشنیا، غەففار عەلی مەحموودی)ەوە ئەنجامدراوە و ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوکراوەتەوە. لە توێژینەوەکەدا باس لە هەشت چەشنە سەمارۆق کراوە کە سیانیان وەک دەرمانی و پێنجیان وەک ژەهراوی ناسێنراون.

بۆڵیتوس لیوریدوس


Boletus luridus
١- بۆڵیتووس لیوریدوس
سەرچاوەکان دەڵێن لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی باکووری ئەمریکا دەڕوێت. لە سەدەی هەژدەیەمەوە تۆمار کراوە. رەنگی رووی سووەکانی سوور تا نارنجییە. ئەو قارچکانەی لە شوێنی شیپەڕە سوویان هەیە لە ئینگلیسیدا پێیاندەگوترێت (بۆڵیت یا بۆڵیتوس) و لە کوردیدا پێیان دەگوترێت فیقەرۆش. رەنگی سەر کڵاوەکەی ئەم قارچکە قاوەیی و قاوەییباوە. بە تاک یا بە کۆمەڵی بچووک لە نزیک درەختی بەڕوو دا دەڕوێت. کڵاوەکەی شێوەی گومەزی هەیە؛ و ٤-٨ سانتیمەتر دەبێت. رەنگی گۆشتەکەی سپی تا زەردە و کاتێک دەبڕدرێت یا لەتدەکرێت رەنگی دەگۆڕێت بۆ شین.
قەدەکەی کە لێی وورددەبیتەوە جۆرێک نەخشی جوانی تێدا دیارە دەڵێی تۆڕی تەنراوە. درێژیی قەدەکەی ٤ تا ٩ سانتیمەتر دەبێت؛ و تیرەی ئەستوورییەکەی دەگاتە ٣ سانتیمەتر. گۆشتی قەدەکەی زەرد تا سوورە. کاتێک ئامۆنیای بەردەکەوێت رەنگی دەگۆڕێت. رەنگی هاگەکانیشی قاوەیی زەیتوونییە.
لە توێژینەوەیەکی زانکۆی لوڕستاندا کە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوکراوەتەوە ناوی ئەم سەمارۆقە هاتووە کە لە دارستانەکانی خۆرمووادا دۆزراوەتەوە؛ و وەک قارچکێکی ژەهراوی باسیکراوە.

تایلۆپیڵوس فیڵیوس


Tylopilus felleus
٢- تایلۆپیڵوس فیڵیوس
لە بریتانیا، ئیرلەند، باکووری ئەوروپا و لە ئەمریکایش دەڕوێت. ساڵی ١٧٨٨ یەکە جار وەسفیکراوە. تام چێژی زۆر تاڵە. رەنگە بە کوڵاندنیش تاڵیەکەی نەبڕێت. ووشەی فیڵیوس واتای زراو دەبەخشێت کە ماددەیەکی زۆر تاڵی تێدایە بۆ هەرسکردنی خۆراک لە گەدەدا.
هەندێک سەرچاوە دەڵێن لە مەکسیکۆ و فرانسە لە شیردا دەیکوڵێنن تا تام و چێژی خۆس دەبێت و ئەوسا دەیخۆن. هەندێکیش دەڵێن زۆر لەو کەسانەی بەشێوەی بۆماوەیی بە تامی تاڵ هەستیار نین، دەیخۆن چونکە ژەهراوی نییە.
رەنگی سەر کڵاوەکەی قاوەییە و هەندێک جار بەلای زەیتوونیدا دەڕوانێت. کاتێک بۆڕ دەبێت رەنگی تاریکتر دەبێت و پانتر دەبێت و رەنگە لەت لەت بێت.
تیرەی کڵاوەکەی ٦ تا ١٢ سانتیمەتر دەبێت و رەنگە بەدەگمەن بگاتە ١٨ سانتیمتریش. ژێر کڵاوەکەی لەجیاتی شیپەڕە بە رووبەرێکی پڕ لە سوو داپۆشراوە واتە کونی زۆر زۆر وورد. سەرەتا رەنگی قەیماغییە و دوواتر دەگۆڕێت بۆ ئاڵی کراوە و کاتێک دەست یا شتێکیان بەردەکەوێت رەنگیان دەگۆڕێت بۆ قاوەیی.
قەدەکەی بە رەنگێکی قاوەیی و نەخشی شێوە تۆڕ داپۆشراوە. درێژییەکەی ١٠ تا ١٨ سانتیمەتر دەبێت و ئەستوورییەکەی ٤ تا ٨ سانتیمەتر دەبێت. گۆشتی کڵاو و قەدەکەی سپییە؛ و لە کاتی بریندا رەنگی ناگۆڕێت.
هەروەها رەنگی هاگەکانی ئاڵی خاکییە؛ و لە دوا مانگی هاوینەوە تا مانگی سەرماوەز بۆی هەیە بڕوێت. لە توێژینەوەکەی زانکۆی لوڕستاندا ناوی ئەم قارچکەیش هاتووە کە لە دارستانەکانی خۆرمووا دۆزراوەتەوە؛ و وەک کوارگێکی ژەهراوی باسیکراوە؛ هەرچەند لە سەرچاوە خۆراواییەکاندا ئاماژە بە ژەهراویبوونی نەکراوە.

ریوبرۆبۆڵیتوس سەیتاناس


Rubroboletus satanas
٣- ریوبرۆبۆڵیتوس سەیتاناس یا قارچەک شەیتان
لە ناوچە گەرمەکانی ئەوروپا و لە دەوروبەری درەختە گەڵاپانەکان دەڕوێت. وەک یەکێک لە کوارگە ژەهراوییەکان پۆلێنراو. لەبەرئەوەی بۆنی ناخۆشە و بۆنی رزیوی و گەنیوی دەدات، کەم کەس بیر لە خواردنی دەکاتەوە، هەرچەندە کوشندە نییە و تەنیا دەبێتە هۆی رشانەوە، رەوانی و ژانە سک.
رەنگی کڵاوەکەی قەیماغیی سپیوەشە؛ لووسە . تیرەی ٣٠ تا ٤٠ سانتیمەتر دەبێت. زۆر بە دەگمەن دەگاتە ٥٠ سانتیمەتریش. لەژێر کڵاوەکەیدا شیپەڕەی نییە بەڵکوو بە سوو داپۆشراوە؛ و رەنگی زەرد تا نارنجیی سوورباوە.
قەدەکەیشی سوورە و شێوە گۆییە. کاتێک دەبڕدرێت یان بریندار دەکرێت رەنگی گۆشتەکەی دەگۆڕێت بۆ شین. باس لەوە دەکرێت کە ئەم چەشنە قارچکە گەورەترین چەشنی قارچکە فیقەرۆشەکانە لە ئەوروپا. قەدەکەی ٥ تا ١٥ سانتیمەتر درێژ دەبێت و بەدەگمەن دەگاتە ٢٥ سانتیمەتر. لە توێژینەوەکەی ساڵی ٢٠٠٩ی زانکۆی لوڕستاندا ناوی قارچکە شەیتانیش وەک کوارگێکی ژەهراوی هاتووە کە لە دارستانەکانی دەوروبەری خۆرمووا هەیە.

کۆپرینووس ئەترامێنتاریا


Coprinopsis atramentaria
٤- کۆپرینووس ئەترامێنتاریا

واژەی کۆپرینووس کە واتای شیاکەژی دەگەیەنێت، سەرەتا بەو چەشنە قارچکانە دەگوترا کە لە نێو پاشەرۆی ئاژەڵدا دەڕسکان. دوواتر بە کۆمەڵێک لەو قارچکانەیش ووترا کە لە شێوە و بیچم و ووردەکارییەکانیاندا وەک ئەوان بوون؛ هەرچەندە لە نێو پاشەرۆیشدا نەدەڕوان. لە کودەواریدا بەو چەشنە قارچکانەی کڵاوەکەیان رەش دەبێت و دەتوێنەوە، دەگوترێت (کڵاوسی) واتە کڵاو ڕەش؛ و لە مەڵبەندەکانی لوڕستان ناسراون و بەشێوەی ئاسایی دەیانخۆن. ووشەی ئەترامێنتاریایش لە ووشەی ئەترامێنتومی لاتین وەرگیراوە و مانای زۆر رەش یا تاریک دەبەخشێت. دیارە هەر ئەمە ووشەیەیە کە لە تورکیدا بووە بە (مەنتار) و بە واتای کارگ\قارچک بەکاریدەهێنن.
لە دووای کارگی کۆپرینوس کۆماتووس ئەمە ناسراوترین کارگی جسنی کۆپرینووسە. بە ناوی کڵاومەرەکەبی ناسراوە. لە زۆربەی ووڵات و ناوچە و مەڵبەندەکانی نیوەگۆی باکووری زەوی دەڕوێت. لە وەرزەکانی بەهارەوە تا پاییز بۆی هەیە بڕوێت. زۆرتر بەشێوی کۆمەڵ و بە پاڵ یەکترییەوە لە نێو چیمەن و رەقەن و ئەو شوێنانە دەڕوێن. کڵاوەکەیان شێوە زەنگوڵەییە. تەمەنیان زۆر درێژ نیە، دووای چەند هنگارێک یان دوای رۆژێک بۆڕ دەبن؛ واتە پێدەگەن و رەنگیان دەگۆڕێت بۆ رەش و دەتوێنەوە و مەرەکەبێکی رەش دروستدەکەن.
لە راستیدا ژەهراوی نییە و دەخورێت؛ بەڵام لەگەڵ مەی دا بخورێت ژەهراوی و مەترسیدارە. ئەو کەسەی دەیخوات پێویستە سێ رۆژ پێشتر مەی نەخواردبێتەوە، و سێ رۆژ دوواتریش نەخواتەوە.
ئەمانە رەنگی کڵاوەکەیان قاوەییە و نێوەراستی کڵاوەکە تۆخترە لە لێوارەکانی. ژێر کڵاوەکە شیپەڕەدارە کە سەرەتا رەنگیان سپییە و دوواتر دەگۆڕێن بۆ قاوەیی و ئینجا رەش.
قەدەکەی لە ٥ تا ١٧ سانتیمەتر درێژ دەبێت و رەنگی قاوەییە. هەروەها رەنگی هاگەکانیشی قاوەییە.
ئەم سەمارۆقەیش لە توێژینەوەکەی زانکۆی لورستاندا باسیکراوە کە لە خۆرمووا دەڕوێت و وەک ژەهراوی ناویان بردووە، لە کاتێکدا کە ژەهراوی نییە ئەگەر لەگەڵ مەی دا نەخورێت. ئەمە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانیش دەڕوێت.

هایفۆڵۆما کاپنۆیدس


Hypholoma Capnoides
٥- هایفۆڵۆما کاپنۆیدس
قارچکێکی مشەخۆر\مفتەژییە؛ بەشێوەی هێشوویی لە ووڵاتانی ئەمریکا، ئاسیا و ئەوروپا، و لەسەر یا لە نزیک دار و چێوی رزیوی سنەوبەر دەڕوێت. بە تایبەتی لە وەرزی پاییز و زستان و هەندێک جاریش بەهار دەڕوێت. کڵاوەکەی قاوەیی زەردواشە و بۆی هەیە رەنگی دارچینیش بێت. رەنگی هاگەکانی قاوەیی مۆرباوە.
تیرەی کڵاوەکەی ٢ تا ٦ سانتیمەتر دەبێت، سەرەتا شێوە زەنگوڵەیی و بەرەبەرە دەکرێتەوە تا بۆڕ دەبێت تەواو تەخت دەبێت و لە لێوارەکانییەوە لەت لەت دەبێت.
ژێر کڵاوەکە شیپەرەدارە و شیپەڕەکان بە قەدەکەوە نووساون. رەنگیان سپیواش یا زەردواشە. لە کاتی بۆڕبووندا دەگۆڕێن بۆ خاکی و پاشان مشکی.
درێژیی قەد و بەژنەکەی ٢ تا ٨ سانتیمەتر دەبێت و ئەستووریەکەی ٤ تا ١٠ میلیمەتر دەبێت. رەنگی گۆشتی کڵاو و قەدەکەی سپیواشە و جیڕە. هەندێک جاریش دوای بڕین، هێدی هێدی رەنگی دەگۆڕێت بۆ زەرد.
هەرچەندە لە توێژینەوەکەی ساڵی ٢٠٠٩ی زانکۆ لوڕستاندا هاتووە کە ئەم قارچکە لە دارستانەکانی خۆرمووا دەڕوێت و ژەهراوییە، بەڵام سەرچاوە بایەخدارەکان دەڵێن کوارگێکی خۆراکییە.



سەرچاوە




سێ سەمارۆقی دەرمانی لە مەڵبەندی خۆرمووا لە لورستان

سێ چەشنە کارگ\سەمارۆقی دارستانەکانی دەوروبەری شاری خۆرمووا، کە لە توێژینەوەیەکی زانکۆی لوڕستاندا وەک قارچکی دەرمانی ناویان هاتووە. بەهۆی ئەوە زاگرۆس نیشتمانی هاوبەشی هەموو ئەوانەیە هەزاران ساڵە لێی نیشتەجێن، بە باشم زانی بە ووردی توێژینەوەکە بخوێنمەوە و وێڕای تێبینی و سەرنجەکانی خۆم، لەگەڵ هاوڕێیانی هاوزمانم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پاری بکەم. شایانی باسە کە توێژینەوەکە بە زمانی ئینگلیسی و لەلایەن (سەید زەهرا حوسەینی، ئەحمەد ئیسماعیلی، عەید بازگیر، مستەفا دەروێشنیا، غەففار عەلی مەحموودی)ەوە ئەنجامدراوە و ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوکراوەتەوە. لە توێژینەوەکەدا باس لە هەشت چەشنە سەمارۆق کراوە کە سیانیان وەک دەرمانی و پێنجیان وەک ژەهراوی ناسێنراون.

لاکتاریوس ڤێڵێریوس

Lactarius vellereus
لاکتاریوس ڤێڵێریوس

لە کوارگە شیرەدارەکانە، شیرێکی سپی لە نێوان شیپەڕەکانییەوە دەچۆڕێتەوە. سەرچاوەکان دەڵێن لە ئەوروپا و مەڵبەندەکانی مەدیتەرانە دەڕوێت. ساڵی ١٨٢١ ئەوروپاییەکان وەسفی ئەم قارچکەیان کردووە، ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن زانکۆی لوڕستانەوە سەلمێنراوە کە لە دارستانەکانی دەوروبەری خۆرمووایش هەیە و دەڕوێت. تامی خۆش نییە و بۆ خواردن ناشێت، بەڵام ژەهراویش نییە. زانکۆی لوڕستان ساڵی ٢٠٠٩ لە توێژینەوەیەکدا وەک کارگێکی دەرمانی باسی کردووە.

کۆڵیبیا ماکیولەیتا


Collybia maculata
کۆڵیبیا ماکیولەیتا

ئەمەیش جۆرە قارچکێکە لە نێو دارستان و لێڕەواردا دەڕوێت بەتایبەتی لە شوێنی نسار و دوور لە باران. بە کۆمەڵی بچووک دەڕوێن. تیرەی کڵاوەکەی ٤ تا ٨ سانتیمەتر دەبێت. تام و چێژێکی ناخۆشی هەیە. تفت و کەمێکیش تاڵە. بەڵام بۆنێکی خۆشی قارچکیی هەیە. لە نەخشەی کوارگەکانی جیهاندا روونکراوەتەوە کە ئەم کوارگە لە بەشێکی زۆری ئەوروپا و ئەمریکا، لە رووسیا و ژاپۆن دەڕوێت. یەکەم جار ساڵی ١٩٢٥ تۆمارکراوە بەڵام ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن زانکۆی لوڕستانەوە پشتڕاستکراوە کە لە دارستانەکانی خۆرمووا لە لوڕستان دەڕوێت؛ و وەک کارگی دەمانی ناسێنراوە.

لاکتاریوس پیپەرەیتوس


Lactarius piperatus
لاکتاریوس پیپەرەیتوس

ئەم قارچکەیش لە شیرەدارەکانە، تامی توون و تیژە. یەکەم جار ساڵی ١٧٧٣ لەلایەن ئەوروپاییەکانەوە وەسفکراوە. دەڵێن لە بەشی سەرەکیی ئەوروپا و لە باکووری ئەمریکا دەڕوێت و هەروەها گەیشتووەتە ئوسترالیایش. لە هیندوستان کوارگێکی زۆر مەردمییە و بایەخی زۆری پێدەدرێت. دەکرێت ووشک بکرێتەوە و لەجیاتی بیبەر بەکاربهێنرێت. زانکۆی لوڕستان لە توێژینەوەیەکدا کە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوکراوەتەوە سەلماندوویەتی کە لە خۆرمووا ئەم چەشنە قارچکە دەڕوێت و لە ریزی کوارگە دەرمانییەکان دایناوە. هەروەها لە یەک دوو ساڵی رابردوودا چەند هاوڕێیەک لە باشووری کوردستان بەتایبەت لە شارباژێر وێنەی ئەمەیان بۆ من ناردووە؛ و ئەوان پێیدەڵێن کارگە بزنە.


سەرچاوە