16.12.19

چاپکردنی هاگ (سپۆر)ی کوارگ


تۆوی کارگ ئه‌وه‌نده‌ ورده‌ به‌ چاو نابینرێت؛ مه‌گه‌ر به‌ بڕێکی زۆر له‌سه‌ر یه‌کتری که‌ڵه‌که‌بێت.  تۆوی کوارگ ڕه‌نگی جیاوازی هه‌یه‌، سپی، قاوه‌یی، خاکی و قاوه‌یی تاریک و تاد...  هەروەها لە رووی دی ئێن ئەی جیاوازیی زۆریان هەیە.  به‌ مه‌به‌ستی دیتنی تۆوی کارگ ڕێگایه‌کی ئاسان هه‌یه‌ که‌ پێیده‌وترێت چاپکردن(Sporeprinting).  یەکێک لە رێگاکانی ناسینی کارگ بریتییە لە زانینی رەنگی تۆوەکەی بۆ ئەم مەبەستەیش دەبێ تۆوەکە لەسەریەک کەڵەکە بێت تا رەنگەکەی بە چاوببینرێت.

بۆ چاپکردنی تۆوی کوارگ سه‌ره‌تا کارگێکی پێگه‌یشتوو دێنین. لاسک/قه‌ده‌که‌ی له‌ بێخه‌وه‌ ده‌بڕین.  پارچه‌یه‌ک کاغه‌زی ڕه‌ش و پارچه‌یه‌ک کاغه‌زی سپی به‌ یه‌که‌وه‌ ده‌نووسێنین و له‌ نێو شووشه‌یه‌ک یان ده‌فرێکی پلاستیکی دا ڕایده‌خه‌ین.
کوارگه‌که‌ به‌جۆرێک داده‌نێینه‌ سه‌ر کاغه‌زه‌که‌ که‌ نیوه‌ی بکه‌وێته‌ سه‌ر پارچە ڕه‌شه‌که‌ و ئه‌و نیوه‌ی بکه‌وێته‌ سه‌ر پارچە سپییه‌که‌.
پارچه‌یه‌ک په‌ڕۆی ته‌ڕ که‌ ئاوی لێوه‌ نه‌چۆڕێته‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر زاری ده‌فره‌که‌ و ئینجا سه‌رپۆشه‌که‌ی له‌سه‌ر داده‌نێین.
ماوه‌ی ٢٤ هنگار له‌ شوێنێکی تاریک و فێنک دایده‌ێین.
دوای ئه‌م ماوه‌یه‌ ده‌فره‌که‌ دێنین و ته‌ماشای ده‌که‌ین بزانین چی ڕوویداوه‌!
کاتێک قارچکه‌که‌ له‌ سه‌ر کاغه‌زه‌کان لاده‌به‌ین ده‌بینین په‌ڵه‌یه‌ک به‌ ئه‌ندازه‌ی دیوی ژێره‌وه‌ی قارچکه‌که‌ که‌وتووه‌ته‌ سه‌ر کاغه‌زه‌که‌. ئه‌گه‌ر تۆوه‌که‌ ڕه‌ش بێت ئه‌وا به‌جووانی له‌سه‌ر پارچه‌ سپییه‌که‌ ده‌رکه‌وتووه‌ و ئه‌گه‌ریش سپی بووبێت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌سه‌ر پارچه‌ ڕه‌شه‌که‌ به‌جوانتر چاپ بووه‌.  بەم پێّاژۆیە دەگوترێت چاپکردنی سپۆر یا تۆوی کارگ؛ کە پێویستە هەموو کوارگەوانان و ئارەزوومەندانی خواردن یا کۆکردنەوەی کوارگ بیزانن.







































مێژوولکەی کارگ لە کوردستان



کەڕووزانی له‌ سه‌رده‌می ئێستادا لکێکه‌ له‌ زانستی زیندەزانی؛  کوارگەوانی بەشێکە لە کەرتی کشتوکاڵ.  به‌رهه‌مهێنانی کوارگیش لە ئاستی جیهاندا وه‌ک به‌رنامه‌یه‌کی ستراتێژیک هه‌ژمار ده‌کرێت.  ئه‌گه‌ر له‌ ڕابردوودا گه‌نم و برنج و په‌تاته‌ و لۆکه‌ و تووتن، له‌ ڕیزی ڕووه‌که‌ ستراتێژییه‌کان ده‌ژمێردران و وڵاتان له‌ سه‌ره‌وه‌ی به‌رنامه‌ی کشتوکاڵیی خۆیان دایانده‌نان، ئێستا کارگیش به‌ لیزگه‌ی به‌رهه‌مه‌ ستراتێژییه‌ کشتوکاڵیه‌کانه‌وه‌ زیاد کراوه؛‌ و له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی پێشکه‌وتوو و گه‌لێک له‌ وڵاتانی په‌ره‌گرتوودا گرنگیی ته‌واوی پێدراوه‌؛ و به‌ تێکنۆلۆژیی سه‌رده‌م مۆدێرنیزه‌ کراوه‌.  پیشه‌ی به‌رهه‌مهێنانی قارچک گه‌یشتووه‌ته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤینیش و لێره‌یش وڵاتانی وه‌ک ئێران، تورکیا و میسر ده‌سپێشخه‌رییان کردووە؛‌ و له‌ ده‌یه‌ی هه‌شتای سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ گرنگیی به‌رچاویان پێداوه‌.  کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی تایبه‌تیان بۆ دامه‌زراندووه‌؛ و له‌ زانکۆ و ناوه‌نده‌کانی خوێندن و توێژینه‌وه‌دا بایه‌خێکی زۆریان پێداوه‌. 

کوردستان وه‌ک بووکی ڕازاوه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، و خاکه‌که‌ی وه‌ک به‌پیتترین و هه‌واکه‌ی وه‌ک سازگار و گونجاوترین هه‌وای ده‌ڤه‌ره‌که، له‌ کۆنه‌وه‌ چه‌ندین جۆری جیاجیای کارگی لێ ڕوواوه‌.  هه‌رچه‌نده‌ به‌ هۆکاری سیاسی و له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی کوردی فه‌رمانڕه‌وا به‌سه‌ر کوردستاندا، هیچ بایه‌خیکی ئه‌وتۆ به‌ سروشت و خوه‌زای کوردستان و به‌تایبه‌تیش کۆکردنه‌وه‌ و ناسین و پۆلبه‌ندیی کوارگ و کەڕووه‌کان نه‌دراوه، به‌ڵام نزیک به‌ ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستان ده‌زانن کوارگ چییه‌ و هه‌موو ساڵێک له‌ وه‌رزی به‌هار و پاییزدا چاویان به‌ جۆره‌ها کوارگ له‌ کوێستان و لێڕه‌وار و مێرگ و گیاجاڕ و ئاغه‌ڵ و گه‌وڕه‌کان ده‌که‌وێت.‌  لە پێدەشتەکانیش دۆمبەڵان هەموو ساڵێک میوانی سەر خوانی کوردەوارییە و بازاڕەکانیش گەرم دەکات.  به‌ وته‌یه‌کی دیکه‌ ده‌مانه‌وێت بڵێین: قارچک ڕووه‌کێک نییه‌ بۆ کورد غه‌واره‌ و نامۆ و نه‌ناسراو بێت.  ڕاسته‌ له‌ کوردستان گرنگی به‌ چاندن و ڕوواندنی نه‌دراوه، به‌ڵام جوانترین و به‌چێژترین کوارگه‌ بژارده‌کان له‌ کوێستانان چنراون و له‌ چێشتخانه‌کانی کورده‌واریدا کراونه‌ته‌ چێشت.  له‌ کوردستانیش کوارگه‌کان ناوی تایبه‌ت به‌ خۆیانیان هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ ناوه‌کان له‌ ناوچه‌یه‌که‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌کی تر یان له‌ زاراوه‌یه‌که‌وه‌ بۆ زاراوه‌یه‌کی دی لێک جیاوازن، یان زۆر جار جۆرێک تێکه‌ڵاوی و شێواوی پێیانەوە‌ دیاره‌، به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێت له‌ کۆنه‌وه‌ کوردان په‌ییان به‌ دوو خاڵ یا باشتر بڵێین دوو نهێنیی گه‌وره‌ی ژیانی کوارگه‌کان بردووه‌.  یه‌که‌م: زانراوه‌ که‌ هه‌ر جۆرێک یان بنه‌ماڵه‌یه‌کی کوارگ له‌ پاڵ یان له‌سه‌ر ڕووه‌کێک، دره‌ختێک یان مادده‌یه‌کی دیاریکراو ده‌ڕوێت.  دووه‌م: هه‌رچه‌نده‌ ڕاسته‌وخۆ نه‌گوتراوه‌ تۆوی هه‌یه‌ و چه‌نده‌ و چۆنه‌، به‌ڵام زانراوه‌ که‌ له‌ هه‌ر شوێنێک کوارگ بشۆرێته‌وه،‌ ساڵی دواتر له‌و شوێنه‌ کوارگ ده‌ڕوێته‌وه‌. 

‌ هه‌رچه‌نده‌ زانستی کەڕووزانی مێژوویه‌کی دوور و درێژی هه‌یه‌ به‌ڵام، ئەم زانستە به‌ شێوازه‌ تازه‌که‌ی له‌ سه‌د ساڵی 1800 ه‌وه‌ ده‌ستی پێکردووه؛‌ و به‌ره‌به‌ره‌ ئەوروپا و پاشان باکووری ئه‌مریکای گرتووه‌ته‌وه‌.  پێش ١٨٠٠ەکان  قارچک وه‌ک به‌شێک له‌ ڕووه‌که‌ خوارده‌نی و ده‌رمانییه‌کانی دیکه‌ هه‌ژمار ده‌کرا.  شاره‌زا و پسپۆرانی بواری ڕووه‌کزانی ده‌گه‌ڕان و جۆره‌کانی گیا و ڕووه‌کیان به‌ مه‌به‌ستی جیاجیا کۆ ده‌کرده‌وه‌ و پۆلێنیان ده‌کردن.  هه‌ر کاتێک له‌گه‌ڵ کوارگ و که‌ڕوو و قەوزه‌کانیش ڕووبه‌ڕوو ده‌بوون، ئه‌مانیشیان وه‌ک جۆرێکی ڕووه‌ک تۆمار و پۆلێن ده‌کرد.  یەکەم پەرتووک کە وەسف و وێنەی کوارگی تێدا تۆمار کراوە، ساڵی ١٦٠١ لەلایەن کڵوسیوسەوە نووسراوە.  ئەو سەردەمە بڕوایان وابوو کە کەڕووەکان لە ئەنجامی رزینی دار و رووەکەکانەوە دروستدەبن؛ و باوەڕیان نەدەکرد کە ئەمانیش تۆویان هەبێت.  هەروەک چۆن بڕوایان وابوو کە زۆرێک لە کرم و مێرووەکان لە ئەنجامی رزین و بۆگەنبوونی گۆشت و میوە ئەمانەوە دروستدەبن.  ساڵی ١٧٢٩ رووکزانێک بەناوی ئەنتۆنیۆ میچلی بە نووسینی پەرتووکێک سەبارەت بە قارچکەکان کە کۆمەڵەکی زۆر نیگاری قارچکەکانی تێدا کێشابوو، کۆتایی بەم بۆچوونە هێنا و سەلماندی کە کەڕوو هاگی هەیە و لە رێگەی هاگەوە وەچەدەخاتەوە و زۆردەبێت.
بە دوای ئەم سەلماندنەی میچیلیدا کۆمەڵێک لە کەڕووزانە ناسراوەکانی ئەو چاخە وەک پێرسوون ١٨٠١، فرایس ١٨٢١-١٨٣٢، ساکاردۆ ١٨٤٥-١٩٢٠، سایدۆ ١٨٥١-١٩٢٤،  دیباری ١٨٣١-١٨٨٨و تاد.. دەستیان کرد بە دۆزینەوە و تۆمارکردنی جۆر و چەشنی تازەی کەڕووەکان.  دووا بە دووای ئەمە زانایان بۆیان دەرکەوت کە کەڕوو دەبێتە هۆکاری نەخۆشی لە رووەکدا.  دەستیان کرد بە توێژینەوەی سەبارەت بەو نەخۆشیانەی کەڕووەکان لە رووەک و ئاژەڵ و مرۆڤدا دروستیدەکەن.  هەروەها کەڕووزانە فرانسی، ئیتاڵیایی، ئینگلیسی و رووسیەکان لە خاڵووزە و ژەنگی دانەوێلەکان و زۆر شتی تریان کۆڵییەوە.

ئەو راستییە کە هەوێنەکان پەیوەندییان بە کفکاندنەوە هەیە ساڵی ١٨٣٦ لەلایەن  سی سی دێ لا توورەوە سەلمێندرا.   ساڵی ١٩٢٨ کە بە رێکەوت پنیسیلین دۆزرایەوە، دەرگا کرایەوە بۆ دۆزینەوەی چەندین کەڕووی تری ژیدژ کە خۆی لە خۆیدا شۆرشێک بوو لە بواری دەرمانسازیدا.
وەکوو قارچک، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە یەکەم قارچک کە دەستەمۆکراو کارگی ئەگاریکوس بوو ساڵی ١٦٥٠ لە فرانسە دەستەمۆکرا.  هەروەها بۆ یەکەم جار ساڵی ١٨٨٠ لە ئەمریکا دەستکرا بە بەرهەمهێنانین قارچک لە ئاستی بازرگانیدا.   دیارە پێشتر ساڵ ١١٠ی زایینی چینییەکان کارگی شیتاکییان روواندبوو.  شایانی باسە کە لە میلۆنان کەڕوو کە لە سروشتدا هەیە نزیکەی دە هەزار چەشنی لە شێوەی قارچکدایە.  لەم دە هەزارەیش دەوروبەری ٣٠٠ چەشن خۆراکییە؛ و لەمانیش سی جۆر دەستەمۆکراون؛ کە دە جۆریان لە ئاستی بازرگانیدا بەرهەمدەهێنرێن. 

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ باوه‌ڕپێکراوه‌کان، یه‌که‌م که‌س که‌ رووی کردبێته‌ ڕۆژئاوا، باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ڕووه‌کزانێک بووه‌ به‌ ناوی پییه‌ر ئیدمۆند بواسییه‌ر 1810- 1885 له‌دایکبووی شاری ژنێڤ.  ئه‌م پیاوه‌ چه‌ند سه‌فه‌رێکی بۆ ڕۆژئاوای ئاسیا کردووه‌.  له‌ سه‌فه‌ره‌کانیدا هه‌ندێک جار کچه‌که‌ی و زاواکه‌یشی له‌گه‌ڵ خۆیدا بردووه‌.  له‌ رۆژئاوای کوردستان، باکووری کوردستان و کێوه‌کانی زاگرۆس رووه‌کی جۆراوجۆری کۆکردووه‌ته‌وه‌ و پۆلێنی کردوون.  ژماره‌یه‌کیش کارگی کوردستانی له‌ نووسینه‌کانیدا تۆمار کردووه،‌ که‌ ژماره‌یان له‌ نێوان 20-30 جۆره‌.

دیاره‌ به‌ دوای بواسییه‌ریش دا که‌سانی دیکه‌ روویان کردووته‌ ناوچه‌که‌ و ئه‌نجامی کاره‌کانی خۆیانیان بردووه‌ته‌وه‌ ئەوروپا؛ به‌ڵام پێویستیی به‌ هه‌وڵ و ماندووبوونی ئێمه‌ی کورده‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ و کۆکردنه‌وه‌ و وه‌رگێڕانیان.

ئه‌گه‌ر گه‌ره‌کمان بێت سه‌ره‌تایه‌ک بۆ مێژووی کەڕووزانی له‌ کوردستاندا ده‌سنیشان بکه‌ین، پێویسته‌ ساڵی گه‌یشتنی ئه‌م ڕووه‌کزانه‌ ئەوروپاییه‌ بۆ کوردستان، وه‌ک یه‌که‌م قۆناغی سه‌رهه‌ڵدانی کەڕووزانیی کوردستانی بپه‌ژرێنین.  لەلایەکی دیکەوە  مۆرداکای کیووبت کووک 1825-1914 له‌دایکبووی بریتانیا له‌ بابه‌تێکیدا باسی هه‌شت جۆر کوارگی کوردستان و لوڕستانی کردووه‌.  وەک پێشتر ئاماژەی بۆ کرا هیچ جێگەی گومان نییە کە هەر رووەکزانێکی ئەوروپایی هاتبێتە رۆژهەڵاتی ناڤین، سەری لە کوردستان داوە و رووەکەکانی کوردستانی تۆمار کردووە؛ بەڵام ئەوە ئەرکی ئێمەمانانە کە بە شوێنیاندا بگەڕێین و بیاندۆزینەوە.

به‌داخه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ کەڕووزانانی کورد یان ڕووه‌کزانانی کورد که‌ هه‌وڵی توێژینه‌وه‌ یان ناساندنی کوارگ و که‌ڕووه‌کانی کوردستانیان دابێت، هیچ زانیارییه‌ک له‌به‌ر ده‌ست دا نییه‌.  ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ هیچ کوردێک نه‌بێت له‌م مه‌یدانه‌دا ئه‌سپی لینگ دابێت، به‌ڵکوو هۆکاره‌که‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌وڵێک درابێت، تاکه‌که‌سی بووه‌ یان له‌ چوارچێوه‌ی کاری زانکۆیی گرێدراو به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی بێگانه‌ له‌ کوردستان بووه‌؛ هه‌ربۆیه‌ ئاکام و ئه‌نجام و نێوه‌رۆکه‌کانیشیان تا ئێستا بۆ ئێمه‌ی کورد بزر و نادیاره‌ و دۆزینەوەیان پێویستیی بە کار و کۆششێکی زۆر و کاتێکی زۆرە.


له‌سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌وه‌ که‌ کرانه‌وه‌یه‌کی بێوێنه‌ هه‌موو جیهانی گرته‌وه‌ و تێکنۆلۆژی و ئاگایی به‌ لێشاو هوروژمی کرده‌ کوردستان، خوێنده‌واران و خوێندکارانی کوردیش هه‌وڵه‌کانیان بۆ خۆناسین و خۆناساندن وه‌ک کورد و وه‌ک نه‌ته‌وه‌ و نه‌ژادێکی جیاواز خسته‌ کار.  له‌م نێوه‌دا خوێندکاران و مامۆستا و توێژه‌رانی کورد له‌ زانکۆکان له‌ کار و توێژینه‌وه‌کانیاندا گرنگییان دا به‌ قارچک و که‌ڕووه‌کانی ناوچه‌ جیاوازه‌کانی کوردستان.  له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ساڵی 2003-2005 لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ورد له‌سه‌ر جۆره‌کانی قارچکی (Pleurotus Eryngii species complex) ئه‌نجام دراوه‌، که‌ (کارگی که‌ما)یش ئه‌ندامێکی ئه‌م نه‌ژاده‌ی کوارگه‌کانه‌.  لێکۆڵینه‌وه‌که‌ له‌لایه‌ن ج. عه‌بدوڵڵازاده‌، م. ر ئاسف و ت. میرمه‌حموودییه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌.  له‌لایه‌ن زانکۆی ئازادی مه‌هاباد و تارانه‌وه‌ چاوه‌دێری و سه‌رپه‌ره‌ستی کراوه‌.  لێکۆڵینه‌وه‌ی ناوبراو کوێستانه‌ به‌رزه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی گرتووه‌ته‌وه‌ و تا به‌رزایی 2700 مه‌تر پێوانه‌ کراوه‌.  ئاکامی لێکۆڵینه‌وه‌که‌ ده‌ریخستووه‌ که‌ کارگی که‌ما ڕاسته‌ له‌ نه‌ژدای پلورۆتو‌س ئیرینگییه‌ به‌ڵام گۆنێکی ته‌واو سه‌ربه‌خۆیه‌ و جیاوازه‌ له‌ هه‌موو گۆنه‌کانی دیکه‌.  به‌م جۆره‌ سه‌لمێنراوه‌ که‌ گۆنێکی تازه‌ به‌ گۆنه‌ تۆمارکراوه‌کانی کوارگی پلورۆتو‌س ئیرینگییه‌وه‌ زیاد بووه‌.  شایانی باسه‌ که‌ ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ ساڵی 2007 له‌ بڵاوکراوه‌ی پاکستانیی زانستی زیندەزانی Pakistan Journal of biological Science دا به‌ زمانی ئینگلیسی بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ساڵی 2012 تویژینه‌وه‌یه‌ک له‌لایه‌ن فه‌رهاد هـ عه‌زیز و فه‌رید م. تۆما ئه‌نجام دراوه‌ لە ژێر ناوی (یەکەم سەرنج لە قارچکەکانی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق). له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و کوارگانه‌ی له‌ نێوان ساڵه‌کانی 1996-2010 دا له‌ ناوچه‌کانی سلێمانی ، هه‌ولێر، سۆران، چۆمان، سیده‌کان، قه‌ندیل و زه‌ڵم کۆکراونه‌ته‌وه‌. به‌گشتی 34 جۆر له‌ 23 نه‌ژاد، 17 خێزان و 7 ده‌سته‌ ناسێندراون و لە بڵاوکراوەیەکی هیندوستانیدا بڵاوکراوەتەوە.

هه‌روه‌تر ساڵی 2013 تویژینه‌وه‌یه‌ک له‌لایه‌ن فه‌رید م. تۆما، هێرۆ م. ئیسماعیل و نارین ق. فه‌قێ عه‌بدوڵڵاوه‌ ئه‌نجام دراوه‌ بە ناوی (ڕووماڵ و ناساندنی کوارگه‌کانی ئوستانی هه‌ولێر).  له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا 44 جۆری کوارگ له‌ 29 نه‌ژاد له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌کانی هه‌ولێر کۆکراونه‌ته‌وه‌ و ناسێندراون.   هەر لە هەولێر توێژیەوەیەکی دیکە لەلایەن سارا ق. سولەیمان، تالیب ئۆ، ئەلخسرەجی و عەبدوڵڵا ئا، حەسەنەوە ئەنجامدراوە لە ژێر ناوی (تۆماری تازەی زلکوارگە هێمدارەکان لە هەرەمی کوردستانەوە- باکووری ئێراق).  لەمەیشدا هەفت کوارگ بۆ یەکەم جار لە ئاستی ئێراقدا ناسێندراون.
هەروەها ساڵی ٢٠١١ توێژینەوەیەک سەبارەت بە  بیماریزابوونی کەڕووی بۆتریۆسفاریا پارڤا کراوە لە زانکۆی دهۆک و لەلایەن رەعد ئا. حەلیم،  سەمیر ک. عەبدوڵڵا و جەلادەت ئێم ئێس جوبراییل.  
بە گشتی کۆمەڵێک وانستە و توێژینەوەی تریش هەن کە لەم بڵاگەدا لاپەڕەیەکمان بۆیان تەرخان کردوون و تێکڕا ژمارەیان ٢٢ دانەیە؛ و سەبارەت بە کەڕووە جۆراوجۆرەکانی کوردستان نووسراون.  تێکدەکۆشین دوواتر نێوەرۆکەکانیان بکەینە کوردی و هەر خاڵێکی گرنگیان تێدا بێت بەم مێژوولکەیەوە زیادی بکەین.

لە ساڵی ٢٠١٣وە کە لاپەڕەی (کۆمەڵەی کوارگەوانانی کوردستان) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک دەستی بەکارکرد، بە هەوڵ و لەخۆبردوویی کۆمەڵێک لە کوارگەوانان و ئارەزوومەندانی قارچک رۆژ لە دوای رۆژ وێنە و ڤیدیۆی قارچکەکانی کوردستان زیاتر بڵاو بوویەوە و ژمارەی جۆرەکان زیاتر هەڵکشا.  هەرچەندە هێشتا سەرژمێرییەکی تەواوی ئەو وێنانە نەکراوە کۆ بۆ ئەم لاپەڕەیە ناردراون بەڵام بەشێوەی گۆترەکاری دەکرێ بگوترێت کە لانیکەم وێنەی ١٠٠ جۆری جیاواز لە قارچکەکانی کوردستان لەوێدا ئەرشیڤکراون؛ کە لە نێو ئەم وێنە. ڤیدیۆیانەدا زۆریان تازەن و پێشتر تۆمار نەکراون.
به‌و هیوایه‌ی به‌شه‌کانی کشتوکاڵ و زیندەزانی و زیندەوەرزانی له‌ زانکۆکانی کوردستان پتر بایه‌خ به‌ کوارگ و که‌ڕوو بده‌ن؛ و تێبکۆشن هه‌رچی زیاتر جۆر و چەشنه‌کانی که‌ڕوو، بەکتریای ئاوەژی و کەڤژاڵەکانی کوردستان کۆ بکه‌نه‌وه‌ و بناسێنن؛ تا له‌ دواجار دا ئێمه‌یش وه‌ک هه‌موو وڵاتانی دیکه‌ له‌ سووده‌ به‌رفراوانه‌کانی کوارگ و که‌ڕووه‌کان، له‌ بواره‌کانی خۆراک و ده‌رمان و پیشه‌سازی دا به‌هره‌مه‌ند بین.





سه‌رچاوه‌کان:

The pleurotus Eryngii species-complex in Kurdistan region of Iran
Pakistan Journal of biological Science 10 (7): 3006-3009, 2007
Survey and Identification of Mushrooms in Erbil Governorate
Research Journal of Environmental and Earth Sciences 5(5): 262-266, 2013

First Observations on the Mushroom in Mountain Area of Iraqi Kurdistan Region
Journal of Advanced Laboratory Research in Biology, Volume III, Issue IV, October 2012

Iranian Research Organization for Science and Technology, M Soharbi April 2010
http://www.myco-lich.ir/His-Lich

ئاگاراگار

ئاگاراگار بەشێوەی تۆز


ئاگاراگار بۆ زۆرێک له‌ خه‌ڵکی، هه‌ر له‌ توێژی زانستییه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ توێژی چێشتلێنه‌ران ناوێکی ئاشنایه‌. له‌لایه‌نی زانستییه‌وه‌ ئاگارئاگار ئه‌و مادده‌ لینجەیە که‌ له‌ بۆڕی و که‌موڵه‌کانی تاقیکردنه‌وه‌دا به‌کارده‌هێنرێت بۆ چاندنی به‌کتریا.
له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ئاگاراگار مێژوویه‌کی دوور و ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه‌ له‌ دروستکردنی (دیسێرت) شیرینی دا، چونکه‌ ئه‌مه‌ پێکهاته‌ی سه‌ره‌کییه‌ له‌ دروستکردنی ‌لەرزەک (جێڵی)، کاسته‌رد، خواردنه‌وه‌ شیرینه‌کان و پودینگه‌کان له‌ خۆراکه‌کانی میانماری، ژاپۆنی، هیندی، فیلیپینی، ڤێتنامی و ڕووسی دا.  وه‌ک جێگره‌وه‌یه‌کی ڕووه‌کی بۆ ئه‌و خواردنانه‌ به‌کار ده‌هێنرێت که‌ لەرزەکیان تێدایه‌. به‌زۆری وه‌ک چڕکه‌ره‌وه‌ و خه‌ستکه‌ره‌وه‌ له‌ خۆراکه‌ هاڕڕاوه‌کاندا به‌کارده‌هێنرێت. هه‌روه‌ها له‌ دروستکردنی به‌سته‌نی(ئایسکرێم)یشدا به‌کارده‌هێنرێت.
هه‌ر ئه‌م ئاگاراگاره‌یش بۆ چاندنی تۆوی زۆربه‌ی زۆری جۆره‌کانی‌ قارچک به‌کارده‌هێنرێت. که‌واته‌ ئه‌و که‌سه‌ی حه‌ز و ئاره‌زووی کارکردنی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ کارگ دا، ده‌بێ ئاگارئاگار بناسێت و به‌کارهێنانی فێر ببێت.
ئاگاراگار بەشێوەی ریشاڵ
ئاگاراگار زۆرجار هه‌ر پێیده‌گوترێت ئاگار. ئاگار به‌ کوڵاندنی جۆرێک قه‌وزه‌ی ده‌ریایی به‌ده‌ست ده‌هێنرێت. ئاگار مادده‌یه‌کی بێ بۆن و بێ تامه‌ و ته‌نراوێکی لووس و ڕیشاڵ ڕیشاڵه‌. ئه‌م مادده‌یه‌ به‌ زۆری له‌ فرۆشگا ئاسیاییه‌کان، له‌و شوێنانه‌ که‌ خۆراکی ته‌ندروستیی ئاسیایی ده‌فرۆشن یان ئه‌و بنکه‌ و فرۆشگایانه‌ی گیاده‌رمان ده‌فرۆشن ده‌ست ده‌که‌وێت. ده‌کرێ له‌و شوێنانه‌ به‌شێوه‌ی تۆز، ورده‌توێژاڵ، بسکۆڵه‌ی گیا یان بلۆکی لەرزەکی(جێڵی) بفرۆشرێت.  بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت به‌ ئاسانتر بیدۆزیته‌وه‌ وا باشتره‌ بڵێیت به‌ دوای لەرزەکی ڕووه‌کی (vegetarian jelly) دا ده‌گه‌ڕێم.  به‌شێکی زۆر له‌ خه‌ڵک به‌م ناوه‌وه‌ ده‌یناسێت نه‌ک به‌ناوی ئاگار.
بۆ ئه‌وه‌ی تۆزی ئاگار بکه‌یت به‌ لەرزەک‌ ده‌بێت ٢ که‌وچکی چا له‌گه‌ڵ دوو کوپ ئاو تێکه‌ڵ بکه‌یت؛ و ماوه‌ی١٠ تا ١٥ خوله‌ک بیشێوێنیت.  ئینجا گه‌رمی بکه‌یت و پاشان ماوه‌ی ٥ خوله‌کی دیکه‌ لێکیبده‌یت.  بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بیت له‌وه‌ی لەرزەکە‌که‌ت دروست بووه‌ یان نا که‌مێک له‌ تێکه‌ڵاوه‌که‌ له‌سه‌ر قاپێکی سارد دابنێ؛  ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی ٢٠-٣٠ چرکه‌دا چڕبوویه‌وه‌ و بوو به‌ لەرزەک‌ ئه‌وا پێگه‌یشتوه‌، ئه‌گه‌ر چڕ نه‌بویوه‌وه،‌ که‌واته‌ که‌مێکی تر له‌ تۆزی ئاگاره‌که‌ بکه‌ نێو تێکه‌ڵاوه‌که‌وه‌ و لێکیبده‌وه‌.


لینجەقەوزەی ئاگاراگار
















15.12.19

سووڕی ژیانی کارگ و رووان و گەشەی ریسوو

سووڕی ژیانی قارچک ئەو کاتە دەسپێدەکات کە دەنکۆڵەیەکی هاگ  لە شوێن و کەشوهەوایەکی لەبار و گونجاودا دەسدەکات بە گەشەکردن.  هاگەکە خۆی ناووکی نێر و مێی تێدایە، دووای ئەوەی گەشەی کرد ناووکە نێر و مێیەکان دەکەونە چالاکی و کرداری پیتاندن روودەدات.  ئاکامی پیتاندنەکە دەبێتە هۆی دروستبوونی دەزوولەی زۆر باریک کە لە زمانی زانستیدا پێی دەڵێن مایسیلیەم؛ و ئێمە لە بەرامبەریدا ریسوو بەکاردەهێنین.  ریسووەکان دووای ئەوە کە گەشەیان کرد و هەراش بوون، وردە تەنی وەک گرێ دروستدەکەن کە بناخەی قارچکە و پێیدەڵێن دوگمە یا دەندووکە.  ئەویش زیاتر گەشە دەکات و دەبێتە کوارگ.  کوارگیش کە تەواو پێگەیشت هاگ  دروستدەکات و دەیپژێنێت و بە هۆی باوە جارێکی دی بڵاو دەبێتەوە و لە شوێنێک دەگیرسێتەوە و دەڕوێتەوە.








ئەم ڤیدیۆیە شێوازی رووان و گەشەکردنی مایسلیەم واتە ریسووە سەرەتاییەکانی کەڕوو نیشان دەدات کە چۆن لە دەفری پێتری دا، و لە ماوەی سێ رۆژدا دەڕوێت و تەواوی رووبەری دەفرەکە داگیر دەکات.

مایسیتیزم یا ژاراویبوون بە کوارگ



ژاراویبوون به‌ کارگ یان مایسیتیزم(Mycetism) بریتییه‌ له‌ کاریگه‌رییه‌کی نه‌رێنی که‌ له‌ ئاکامی خواردنی جۆرێک له‌ جۆره‌کانی قارچک/کارگ تووشی له‌شی مرۆڤ ده‌بێت. نیشانه‌کانی ژاراویبوون بریتین له‌ سه‌ره‌گێژه‌، هێڵنجدان، ڕشانه‌وه‌، چاولێل بوون، بوورانه‌وه‌ و تاد.. ژاراویبون ته‌نیا له‌ ئاکامی خواردنی کوارگه‌ کێوییه‌کاندا ڕووده‌دات، ئه‌ویش له‌ ده‌ره‌نجامی نه‌ناسین یان به‌دناسینی ڕووه‌که‌که‌یه‌. وته‌ی پێشنیان و سه‌رزاران سه‌باره‌ت به‌ لێک جیاکردنه‌وه‌ی جۆره‌کانی کارگی ژەهرین له‌ کوارگی خوارده‌نی، به‌ربڵاون به‌ڵام هیچیان ڕاست نین و ناکرێت پشتیان پێ ببه‌سترێت. هه‌یه‌ ده‌ڵێت هه‌ر کوارگێک ڕه‌نگی کراوه‌ و گه‌ش بێت بۆ خواردن ده‌شێت؛ هه‌یشه‌ ده‌ڵێت هه‌ر قارچکێک قه‌ده‌که‌ی باریک بێت یان په‌ڕه‌کانی ژێر چه‌تره‌که‌ی سپی نه‌بێت، ژاراوی و کوشنده‌یه‌، وته‌ی ئه‌وتۆیش هه‌یه‌ ده‌ڵێت که‌مێک خوێ بکه‌ره‌ سه‌ر قارچکه‌که‌ ئه‌گه‌ر ڕه‌نگی گۆڕا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م جۆره‌ قارچکه‌ بۆ خواردن ناشێت و ژاراوییه‌. کەسانێ هەن دەڵێن هەر کاتێ مێروولە یا زیندەوەرێک قارچکەکەی خواردبوو، نیشانەی ئەوەیە ئەو قارچکە ژەهراوی نییە.  زۆر قسه‌ی تریش هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌مانه‌ هیچیان ڕاست نین؛ زۆر که‌س له‌سه‌ربنه‌مای پشتبه‌ستن به‌م جۆره‌ وتانه،‌ نائاگایانه‌ ژاراوی بووه‌ و مردووه‌.  ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت تا ئێستا هیچ بنه‌مایه‌کی جێ متمانه‌ بۆ لێک جیاکردنه‌وه‌ی کوارگی خوارده‌نی له‌ کوارگی ژاراوی نییه‌ و نه‌زانراوه‌. باشترین ڕێگا هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ سه‌داسه‌د کوارگه‌که‌ بناسیت؛ و دڵنیا بیت که‌ ژاراوی نییه‌.  جاری وا هه‌یه‌ کوارگێک له‌ ناوچه‌یه‌ک خوارده‌نییه‌ به‌ڵام هه‌ر ئه‌م جۆره‌ کوارگه‌ له‌ ناوچه‌یه‌کی دیکه‌ ژاراوییه‌. واتا هه‌ڵکه‌وته‌ی جۆگرافیایی کاریگه‌ریی هه‌یه‌ له‌ دیاریکردنی خوارده‌نی و ژاراوه‌یبوونی قارچک. له‌لایه‌کی تره‌وه‌ شێوازی لێنانی خۆراکی کارگیش بێ کاریگه‌ری نییه‌. کوارگی وا هه‌یه‌ ژاراوییه‌، به‌ڵام به‌ زۆر کوڵاندن ژاره‌که‌ی نامێنێت؛ و ده‌توانرێت ڕێژه‌یه‌کی لێ بخورێت. لەشی مرۆڤەکانیش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و بۆی هەیە کاردانەوەی لەشی من بەرامبەر کوارگی کەما جۆرێک بێ، هی تۆ یا هی ئەو جۆرێکی تر بێت.  رەنگە من قارچکێک بخۆم بۆم ئاسایی بێت بەڵام تۆ بیخۆیت پێی بڕشێیتەوە؛ ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە قارچکەکە رێژەیەکی کەم ژەهری تێدایە کە سیستەمی بەرگریی لەشی تۆ ناتوانێ رووبەڕووی ببێتەوە؛ بەڵام سیستمی بەرگریی لەشی من بەهێزترە بۆیە هەستی پێناکەم.  کوارگی ده‌سچێن و پیشه‌سازی سه‌داسه‌د جێی متمانه‌یه‌ و هیچ چه‌شنه‌ مه‌ترسییه‌ک بۆ سه‌ر گیانی مرۆڤ دروست ناکات.