14.6.21

کەڕووی درەختی قاوە


قاوە یەکێکە لە بەربڵاوترین خواردنەوەکان لە جیهاندا. هەرچەندە زۆر جۆر قاوەی جیاواز هەیە، بەڵام قاوەی عەرەبی لە هەموو جۆرەکانی تر باشترە و کڕیاری زۆرترە. شوێنزای بنەڕەتیی قاوەی عەرەبی ووڵاتی ئەتیوپییە؛ کە سێ چارەگی هەموو قاوەی جیهان پێکدەهێنێت. قاوەیش وەک هەموو ررووەکەکانی تر زۆر جار تووشی نەخۆشی دەبێت. یەکێک لە نەخۆشییەکانی بریتییە لە کەڕووی هێمیلیا ڤاستاتریکس کە لە کاتی بەرزبوونی رێژەی شێدا، لە شێوەی ژەنگ لەسەر گەڵاکانی دەردەکەوێت. پەیدابوونی ئەم ژەنگە دەبێتە هۆی دابەزینی رێژەی بەرهەمی قاوە. بۆ چارەسەری ئەم ژەنگە ماددەی مسی تێکەڵ بە دژەکەڕوو بەکاردەهێنرێت؛ کە لە هەمان کاتدا هێز و ووزەیش دەبەخشێت بە رووەکەکە. بەڵام گرفتی بەکارهێنانی مس لەوەدایە کە دەبێ پێش ئەوەی رووەکەکە تووشی کەڕووەکە بێت، ماددەی مسەکە بەکارهێنرابێت و چووبێتە نێو خانەکانی رووەکەکەوە.
لە تازەترین توێژینەوەدا کە لەسەر درەختەکانی قاوەی ئەتیووپی ئەنجامدراوە، سەلمێندراوە کە ژەنگی قاوە کە خۆی کەڕوویەکی مفتەژی\مشەخۆرە، کەڕوویەکی سەروومشەخۆر\سەروومفتەژی لەسەر دروستدەبێت کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی. واتە سەروومشەخۆرەکە وەک چارەسەرێکی سروشتی، ژەنگە کەڕووەکە چارەدەکات و درەختی قاوەکە تەندروستیی بۆ دەگەڕێتەوە. شایانی باسە کە کەڕووە سەروومشەخۆرەکە بریتییە لە لێکانیسیلیوم لیکانی.

No comments:

Post a Comment