27.6.21

پەرتووکی رووەک




ئەبو حەنیفە لەدایکبووی شاری دینەوەری سەر بە کرماشان بووە لە رۆژهەڵات.  لە سەدەی نۆهەمی زایینیدا ژیاوە و کۆمەڵێک پەرتووکی لە بوارگەلی جیاوازدا هەبووە کە زۆربەیان فەوتاون.  پەرتووکی (ئەنسابول ئەکراد) یا (رەچەڵەکی کوردان) یەکێک لەو پەرتووکانە بووە کە تەنیا ناوەکەی ماوەتەوە.  ئەبو حەنیفە ساڵی ٨٩٥ زایینی کۆچی دوایی کردووە. 


(پەرتووکی رووەک) یەکێکە لە بەرهەمە بەنرخەکانی کە لە فەوتان خوتاری بووە.  دەسنووسی ئەم پەرتووکە بۆ یەکەمجار ساڵی ١٩٤٧-١٩٤٨  بەشێوەی لەت و کوتی جیاواز لە شارەکانی مەدینە و ئەستەنبووڵ دۆزاوەتەوە.  ئەم پەرتووکە دواتر گرنگییەکی زۆری پێدرا لەلایەن زمانەوانانی عەرەبەوە؛ و سوودێکی زۆریان لە ناوی ئەو گیا و رووە ک و زیندەوەرانە وەرگرت کە لە پەرتووکەکەدا نووسراون و لێکدراونەتەوە.  لە ساڵانی دوواتر بۆ سەر زمانگەلی جیاواز وەرگێڕدراوە و توێژینەوەی لەبارەیەوە کراوە.


ئەم پەرتووکە بەشێکی تەرخان کراوە بۆ باسی دۆمبەڵان.  نووسەر لە زمانی شاعیران، نووسەران، زانایان و شارەزایانی سەردەمی خۆی و پێش خۆی باسی دۆمبەڵانی گێڕاوەتەوە و ئاماژەی بە سەرچاوەکان کردووە.  هەروەها هەر شتێکی سەبارەت بە دۆمەڵان لە زمانی خەڵکی ئاساییەوە بیستبێت، بە ووردی نووسیوێتی.  ناوەکانی دۆمبەڵان بە زمانی عەرەبی، شێوەی بەکارهێنانی ووشەکە و هەروەها تاک و کۆ و گەردانکردنی وەک فرمان و تاد.. تەنانەت ناوی چەند رووەکێکی مفتەژی\مشەخۆریشی نووسیوە کە ئەو پێیوابووە لە خێزانی دۆمبەڵانن. 


لەلایەکی ترەوە جۆرەکان و رەنگە جیاوازەکانی و چێژ و مەزە و هەروەها شێوازی خواردنی دۆمبەڵانی باس کردووە.  باسی ئەوەیشی کردووە کە دۆمبەڵان چۆن دەڕوێت (دیارە بە تێگەیشتنی ئەو چاخە).  باسی  ئەوەی کردووە کە بەشی ناوکۆی دۆمبەلان پێکهاتووە لە هاگ واتە تۆو.  هەروەتر ئاماژەی بە سوودە خۆراکی و تەندروستییەکانیشی کردووە.  بەگشتی چواردە لاپەڕە لە پەرتووکەکە بە ناوی (بەشی دومبەڵان) تەرخانکراوە بۆ باس لەسەر دۆمبەڵان.


هەرچەندە ئەبوحەنیفە پەرتووکەکەی بە کوردی نەنووسیوە و هیچ واژەیەکی کوردیی لە پەرتووکەکەدا نەنووسیوە و سەرچاوەکانی زانیاریشی کورد یا کوردی نەبوون بەڵام بۆ ئێمە گرنگە کە ١١٠٠ ساڵ لەمەوبەر خوێندەوار و زانا و پسپۆری وامان هەبووە باس لە دۆمبەلان بکات، شتێک کە تەنیا لە سەدەی بیستەمدا مرۆڤ پەی بە شێوازی روواندنی بردووە.

 

No comments:

Post a Comment