14.6.21

کەڕووی ماست



ماست لەو خۆراکانەیە کە لە کوردستان رۆژانە دەخورێت و خەڵکی دەسکورت و دەوڵەمەند، شارنشین و گوندنشین، گەورە و بچووک ئارەزووی خواردنی ماستیان هەیە و ئەگەر هەموو رۆژێکیش نەیخۆن، لانیکەم لە هەفتەدا چەند ژەمێک دەیخۆن.

ماست لەبەرئەوەی خۆی بەرهەمی چالاکییەکانی بەکتریا و کەڕوویە و لە دۆخی شلیدا دەمێنێتەوە، هەرکاتێک پلەی گەرمای شوێنەکەی بەرز بێت یا بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە، بەکتریا و کەروو پەلاماری دەدەن و لەوێدا دەسدەکەن بە چالاکی. یەکێک لەو کەڕووانە کەڕوویەکی رەنگی ئاڵە کە لەسەر رووی ماستەکە دەڕسکێت.

زۆر کەس کەڕووە بە کەوچکێک فڕێدەدات و ماستەکە دەخوات؛ بەڵام ئەمە هەڵەیە. لەبەرئەوەی ماستەکە شلە رایەڵکە و ریسووی کەڕووەکە کە زۆر جار بەچاو نابینرێن، بە شێوەی ستوونی و ئاسۆیی بە نێو ماستەکەدا بڵاودەبنەوە. ئەم جۆرە کەڕووە کە هەندێک جار بە هۆی گۆڕانی پلەی گەرمایە ژوورەکەوە رەنگی لە نەوان ئاڵ و نارنجیدا دەگۆڕێت بۆی هەیە مەترسیداربێت. چونکە جگە لە کەڕووەکە دوو جۆر بەکتریایش هەن کە هاوڕەنگی ئەم کەڕووەن و پێکەوە یا بە جیا لەسەر ماست و شیر و پەنیر دەڕوێن.

ئەو کەسەی ئەم بەکتریایانە دەخوات بۆی هەیە تووشی تێچکوون لە گەدە و ریخۆڵەکاندا وەک هێڵنجدان و سکچوون، تەنگەنەفەسی و گرفتی میزەڕۆ ببێت.  کەواتە وا باشە هەر ماستێک کە کەڕووی ئاڵ یا نارنجی لەسەری پەیدا دەبێت نەخورێت و فڕێبدرێت.  

جۆرێکی تری کەڕوو کە لەسەر ماست دەڕوێت رەنگی سپییە و هەندێک جار کوڵکنە ناسراوە بە کەڕووی میووکۆر سیرسینێڵۆیدس.  بە گوێڕەی دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا خواردنی ئەم کەڕووە جێگای مەترسی نییە و رەنگە تەنیا هەندێک لەو کەسانەی گرفتی هەناسەیان هەیە، لە دوای خواردنی هەست بە تەنگەنەفەسی بکەن.


No comments:

Post a Comment