دۆمەڵانی بیابان یا دۆمەڵانی دەشتەکی یا ترفاس. لە کوردیدا گوێزرکە و گەپڵەیشی پێدەگوترێت. واژەی. ترفاس کە واژەیەکی زمانی بەربەرە وەک ناوی فەرمی و زانستیی ئەم جۆرە دۆمەڵانە بەکاردەهێنرێت. لە کوردستان لە ناوچە کەمبارانەکانی وەک مەخموور، چیای قەرەچووخ، زورگەزراو، گەرمیان، چەمچەماڵ، شنگال، زومار، بەردەڕەش، نۆغەران، چالووک، زرارەتی، دەشتی قەراج، کەندێناوە و دەشتی مووسڵ دەڕوێت. هەروەها لە چەند ناوچەی رۆژاوا و رۆژهەڵاتی کوردستانیش وەک کرماشان و ئیلام و لوڕستان دەڕوێت. بە گشتی لە هەرێمەکانی دەوروبەری دەریای مەدیتەرانە و باکووری ئەفریقا و باشووری ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناڤین دەڕوێت. پێشتر دەگوترا کە دومبەڵانی بیابان سێ جسنی سەرەکیی هەیە کە بریتین لە تێرێزیا، تیرمانیا و ماتیرۆلۆمایسیس. بەڵام دووامین تاقیکردنەوە دی ئێن ئەیەکانی ساڵ ٢٠١١ لە ئەمریکا سەلماندیان کە ماتیرۆلۆمایسیس دۆمەڵان نییە. تێرفازا پێنج چەشن و تیرمانیا دوو چەشن ی هەیە. رەنگی سپی، سوور و قاوەییان هەیە و قەبارەیان جیاوازە. جۆرە سپییەکە هەندێک جار کێشی دەگاتە سەروو ٣٠٠ گرام. بە زۆری بەشێوەی هاوژینی لەگەڵ هەندێک رووەک و گوڵ و دەوەندا دەڕوێن وەک گیای دانەقەتێ، سارمە، سەڵمۆکە، سپێناخی کێوی، بەرزەلنگ، وەرکەمەر، گیاکەلەم، خەردەلەکێوی، قاپەشینکە، لۆخ و لەوان و تاد… بەگوێرەی دوا سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠١٥ ژمارەی چەشنەکانی جسنی تێرفێزیا ٣٤ دانەیە و جسنی تیرمانیایش پێکهاتووە لە دوو چەشن.
لێرەدا بۆ ئەوەی زانیاری و ئاگایی زۆرتر بدرێتە ئەو کەسانەی ئارەزووی راوکردنی دۆمبەڵانی بیابانیان هەیە ناوی ئەو رووەکانە دەنووسین کە هاوژینن لەگەڵ دۆمەڵانەکان.
١- سارمە، سالم، سەڵمۆکە، سپێناخی کێوی، پێقاز، تەڕەسێمانە. بە عەرەبی پێیدەگوترێت الرغل و ناوە ئینگلسیییەکەی بریتیە لە
Tiatarian roach, Mountain spinach,
گیایەکی بیابانی و خۆڕسکە، خۆراکییە و وەک چێشت بەکاردەهێنرێت. ئەوەندە حەزی لە خاکی خوێڵێنە تەنانەت دەکرێت بە ئاوی دەریا ئاوبدرێت. لەبەرئەوەی تابی گەرما و سەرما دێنێت، زۆر باشە لەو ناوچانە. زۆر دەوڵەمەندە بە ڤتامین ئەی و بڕوێنرێت کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دوچاری رووتانەوە بوون. جاری وایە ریشەی تا چوار مەتر رۆدەچێتە ناخی زەوی. سێ چەشنی ئەم گیایە لە بیابانەکان وەک ئالیکی ووشتر دەڕوێت وبەکاردەهێنرێت کە ئەمانەن: ئاتریپلێکس کانێسێنس، ئتریپلێکس هالیموس و ئاترپلێکس لیۆکۆکڵادا.
٢- سانتۆنیا، رێحانە کێویلە، بۆنخۆشکە ، بەرزەلنگ، زەنگوڵەگیا، وەرکەمەر، بەرزەڵین، وەرک. بە عەرەبی بریتییە لە الشیح و ناوە ئینگلیسییەکەیشی بریتیە لە Artemisia
جسنێکی رووەکەکان کە دووسەد تا چوارسەد چەشنی جیاوازی هەیە و سەر بە خێزانی (ئەستێراسیی)ە. زۆربەیان بۆنێکی بەهێز و تامێکی تالیان هەیە. گیایەکی تەمەن درێژی هەمیشە سەوزە نزیکەی نیو مەتر بەرز دەبێتەوە. لە دەوەنی رۆزماری دەچێت و لک و گەڵاکەی خۆڵەمێشییە. لە دەشت و کێو دەڕوێت. ئەوەیان کە لێرەدا مەبەستی ئێمەیە و لە ئێران و تورکیا دەڕوێت، گوڵەکەی سەوزی مەیلە و زەردە. بۆ مەبەستی پزیشکی بەکاردەهێنرێت. دەرمانی ژانەزگ و کرم فڕێدانی لێدەردەهێنرێت و بۆ گەدەو ریخۆڵە باشە. هەروەها رۆنێکی سەوزی تێری لێدەردەهێنرێت. لە دروسکردنی مەیی ڤێرمۆن دا بەکاردێت. لاسک رەق و تووکنە و گەسکی لێ ساز دەکرێت.
٣- خەرتەلە کێویلە، کووزەڵەی تورکی، گیاکەلەم . بە عەرەبی پێیدەگوترێت الخضیرە و بە ئینگلیسی Bunias orientalist, Turkish Warty cabbage, warty cabbage, hill mustard, Turkish rocket
گیایەکی دەشتەکییە لە جسنی بونیاس قەد و گەڵاکەی تووکاییە و لە ناو کێڵگە و مێرگدا دەڕوێت و بۆ لەوەڕی ئاژەڵ باشە. لە ناوەندی ئەوروپا و چەند بەشێکی باکووری ئەمریکا وەک رووەکێکەی غەوارە و نامۆی پەلاماردەر هەژمار دەکرێت. گوڵەکانی زەردە. هەر گرێیەک لە قەدەکەی یەک گەڵا دەردەکات. گەڵاکانیش ددانەدارن.
٤- زەل، لەوان، جەگەن، جیان، لۆخ، گیامەترەق، لەبان، لەوان. بە عەرەبی پێیدەگوترێت الحلفا و بە ئینگلیسی بریتییە لە Satin tail, Stypa, Esparto grass, Laiong grass, Stipa tanacissima
جۆرە گیایەکە لە زەل دەچێت، باڵای تا مەترێک و نیو بەرز دەبێت. لە ووڵاتانی ناوەند و رۆژاوای مەدیتەرانە وەک پۆرتوگال، مەراکیش، ئەلجەزایر توونس و لیبیا دەڕوێت. قەراغی گەڵایەکەی ددانەدار و تیژە وەکوو گەڵای خورما. لە زەویی ووشک و بەردەڵانیی زۆر تفت و بێپێزدا دەڕوێت. بە هیچ شێوەیەک لە سێبەردا گەشە ناکات. تابی گەرما و بێ ئاوی دەهێنێت. گەڵاکەی بۆ هاڵاش و پەردووی خانوو بەکاردەهێنرێت هەروەها قایەغ، حەسیر و سەبەتە و پەتکی لێدروستدەکرێت و تەنانەت کاغەزیشی لێدروستکراوە. گەڵا و تۆوەکەی دەخورێت. تۆوەکەی دەهاڕدرێت و لەگەڵ ئارد تێکەڵدەکرێت و دەکرێتە نان.
جگە لەمانە لەگەڵ زۆر جۆرە گیای تریش هاوژینن و تەنانەت لەگەڵ درەختی سەرو و سنۆبەر و بەڕوو و زەیتوونیش هاوژینن.