29.3.22

کوارگی گوێ بەرخە

شوێن: تەقتەق، باشووری کوردستان

ژینگە: دەم چەم و نێو گیا و چیلکە و گەڵا

وەرز: سەرەتای مانگی نەورۆز

ساڵ: ٢٠٢٢

وێنە و ڤیدیۆ: هێمن حەمەدەمین


وەسف:

رەنگی کڵاوەکەی کە لە راستیدا کڵاو نییە بەڵکوو تەنراوێکی تەنکی لۆچدارە، قاوەیی تۆخە.  دیوێکی ئەم تەنراوەیە کە دیوی دەرەوە یا سەرەوەیەتی لووسە.  دیوەکەی تری رەنگی جیاوازە واتە سپییەکی مەیلەو خۆڵەمێشییە.  لە وێنەکان و ڤیدیۆکەدا وا دەردەکەوێت کە ئەم بەشە لە قارچکەکە لە کوارگی دارگۆش دەچێت.  وەک گوتمان بەشی سەرەوەی لە کڵاو ناچێت؛ و لە راستیدا لە مێزەر دەچێت؛ بۆیە لێرەدا واژەی مێزەری بۆ بەکار دەهێنم.  گنج و لۆچی مێزەرەکەیان هەموو جارێ وەک یەک نییە، هەندێک جار لۆچی زۆر کەمە و دەڵێی دارگۆشە.  خاڵێکی سەرنجڕاکێش لەم چەشنە قارچکەدا ئەمەیە کە هەندێکیان دوو مێزەریان هەیە واتە لە بەشی سەرەوەی قەدەکەیاندا لکێکی باریک جیا دەبێتەوە کە مێزەرێکی جیاوازی لێدەڕوێت.


قەدی کوارگی گوێ بەرخە سپییەکی تۆزکاڵێک قەیماغییە.  درێژییەکەی لە دە سەنتیمەتر تێناپەڕێت.  نێوەکەی هوڵۆڵە واتە بەتاڵە.  دیواری قەدەکە نەرم و تەنکە و زۆر لە بۆڕیی پلاستیک دەچێت.  لای سەرووی قەدەکە تەنیا لە دوو خاڵی جیاوازەوە بە مێزەرەکەوە چەسپاوە.  رەنگی دیوی ناوەوەی قەدەکەی سپیترە لە رەنگی دەرەوەی.


هاگەکانی کوارگی گوێ بەرخە بەو دیوەی مێزەرەکەوە نووساون کە دەکەوێتە لای خوارەوە یا نێوەوە و رەنگی سپییە.  بەگوێرەی ئەوانەی خواردوویانە چێژ و مەزەی قارچکی گوێ بەرخە لە دۆمەڵانەوە نزیکە؛ هەر بۆیە دەشێ بگوترێت لە کوارگە خۆشەکانە.


هەرچەندە تا تاقیکردنەوە و پشکنینی ووردی ئەزمونگەیی نەکرێت ناکرێت بڕیار لەسەر چەشن و جسنەکەی بدرێت، بەڵام بە باوەڕی من لە جسنی مۆرچێلایە.  ئەم جسنە تا ئێستا ٨٠ چەشنی لێ ناسراوە و لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانیش چەند چەشنێکیان تۆمار کراون.  

شایانی سەرنجە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە باڵەکایەتی و برادۆست وێنەی ئەم کوارگەمان بۆ هاتبوو بەڵام بە هۆی ئەوە کە کوایەتیی وێنەکان باش نەبوو، لامان وابوو کە زڕە مۆرێلن.  هەرچەند زڕە مۆرێلەکان ژەهراوین بەڵام هیچکامیان کوشندە نین.  ئەم گوێ بەرخەیە نەک ژەهراوی نییە، بەڵکوو لە ناوچەی تەقتەق ناسراوە و مەردم وەک کوارگێکی خۆش ناوی دەبەن؛ تەنانەت کیلۆی بە ١٥ هەزار دینار دەیفرۆشن کە گرانترە لە نرخی کیلۆیەک گۆشت.

25.3.22

تاقی رۆژی پەسڵان



بانکی تۆو شوێنێکە بە تایبەتی دروست دەکرێت و رێکدەخرێت بۆ ئەوەی تۆوی رووەکی تێدا بپارێزرێت. پاراستنی تۆو نەک وەک ئەوەی لە سایلۆکاندا بە هەزاران تۆن گەنم و دانەوێڵە دەپارێزرێت، بەڵکوو بڕێکی کەم لە هەموو جۆر و چەشنە تۆوێک لەو شوێنەدا هەڵدەگیرێت و دەپارێزرێت؛ بۆ ئەوەی لە کاتی هەر رووداوێکی گەورەی سروشتیدا کە ببێتە هۆی نەمانی رووەکەکە، سوودی لێ وەربگیرێت.

لە ئاستی دنیادا پتر لە هەزار بانکی تۆو هەیە. هەندێکیان تایبەتین و زۆریشیان دەوڵەتین. زۆرێک لەم بانکانە بۆ هەموو جۆرە تۆوێک تەرخانکراون؛ بەڵام هەندێکیان بۆ کۆمەڵێک تۆوی تایبەت. بۆ وێنە لە بریتانیا، نیوزیلەند و چین بانکی تایبەتی پاراستنی تۆوی کەڕووەکان هەیە.

گەورەترین بانکی تۆوی جیهان لە خاکی نۆروێژ دایە بە ناوی (تاقی نێونەتەوەیی تۆوی سڤاڵبارد) کە ناسراوە بە ( Doomsday Vault ) یا تاقی رۆژی پەسڵان. ئەم بانکی تۆوە کەوتووەتە چاڵایی کێوێکی سەهۆڵین لە دورگەیەکی سەرووی بازنەی جەمسەریی باکوور لە نێوان ووڵاتی نۆروێژ و جەمسەری باکووردا.



لەم شوێنە دەخمەیەک لە شێوەی تاق سازکراوە کە میلیۆنان دەنکە تۆو تێیدا هەڵگیراوە و پێکهاتووە لە پتر لە ٩٣٠ هەزار جۆر تۆوی رووەک. زۆرترین جۆری تۆوی رووەکەکانی جیهانی تێدا پارێزراوە. لە راستیدا مەبەست لە دروسکردنی ئەم شوێنە پاراستنی زۆرترین جۆرەکانی تۆوی رووەکە لە سەرتاسەری جیهان نەک تەنیا لە وڵاتی نۆروێژ.

شوێنەکە لە پێشەوە وەک تاقێک دروستکراوە و دەرگایەکی پۆڵای هەیە و سیستمی هەوای بۆ رێکخراوە تا هەوای شوێنەکە لە ئاستێک رابگرێت. ئینجا بە شێوەی لوولەکی درێژ بووەتەوە و هۆڵێکی سەرەکیی تێدایە. لە دوواوە سێ ژووری تایبەت بە پاراستنی تۆوەکان دروستکراوە کە تەنیا ژووری نێوەراست ئێستا پڕە لە تۆو. بە گشتی ١٥٠ مەتر لە قووڵایی کێوەکەدایە.

22.3.22

کارگ لە چارەسەری نەخۆشیی هەنگدا

٢٩\١\٢٠٢١
لە هەنگەوانیدا نەخۆشییەک هەیە کە لەم ساڵانەی دووای ٢٠٠٠ەوە زۆر بەربڵاوبووە پێی دەگوترێت ئاڵۆزیی داڕووخانی پوورە یا (CCD). هەنگەکان توانای فڕین و چالاکی لەدەست دەدەن و دەمرن. کاتێک ئەم نەخۆشییە لە پوورەی هەنگێکدا سەرهەڵدەدات لە نەکاو هەموو هەنگە کارکەرەکان وون دەبن و شاهەنگ و خۆراکێکی زۆر و چەند پەرەستارێکیش بەجێدەهێڵن بۆ پەرەستاریکردن لە بێچووە پێنەگەیشتووەکان. ئەم دیاردەیە هەم لە بەهار و هەم لە پاییزدا روودەدات. ئەمە لە ئەمریکا و ئەوروپا زیانێکی زۆری بە هەنگەوانان گەیاندووە و ئاستی بەرهەمەکەیانی دابەزاندووە.

دوای ئەوە کە دەوڵەتی ئەمریکا بودجەیەکی زۆری تەرخانکرد بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە، دەرمانی ئەم نەخۆشییە دۆزرایەوە و لە سێ جۆر قارچک دروستکرا. بۆ ئەم مەبەستەیش ریسووی هەرکام لە کوارگەکانی ترامێتیس ڤێرسیکەڵەر (کلکەقەل)، فۆمس فۆمەنتاریوس (پووشوو) و گانۆدێرما ئەپڵانتوم تاقیکردنەوەیان لەسەرکرا و سەرکەوتنیان بەدەسهێنا لە چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییەدا.

شێوازی چارەسەرییەکە زۆر ئاسانە، تراوی ریسووی هەرکام لەم سێ جۆرە قارچکە لەگەڵ شەکر و ئاو تێکەڵ دەکرێت و دەدرێت بە هەنگەکان. شایانی باسە ئەم سێ جۆرە کوارگە لە کوردستان بە شێوەی خۆڕسک هەن. 

سەرنج: هەر لەم بڵاگەدا دوو بابەتی تر لەسەر چارەسەریی نەخۆشیەکانی هەنگ نووسراوە.

کەڕوو مۆرانە

٢٠\٨\٢٠٢١


جسنێک لە قارچک هەیە کە نزیکەی سی تا چل جۆری جیاواز لە خۆی دەگرێت. ئەم جۆرە کوارگانە بە زۆری لە ئاسیای رۆژهەڵات و ئەفریقا دەڕوێن. خەسڵەت و تایبەتمەندییەکی سەرسوڕمێن کە ئەم جۆرە کوارگانە هەیانە لە جۆرە قارچکەکانی تردا بەدیناکرێت.
ئەوەیش بەم جۆرەیە:
لە کاتێکدا کە قارچکەکانی تر هەندێکیان وەک مفتەژی لەسەر دار و درەختی زیندوو، هەندێکیان لەسەر درەختی مردوو، هەندێکیان بە هاوژینی لەگەڵ رووەک و درەختدا دەژیێن؛ هەندێکیان لەسەر لاشەی مێرووی زیندوو دەژین و پاشان دەیکوژن؛ قارچکە مۆرانە وەک هیچکامیان نییە. ئەم جۆرە کوارگە لە راستیدا دەکرێ بگوترێت کە بەرهەمی کار و زەحمەتی مۆرانەیە. 

بۆ زانیاری، مۆرانەکان لە خواردنی درەختدا زۆر ئازا و چالاکن، زۆر جۆری جیاوازیان هەیە، هەندێکیان لە قووڵایی خاک دەژیێن. ئەمانە هاگ (تۆو)ی قارچکەکە دەدۆزنەوە و دەیبەن لای خۆیان هەڵیدەگرن. دوای ماوەیەک هاگەکە گەشەدەکات و دەبێتە ریسوو (مایسیلیەم). بەرەبەرە زیاتر گەشەدەکات و تا دەبێتە کارگی تەواو. سوودی ئەم قارچکە بۆ مۆرانە ئەوەی تا ئێستا زانراوە بریتییە لە ماددەی شەکر و ئەنزایم کە دەریدەدات. مۆرانەکان بە وەرگرتنی شەکر لە کوارگەکە ژیانی خۆیان بەسەردەبەن. هەروەها بە ئەنزایمەکەیش دەتوانن ماددەی لیگنینی درەختەکان لەناوبەرن و بە ئاسانی درەختەکان ببڕن و بیانخۆن. دیارە هێشتا ووردەکاریی زیاتر ماوە سەبارەت بەم جۆرە قارچکانە بزانرێت.

 


روونكردنه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ ژه‌هراویبوون به‌ كارگ

٩\١٢\٢٠١٨
به‌گوێره‌ی چه‌ند هه‌واڵ و راپۆرتێكی ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی كوردستان، له‌م رۆژانه‌ی رابردوودا نزیكه‌ی دوازده‌ كه‌س له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌ی رانیه‌ و قه‌ڵادزێ به‌هۆی خواردنی كارگ ژه‌هراوی بوون و گه‌یه‌نراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌. ژه‌هراویبوون به‌ قارچك دیارده‌یه‌كی نائاسایی نیه‌ و ساڵانه‌ سه‌دان و هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به‌هۆی خواردنی كوارگه‌وه‌ ژه‌هراوی ده‌بن یا ده‌مرن. كوردستانیش به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جۆغرافیایی و ئاووهه‌وای گونجاو و له‌باری، جۆره‌ها قارچكی لێده‌ڕوێت. هه‌ر ساڵێكیش رێژه‌ی باران به‌رز بێت و شه‌پۆلی سه‌رما دره‌نگ رووبكاته‌ وڵات، ده‌رفه‌تی زیاتر و باشتر ده‌ڕه‌خسێت بۆ رووان و رسكانی كوارگی زیاتر و جۆر و گۆنی هه‌مه‌ڕه‌نگ.
كارگ كه‌ جۆرێكه‌ له‌ كه‌ڕوو له‌ سروشتدا ژماره‌یان له‌ هه‌زاران تێده‌په‌ڕێت. مه‌رج نییه‌ قارچكێك كه‌ له‌ ئه‌وروپا ده‌ڕوێت له‌ كوردستانیش بڕوێت. مه‌رج نییه‌ قاچكێك كه‌ له‌ وه‌رزی به‌هاردا ده‌ڕوێت، له‌ وه‌رزه‌كانی تریشدا بڕوێت، رووان و رسكانی كوارگه‌كان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ رێژه‌ی شێ و باران و پله‌ی گه‌رما له‌ سروشتدا. گونجاوترین پله‌ی گه‌رما بریتییه‌ له‌ پله‌ی ١٨ی سه‌دی تا ٣٠ی سه‌د و هه‌روه‌ها رێژه‌ی ٦٠ تا ٩٠ی شێ. به‌شێوه‌یه‌كی ئاسای له‌ وڵاتی ئێمه‌دا ئه‌م پله‌ی گه‌رما و رێژه‌ی شێیه‌ له‌ وه‌رزه‌كانی به‌هار و پاییزدا فه‌راهه‌م ده‌بن؛ هه‌ربۆیه‌ زۆربه‌ی زۆری جۆر و گۆنه‌كانی كارگی كوردستان له‌م دوو وه‌رزه‌دا ده‌ڕوێن؛ هه‌رچه‌نده‌ له‌ وه‌رزه‌كانی زستان و هاوینیشدا له‌ هه‌ندێك شوێنی كوردستان قارچكی جیاواز ده‌رده‌كه‌ون.
ئه‌و كوارگانه‌ی له‌ به‌هاردا ده‌ڕوێن و خه‌ڵكی ئێمه‌ زۆر بایه‌خیان پێده‌دات كارگی كوێستانه‌كانن. به‌شێكی گرنگی بایه‌خپێدانیان له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ ئاسانی ده‌ناسرێن و جێگای گومان نین؛ چونكه‌ ئه‌وان خه‌سڵه‌تی هاوژینیان هه‌یه‌ كه‌ له‌ زمانی زانستیدا پێیده‌ڵێن (سیمبایۆتیك). ئه‌وان هه‌ركامه‌یان له‌پاڵ رووه‌كێكی دیاریكراودا ده‌ڕوێت و كه‌سی كوارگه‌وان رووه‌كه‌كه‌ ده‌ناسێت، هه‌ربۆیه‌ بێ ترس و دوودڵی قارچكه‌كه‌ ده‌چنێت و ده‌یخوات. جۆرێكی تر بریتییه‌ له‌ كوارگێكی سپی كه‌ ژێر كڵاوه‌كه‌ی په‌مه‌یی یا قاوه‌یی كاڵه‌ و له‌ نێو مێڕگ و چیمه‌نان ده‌ڕسكێت و به‌ (كارگه‌مێرگه‌) ناسراوه‌ و به‌شێوه‌ی بازرگانیش له‌ ئاستی جیهاندا پڕفرۆشترین قارچكی جیهانه‌ و پێده‌ڵێن (كوارگی دوگمه‌یی). دیاره‌ جۆری تریش به‌گوێره‌ی ناوچه‌كان هه‌ن كه‌ ناوی جیاجیایان هه‌یه‌ و شێواز و تام چێژی جیاوازیان هه‌یه‌..
له‌ وه‌رزی پاییزدا، به‌تایبه‌تی له‌ پاییزی ته‌ڕدا ژماره‌ و جۆری كوارگه‌كان زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ئامارێك له‌ جۆره‌كانی قارچكی كوردستان له‌ده‌ستدا نییه‌ و كه‌س نازانێت چه‌ند جۆر قارچك له‌ وڵاتی ئێمه‌دا ده‌ڕوێت، به‌ڵام تا ئێستا به‌ گوێره‌ی چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ هه‌ولێڕ و سلێمانی دا ئه‌نجام دراون ئاماژه‌ به‌ هه‌بوونی نزیكه‌ی ٨٠ جۆر قارچك كراوه‌. بێگومان له‌م هه‌شتا جۆره‌ به‌شێكیان ژه‌هراوین و به‌شێكیان خۆراكین؛ به‌ڵام به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێی كوردستان و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی سروشتی گونجاوی كوردستان ، چاوه‌ڕوانده‌كرێت ژماره‌ی قارچكه‌كان پێنج به‌رابه‌ری ئه‌مه‌ بێت. به‌ وته‌یه‌كی دیكه‌ هه‌ر كوارگێك كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار چاوت پێیده‌كه‌وێت، ره‌نگه‌ ئه‌و قارچكه‌ هێشتا نه‌ناسرابێت و له‌ هیج شوێنێك تۆمار نه‌كرابێت؛ ته‌نانه‌ت بۆی هه‌یه‌ قارچكی وامان هه‌بێت كه‌ تایبه‌ت بێت به‌ كوردستان و له‌ هیچ وڵاتێكی تر نه‌ڕوابێت.
دوای ئه‌م پێشه‌كییه‌ دێمه‌ سه‌ر كرۆكی بابه‌ته‌كه‌ كه‌ باسی ژه‌هراویبوونی هاووڵاتیانه‌ له‌ ناوچه‌كانی رانیه‌ و قه‌ڵادزێ. دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی رانیه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ودا بۆ پێشگیری له‌ زیاتر ژه‌هراویبوونی هاووڵاتیان هه‌ندێ ڕێنومایی بڵاوكردوووه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆر قسه‌ هه‌ڵده‌‌گرێت و ناكرێ سووك و ئاسان به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕین.‌ دیاره‌ زۆر گه‌رام به‌ شوێن كۆپییه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌ی راگه‌یه‌ندراوكه‌دا كه‌ ده‌ستم نه‌كه‌وت؛ به‌ڵام وێبسایتی (ژیان دۆت كۆ) كورته‌یه‌كی پڕ له‌ هه‌ڵه‌ی لێ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. له‌ودا وه‌ك ره‌وشتی پێشوو باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ به‌ (خوێ) ده‌توانرێت كارگی ژه‌هراوی و خۆراكی له‌یه‌كتری جیا بكرێنه‌وه‌.. هه‌روه‌ها نووسراوه‌ كه‌ هاووڵاتیان خۆیان دوور بگرن له‌ خواردنی هه‌ر قارچكێك كه‌ له‌ بن دار و ده‌وه‌ن رووابێت چونكه‌ به‌ وته‌ی ئه‌وان پێكهاته‌ی ژه‌هرین له‌ داره‌كانه‌وه‌ وه‌ردگرن. له‌ خاڵێكی تردا نووسیویانه‌ هاووڵاتیان ده‌بێ خۆیان به‌ دوور بگرن له‌ خواردنی كوارگێك كه‌ كڵاوه‌كه‌ی یا قه‌ده‌كه‌ی سوور بێت.
خۆزگه‌ ئه‌م به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌ی رانیه‌ له‌ جیاتی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ قسه‌ بێبنه‌مایانه‌ وێنه‌ی چه‌ند كارگێكی بڵاو بكردایه‌ته‌وه‌ و له‌ ژێریانه‌وه‌ بینووسیبایه‌ ئه‌م قارچكانه‌ ژه‌هراوین! ئیدی هیچ پێویست نه‌بوو خه‌ڵكی چه‌واشه‌ و لاڕێ بكرێت و راستییه‌كانیان له‌ بشێوێندرێت.. وه‌ك پێشتر گوتمان كارگ هه‌زاران جۆری هه‌یه‌ و ئه‌و ژه‌هره‌ی له‌ كوارگه‌ ژه‌هراوییه‌كاندایه‌ ته‌نیا یه‌ك جۆر نییه‌ تا به‌ یه‌ك شێواز و كه‌ره‌سته‌ بدۆزرێته‌وه‌ و ده‌سنیشان بكرێت. ئه‌فلاتۆكسین، ئۆكراتۆكسین، سیترینین، ئیرگۆت، پاتولین و فیوزاریه‌م چه‌ند دانه‌یه‌كن له‌و ژه‌هرانه‌ی كه‌ له‌ قارچكه‌ ژه‌هراوییه‌كاندا ده‌سنیشان كراون. قارچكی وا هه‌یه‌ به‌ته‌نیا چوا جۆر ژه‌هری ده‌رده‌ات؛ له‌ هه‌مان كاتدا هه‌یشه‌ به‌چه‌ندین جۆر قارچك یه‌ك جۆر ژه‌هر ده‌رده‌ه‌ن. ده‌سنیشانكردنی جۆره‌كانی ژه‌هر رێباز و كه‌ره‌سته‌ی جیاوازیان پێویسته‌ و هه‌موویان به‌ پڕژاندنی خوێ به‌سه‌ر كوارگدا ده‌رناكه‌ون. كێ ده‌زانێ ئه‌و كه‌سه‌ ژه‌هراویبووانه‌ به‌م جۆره‌ ئامۆژگارییه‌ سه‌قه‌ت و نادروسته‌ نه‌خه‌ڵه‌تاون و ژه‌هراوی نه‌بوون؟!
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی زانستی له‌ ده‌ستدا نییه‌ كه‌ بیسه‌لمێنێت ئه‌و قارچكه‌ی له‌ بن دار و ده‌وه‌ن ده‌ڕوێت ژه‌هراوییه‌. هه‌روه‌ها هیچ به‌ڵگه‌یه‌كش له‌ده‌ستدا نییه‌ بیسه‌لمێنێت هه‌ر قارچكێك كڵاوه‌كه‌ی و قه‌ده‌كه‌ی سوور بێت، ژه‌هراوی بێت. ئه‌و كارگه‌ سووره‌ی كه‌ ژه‌هراوییه‌ و جێی مه‌ترسییه‌ و زۆر ناسراوه‌، یه‌ك دانه‌یه‌ كه‌ ناسراوه‌ به‌ ئه‌مانیتا موسكاریا و له‌ نزیك دار ده‌ڕوێت. ئیدی مه‌رج نییه‌ هه‌ر كوارگێك سوور بوو یا له‌ نزیك دار ڕووا ژه‌هراوی بێت. ئه‌سڵه‌ن تا ئێستا به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ ئه‌مانیتا موسكاریا له‌ كوردستان هه‌بێت!
من ده‌توانم ئێستا لیستی كۆمه‌ڵێك كارگی ژه‌هراوی به‌ وه‌سف و تایبه‌تمه‌ندی و وێنه‌وه‌ بڵاو بكه‌مه‌وه‌ به‌ڵام گرفته‌كه‌ لێڕه‌دایه‌ كه‌ نه‌ خۆم و نه‌ هیچكه‌س و لایه‌نێكیش دڵنیا نین له‌وه‌ه‌ی كه‌ كامه‌ قارچك له‌ قارچكه‌ ژه‌هراوییه‌ ناسراوه‌كانی جیهان له‌ كوردستان هه‌یه‌ و ده‌ڕوێت؟! ره‌نگه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی لیستێكی وا له‌لایه‌كه‌وه‌ سوودی هه‌بێت؛ به‌ڵام بێگومان زیانیشی ده‌بێت و ره‌نگه‌ به‌هۆی لێكچوونی قارچكه‌كانه‌وه‌ زۆركه‌س ناچار بكات كه‌ پشت بكاته‌ خواردنی خۆشترین كوارگی كوردستان.
هیوادارم ئه‌م كورته‌ روونكردنه‌وه‌یه‌ به‌س بێت بۆ هاتنه‌وه‌ هۆشی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و ته‌ندروستی كارده‌كه‌ن و له‌سه‌ر قارچك نابه‌رپرسانه‌ ده‌دوێن و چه‌واشه‌كاری ده‌كه‌ن.