24.2.22

برشی ترایکۆدێرما ریسی

ترایکۆدێرما ریسی  Trichoderma reesei کەڕوویەکە لە جسنی ترایکۆدێرما، خێزانی هایپۆکریسیی، سانی هایپۆکریڵەکان، پۆلی سۆرداریۆمایسیت و کەرتی ئاسکۆماسیتەکان.  بریتییە لە کەڕوویەکی میانەدۆست و دەزوولەیی.  واتە حەزی لە کەشوهەوای مامناوەندییە و شێوەکەیشی لە برش دەچێت.  ئەم کەرووە بریتییە لە شێوەبگۆڕ (ئانامۆرف)ی کەڕووی هایپۆکری جیکۆرینا؛ و دەتوانێت بڕی زۆر لە ماددەی چزێنە سیلیولۆتیکەکانی وەک سیلیوولیزەکان و نیمچە سیلیوولیزەکان بدەڵێنێت.  لە پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێت بۆ گۆڕینی ماددە سیلیولۆزییەکان بۆ شەکر و زیندەئیتانۆڵی هەرزان. 


ترایکۆدێرما ریسی لە بنەڕەتدا لە دورگەکانی سڵێمان و لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا تەریکخرایەوە بەهۆی ئەوەی کانڤاس و جلکی سوپای ئەمریکای دادەشکاند.  هەموو ئەوگۆنانەی ئێستا بەکاردەهێنرێن لە زیندەتەکنۆلۆژی و توێژینەوەی بنگەییدا لەم تەریکخرانەوەیەوە وەرگیراون.  شایانی باسە کە لەو رێکەوتەوە کە ئەم کەڕووە دۆزراوەتەوە زۆر پێشخراوە.

یەکێک لە تازەترین بەکارهێنانەکانی کەڕووی ترایکۆدێرما ریسی بریتی بوو لەو ئەزموون و تاقیکردنەوەی کە لەلایەن زانکۆی هێڵسنکی و ناوەندی توێژینەوەی تەکنیکیی فینلەند ئەنجامدرا.  لەودا دەستەیەک لە زانایان ئەو بۆهێڵ (جین)ەی کە بەرپرسە لە هەڵگرتنی بلووپرینتی (ئۆڤاڵبوومین)سپێنەی هێلکە بە کەرەستەگەلی نوێی زیندەتەکنۆلۆژیانە ترنجاندوویانەتە نێو کەڕووی ترایکۆدێرما ریسییەوە.  لە ئەنجامدا کەڕووەکە هەمان ئەو پرۆتینە دەدەڵێنێت و بەرهەمدەهێنێت کە مریشک بەرهەمیدەهێنێت.  پاشان پرۆتینەکە  لە خانە کەڕووییەکان جیادەکرێتەوە، خەستدەکرێتەوە و ووشکدەکرێتەوە بۆ دروسکردنی ئەو بەرهەمەی مەبەستە کە بریتییە لە ئۆڤاڵبوومینی هێڵکە بەشێوەی تۆز(پاودەر).  


شایانی باسە کە ئۆڤاڵبوومینی هێلکە پتر لە نیوەی سپێنەی هێلکە پێکدەهێنێت و ساڵانە بە بڕێکی زۆر لە پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێتتەنیا ساڵی ٢٠٢٠ لە ئاستی جیهاندا ١،٦ میلیۆن تۆن ئۆڤاڵبوومین بەکارهێنراوە. هەربۆیە زانایان دەگەڕان بە دوای دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ هێلکەی مریشک کە هەرزانتر بێت و گونجاوتر بێت لەگەڵ ژینگەدابە بەراورد لەگەڵ هێلکەی مریشکدا لە سەدا نەوەد کەمتر رووبەری خاک بەکارهەنراوە و لەسەدا ٣١-٥٥ کەمتر گازی کەسکەماڵی دەردراوە.




سەرچاوە

یورۆپیان ساینتیست

مایکۆکۆسم

بایۆمەد سەنتراڵ

22.2.22

قارچکی پۆدۆسترۆما کۆرنوو-دامای

 کوشندە 

بە زمانی ژاپۆنی پێیدەگوترێت کاینتاکی.  هەروەها بە مەرجانی ئاگرینی ژەهراویش ناسراوە.  چەشنە کەڕوویەکە لە جسنی پۆدۆسترۆما، خێزانی هایپۆکریسیی، سانی هایپۆکریڵەکان، پۆلی سۆرداریۆمایسیت و کەرتی ئاسکۆمایکۆتایە.  تەنمیوەی ئەم قارچکە زۆر زۆر ژەهراوییە و چەند جۆرێک ژەهری ترایکۆتیسینی تێدایە.   گوایە هەر کەس دەستی بەر ئەم قارچکە بکەوێت، لەشی تووشی سووربوونەوە و رووشان دەبێت؛ بەڵام ئەمە نەسەلمێندراوە.


ئەم چەشنە کوارگە یەکەم جار ساڵی ١٨٩٥ لە چین دۆزراوەتەوە و هەر ئەو ساڵەیش لەلایەن نارسیس تێۆفیل پاتویڵاردەوە وەک هایپۆکری کۆرنوو-دامای وەسفکرا.  ساڵی ١٩٠٥ گوازرایەوە بۆ جسنی پۆدۆکری و ساڵی ١٩٩٤ کەڕووزانی ژاپۆنی تسوگۆ هۆنگۆ و ماسانا ئیزاوا گواستیانەوە بۆ جسنی پۆدۆسترۆما.  سەرەتا وا بڕوا دەکرا شوێنزاکەی کۆریا و ژاپۆن بێت؛ بەڵام لەم ساڵانەی دوواییدا لە ئیندۆنیزیا، پاپوانیوگینێ و چەند بەشێکی ئوسترالیایش دۆزراوەتەوە.  لە راستیدا هێشتا رووبەر و ناوچەی رووانی ئەم کوارگە بە تەواوی نەزانراوە و لەم بارەیەوە بۆچوونی جیاواز هەیە.


خواردنی ١٠٠ تا ٢٠٠ گرام لەم چەشنە قارچکە بەسە بۆ کوشتنی مرۆڤ لە دوای دوو رۆژ.  ئەو کەسەی دەیخوات تووشی زگ ئێشە دەبێت، بینایی و بیستن و هەستەکانی دەگۆڕێن.  خرۆکە سپییەکانی و خەپلۆکەکانی خوێنی دادەبەزن، روخساری توێژ دەهاوێت، مووی دەوەرێت و وڕێنە دەکات و قسە تێکەڵ پێکەڵ دەکات و جووڵە و بزاوتی لە دەست خۆی نامێنێت.  

شێوەی  کارگی سترۆماتا سادەیە و شێوە قۆچییە وەک چەند لکێک دەردەکەوندرێژییەکەیان ٦- تا ١٠٠ میلیمەتر و تیرەیان ٧ تا ١٠ میلیمەتر دەبێتهەندێک جار چەند دانەیەک لە یەک بنکەوە گەشە دەکەنرەنگی نارنجییە و روواڵەتی لووس و چەرمنە



سەرچاوە

ویکیپێدیا

ساینس دایرکت

سیمانتیک سکۆڵار

21.2.22

لیپیۆتا برونیۆنکارنەیتا

 کوشندە 

ناوێکی تری ئەم کوارگە بریتییە لە قشتی کوشندە.  لە رووی ووشەڕەتزانییەوە لیپیۆتا لە ووشەی لێپیسی یونانی وەرگیراوە کە واتەی پوولەک دەبەخشێت؛ و ئۆت واتە گوێ.  یانی کارگێک کە پوولەکەی وەک گوێی هەیە.  مەبەست لە پوولەکە ئەو پەڵە قاوەەیانەیە کە لەسەر کڵاوی قارچکەکە هەن.  هەروەها برونیۆنکارنەیتا  ئاماژەیە  بۆ رەنگی ئاڵی قاوەییباو.  لە کوارگە شیپەڕەدارەکانە، لە جسنی لیپیۆتا، خێزانی ئەگاریکاسیی، سانی ئەگاریکاڵەکان، پۆلی ئەگاریکۆمایسیت و کەرتی باسیدیۆماکۆتایە.   بەشێوەیەکی بەربڵاو لە ناوچە گەرمەکانی ئەوروپا و ناوچە مامناوەندییەکانی ئاسیا بەتایبەت باشووری ئاسیا و ئاسیای رۆژهەڵات وەک چین دەڕوێت.  لە تورکیا، ئیسراییل، پاکستان، ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەڕوێت.  هەروەها باسی ئەوە کراوە کە لە بریتانیا و ئەڵمانیش دەڕوێت.  لە شوێنی بژوێنی وەک مێرگ و چیمەن و پارکەکان و باخچەکاندا دەڕوێت و  بە هەڵە وەک قارچکی خۆراکی سەیردەکرێت.  وەرزی رووانی ئەم قارچکە نێوەراستی هاوینە تا دووەم مانگی پاییز. 


ئەم چەشنە ساڵی ١٨٨٩ لەلایەن رووکزانانای سویسرایی رۆبەرت هیپۆڵایت چۆدات و چارڵز-ئیدوارد مارتین ەوە وەسفکراوە.   شیکارییە بۆماوەییەکانی دی ئێن ئەی نیشانیانداوە کە پەیوەندیی نزیکی هەیە لەگەڵ ئەو چەشنانەی ئەماتۆکسینیان تێدایە وەک لیپیۆتا سەبئینکارنەیتا و لیپیۆتا ئیلایۆفیلا.


باس لەوە کراوە کە بڕێکی زۆر لە ژەهری ئەڵفا-ئەمانیتینی تێدایە کە لە زۆر ووڵاتی وەک ئیسپانیا، ئێران، تورکیا و توونس بووەتە هۆی ژەهرایبوون و مردن.  نیشانەکانی ژەهراویبوون بەم قارچکە بریتییە لە هێڵنجدان و  رشانەوە دە هنگارێک دووای خواردنی،  کە دووای چەند رۆژێک دەبێتە هۆی پەکخستنی جەرگ.  خواردنی ١٠٠ گرام لە کارگی لیپیۆتا برونیۆنکارنەیتا بۆی هەیە ببێتە هۆی پەکخستنی تەواوی جگەر.  ژەهری ئەمانیتین دەشێت ٣٦ تا ٤٨ هنگار دووای خواردنی لە میزدا دەربکەوێت.



لە بنەڕەتدا نیمچەگۆییە، لەگەڵ چوونە سەری تەمەنیدا دەگۆڕێت بۆ زۆپ و هەندێک جار تەنانەت تەخت دەبێت و تەنیا کەمێک بەرزایی بچووک وەک مەمیلە نێوەراستی کڵاوەکەیدا دەمێنێتەوە.  رەنگی قاوەیی-ئاڵباوە، لووس نییە و سەرەنجام دەگۆڕێت بۆ پوولەکە\لەپکەگەلی کوڵکن کە هێڵی ناڕێکی بازنەئاسا دروستدەکەن.  تا بەرەوە لێوارەکان دێت رەنگی کاڵتر و کراوەترە.  گۆشتەکەی سپییە و تیرەی کڵاوەکەی ٢٥ تا ٦٠ میلیمەتر دەبێت.  


شیپەڕەکانی ئازادن و اتە بە قەدەکەیەوە نەنووساون، زۆر لەیەکترییەوە نزیکن و رەنگیان سپیی قەیماغییەقەدەکەی ٢٥ تا ٥٠ میلیمەتر درێژە و تیرەی ئەستوورییەکەی ٥ تا ٩ میلیمەتر دەبێترەنگی سپیی قەیماغی و ئاڵی گەشە؛  و گۆشتەکەی و هاگەکەیشی سپییە.   نیوەی سەرووی قەدەکە لووسە و لای خوارووی و ژێر ئەڵقە کوڵکنەکەی بە پوولەکە\لەپکەگەلی ریشاڵۆکداری قاوەیی-تۆخ رازاوەتەوە.



سەرچاوە 

فێرست نەیچەر

ئای ناچراڵیست نیوزیلەند

سەمارۆغی کڵیتۆسایب رایڤیووڵۆسا

 ژەهراوی 

ناوە گشتییەکەی بریتییە لە زڕە شامپینۆن یا رەحەتیی گەمژان و کارگی ئارەقکرکردن.  قارچکێکی ژەهراوییە لە جسنی کلیتۆسایب، خێزانی ترایکۆڵۆماتاسیی، پۆلی ئەگریکۆمایسیت و کەرتی باسیدیۆمایکۆتایە.   کۆمەڵێک چەشنن کە لە بیچم و سیفەکانیاندا زۆر چونیەکن.  کڵاوە بچووکە رەحەتی ئاساکەی ئەم کوارگە لە ئەوروپا و باکووری ئەمریکا، بە زۆری لە نێو گیاوگۆڵ و مێرگ و چیمەن دەبینرێت.  زۆر جار بەشێوەی مانگابەکەڵ دەڕوێت.  زۆر جاریش بەشێوەی تاک و تەرا لە نێو گیاگۆڵ دەڕوێت.  لە بنەرەتدا ساڵ ١٨٠١ لەلایەن کریستیان هێندریک پێرسوونەوە وەک ئەگاریکوس رایڤیووڵۆسوس وەسفیکراوە، بەر لەوەی سروشتوانی ئەڵمانی پۆڵ کوومەر ساڵی ١٨٧١ ئەم ناوەی ئێستای پێبدات.


لە رووی ووشەڕەتزانییەوە  ناوی کڵایتۆسایب واتە سەرلێژ؛ و ووشەی رایڤیوولۆسا ووشەیەکی لاتینە و مانای ئاوەڕۆ، رووبار یا جۆگە دەدات.  رەنگە مەبەست لەمە ئەو ووردە ڕێڕەوانە یا ووردە کۆسپە و شیوەڵۆکانە بێت کە لەسەر کڵاوی قارچکێکی پێگەیشتوو بەرچاو دەکەون.


رێژەیەکی زۆر ژەهری موسکارینی تێدایە و ئەو کەسەی دەیخوات لەماوەی ١٥ تا ٣٠ خولەکدا تووشی ئارەقکردن، لیک دەردان و فرمێسک ڕژان دەبێت.  ئەگەر بڕێکی زۆری لێبخورێت وێرای ئەم نیشانانە، کەسەکە تووشی زگ ئێشە و هێڵنج و زگچوونیش دەبێت.  هێزی بینایی لێڵ دەبێت و هەناسەی تەنگ دەبێت.  دووای دوو هنگارێک کاریگەریی ژەهرەکە لەسەر لەش دادەبەزێت.  مردن بەم قارچکە دەگمەنە بەڵام کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر کۆئەندامی هەناسە دەبێت.


کڵیتۆسایب رایڤیووڵۆسا قەبارەی زۆر گەورە نابێتتیرەی کڵاوەکەی ٣٠ تا ٤٠ میلیمەتر دەبێت و شێوەی کڵاوەکەی رەحەتی ئاسایەشیپەڕەکانی رەنگیان سپییە و خاڵ خاڵی ووردی ئاڵیان تێدایە و درێژییان جیاوازەقەدەکەی لووسە  و ئارداوییەرەنگی سپییە و  تا ٤٠ میلیمەتر درێژ دەبێتهەروەها ئەڵقەی نییەرەنگی هاگەکانی سپییە؛ و چێژ و بۆنیێکی جیاوازی نییەشێوە و خەسڵەتەکانی زۆر لە قارچکە خۆراکییەکانی ماراسمیووس ئۆریدیس، کڵایتۆپایڵوس پریوونیووڵیس و کڵایتۆسایب دیڵباتا نزیکەهەروەها لە قارچکی کاڵۆسایب گامبۆسایش دەچێت کە کڵاوەکەی کەمێک گۆشتنترە؛ و لە وەرزنی بەهار و هاویندا دەڕوێت



سەرچاوە

 فێرست نەیچەر

ئەڵتیمەیت مەشرووم


کارگی ئینتۆڵۆما سینیووەیتم

 ژەهراوی و ئاوەزگەردان 

لە زمانی گشتیدا بە ئینتۆڵۆمای قورقوشمی، ئەگاریکی قورقوشمی، شیپەڕە ئاڵی قورقوشمی، قورقوشمی ژەهردار و ژەهرداری گەورەی پێدەگوترێت.  لە جسنی ئینتۆڵۆمایە، لە خێزانی ئینتۆڵۆماتاسیی، سانی ئەگاریکاڵەکان، پۆلی ئەگاریکۆمایسیت و کەرتی باسیدیۆمایکۆتایە.  قارچکێکی ژەهراوی و کوشندەیە لە سەرتاسەری ئەوروپا و باکووری ئەمریکا دەبینرێت.  لە ناوچەکانی دەریای رەش و ئوستانی ئادیامانی تورکیا،  ئێران و باکووری یوونانی چین کە دەکاتە ئاسیا هەیە.  هەندێ سەرچاوە بە ناوە زانستییە کۆنەکەی واتە ئینتۆڵۆما لیڤیدوم یا رۆدۆفیلوس سینیوەیتس ناوی دەبەن.  واژەی ئینتۆڵۆما یونانییە و بە واتای لۆچو یاگنج بوو بۆ دیوە ناوەوە دێت و هەروەها سینیوتوەم واتە  شەپۆلدار؛ کە ئاماژەیە بەشێوەی کەچ و خوری کڵاوی ئەم چەشنە کوارگە.  لە ئەوروپا ئەم کوارگە بەرپرسە لە سەدا دەی ژهراویبوونەکان بە کارگ.  ئەو کەسەی دەیخوات لە دوای ٣٠ خولەک تا دوو هنگار نیشانەکانی رەوانی و رشانەوەی لێدەردەکەوێت؛ و تا ٤٨ هنگار دەخایەنێت.  جەرگ بە توندی ژەهراوی دەبێت و نیشانەی ئاوەزگەردانیش وەک وڕێنەکردن لە نەخۆشدا دەردەکەوێت.  بە دەگمەنیش نەخۆش بۆ چەند مانگێک تووشی خەمۆکی بووە.  خودی ژەهرەکان تا ئێستا نەناسراون بەڵام لە وانستەیەکدا کە لە رۆژهەڵاتی ناوچەی دەریای رەش کراوە،  گوتراوە کە ئەم چەشنە قارچکە بەرزترین رێژەی مسی تێدایە؛ هەروەها رێژەیەکی بەرزی تۆتیای تێدایە.  لە باشووری رۆژهەڵاتی پۆڵەند دەرکەوتووە کە کڵاو و قەدەکەی رێژەیەکی بەرزی جیوەی تێدایە بە بەراورد لەگەڵ قارچکەکانی تردا.  هەروەها ئەمەیش زانراوە کە رێژەیەکی زۆر لە پێکهاتەی ئارسنیکی تێدایە.


کارگی ئینتۆڵۆما سینیووەیتم  بە تەنیا و بە کۆمەڵیش دەڕوێت.  هەروەها بینراوە لە باشووری ئەریزۆنای ئەمریکا بەشێوەی مانگابەکەڵیش روواوە.  بە زۆری لە پاییزدا و تەنانەت لە ئەمریکا لە هاوینیشدا دەڕوێت.   لە دارستانەکانی درەختە گەڵاڕێزۆکەکاندا و لە بن درەختی راج و بەڕوودا و زۆر بە کەمی لە بن درەختی بێتوولە\غان دا دەڕوێت.  بە زۆری لەسەر خاکی قوڕ و گەچین دەڕوێت.  لەوانەیە لە پارک و مێرگ و چیمەنیشدا بڕوێت.  هەرچەند ئەم چەشنە خۆی وەک رەژکەکەڕووی درەختی بی پێناسەکراوە بەڵام زۆربەی چەشنەکانی تری ئەم جسنە بە گەندەژی ناسراون.


ئینتۆڵۆما سینیووەیتم ساڵی ١٧٨٨ بەشێوەی زانستیانە لەلایەن ژان باپتیست فرانسوا بولیاردەوە وەسفکرا؛ و ناوی لێنرا ئەگاریکوس لیڤیدووس.  ئەو سەردەمە زۆرینەی شیپەڕەدارەکان لە جسنی ئەگاریکوس هەژمار دەکران.  سەرەنجام ساڵی ١٨٧١ کەووزانی ئەڵمانی پۆڵ کوومەر رایگواست بۆ جسنی ئینتۆڵۆما کە پێکهاتووە لە نزیکەی ١٠٠٠ چەشن و ناوی ئینتۆڵۆما سینیووەیتمی لێنا.  ئینتۆڵۆما سینیووەیتم ئورگی جسنەکەیشە؛ واتە هەموو چەشنەکانی ئەم جسنە دەکەونە ژێر ناوی ئەمەوە.


رەنگی کڵاوەکەی سپیی عاجییە و لەگەڵ چوونەسەری تەمەنیدا تاریکتر دەبێت.  سەرەتا قووچەکییە و دوواتر کەمێک تەخت دەبێت و بەرزاییەک لە بەشی نەوەراستی دروستدەبێت.  لە تەمەنی ساواییدا کەمێک دیسناکە.  لێوارەکانی وەک نەرمەی گوێی مرۆڤە.  تیرەی کڵاوەکەی ٦٠ تا ١٥٠ میلیمەتر دەبێت.  کاتێک کە هەوا زۆر گەرم دەبێت کڵاوەکە تەوا دەکرێتەوە و تەخت دەبێت و لێوارەکانی شەقار شەقار دەبێت.


رەنگی شیپەڕەکانی سپیی زەردواشە.  لە یەکترییەوە نزیکن و کاتێک هاگەکانی پێدەگەن و رەنگی شیپەرەکان بەلای ئاڵذا دەگۆڕێت.  واتە رەنگی هاگەکانی ئاڵە.  چێژی ئاساییە بەڵام بۆنی دەسنیشان نەکراوە.


رەنگی قەدەکەیشی سپیی عاجییە و لوولەکییە بەڵام هەندێک جار بنەکەی سەلکدارەدرێژییکەی ٣٠ تا ١٠٠ میلیمەتر دەبێت و تیرەی ئەستووریەکەیشی ٦ تا ١٥ میلیمەتر دەبێتهیچ قەف و ئەڵقەیەکیش بە قەدەکەوە نابینرێت.  



سەرچاوە:

 فێرست نەیچەر

میندات

مەشرووم گرۆڤ