8.8.21

شێرپەنجەی دایکی پۆڵ ستەیمێتس

 لەم ڤیدیۆیەدا کەڕووزانی ئەمریکایی پۆڵ ستەیمێتس باس لەوە دەکات کە ساڵ ٢٠٠٩ دایکی لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لووی شێرپەنجەیی بە قەبارەی پێنج سەنتیمەتر و نیو لە مەمکی پەیدا دەبێت.  پزیشکی لووزان (ئۆنکۆڵۆجیست) پێیدەڵێت کە بەهۆی ئەوە کە تەمەنی زۆرە بەرگەی تیشکەدەرمانی (رادیۆتێراپی) ناگرێت، هەربۆیە کەمتر لە سێ مانگ بۆی هەیە بژیێت.  پاشان پزیشکەکە دەڵێت لێکۆڵینەوە سەبارەت بە سوودەکانی کارگی کلکەقەل کراوە و باس لەوە دەکرێت کە کاریگەری لەسەر چارەسەری شێرپەنجە هەیە.  دایکی پۆڵ دەڵێت دوکتۆر! کوڕەکەم خۆی ئەم جۆرە قارچکانە بەرهەم دێنێت!

 پۆڵ ستەیمێتس دەڵێت: دوایی لە ماڵەوە رۆژانە هەشت کەپسوولی کوارگی کلکەقەلم دەدا بە دایکم؛ چوار بەیانیان و چوار ئێواران.  دوای پشکنین دەرکەوت کە لووە شێرپەنجەییەکە نەماوە.  






10.7.21

دایاتۆم یا دووانەلەت


ووشەیەکی یونانییە لە دوو بەش پێکهاتووە. (دیا) واتە دوو، دووان، (تێمنۆ) واتە بەش، کوت، پشک، لەت، کەرتدەکرێت بە
کوردی پێیبگوترێت دووکەرتە، دووانەکوت، دووانەلەت..  تاکە زیندەوەرێکی نیتەندامە کە دیواری خانەکانی لە ماددەی سیلیکایە و  روونەسیلیکا خۆی ماددەیەکە بە زۆری لە لمدا هەیە و روون و زەلالەشێوەی دایاتۆم لە سندووقێک دەچێت کە سەرپۆشی هەبێت، واتە دوو کەرتە؛ هەربۆیە ئەم ناوەی لێنراوەشێوەی خانەکانیان جیاوازن ، بازنەیی و لاکێشەیی و چوارگۆشە و تاد.. 

دایاتۆم جۆرێکە لە نیتەقەوزە و بەشێوەی ناتوخمەزایی زۆردەبێت واتە دایاتۆمێک لە نێوەراستدا دەبێتە دوو دایاتۆمی تازە و چونیەکدایاتۆم  سەر بە گرووپی کەبارەیی(پرۆتیست)ەکانن و وا باوەڕ دەکرێت کە زیاتر لە ٢٠ هەزار چەشنی جیاواز هەبێت؛ کە تا ئێستا ١٢ هەزاریان ناسراوندایاتۆم لە ئاستی جیهاندا لە زۆر شوێن دەبینرێت وەک ئۆقیانووسەکان، ئاوە سازگارەکان، خاکە جیاوازەکان و رووبەرە نمدارەکانبەشی زۆرینەی  فایتۆپڵانکتنەکانیان پێکهێناوە

قەبارەیان جیاوازە و بەگشتی لە نێوان ٢ بۆ ٢٠٠ مایکرۆمەتردان. هەندێکیان کەمێک گەورەترن. رەنگژەی سەوز و زەردی مەیلەو قاوەییان تێدایە؛ کە سەوزەکە لە سەوزینە(کلۆرۆفیل) و زەرد-قاوەییەکەیش لە زەردینە(زانتۆفیل) وەردەگرندایاتۆمەکان کاتێک کە دەمرن دەکەونە بنی ئۆقیانووس و ئاوەکانەوە؛ بەڵام قاوغەکانیان دەمێنێت و ئەو خاکە پێکدەهێنن کە ناسراوە بە خاکی دایاتۆمەیشس یا خاکی دووانەکەرت. 



مەستەکی

 


ناوی جۆرە درەختێکی بچووک یا دەوەنێکی هەمیشەسەوزە کە لە خێزانی بەن و پستەیە و ناوە زانستییەکەی بریتییە لە (پیستاسیا لێنتیسکوس). باڵای لە چوار مەتر بەرزتر نابێت. ووشەکە یۆنانییە و واتای (ددانەچیڕە) یا (ددان گڕساندن) دەگەیەنێت. هەروەها بە ماددەیەکی کەتیرەیی دەگوترێت کە لە درەختی مەستەکی دەگیرێت و لە راستیدا جۆرێکە لە بنێشت. ئەم جۆرە درەختە لە کۆنەوە لە دورگەی (خیۆس)ی یونانی کە دەکەوێتە باکووری دەریای ئێجە دەڕوێت؛ هەربۆیە بە ناوی (فرمێسکی خیۆس)یش ناسراوە. هیپۆکریتیس فەیلەسووفی یونانی کە وەک باوکی دەرمانگەری ناسراوە، باسی مەستەکیی کردووە و دەڵێت کە بۆ هەرسکردن و بۆنخۆشکردنی ناودەم و سەرمابوون بەسوودە.

لەسەردەمی عوسمانییەکاندا نرخی مەستەکی گەیشتبوویە ئاستی زێڕ؛ و زۆرینەی ئەو مەستەکیەی بەرهەمدەهێنرا راستەوخۆ دەگەیەنرایە حەرەمسەرای سوڵتان. کاتێک کە عوسمانییەکان خەڵکی دورگەی خیۆسیان قەتڵوعام کرد، ئەو کەس و بنەماڵانەیان هێشتەوە کە پیشەیان بەرهەمهێنانی مەستەکی بوو. شوورەیان بە دەوری ئەو گوندانە دا کێشا کە تیایاندا مەستەکەی بەرهەمدەهێنرا و تەنیا دەتوانرا لە رێگەی پەیژەوە هاتووچۆ بۆ ناو گوندەکان بکرێت.  


شێوازی بەرهەمهێنانی مەستەکی جیاوازە لە شێوازی بەرهەمهێنانی بنێشتی کوردی کە لە داروەن دەگیرێت. پێواژۆی کۆکردنەوەی مەستەکی لە سەرەتای مانگی جوڵای دەسپێدەکات و تا سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر دەخایەنێت. سەرەتا ژێر درەخت و دەوەنەکان پاک دەکرێنەوە و تۆزی سۆدە\جۆشی پێدا دەپڕژێندرێت. ئینجا هەر چوار بۆ پێنج رۆژ جارێک پێنج تا دە برین دەکرێتە قەدی دەوەنەکەوە. پاشان چاوەڕێ دەبن تا جەوییەکە دێتە دەرەوە؛ و ماوەی پازدە تا بیست رۆژ دەخایەنێت تا رەق دەبێت و دادەوەرێتە خوارەوە. دوای ئەوە هەمووی کۆدەکرێتەوە و ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت تا مەستەکییەکە دانبژێر دەکرێت و دەنکە لمەکانی لێ جیا دەکرێتەوە. لە رۆژگاری کۆندا هەموو ماوەی زستان خەریکی پاککردنەوەی مەستەکییەکە دەبوون.

مەستەکی سەرەتا کە دەیجاویت کەمێک تاڵە بەڵام بەرەبەرە نەرم دەبێت و تاڵییەکەی نامێنێت. شایانی باسە کە لە ئاشپێژیی قوبرس، سووریا و لوبناندا مەستەکی وەک ماددەیەکی بەرامەبەخش بۆ خۆشکردنی بۆن و بەرامەی خۆراک بەکاردەهێنرێت. هەروەها پێشتر وەک ماددەیەکی پارێزەر بۆ پاراستنی (نێگەتیڤ)ی وێنە لە وێنەگریدا بەکارهاتووە. هەروەتر لە پیشەسازیی گوڵاو، ئارایش و جوانکاری و سابوون و رۆنەکانی لەش هەنووان دا بەکاردەهێنرێت.

2.7.21

ئەستێری ئاو بۆ ئاژەڵە کێوییەکان

 

چەند رۆژێکە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی راگەیاندنەوە دەبیستم کە باس لە دروسکردنی حەوزی ئاو لە
دەر و دەشت بۆ ئاژەڵە کێوییەکان دەکرێت.. ئەمە خۆی هەستێکی پاک و مرۆڤانەیە و نیشانەی دڵسۆزی و پەرۆشیی ئەم خەڵکەیە بۆ ئاژەڵە بەستەزمانەکان؛ کە بەهۆی مرۆڤەوە ژینگەیان کاول و وێران کراوە و خواردن و خواردنەوەیان بڕاوە و هێلانەیان شێواوە.

بەڵام لە راستیدا دروسکردنی حەوزێک و دووان و سیان و .. چارەسەری ئەم گرفتە ناکات و هەموو ئاژەڵەکان لە تینوێتی رزگار ناکات. ئەم حەوزانە کە زۆر زۆر بچووکن و ژمارەیشیان زۆر کەمە ناتوانن ببنە سەرچاوەیەکی باش و بەردەوامی ئاو بۆ باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان.. ئاژەڵ و باڵندەکان تەنیا تینوو نەکراون، ئەوان هەم برسی کراون و هەم لانە و ژینگەیان تێکدراوە و شێوێندراوە.

باشترین کار کە ئێمەی مرۆڤ لە دەستمان دێت ئەمەیە کە سروشت سەوز بکەینەوە. دار و دەوەن و گیای جۆراوجۆر بڕوێنین. ئاو بۆ رووبار و کانییەکان بگێڕینەوە. ژینگە و دەوروبەرمان لە پلاستیک و نایلۆن و لاستیک و شووشە پاک بکەینەوە. پەرێز و مەزرا و دارستانەکان چیتر ئاگر نەدەین و نەیانکەینە خۆڵەمێش.
لە هەموو شتێک گرنگتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ووشکەساڵی، هەموو ساڵە کو لە سەرەتای وەرزی پاییزدا، بە کەندنی چاڵ و خەندەک و دروسکردنی گۆل و بەنداو ئاوی بەفر و باران گلبدەینەوە.

1.7.21

کارگی ئاڵۆکۆردیسێپس باڵتیکا


دنیای کەڕوو دنیایەکی سەیر و سەمەرە و سەرسوڕمێنە؛ تا پتر شۆڕ بیتەوە بۆ نێو قووڵایی ئەم دنیایەوە شتی سەرسوڕمێنتر دەبینیت و دەبیستیت. وەک لە بڵاڤۆکی زانستیی (فەنگاڵ بایۆڵۆجی) دا بڵاوکراوەتەوە، چەشنێکی تازەی کارگ دۆزراوەتەوە کە ناوی لێنراوە ئاڵۆکۆردیسێپس باڵتیکا.  ئەم چەشنە تازەیە لەو قارچکانەیە کە مشەخۆر\مفتەژین و لەسەر لاشەی زیندەوەر دەڕوێن و گەشەدەکەن.  ئەم کەڕووە لە لاشەی مێروولەیەکدا روواوە و لە کۆمی مێروولەکەوە هاتووەتە دەرەوە  و کوشتوویەتی.  پاشان لاشە مردووەکەی مێروولەکە بە هۆی گۆڕانکاریی ژینگەییەوە بەبەردبووە بووەتە پارچەیەک ئەمبەر. تاقیکردنەوە زانستییەکان لە زانکۆی ئۆریگۆن لە ئەمریکا سەلماندوویانە کە  پارچە ئەمبەرەکە تەمەنی دەگەڕێێتەوە بۆ ٥٠ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر.  جۆرج پۆینار شارەزا لە دەسنیشانکردنی رووەک و ئاژەڵی بەبەردبوو دەڵێت ئەم مێروولەیە لە خێزانی ئەو مێروولانەیە کە ناسراون بە مێروولەی دارتاش و ئامادەن بۆ تووشبوون بە کەڕووی ئۆفایۆکۆردیسێپس. شایانی باسە کە  ئەم پارچە ئەمبەرە لە ناوچەی باڵتیکی ئەوروپا دۆزراوەتەوە. 





سەرچاوە:

ئای ئێف ئێڵ سایەنس

سایەنس نیوز

سایەنس دایرێکت

ڵایڤ سایەنس

سایەنس دەیڵی