10.7.21

مەستەکی

 


ناوی جۆرە درەختێکی بچووک یا دەوەنێکی هەمیشەسەوزە کە لە خێزانی بەن و پستەیە و ناوە زانستییەکەی بریتییە لە (پیستاسیا لێنتیسکوس). باڵای لە چوار مەتر بەرزتر نابێت. ووشەکە یۆنانییە و واتای (ددانەچیڕە) یا (ددان گڕساندن) دەگەیەنێت. هەروەها بە ماددەیەکی کەتیرەیی دەگوترێت کە لە درەختی مەستەکی دەگیرێت و لە راستیدا جۆرێکە لە بنێشت. ئەم جۆرە درەختە لە کۆنەوە لە دورگەی (خیۆس)ی یونانی کە دەکەوێتە باکووری دەریای ئێجە دەڕوێت؛ هەربۆیە بە ناوی (فرمێسکی خیۆس)یش ناسراوە. هیپۆکریتیس فەیلەسووفی یونانی کە وەک باوکی دەرمانگەری ناسراوە، باسی مەستەکیی کردووە و دەڵێت کە بۆ هەرسکردن و بۆنخۆشکردنی ناودەم و سەرمابوون بەسوودە.

لەسەردەمی عوسمانییەکاندا نرخی مەستەکی گەیشتبوویە ئاستی زێڕ؛ و زۆرینەی ئەو مەستەکیەی بەرهەمدەهێنرا راستەوخۆ دەگەیەنرایە حەرەمسەرای سوڵتان. کاتێک کە عوسمانییەکان خەڵکی دورگەی خیۆسیان قەتڵوعام کرد، ئەو کەس و بنەماڵانەیان هێشتەوە کە پیشەیان بەرهەمهێنانی مەستەکی بوو. شوورەیان بە دەوری ئەو گوندانە دا کێشا کە تیایاندا مەستەکەی بەرهەمدەهێنرا و تەنیا دەتوانرا لە رێگەی پەیژەوە هاتووچۆ بۆ ناو گوندەکان بکرێت.  


شێوازی بەرهەمهێنانی مەستەکی جیاوازە لە شێوازی بەرهەمهێنانی بنێشتی کوردی کە لە داروەن دەگیرێت. پێواژۆی کۆکردنەوەی مەستەکی لە سەرەتای مانگی جوڵای دەسپێدەکات و تا سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر دەخایەنێت. سەرەتا ژێر درەخت و دەوەنەکان پاک دەکرێنەوە و تۆزی سۆدە\جۆشی پێدا دەپڕژێندرێت. ئینجا هەر چوار بۆ پێنج رۆژ جارێک پێنج تا دە برین دەکرێتە قەدی دەوەنەکەوە. پاشان چاوەڕێ دەبن تا جەوییەکە دێتە دەرەوە؛ و ماوەی پازدە تا بیست رۆژ دەخایەنێت تا رەق دەبێت و دادەوەرێتە خوارەوە. دوای ئەوە هەمووی کۆدەکرێتەوە و ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت تا مەستەکییەکە دانبژێر دەکرێت و دەنکە لمەکانی لێ جیا دەکرێتەوە. لە رۆژگاری کۆندا هەموو ماوەی زستان خەریکی پاککردنەوەی مەستەکییەکە دەبوون.

مەستەکی سەرەتا کە دەیجاویت کەمێک تاڵە بەڵام بەرەبەرە نەرم دەبێت و تاڵییەکەی نامێنێت. شایانی باسە کە لە ئاشپێژیی قوبرس، سووریا و لوبناندا مەستەکی وەک ماددەیەکی بەرامەبەخش بۆ خۆشکردنی بۆن و بەرامەی خۆراک بەکاردەهێنرێت. هەروەها پێشتر وەک ماددەیەکی پارێزەر بۆ پاراستنی (نێگەتیڤ)ی وێنە لە وێنەگریدا بەکارهاتووە. هەروەتر لە پیشەسازیی گوڵاو، ئارایش و جوانکاری و سابوون و رۆنەکانی لەش هەنووان دا بەکاردەهێنرێت.

No comments:

Post a Comment