2.7.21

ئەستێری ئاو بۆ ئاژەڵە کێوییەکان

 

چەند رۆژێکە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی راگەیاندنەوە دەبیستم کە باس لە دروسکردنی حەوزی ئاو لە
دەر و دەشت بۆ ئاژەڵە کێوییەکان دەکرێت.. ئەمە خۆی هەستێکی پاک و مرۆڤانەیە و نیشانەی دڵسۆزی و پەرۆشیی ئەم خەڵکەیە بۆ ئاژەڵە بەستەزمانەکان؛ کە بەهۆی مرۆڤەوە ژینگەیان کاول و وێران کراوە و خواردن و خواردنەوەیان بڕاوە و هێلانەیان شێواوە.

بەڵام لە راستیدا دروسکردنی حەوزێک و دووان و سیان و .. چارەسەری ئەم گرفتە ناکات و هەموو ئاژەڵەکان لە تینوێتی رزگار ناکات. ئەم حەوزانە کە زۆر زۆر بچووکن و ژمارەیشیان زۆر کەمە ناتوانن ببنە سەرچاوەیەکی باش و بەردەوامی ئاو بۆ باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان.. ئاژەڵ و باڵندەکان تەنیا تینوو نەکراون، ئەوان هەم برسی کراون و هەم لانە و ژینگەیان تێکدراوە و شێوێندراوە.

باشترین کار کە ئێمەی مرۆڤ لە دەستمان دێت ئەمەیە کە سروشت سەوز بکەینەوە. دار و دەوەن و گیای جۆراوجۆر بڕوێنین. ئاو بۆ رووبار و کانییەکان بگێڕینەوە. ژینگە و دەوروبەرمان لە پلاستیک و نایلۆن و لاستیک و شووشە پاک بکەینەوە. پەرێز و مەزرا و دارستانەکان چیتر ئاگر نەدەین و نەیانکەینە خۆڵەمێش.
لە هەموو شتێک گرنگتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ووشکەساڵی، هەموو ساڵە کو لە سەرەتای وەرزی پاییزدا، بە کەندنی چاڵ و خەندەک و دروسکردنی گۆل و بەنداو ئاوی بەفر و باران گلبدەینەوە.

No comments:

Post a Comment