27.12.19

کوارگی کەوت

کوارگی کەوت، گوندی دارەبەن، دۆڵی شاورێ.
وێنەگر: ئیبراهیم محەمەدەمین ٢٠١٩


کارگی کەوت وەک لە ناوەکەیەوە دیارە لەسەر درەختی کەوت دەڕوێت کە درەختێکی رەسەنی کوردستانە.  کوارگی کەوت ناوە زانستییەکەی بریتییە لە فڵاموڵینا ڤێلیوتایپس؛ و لە جسنی فڵاموڵینایە کە دە جۆر لە خۆی دەگرێت و لەو هەرێمانە دەڕوێت کە کەشوهەوایان مامناوەندییە.  ئەم قارچکە رەنگی زەردێکی تۆخ  و نارنجییە  و رەنگی هاگەکەی سپییە.  قەبارەی کڵاوەکەی زۆر گەورە نابێت، رەنگە لە سێ سەنتیمەتر گەورەتر نەبێت.  لە کوردستان ناسراوە و خەڵکی دەیخۆن و چێژێکی خۆشی هەیە.  بەشێوەی سروشتی و خۆڕسک، ئەم قارچکە لە مانگی سێپتەمبەرەوە تا مانگی ئادار بۆی هەیە بڕوێت دیارە ئەمە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت_ رەنگە لە ناوچەیەکی هەوا مامناوەندی کە وەرزی سەرما زووتر دەگات، لە مانگی سێپتەمبەر، ئەم کوارگە بڕوێت، بەڵام لە ناوچەیەک کە هاوین درێژترە، رووانی ئەم قارچکەیش چەند هەفتەیەک دووا بکەوێت.

هەروەها ئەم جۆرە کوارگە یەکێکە لە ناسراوترین جۆرەکانی کارگ لە ئاسیای رۆژهەڵات و بەتایبەتیش لە ژاپۆن.  ژاپۆنییەکان پێیدەڵێن ئینۆکی تاکی.  ئەم جۆرە کوارگە کاتێ کە بە دەست دەڕوێندرێت رەنگی سپی دەبێ نەک زەرد و نارنجی؛ و کڵاوەکەی بچووک و بەژنەکەی درێژ و باریک دەردەچێت.  قارچی کەوت  لەسەر بڕەی دار(ئاردەدار) و بەرهەمەکانی دروستکراو لە دار وەک کاغەز و کارتۆنیش دەڕوێت.  ئەم کوارگە بنەکانیان پێکەوە دەنووسێت واتە وەک چەپک پێکەوە دەڕوێن.  ئەوانەی کار لەسەر ئەم جۆرە کوارگە دەکەن لە بوتڵی شووشەی دەم کراوەدا دەیڕوێنن نەک وەک کارگی سەدەف لە کیسەی پلاستیکی گەورەدا.  تەنیا جیاوازییەکی گەورە لەگەڵ سەدەف دا هەیەتی ئەمەیە کە کارگی کەوت پێویستیی بە پلەی نزمی هەوا واتە هەوای سارد هەیە نەک پلەی هەژدە و بیستی سەدی.
کارگی ئینۆکی تاکی بەدەست چێنراوە

 لە راستیدا ئەم لە کاتی رەگاژۆبوونی ریسووەکەیدا پێویستیی بە پلەی هەژدە تا هەژدە و نیوە، بەڵام لەکاتی هاتنەبەرهەمدا گەرەکە پلەکەی بۆ نزم بکرێتەوە و لە نێوان چواردە تا شازدەی سەدیدا رابگیرێت.  ئینۆکی هەروەک کارگی سەدەف پێویستیی بە رووناکی هەیە؛ و ئەگەر رووناکیی تەواوی بۆ دابین نەکرێت قەدەکەی زۆر درێژتر و کڵاوەکەی بچووکتر لە دۆخی ئاسایی خۆی دەبێت. ئەمیش بە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەستیارە و گەرەکە رۆژانە لە کاتی خۆیدا ژوورەکەی بە هەوای ئازاد پاک بکرێتەوە. کارگی ئینۆکی نرخی گرانە و لە ئاسیای رۆژهەڵات کڕیاری زۆرە. بەگوێرەی ئەزموونی پێشووی خۆم ئەم کارگە لە کارگی شیتاکی خۆشترە. لەبەرئەوەی قەدەکەی باریک و ناسکە، فڕێنادرێت و لەگەڵ کڵاوەکەی پێکەوە دەکرێنە چێشت.
کاتێ بە دووای ئەم جۆرە کوارگەدا دەگەڕێیت پێویستە ووریا بیت نەکا تووشی کوارگی گالەرینا مارجێریتا بیت کە قارچکێکی ژەهراوییە و رەنگ و شێوەی زۆر لەم قارچکە نزیکە.






گالەرینا مارجێریتا.  ژەهراوییە









25.12.19

دروستکردنی پەینی ئۆرگانیکی شل


پەینی ئۆرگانیکی شل یا پەینی ماسی لە وڵاتانی پێشکەوتوو یەکێکە لە پەینە ناسراوەکان؛ و زۆربەی ئەوانەی کار لەسەر کشتوکاڵی ئۆرگانیک دەکەن، ئەم جۆرە پەینەیان بەکارهێناوە یان بەکاری دەهێنن.  قازانجی ئەم پەینە لەمەدا بەرجەستەیە کە ماددە خاوەکەی بەخۆڕاییە؛ یان زۆر زۆر هەرزانە.  بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا کە کەوتوونەتە سەر دەریا و رۆژانە پاشماوەیەکی زۆری خۆراکە دەریاییەکان فڕێدەدرێت، دەرفەتێکی باشە بۆ بەرهەمهێنەرانی پەینی ئۆرگانیکی ماسی کە ئەو پاشماوانە کۆبکەنەوە و وەک ماددەی خاوی سەرەکی بەکاریان بهێنن.  لەبەر خەسڵەتە باشەکانی و هەرزانییەکەی بەپێویستی دەزانین لە چەند دێڕێکدا شێوازی دروستکردنی ئەم پەینە بە زمانی کوردی شرۆڤە بکەین.

ماددەکان:
- پارچەی فڕێدراوی ماسی
- دۆشاو
-هەوێنی لاکتۆباسیلوووس
- ئاو

 شێوازی دروستکردن:

سەرەتا هەموو پارچەکانی ماسی کە فڕێدراو ن، کۆدەکرێنەوە و دەکرێنە مەکینەی قیمەکردنەوە.  هەموو پارچە ماسییەکان بە جوانی دەکرێنە قیمە.
ئینجا لە تانکەرێکی گەورەدا بەرامبەر هەر یەک کیلۆ ماسی سێ لیتر ئاو دەکرێتە تانکەرەکەوە و باش تێکەڵاو دەکرێت.

دووای ئەوە، بۆ هەر کیلۆیەک ماسی دوو لیوان دۆشاو و لیوانێک هەوێنی لاکتۆباسیلووس تێکەڵ دەکرێت.

پاشان کە بەباشی تێکەڵاوکران، لە تانکەرەکەدا سەری دادەپۆشرێت؛ و بۆ ماوەی سێ تا چوار هەفتە چاودێری دەکرێت.

لەم ماوەیەدا بۆنێکی زۆر ناخۆشی لێوە دێت، بەڵام لە هەفتەی کۆتاییدا بۆگەنەکەی کەم دەبێتەوە و ئیدی ئەو کاتە ئامادەیە بۆ بەکارهێنانی وەک پەینی ئۆرگانیک.



بابەتی پەیوەندیدار

هەوێنی لاکتۆباسیلووس چییە؟ و  چۆن دروست دەکرێت؟





هەوێنی لاکتۆباسیلووس چییە؟ و چۆن دروست دەکرێت؟


لاکتۆباسیلووس یەکێکە لە جسنەکانی بەکتریای سوودبەخش.  لە هەموو شوێنێک دەسدەکەوێت، تەنانەت هەر ئێستا لە کۆئەندامی هەرسکردنی تۆیشدا هەیە.  لاکتۆباسیلووس رۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرهەمهێنانی خۆراکە باوەکاندا.  لە باخداریدا لاکتۆباسیلووس بەکاردەهێنرێت بۆ کرداری داڕزاندن و شیکردنەوەی ماددە ئۆرگانییەکان؛ و کردنیان بە پەیینی سروشتی.  لەبەرئەوەی کە بەکتریاکە لە هەموو شوێنێک هەیە، دروستکردنی هەوێنەکەی زۆر چەتوون نییە و هەرکەس دەتوانێت لە ماڵەوە دروستی بکات؛ و بۆ خێراکردنی پێواژۆی پەیناندن و هەروەها وەک کوودێکی ئۆرگانیکیش بۆ بەپیتکردنی خاک کەڵکی لێوەربگرێت.
هەوێنی لاکتۆباسیلووس
بۆ دروستکردنی هەوێنی لاکتۆباسیلووس پێویستیت بەم شتانەیە:
  • ئاو
  • برنج
  • شەکر یا دۆشاو
  • شیر
  • چەند دەفرێکی شووشە

هەنگاوی یەک: کۆکردنەوەی بەکتریای بەرەڵا

لیوانێک یا دووان لە برنج - هەر برنجێک بێت- لە دەفرێک ئاودا بخووسێنە یا باشتر بڵێین بیشۆرەوە بەڵام ئاوەکە فڕێ مەدە.  برنجەکە هەڵێنجە و دایبنێ بۆ خواردنی خۆت.  ئاوەکە کە شلوێ بووە، بیکە نێو دەفرێکی شووشەوە و سەرەکەی بە پەڕۆیەکی پاک داپپۆشە؛ و لەشوێنێک دایبنێ کە رێگەی هیچکەسی بەسەرەوە نەبێت و کەس خۆی لێنەدات.  بۆ ماوەی سێ تا هەفت رۆژ بەگوێرەی پلەی گەرمای ژوورەکە یا وەرزەکە دەگۆڕێت.  لەم ماوەیەدا ئەم ئاوە شلوێیە کە نیشاستەی برنجەکەی تێدا کۆبووەتەوە، ئەو بەکتریا بەرەڵایانە بۆ لای خۆی رادەکێشێت و لە ئاوەکەدا مریشتە دەکەن.  لەم ماوەیەدا تراوەکە دەبێتە سێ چین.  چینی سەرەوە ووردە تەنی رەق و برش وکەڕوو و شتی لەم بابەتە تێیدا مەلە دەکەن.  چینی ناوەراست شلوێ دیارە و پڕە لە بەکتریای خۆماڵیی لە گوین لاکتۆباسیلووس.  چینی ژێرەوە ماددەی قورس و پارچە برنج و ئەمانەن.  ئەوەی پێویستمانە چینی ناوەراستە.
بە ئەسپایی چینی سەرەوە بەهۆی سۆندەیەک یا بەهۆی کەوچک فڕەدەدەین، بێ ئەوەی بهێڵین شلەکان تێکەڵاو بن.  تەنانەت کەمێکیش لە چینی دووەم لەگەڵ چینی سەرەوە فڕێدەدەین بۆ دڵنیابوون لە پەتیبوونی هەوێنەکە.  ئینجا لە چینی ناوەڕاست. ئەوەندەی بۆمان دەکرێ هەڵدەهێنجین، بێ ئەوەی بگاتە چینی ژێرەوە.  ئێستا ئیدی هەوێنی سەرەکیمان دەسکەوتووە و بیر لە هەنگاوی دوواتر دەکەینەوە.

هەنگاوی دووەم:  شیرەکەی لەگەڵ تێکەڵ دەکرێت
 ئەو هەوێنە زۆر بەکتریای بەرەڵای تێدایە؛ هەربۆیە دەبێ تەنیا بەکتریای لاکتۆباسیلووس بهێڵینەوە و ئەوانی تر نەهڵێین.  بۆ ئەم مەبەستەیش دەبێ لاکتۆباسیلووس بەهێز بکرێت.  لاکتوباسیلووس زۆر حەزی لە شیر و شەکری لاکتۆزە.  هەربۆیە شیرەکە لەگەڵ هەوێنەکە تێکەڵ دەکەین.  ئەمە وا دەکات کە لاکتۆباسیلووس بەسەر بەکتریاکانی دیکەدا زاڵ بێت و هەموو شلەکە داگیربکات و لەوێدا مریشتە بکات.  بۆ ئەم مەبەستە لە دەفرێکی شووشەی گەورەتردا دە بەش شیر لەگەڵ یەک بەش هەوێن تێکەڵ دەکەین.  واتە یەک لیتر شیر لەگەڵ سەد میلیلیتر هەوێن.  سەری دەفرەکە دادەپۆشین بەڵام تەواو هەوابڕ نەبێ.  یان دەتوانین شتێک بەکاربهێنین کە رێگەی چوونە ژووری هەوا نەدات؛ بەڵام بە ئاسانی گازی زیادی لە شووشەکە بێتە دەرەوە.  بۆ ماوەی پێنج تا دە ڕۆژ لە شوێنێکی کلا دایدەنێین. 
لە دوای چەند رۆژێک بەکتریا و شیرەکە دەسدەکەن بە جیابوونەوە لە یەکتری.  لە سەرەوەی دەفرەکە چینێک پەنیر دروست دەبێت و لە خوارەوەیش شلەیەکی شلوێی زەردباو دروست دەبێ کە هەوێنەکەیە.  پێکهاتەکە رێک بۆنی پەنیری بۆگەنی لێوە دێت.  دیارە پەنیرەکەیش بەسوودە بۆ خاک و بۆ کۆمپۆست بەڵام مەبەستی ئێمە شلەکەیە.  دووای دە رۆژ لە یەکتری جیا دەکرێنەوە.

هەنگاوی سێیەم: شەکر بکە نێو شلەکەی لاکتۆباسیلووسەوە
بەم کارە هەوێنەکە هاوسەنگ دەکرێت و خۆراک بۆ بەکتریاکە دابین دەکرێت.  پێویستە ئەو شەکر یا دۆشاوە کە لەگەڵ هەوێنی لاکتۆباسیلووسەکە تێکەڵ دەکرێ یەک ئەندازە بن؛ واتە ئەگەر هەوێنەکە یەک لیتر بوو دەبێ یەک لیتر دۆشاو یا یەک کیلۆ شەکری لەگەڵ تێکەڵ بکرێت.  ئێستا ئیدی هەوێنەکە هاوسەنگە و ئامادەیە و دەکرێ بۆ ماوەی یەک ساڵ لە هەوای ئاسایی ژووردا هەڵیبگرین.




سەرچاوە:

مایکۆفۆبیا چییە؟

مایکۆفۆبیا واژەیەکی لێکدراوی یوونانییە کە پێکهاتووە لە دوو واژەی (مایکۆ) بە مانای کەڕوو، و (فۆبیا) بە واتای ترس یا فەرهـ.  
بەسەریەکەوە واتە ترس لە کەڕوو یا ترس لە کوارگ.  ترس لە کوارگ و کەڕوو دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کەسەکە نەوێرێت قارچک بخوات.
بەشێوەیەکی گشتی ترسان دوو هۆکاری دەروونی و ئەندەروونیی هەیە.  هۆکاری دەروونی پێکدێت لە بۆماوەیی و جینێتیک و زۆر نەریت و کەلەپووری کۆمەڵایەتی.  هۆکاری ئەندەروونی پێشینەی کارەسات و رووادی تاڵ و نەخوازراو دەگرێتە خۆ کە کەسەکە دەترسێنێت و ناچاری دەکات بۆ پێشگیری لە دووپات بوونەوەی، خۆی لە کوارگ دوور بگرێت و لە راستیدا لێی بترسێت؛ بە چەشنێک کە زۆر جار لێی رادەکات.  ئاستی ترس لە کارگ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت؛ هەربۆیە نیشانەکانیشی جیاوازن.  بۆ وێنە دەکرێ کەسی تووشبوو بە کەڕووفەرهی یا مایکۆفۆبیا یەکێک یا چەند لەم نیشانانەی تیادا بێت: ترس، دڵەڕاوکێ، نیگەرانی و پەرێشانی، تەنگەنەفەسی، دڵەخورپە، لێدانی خێرای دڵ، ئارەقکردن، هێڵنجدان، زمان تێکئاڵان، وشکبوونی ناودەم و هەڵ لەرزین.  پزیشکان هەندێک دەرمانی ئارامکەرەوە دەدەن بە نەخۆش بەڵام لە راستیدا هیچ دەرمانێکی کیمیایی چارەسەری کەڕووفەرهی ناکات.  تاکە چارەسەر بۆ ئەم نەخۆشییە بریتییە لە راوێژکردن، چارەسەری مۆگناتیزی، چارەسەری دەروونی و بەرنامەڕێژیی زمانەدەمارناسی (نیۆرۆلینگویستیک پرۆگرامینگ).  چونکە نەخۆشییەکە نەخۆشییەکی بەکتریایی، نیتگی یا کەڕووزا نییە بۆیە تەنیا لەم رێگایانەوە دەرمانی ئەم بیمارییە دەکرێت.






سەرچاوە:




رێنمایی دروستکردنی پرۆژەی قارچک


ئەمە راگەیەنراوی فەرمییە بۆ ئەو کەسانەی مەبەستیانە پرۆژەی بەرهەمهێنانی قارچک لە هەرێمی باشوور دابمەزرێنن.
...........................................................

پێدانی مۆڵەتی دامەزراندنی پرۆژەی قارچک

مەبەست لە دامەزراندنى پرۆژەى قارچک ,بەرهەم هینانى بەرهەمى (قارچک )ە بەشیوەیەکى زانستیانە وتەندروست, ئامانجیش لە پرۆژەکە بەرهەم هینان وزیادکردنى بەرهەمى ناوخۆ وبەرزکردنەوەى ئاستى زانستى وهونەرى جوتیاران و وەبەرهینەرانى ناوخۆ بیت لەو بوارەدا .
مەرجى پیویست بۆپیدانى مۆلەت :
١-دەبیت رووبەرى زەوى پیوست بۆ پرۆژەکە لە(٥,١)دۆنم کەمتر نەبیت ئەگەر پرۆژەکە تەنیا یەکەى بەرهەم هینانى قارچک بگریتە خۆ.
٢-دەبیت رووبەرى زەوى پیویست بۆ پرۆژەکە لە (٥,٢)دۆنم کەمتر نەبیت ئەگەر پرۆژەکە جگە لەیەکەی بەرهەمینانى قارچک یەکیک یان هەردوو یەکەى (بەرهەم هینانى تۆو)ویەکەى (بەرهەم هینانى کۆمپۆست)بگریتە خۆ.
٣-پرۆژەکە (٧٥)م لە ریگاى سەرەکى و(٢٥٠)م دووربیت لە شوینى نیشتەجى بوون وئاوەدانى .
٤-لەکاتى بەرهەم هینانى قارچک لەسەر زەوى (ارضى), دەبیت ژمارەى هۆلەکان  لە (٦)هۆل کەمتر نەبیت و  هەر هۆلیکیش رووبەرەکەى (٢٠*٥*٥)مەتر کەمتر نەبیت , بەڵام لەکاتى بەرهەم هینانى قارچک لەسەر رەفە (رفوف ) ریگە دەدریت بەمەرجیک ژمارەى هۆلەکان لە (٣) هۆل کەمتر نەبیت بە هەمان رووبەر وە ژمارەى رەفەکان لە (٤)رەفە کەمتر نەبیت لەسەریەک لەگەل دانان و دابین کردنى تەواوى پیداویستى هۆلەکان لەهەردوو جۆرەکەدا وەک (کارەبا,ئاوپرژین,رەفە ,کۆنترۆلى پیویست بۆ راگرتن وکەش و هەواى هۆلەکە ,پاقژکردنى رۆژانە .......هتد).
٥-ئەگەر پرۆژەکە یەکەى بەرهەم هینانى تۆوى لەگەلدا بوو پیویستە دوو هۆل دابمەزریت ,یەکیکیان بەرووبەرى (٥*٧) مەتر کەمتر نەبیت بۆ تاقیگەو دووەمیان بۆ ئامیز (حاضنە)  (١٠*٥)مەتر کەمتر نەبیت.
٦-ئەگەر پرۆژەکە یەکەى بەرهەم هینانى( کۆمپۆست)ى لەگەلدا بوو گۆرەپانیکى پەستینراوى هەبیت بە رووبەرى (٤٠*٢٥)مەتر کەمتر نەبیت .
٧-پرۆژەکە سەرچاوەى ئاوى پیویستى هەبیت .
٨-پیشکەش کردنى وینەیەک لە خاوەندارێتى زەویەکە .
٩-رەزامەندى لایەنە پەیوەندیدارەکان وەربگریت وەک سەرجەم پرۆژەکانى دیکەى کشتوکالى لەگەل وەرگرتنى مۆلەتى تەندروستى .
١٠-چاندنى چوار دەورى پرۆژەکە بە نەمامى گونجاو ,باگیرەوە(مصدات الریح ) بۆ دروست بکریت .

                                                      جمیل سلیمان حیدر
                                          وەزیرى کشتوکال وسەرچاوەکانى ئاو 
                   بڵاوکراوەتەوە لەرۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (١٣٥) لە سالى ٢٠١١



سەرنج: هەندێک لە ژمارەکانی نێو کەوانەکان ناڕێک نووسراون، مەگەر وەزیر خۆی بێت بۆمانی بخوێنێتەوە😊