به‌گوێره‌ی چه‌ند هه‌واڵ و راپۆرتێكی ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی كوردستان، له‌م رۆژانه‌ی رابردوودا نزیكه‌ی دوازده كه‌س له خه‌ڵكی ناوچه‌ی رانیه و قه‌ڵادزێ به‌هۆی خواردنی كارگ ژه‌هراوی بوون و گه‌یه‌نراونه‌ته نه‌خۆشخانه. ژه‌هراویبوون به قارچك دیارده‌یه‌كی نائاسایی نیه و ساڵانه سه‌دان و هه‌زاران كه‌س له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به‌هۆی خواردنی كوارگه‌وه ژه‌هراوی ده‌بن یا ده‌مرن. كوردستانیش به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جۆغرافیایی و ئاووهه‌وای گونجاو و له‌باری، جۆره‌ها قارچكی لێده‌ڕوێت. هه‌ر ساڵێكیش رێژه‌ی باران به‌رز بێت و شه‌پۆلی سه‌رما دره‌نگ رووبكاته وڵات، ده‌رفه‌تی زیاتر و باشتر ده‌ڕه‌خسێت بۆ رووان و رسكانی كوارگی زیاتر و جۆر و گۆنی هه‌مه‌ڕه‌نگ.
كارگ كه جۆرێكه له كه‌ڕوو له سروشتدا ژماره‌یان له هه‌زاران تێده‌په‌ڕێت. مه‌رج نییه قارچكێك كه له ئه‌وروپا ده‌ڕوێت له كوردستانیش بڕوێت. مه‌رج نییه قاچكێك كه له وه‌رزی به‌هاردا ده‌ڕوێت، له وه‌رزه‌كانی تریشدا بڕوێت، رووان و رسكانی كوارگه‌كان به‌ستراوه‌ته‌وه به رێژه‌ی شێ و باران و پله‌ی گه‌رما له سروشتدا. گونجاوترین پله‌ی گه‌رما بریتییه له پله‌ی ١٨ی سه‌دی تا ٣٠ی سه‌د و هه‌روه‌ها رێژه‌ی ٦٠ تا ٩٠ی شێ. به‌شێوه‌یه‌كی ئاسای له وڵاتی ئێمه‌دا ئه‌م پله‌ی گه‌رما و رێژه‌ی شێیه له وه‌رزه‌كانی به‌هار و پاییزدا فه‌راهه‌م ده‌بن؛ هه‌ربۆیه زۆربه‌ی زۆری جۆر و گۆنه‌كانی كارگی كوردستان له‌م دوو وه‌رزه‌دا ده‌ڕوێن؛ هه‌رچه‌نده له وه‌رزه‌كانی زستان و هاوینیشدا له هه‌ندێك شوێنی كوردستان قارچكی جیاواز ده‌رده‌كه‌ون.
ئه‌و كوارگانه‌ی له به‌هاردا ده‌ڕوێن و خه‌ڵكی ئێمه زۆر بایه‌خیان پێده‌دات كارگی كوێستانه‌كانن. به‌شێكی گرنگی بایه‌خپێدانیان له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌یه كه به ئاسانی ده‌ناسرێن و جێگای گومان نین؛ چونكه ئه‌وان خه‌سڵه‌تی هاوژینیان هه‌یه كه له زمانی زانستیدا پێیده‌ڵێن (سیمبایۆتیك). ئه‌وان هه‌ركامه‌یان له‌پاڵ رووه‌كێكی دیاریكراودا ده‌ڕوێت و كه‌سی كوارگه‌وان رووه‌كه‌كه ده‌ناسێت، هه‌ربۆیه بێ ترس و دوودڵی قارچكه‌كه ده‌چنێت و ده‌یخوات. جۆرێكی تر بریتییه له كوارگێكی سپی كه ژێر كڵاوه‌كه‌ی په‌مه‌یی یا قاوه‌یی كاڵه و له نێو مێڕگ و چیمه‌نان ده‌ڕسكێت و به (كارگه‌مێرگه) ناسراوه و به‌شێوه‌ی بازرگان‌یش له ئاستی جیهاندا پڕفرۆش‌ترین قارچكی جیهانه و پێده‌ڵێن (كوارگی دوگمه‌یی). دیاره جۆری تریش به‌گوێره‌ی ناوچه‌كان هه‌ن كه ناوی جیاجیایان هه‌یه و شێواز و تام چێژی جیاوازیان هه‌یه..
له وه‌رزی پاییزدا، به‌تایبه‌تی له پاییزی ته‌ڕدا ژماره و جۆری كوارگه‌كان زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه. به‌داخه‌وه تا ئێستا ئامارێك له جۆره‌كانی قارچكی كوردستان له‌ده‌ستدا نییه و كه‌س نازانێت چه‌ند جۆر قارچك له وڵاتی ئێمه‌دا ده‌ڕوێت، به‌ڵام تا ئێستا به گوێره‌ی چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ك كه له هه‌ولێڕ و سلێمانی دا ئه‌نجام دراون ئاماژه به هه‌بوونی نزیكه‌ی ٨٠ جۆر قارچك كراوه. بێگومان له‌م هه‌شتا جۆره به‌شێكیان ژه‌هراوین و به‌شێكیان خۆراكین؛ به‌ڵام به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێی كوردستان و به له‌به‌رچاوگرتنی سروشتی گونجاوی كوردستان ، چاوه‌ڕوانده‌كرێت ژماره‌ی قارچكه‌كان پێنج به‌رابه‌ری ئه‌مه بێت. به وته‌یه‌كی دیكه هه‌ر كوارگێك كه بۆ یه‌كه‌مجار چاوت پێیده‌كه‌وێت، ره‌نگه ئه‌و قارچكه هێشتا نه‌ناسرابێت و له هیج شوێنێك تۆمار نه‌كرابێت؛ ته‌نانه‌ت بۆی هه‌یه قارچكی وامان هه‌بێت كه تایبه‌ت بێت به كوردستان و له هیچ وڵاتێكی تر نه‌ڕوابێت.
دوای ئه‌م پێشه‌كییه دێمه سه‌ر كرۆكی بابه‌ته‌كه كه باسی ژه‌هراویبوونی هاووڵاتیانه له ناوچه‌كانی رانیه و قه‌ڵادزێ. دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی رانیه راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه كه له‌ودا بۆ پێشگیری له زیاتر ژه‌هراویبوونی هاووڵاتیان هه‌ندێ ڕێنومایی بڵاوكردوووه‌ته‌وه كه زۆر قسه هه‌ڵده‌گرێت و ناكرێ سووك و ئاسان به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕین. دیاره زۆر گه‌رام به شوێن كۆپییه ئه‌سڵیه‌كه‌ی راگه‌یه‌ندراوكه‌دا كه ده‌ستم نه‌كه‌وت؛ به‌ڵام وێبسایتی (ژیان دۆت كۆ) كورته‌یه‌كی پڕ له هه‌ڵه‌ی لێ بڵاوكردووه‌ته‌وه. له‌ودا وه‌ك ره‌وشتی پێشوو باس له‌وه كراوه كه به (خوێ) ده‌توانرێت كارگی ژه‌هراوی و خۆراكی له‌یه‌كتری جیا بكرێنه‌وه.. هه‌روه‌ها نووسراوه كه هاووڵاتیان خۆیان دوور بگرن له خواردنی هه‌ر قارچكێك كه له بن دار و ده‌وه‌ن رووابێت چونكه به وته‌ی ئه‌وان پێكهاته‌ی ژه‌هرین له داره‌كانه‌وه وه‌ردگرن. له خاڵێكی تردا نووسیویانه هاووڵاتیان ده‌بێ خۆیان به دوور بگرن له خواردنی كوارگێك كه كڵاوه‌كه‌ی یا قه‌ده‌كه‌ی سوور بێت.
خۆزگه ئه‌م به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌ی رانیه له جیاتی ئه‌م كۆمه‌ڵه قسه بێبنه‌مایانه وێنه‌ی چه‌ند كارگێكی بڵاو بكردایه‌ته‌وه و له ژێریانه‌وه بینووسیبایه ئه‌م قارچكانه ژه‌هراوین! ئیدی هیچ پێویست نه‌بوو خه‌ڵكی چه‌واشه و لاڕێ بكرێت و راستییه‌كانیان له بشێوێندرێت.. وه‌ك پێشتر گوتمان كارگ هه‌زاران جۆری هه‌یه و ئه‌و ژه‌هره‌ی له كوارگه ژه‌هراوییه‌كاندایه ته‌نیا یه‌ك جۆر نییه تا به یه‌ك شێواز و كه‌ره‌سته بدۆزرێته‌وه و ده‌سنیشان بكرێت. ئهفلاتۆكسین، ئۆكراتۆكسین، سیترینین، ئیرگۆت، پاتولین و فیوزاریه‌م چه‌ند دانه‌یه‌كن له‌و ژه‌هرانه‌ی كه له قارچكه ژه‌هراوییه‌كاندا ده‌سنیشان كراون. قارچكی وا هه‌یه به‌ته‌نیا چوا جۆر ژه‌هری ده‌رده‌ات؛ له هه‌مان كاتدا هه‌یشه به‌چه‌ندین جۆر قارچك یه‌ك جۆر ژه‌هر ده‌رده‌ه‌ن. ده‌سنیشانكردنی جۆره‌كانی ژه‌هر رێباز و كه‌ره‌سته‌ی جیاوازیان پێویسته و هه‌موویان به پڕژاندنی خوێ به‌سه‌ر كوارگدا ده‌رناكه‌ون. كێ ده‌زانێ ئه‌و كه‌سه ژه‌هراویبووانه به‌م جۆره ئامۆژگارییه سه‌قه‌ت و نادروسته نه‌خه‌ڵه‌تاون و ژه‌هراوی نه‌بوون؟!
له‌لایه‌كی تره‌وه ، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی زانستی له ده‌ستدا نییه كه بیسه‌لمێنێت ئه‌و قارچكه‌ی له بن دار و ده‌وه‌ن ده‌ڕوێت ژه‌هراوییه. هه‌روه‌ها هیچ به‌ڵگه‌یه‌كش له‌ده‌ستدا نییه بیسه‌لمێنێت هه‌ر قارچكێك كڵاوه‌كه‌ی و قه‌ده‌كه‌ی سوور بێت، ژه‌هراوی بێت. ئه‌و كارگه سووره‌ی كه ژه‌هراوییه و جێی مه‌ترسییه و زۆر ناسراوه، یه‌ك دانه‌یه كه ناسراوه به ئه‌مانیتا موسكاریا و له نزیك دار ده‌ڕوێت. ئیدی مه‌رج نییه هه‌ر كوارگێك سوور بوو یا له نزیك دار ڕووا ژه‌هراوی بێت. ئه‌سڵه‌ن تا ئێستا به‌ڵگه‌یه‌ك نییه كه ئه‌مانیتا موسكاریا له كوردستان هه‌بێت!
من ده‌توانم ئێستا لیستی كۆمه‌ڵێك كارگی ژه‌هراوی به وه‌سف و تایبه‌تمه‌ندی و وێنه‌وه بڵاو بكه‌مه‌وه به‌ڵام گرفته‌كه لێڕه‌دایه كه نه خۆم و نه هیچكه‌س و لایه‌نێكیش دڵنیا نین لهوههی كه كامه قارچك له قارچكه ژه‌هراوییه ناسراوه‌كانی جیهان له كوردستان هه‌یه و ده‌ڕوێت؟! ره‌نگه بڵاوكردنه‌وه‌ی لیستێكی وا له‌لایه‌كه‌وه سوودی هه‌بێت؛ به‌ڵام بێگومان زیانیشی ده‌بێت و ره‌نگه به‌هۆی لێكچوونی قارچكه‌كانه‌وه زۆركه‌س ناچار بكات كه پشت بكاته خواردنی خۆشترین كوارگی كوردستان.
هیوادارم ئه‌م كورته روونكردنه‌وه‌یه به‌س بێت بۆ هاتنه‌وه هۆشی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و ته‌ندروستی كارده‌كه‌ن و له‌سه‌ر قارچك نابه‌رپرسانه ده‌دوێن و چه‌واشه‌كاری ده‌كه‌ن.