21.2.22

کارگی ئینتۆڵۆما سینیووەیتم

 ژەهراوی و ئاوەزگەردان 

لە زمانی گشتیدا بە ئینتۆڵۆمای قورقوشمی، ئەگاریکی قورقوشمی، شیپەڕە ئاڵی قورقوشمی، قورقوشمی ژەهردار و ژەهرداری گەورەی پێدەگوترێت.  لە جسنی ئینتۆڵۆمایە، لە خێزانی ئینتۆڵۆماتاسیی، سانی ئەگاریکاڵەکان، پۆلی ئەگاریکۆمایسیت و کەرتی باسیدیۆمایکۆتایە.  قارچکێکی ژەهراوی و کوشندەیە لە سەرتاسەری ئەوروپا و باکووری ئەمریکا دەبینرێت.  لە ناوچەکانی دەریای رەش و ئوستانی ئادیامانی تورکیا،  ئێران و باکووری یوونانی چین کە دەکاتە ئاسیا هەیە.  هەندێ سەرچاوە بە ناوە زانستییە کۆنەکەی واتە ئینتۆڵۆما لیڤیدوم یا رۆدۆفیلوس سینیوەیتس ناوی دەبەن.  واژەی ئینتۆڵۆما یونانییە و بە واتای لۆچو یاگنج بوو بۆ دیوە ناوەوە دێت و هەروەها سینیوتوەم واتە  شەپۆلدار؛ کە ئاماژەیە بەشێوەی کەچ و خوری کڵاوی ئەم چەشنە کوارگە.  لە ئەوروپا ئەم کوارگە بەرپرسە لە سەدا دەی ژهراویبوونەکان بە کارگ.  ئەو کەسەی دەیخوات لە دوای ٣٠ خولەک تا دوو هنگار نیشانەکانی رەوانی و رشانەوەی لێدەردەکەوێت؛ و تا ٤٨ هنگار دەخایەنێت.  جەرگ بە توندی ژەهراوی دەبێت و نیشانەی ئاوەزگەردانیش وەک وڕێنەکردن لە نەخۆشدا دەردەکەوێت.  بە دەگمەنیش نەخۆش بۆ چەند مانگێک تووشی خەمۆکی بووە.  خودی ژەهرەکان تا ئێستا نەناسراون بەڵام لە وانستەیەکدا کە لە رۆژهەڵاتی ناوچەی دەریای رەش کراوە،  گوتراوە کە ئەم چەشنە قارچکە بەرزترین رێژەی مسی تێدایە؛ هەروەها رێژەیەکی بەرزی تۆتیای تێدایە.  لە باشووری رۆژهەڵاتی پۆڵەند دەرکەوتووە کە کڵاو و قەدەکەی رێژەیەکی بەرزی جیوەی تێدایە بە بەراورد لەگەڵ قارچکەکانی تردا.  هەروەها ئەمەیش زانراوە کە رێژەیەکی زۆر لە پێکهاتەی ئارسنیکی تێدایە.


کارگی ئینتۆڵۆما سینیووەیتم  بە تەنیا و بە کۆمەڵیش دەڕوێت.  هەروەها بینراوە لە باشووری ئەریزۆنای ئەمریکا بەشێوەی مانگابەکەڵیش روواوە.  بە زۆری لە پاییزدا و تەنانەت لە ئەمریکا لە هاوینیشدا دەڕوێت.   لە دارستانەکانی درەختە گەڵاڕێزۆکەکاندا و لە بن درەختی راج و بەڕوودا و زۆر بە کەمی لە بن درەختی بێتوولە\غان دا دەڕوێت.  بە زۆری لەسەر خاکی قوڕ و گەچین دەڕوێت.  لەوانەیە لە پارک و مێرگ و چیمەنیشدا بڕوێت.  هەرچەند ئەم چەشنە خۆی وەک رەژکەکەڕووی درەختی بی پێناسەکراوە بەڵام زۆربەی چەشنەکانی تری ئەم جسنە بە گەندەژی ناسراون.


ئینتۆڵۆما سینیووەیتم ساڵی ١٧٨٨ بەشێوەی زانستیانە لەلایەن ژان باپتیست فرانسوا بولیاردەوە وەسفکرا؛ و ناوی لێنرا ئەگاریکوس لیڤیدووس.  ئەو سەردەمە زۆرینەی شیپەڕەدارەکان لە جسنی ئەگاریکوس هەژمار دەکران.  سەرەنجام ساڵی ١٨٧١ کەووزانی ئەڵمانی پۆڵ کوومەر رایگواست بۆ جسنی ئینتۆڵۆما کە پێکهاتووە لە نزیکەی ١٠٠٠ چەشن و ناوی ئینتۆڵۆما سینیووەیتمی لێنا.  ئینتۆڵۆما سینیووەیتم ئورگی جسنەکەیشە؛ واتە هەموو چەشنەکانی ئەم جسنە دەکەونە ژێر ناوی ئەمەوە.


رەنگی کڵاوەکەی سپیی عاجییە و لەگەڵ چوونەسەری تەمەنیدا تاریکتر دەبێت.  سەرەتا قووچەکییە و دوواتر کەمێک تەخت دەبێت و بەرزاییەک لە بەشی نەوەراستی دروستدەبێت.  لە تەمەنی ساواییدا کەمێک دیسناکە.  لێوارەکانی وەک نەرمەی گوێی مرۆڤە.  تیرەی کڵاوەکەی ٦٠ تا ١٥٠ میلیمەتر دەبێت.  کاتێک کە هەوا زۆر گەرم دەبێت کڵاوەکە تەوا دەکرێتەوە و تەخت دەبێت و لێوارەکانی شەقار شەقار دەبێت.


رەنگی شیپەڕەکانی سپیی زەردواشە.  لە یەکترییەوە نزیکن و کاتێک هاگەکانی پێدەگەن و رەنگی شیپەرەکان بەلای ئاڵذا دەگۆڕێت.  واتە رەنگی هاگەکانی ئاڵە.  چێژی ئاساییە بەڵام بۆنی دەسنیشان نەکراوە.


رەنگی قەدەکەیشی سپیی عاجییە و لوولەکییە بەڵام هەندێک جار بنەکەی سەلکدارە.  درێژییکەی ٣٠ تا ١٠٠ میلیمەتر دەبێت و تیرەی ئەستووریەکەیشی ٦ تا ١٥ میلیمەتر دەبێت.  هیچ قەف و ئەڵقەیەکیش بە قەدەکەوە نابینرێت.  



سەرچاوە:

 فێرست نەیچەر

میندات

مەشرووم گرۆڤ

20.2.22

ئەمانیتا سترۆبایلیفۆرمیس

 ئاوەزگەردان 

کارگێکی دەگمەنە و ناوە گشتییەکەی بریتییە لە ئەمانیتای زیپکەدار.  بەشێوەی هاوژینی لە دارستانەکاندا لەگەڵ درەختە گەڵاڕێزۆکەکان دەڕوێت. بەتایبەتی لە خاکی قڵیاییدا دەڕوێت.  بە تەنیایی و هەندێک جاریش بە کۆمەڵەی بچووک دەڕوێت.  لە ئەوروپا و هەرێمەکانی مەدیتەرانە تا هۆڵەندا و ئینگلیستان دەڕوێت و رەنگە لە ژوورتری ئەوێش بڕوێت.  باس لەوە کراوە کە کوارگێکی خۆراکییە و گوایە ماددەکانی ترشی ئایبۆنێتیک و مووسیمۆڵی تێدایە، کەواتە لە کوارگە ئاوەزگەردانەکانە.  کاتێک کە دەیخۆن هەمان ئەو نیشانانە لە کەسەکە دەردەکەوێت کە لە دوای خواردنی ئەمانیتا موسکاریا و ئەمانیتا پاندەرینادا دەردەکەون.  ئەم ناوە ساڵی ١٨٦٦ لەلایەن کەڕووزانی فرانسی لویس ئادۆڵف بێرتیلۆنەوە لەم چەشنە قارچکە نرا.  ووشەی سترۆبایڵ واتە چلکووزە کە بەری چەشنێک درەختی سنەوبەرە.  کاتێک لەتدەکرێت یا دەشکێت بۆنی تووری لەتکراو دەدات.  


تیرەی کڵاوی ئەم قارچکە ٧٠ تا ١٥٠ میلیمەتر یا ٥٠ تا ٢٢٠ دەبێت.  شێوەی زۆپ تا نیمچەتەختە و هەندێک جاریش نێوەراستەکەی تەواو تەخت دەبێت.  رەنگی سپی تا خاکیی کراوە یا خاکیی مەیلەو قاوەیی کراوەیە.  پاشماوەی ئەستووری سپی تا خاکی یا خاکیی قاوەیی کاسەکەی بەشێوەی پەڵە و پارچە بەسەر کڵاوەکەوە دەمێنێتەوە.


شیپەڕەکانی سپی تا قەیماغین و زۆر لە یەکترییەوە نزیکن و شیپەڕەی کورتیش لە ناویاندا هەیە.  شیپەڕەکان بە قەدەکەوە نووساون کە ئەمە بۆ ئەمانیتاکان تا راددەیەک نائاساییە.  ئەڵقەیەکیش لای سەرووی قەدەکە هەیە کە بەرەبەرە نامێنێت. 

قەدی ئەمانیتا سترۆبایلیمۆرمیس ٨٠ تا ١٨٠ و تا ٢٠٠ میلیمەتر درێژ و تیرەی ئەستوورییەکەی ١٦ تا ٣٠ تا ٤٠ میلیمەتر دەبێت.  شێوەی قەدەکە لوولەکییە و رەنگی سپییە، ریشاڵۆکی ووردی پێوەیە و پاشماوەی پەردەی کاسەکە بە قەدەکەوە دەنووسێت بەشێوەی جیاجیا دەردەکەوێت.   هەروەها قەدەکە بنێکی شێوە سەلکی هەیە.



سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

نەیچەر فێرست

19.2.22

کوارگی ئەمانیتا سەبجەنکیڵی

 کوشندە 

قارچکی. ئەمانیتا سەبجەنکیڵی یا کڵاومەرگی ئاسیای رۆژهەڵات لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەڕوێت.  کارگێکی زۆر کوشندەیە.  زۆر نزیکە لە کڵاومەرگ واتە ئەمانیتا فاڵۆییدس.  تەنمیوەی ئەم کوارگە مامناوەندییە و بە دەگمەن ئەندازەی گەورەی هەیە. 

 تیرەی کڵاوەکەی ٣٠ تا ٦٠  یا ٢٠ تا ١٠٠ میلیمەتر دەبێت؛ و لە سەرەتادا نزیکەی نیوە گۆییە؛ پاشان دەگۆڕێت بۆ زۆپ و تەخت.    رەنگی کڵاوەکە زەردی قاوەیی باو تا زەردی تڵخ تا زەردی خەردەلییە؛ و تا بەرەو نێوەراست دەچێت تۆخترە.   لێوارەکانی کڵاوەکە لووسە و کاتێک کە بۆڕدەبێت دەگۆڕێت بۆ هێڵداری.   پاشماوەی کاسەکە زۆر بەدەگمەن بە کڵاوەکەوە دەمێنێتەوە.  کاتێک پێیەوە بمێنێتەوە، رەنگی سپییە؛ و ەک پەڵە دەردەکەوێت و دەزوولەدارە.  گۆشتی کڵاوەکەیش سپییە.

شیپەڕەکانی ئەمانیتا سەبجەنکیڵی. ئازادن و زۆر لەیەکترییەوە نزیکن.  رەنگیان سپییە و  هەندێکیشیان کورتن.


درێژیی قەدەکەی ٤٠ تا ١٢٠ تا ١٥٠ میلیمەتر دەبێت و تیرەی ئەستوورییەکەیشی ٣ تا ١٠ تا ١٥ میلیمەتر دەبێت.  نزیکەی لوولەکییە و بە ئاستەمێک لای سەرووی باریکترە لە خواروو.  قەدەکەی پتەوە ورەنگی سپی تا زەردە و لەپکەگەلی ریشاڵۆکداری زەردەوشی پێوەیە.   گۆشتی قەدکەیش سپییە؛ و بنەکەیشی نیمچە گۆییە و شێلم ئاسایە؛ و ١٠ تا ٢٠ تا ٣٠ میلیمەتر بەرینە.  

هەردووک دیوەی کاسەکەیشی رەنگی سپی تا سپیی تڵخە.   ئەڵقەکەیش لە لای سەرووی قەدەکەیەتی و لە شێوەی داوێنی کراسە؛ تەنک و دەزوولەدار و دەوامدارە.  دیوی سەرەوەی ئەڵقەکە سپییە و دیوی خوارەوەی سپیواشە.  بۆنێکی جیاوازی نییە و ژەهری کوشندەی ئاماتۆکسین و هیتری تێدایە.



سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

ئنجێنتا کۆنێکت


هەڵچی ئەمانیتا ماگنیڤێڵاریس


 کوشندە 

قارچکێکی زۆر ژەهراوییە.  یەکەم نموونەی ئەم قارچکە ساڵی ١٨٩٧ لە نیویۆرک کۆکرایەوە و لەلایەن چارڵز پێکەوە وەسفیکرا.  لە باشووری کانەدا و ویلایەتی ویسکۆنسین و نیویۆرک دەبینرێت.   لە خاکی لمیندابە تاک و بە کۆمەڵ دەڕوێت.   بە هاوژینی لەگەڵ درەختی بەڕوو و سنەوبەر و گاگۆڕاڵی کانەدایی، راجدا دەڕوێت.   ئەم قارچکە دەگمەنە و زۆر نابینرێت.


تیرەی کڵاو کارگی ئەمانیتا ماگنیڤێڵاریس ٤٠ تا ١٢٧ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی سپی تا قیماغییە یا سپیی زەردواشە.  لەکاتی نمناکیدا دیسناکە.  سەرەتا زۆپە و پاشان تەخت دەبەت و سەرەنجام دەگۆڕێت بۆ رووچاڵ لە کاتی بۆڕبوونیدا.  هەندێک جار پارچە و لەت و کوتی کاسەکە بەسەریەوە دەمێنێتەوە.  شیپەڕەکانی بە شێوەی جیاواز بە قەدەکەوە نووساون، یا ئازادن.  لە یەکترییەوە نزیکن و رەنگیشیان سپییە، هەندێک جاریش کەمێک ئاڵی تڵخن.  ئەمانە باسی بۆنەکیان نەکراوە.


درێژیی قەدی ئەمانیتا ماگنیڤێڵاریس ٧٠- ٧ا ١٧٨ میلیمەتر و تیرەی ئەستوورییەکەی ١٢،٥ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی قەدەکەیش سپییە و لای سەرووی کەمێک باریکترە لە لای خواروو؛ هەروەها ووردە تفردارە و جۆرێک لەپکەی پێوەیە.  ئەو سەلکەی کە بە بنی قارچکەکەوەیە  بەرینییەکەی دەگاتە ٢٠ میلیمەتر و تا بەرەوە بنەوە دەچێت باریکتر دەبێت.  ئەڵقەیەکی بەرینیش بە سەرووی قەدەکەوە دەبینرێت.  رەنگیشی سپی تا قەیماغیی زەردە و دیوی خوارووی ووردە تفری پێوەیە.  کاسەکەی سپی تا خاکیباوە و  پتر لە ئەمانیتا بیسپۆراجیرا نێوانی هەیە لەگەڵ قەدەکەدا.




سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

مەشرووم ئێکسپێرت 

سەمارۆقی ئەمانیتا ئێکزیشیاڵیز

  کوشندە 

وەک فریشتەی کاولکەری گوانجوویش ناسراوە.  لە رۆژهەڵاتی ئاسیا بە بڵاوی دەڕوێت.  رەنگە لە هیندوستانیش بڕوێت کە بە ناوی ئەمانیتا ڤێرنا ناسێنراوە.  شیکارییە گەردییەکان دەریانخستووە کە ئەم کوارگە پەیوەندیی نزیکی نەژادزایی هەیە لەگەڵ چەشنەکانی ئەمانیتا سەبجونکیڵ ئاڵبا، ئەمانیتا ڤایرۆسا و ئەمانیتا بیسپۆریجێرا.  ئەم چەشنە قارچکە ژەهراوییەکەی زۆر کوشندەیە و یەکێکە لە ئەندامانی کەرتی فاڵۆییدەکان و پەیوەستە بە ئەمانیتا فاڵۆییدیسەوە.  ئەندازەیان مامناوەندییە و رەنگیان سپییە.  ئەمانیتا ئێکزیشیالیز بە تەنیا یا بە کۆمەڵی بچووک، و لە دارستانەکانی گەڵاپانەکاندا دەڕوێت.  بەدواداچوونە مەیدانییەکان سەلماندوویانە کە ئەم قارچکە لە ناوچەکانی وەک گۆانجوو، یوونان و هوونانی باشووری چین و بە هاوژینی لەگەڵ درەختی گەڵاڕێزۆکی کاستانەدا دەڕوێت.


تیرەی کڵاوی ئەمانیتا ئێکزیشیاڵیز  ٤٠ تا٧٠ میلیمەتر دەبێت.  شێوەی زۆپ تا تەختە و هەندێک جاریش دەبێتە چاڵ.  رەنگی سپییە و هەندێک جار قەیماغییە.  لێوارەکانی هێڵدار نییە و گۆشتەکەیشی سپییە.  شیپەڕەکانی ئازادن و بە قەدەکەیەوە نەنووساون.  رەنگیان سپییە و زۆر لە یەکترییەوە نزیکن.


درێژژیی قەدەکەی ٧٠ تا ٩ۆ میلیمەتر، و تیرەی ئەستوورییەکەی ٥ تا ١٠ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی سپییە، لووسە و هەندێک جار ریشاڵۆکی ووردی پێوەیە؛ شێوەی لوولەکییە و تۆزێک لایە سەرەوەی باریکترە لە لای خوارووی.  بنی قەدەکە سەلکەکی نیمچە گۆییە و بەرینییەکەی ١٠ تا ٢٠ میلیمەتر دەبێت.  کاسەکەیش بە سەلکەکەوە دیارە.  تەنک و دەزوولەییدارە و بەرزییەکەی دەگاتە ٧ میلیمەتر.   دەر و دوڕی کاسەکە سپییە.  ئەڵقەکەیشی  گۆشەدار تا نیمچە گۆشەدارە و تەنکە و دەزوولەدارە و رەنگی سپییە و لەشێوەی داوەنی کراسە.  کاتێک کە شلەی هایدرۆکسید پۆتاسیۆم بەر هەر شوێنێکی دەکەوێت رەنگی دەگۆڕێت بۆ زەرد.





سەرچاوە

جوورناڵی ئێم دی پی ئای

ئەمانیتاسیی