19.2.22

کوارگی ئەمانیتا ئارۆکیا

 کوشندە 

هەروەها بە کڵاومەرگی ئەمریکای لاتینیش ناسراوە.  کارگێکی زۆر کوشندەیە و لە کۆڵۆمبیا و ئەمریکای نێوەڕاست و ئەمریکای باشور یا باشتر بگوترێت لە کۆڵۆمبیا، مەکسیکۆ و کۆستاریکا دەڕوێت.  لە کەرتی فاڵۆییدەکانە و پەیوەستە بە ئەمانیتا فاڵۆییدیسەوە.  لە ووڵاتی مەکسیکۆ بە ناوی هۆنگۆ گریس ناسراوە و لە بن درەختی بەڕوو دەڕوێت.   ئەمە رەنگی کڵاوەکەی  جیاوازە لە کارگی بەناوبانگی کڵاومەرگ؛ کە رەنگی قاوەییباو یا خاکیباوە.


ئەم چەشنە یەکەم جار لە کۆڵۆمبیا و لە ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن کەڕووزان رۆد توڵۆس، سی. ئێڵ. ئۆڤبرۆ و رۆی هۆڵینگەوە وەسفکراوە.  وەک رێزێک بۆ کەڕووزان رێگڵا ماریا ئارۆکی ئەم ناوەی لێنراوە.  ووردە ریشاڵۆکە قاوەییەکانی قەدەکەی یەکێکە لە نیشانەکان بۆ ناسینی ئەم چەشنە.  پشکنینە کیمیاییەکان نیشانیان داوە کە ژەهری ئەماتۆکسین و سایکڵۆپێتاید لەم قارچکەدا هەیە.  ئەمانیتا ئارۆکیا بۆنی شێنە تا ناخۆشە؛ بەڵام باس لە چێژ و بەرامەی نەکراوە؛ و رەنگی هاگەکانی سپییە.


تیرەی کڵاوەکەی ٣٠ تا ١١٠ میلیمەتر دەبێت.  سەرەتا شێوەکەی خڕی قووچەکییە و دوواتر دەگۆڕێت بۆ زۆپ.  بۆی هەیە بگۆڕێت بۆ تەخت و تەنانەت هەڵیشگەڕێتەوە بەرەو ژوور، واتە بەرەو شێوە رەحەتی بچێت.  رەنگی کڵاوەکەی خاکیباو تا قاوەیی-ئەمبەرییە.  لە سەرەتای تەمەنیدا زیاتر خاکییە و لەگەڵ بۆڕبوونیدا رەنگی دەگۆڕێت بۆ زیاتر بەلای قاوەییدا.  لێوارەکانی هێڵدار نییە.  گۆشتی کڵاو و قەدەکەی سپییە.  هیچ پاشماوەیەکی کاسەکە بەسەر کڵاوەوە نامێنێتەوە.


شیپەڕەکانی ئازادن یا زۆر کەم بە سەرووی قەدەکەوە نووساون.  لە یەکترییەوە نزیکن، تەنکن و رەنگیان سپییە.  نێوە نێوە شیپەڕەی کورت و ئەندازە جیاواز لە نێویاندا هەیە. 


 درێژیی قەدەکەی ٨٠ تا ٢٠٠ میلیمەتر و تیرەی ئەستوورییەکەی ٥ تا ١٧ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی سپییە و لەکاتی زاماربووندا ناگۆڕێت.  ووردە ریشاڵۆکی سپی و خاکی بە قەدەکەوە دیارن.   بنەکە سەلکێکی نیمچەخڕی پێوەیە.  کاسەیەکەی سپیشی پێوە دیارە.  لای سەرووی قەدەکەی ئەڵقەیەکی سپیی داوێنداری هەیە.




سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

باخچەی رووەکزانیی نیویۆرک

کوارگی ئەمانیتا ئەبرەپتا

 ناخۆراکی 

ووشەی ئەبرەپتا کە وەک ناو بۆ ئەم چەشنە بەکارهێنراوە پەیوەندیی بە شێوە گۆییەکەی بنی ئەم قارچکەوە هەیە.  وەک لە وێنەدا دیارە بنەکە و قەدەکەوە بە جۆرێک پێکەوە لکاون کە وەک ئەوەیە کە دوو پارچەی جیاواز بن.  لە پێکەوە لاکانیاندا هاواهەنگییەک نابینرێت.   بە ووتەیەک تر قەدەکە بەرەبەرە ئەستوور نەبوو بەڵکوو لە نەکاو کۆتایی بە قەدە باریکەکە هاتووە و گۆپکەیەکی ئەستوور دەستیپێکراوە.  جا ئەم ووشەی (ئەبرەپت)ە واتای لەناکاو یا چاوەڕواننەکراو دەدات.

ئەم چەشنە کوارگە  ئەمانیتای ناکاو-بەسەلکبووی ئەمریکایی یا لێپێدیلای ناکاو-بەسەلکبووی ئەمریکاییشی پێدەگوترێت.   قەدەکەی باریکە و لە قۆناغی سەرەتای تەمەنیدا بنەکەی زۆر لە کڵاوەکەی گەورەترە.  ئەمە لە رۆژهەڵاتی باکووری ئەمریکا و رۆژهەڵاتی ئاسیا لە نێو دارستانە تێکەڵەکاندا دەڕوێت.  ئەم قارچکی ئەمانیتا ئەبرەپتایە قارچکێکی ناخۆراکییە؛ و وا باوەڕدەکرێت کە بە هاوژینی لەگەڵ چەند جۆرە درەختێک لە گەڵادەرزیلەییەکان و گەڵاڕێزۆکەکاندا دەڕوێت؛ و هەروەها بە تاک و تەنیا دەڕوێت نەک بە کۆمەڵ و گەل.


ئەمانیتا ئەبرەپتا یەکەم جار ساڵی ١٨٩٧ لەلایەن کەڕووزانی ئەمریکایی چارڵز هۆرتن پێکەوە وەسفکراوە.  لەبەرئەوەی لە کاتی ووشکبوونیدا کاسەکەی نامێنێت, چارلز پێیوابوو کە دەبێ لە دەستەی ئەمانیتا ریووبیسێنسدا دابنرێت.  دوواتر ساڵی ١٩٢٨ گوزراویەوە بۆ نێو جسنی لێپیدێڵاکان و ساڵی ١٩٤٠یش گوازرایەوە بۆ نێو جسنی ئەسپێدیلاکان.  هەرکام لەم دوو جسنەیش خرانە سەر جسنی ئەمانیتاوە.


تیرەی کڵاوی ئەمەنایتا ئەبرەپتا ٣٠ تا ٩٠ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی سپییە و زیپکەدارە.  ئەو زیپکانەی لە نزیک لێوارەکانین بچووکترن و چڕییان زیاترە.  شێوەکەی لە سەرەتادا نیمە گۆپکەییە، پاشان دەکرەتەوە و شەوکەی دەگۆڕێت بۆ زۆپ یا تەخت.  رەنگی لە کاتی ووشکبووندا رەخشانە.  رەنگە سپییەکەی لە کاتی بڕین یا لەتبووندا ناگۆڕێت.  کڵاوەکەی لە راستی قەدەکەیدا ٤ تا ٧ میلیمەتر ئەستوورە.  لێوارەکانیشی هێڵدار نییە.


شیپەڕەکانی ئازادن و بە قەدەکەوە نەنووساون یا زۆر کەم پێیەوە نووساون.  لەیەکترییەوە نزیکن وهەندەک جار نزیک نین.   رەنگیان سپی تا قەیماغییە.  کاتێک هەماشتە دەبن رەنگیان نارنجیی کراوەیە.  جار جارەیش شیپەڕەی کورتیان تێدا دەبینرێت.  

درێژیی قەدی ئەم کوارگە ٦٠ تا ١٢٠ میلیمەتر و تیرەی ئەستوورییەکەی ٥ تا ١٠ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی سپییە؛ و تا بەرەو سەرەوە دەچێت باریکتر دەبێت.  بۆی هەیە لووس بێت و بۆیشی هەیە تفردار بێت.  لە بنی قەدەکەیدا گۆپکەیەکی هەیە کە باشترین نیشانەیە بۆ ناسینی ئەم چەشنە قارچکە؛ لەسەرەوە ئاماژەی پێکراوە و پێویست بە دووبارەکردنەوە ناکات.  رەنگی گۆشتی ئەم قارچکە سپییە و لەکاتی بڕین و لەتبووندا ناگۆڕێت.  هەروەها رەنگی هاگەکانیشی سپییە.  لەکاتی بەرکەوتن لەگەڵ هایدرۆکسیدی پۆتاسیومدا رەنگی ناگۆڕێت یا تۆزێک بەلای ئاڵدا دەگۆڕێت.

 



سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

مەشرووم ئێکسپێرت

18.2.22

کارگی ئەمانیتا پۆرفیریا

  ناخۆراکی 

بە ئەمانیتای خاکی تاراداریش ناسراوە.  ووشەی پۆرفیریا خۆی بە واتای  رەنگی وەنەوشەیی تاریک دێت.  ناخۆراکییە و لە ئەوروپا و باکووری ئەمریکا تا راددەیەک ناسراوە.   بەشێوەی گشتی زۆر لە قارچکی ئەمانیتا سیترینا دەچێت؛ بەڵام رەنگی کڵاوەکەیان جیاوازە و ئەڵقەکەی ئەم زۆر خاکی-وەنەوشەییە.  زۆر حەز لە درەختە سنەوبەرەکان دەکات.   یەکەم جار لە سەدەی نۆزدە لە شەوروپا ناسێنراو.  ئەمانیتا پۆرفیریای ئەمریکا رەنگە جیاواز بێت لە هی ئەوروپا.  ئەم وەسفەی لێرەدا باسدەکرێت لەسەر بنەمای ئەو وەسفەیە کە ئەڵبێرتنی و شوەینیتز ساڵی ١٨٠٥  و نیڤیڵ و پاومارات ساڵی٢٠٠٤ ئەنجامیان داوە.  ئەمانیتا پۆرفیریا بە زۆری لە ورزی هاوین و پاییزدا دەڕوێت.  پۆرفیریان خۆراکی نییە و و زۆر جار لەنێو چەشنەکانی تری کەڕووی ئەمانیتا ناناسرێتەوە. 


تیرەی کڵاوی کارگی ئەمانیتا پۆرفیریا ٤٠ تا ٨٠ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی سووری تڵخ تا  سووری تڵخی خاکیباو تا وەنەوشەیی خاکیباوە. یا خاکیی قاوەی باوی کراوەیە.. و لە نێوەڕاستیدا تاریکترە.  سەرەتا شێوەی نیوەگۆییە و دوواتر دەگۆڕێت بۆ کەمێک زۆپ واتە تەختتر؛ و سەرەنجام تەواو تەخت دەبێت.   هەندێک جار پارچەی ناڕێکی خاکیی پەردەکە بەسەر کڵاوەکەوە جێدەمێنێت.  


وەک زۆربەی ئەمانیتاکانی تر رەنگی شیپەڕەکانی سپییە؛ و شیپەڕەکان بە قەدەکەوە نەنووساون؛ و هاگەکانیشی سپین.  شیپەڕەکان رەنگیان دەگۆڕێت بەلای تۆخیدا کاتێک کە بریندارا دەکرێن.  

درێژیی قەدەکە لە ٥٠ تا ١٢٠٠ میلیمەتر درێژ دەبێت؛ و ٦ تا ١٥ میلیمەتر ئەستوورە دەبێت.   بنی قەدەکەیش سەلکێکی پێوەیە کە هەندێک جار پاشماوەی کاسەکەوە پێیەوە دەنووسێت و هەندێک جاریش نا.   هەروەها رەنگی ئەڵقە کرتۆکەکەیشی وەنەوشەیی-خاکییە یا رەشە.  

رەنگی گۆشتەکەی سپییە؛ و بۆنی پەتاتە\سێوەزەمینەی خاو یا شێلمی لێوەدێت.  




سەرچاوە

مەشرووم ئێکسپێرت

ئەمانیتاسیی

فێرست نەیچەر

قارچکی ئەمانیتا پاندەرینا

 ژەهراوی و ئاوەزگەردان 

هەروەها بە پاندەر کاپ یا کڵاوپڵینگ،  زڕە شەرمن، و ئەمانیتای پڵنگ ناسراوە.  لەبەرئەوەی زۆر لە ئەمانیتا ریووبیسین دەچێت و ئەو ناوی ئەمانیتای شەرمنە، هەربۆیە ناوی زڕەشەرمن لەمەیش نراوە.  یەکەم جار ساڵی ١٨١٥ کەڕووزانی سویسرایی ئۆگوستین پایرامیس دێ کاندۆڵ  ناوی لەم چەشنە قارچکە ناو ئەگاریکوس پاندەرینا.  ساڵی ١٨٧١ کەڕووزانی ئەڵمانی پۆڵ کومەر ئەم کوارگەی گواستەوە بۆ نّ جسنی ئەمانیتا و ناوی لێناو ئەمانیتا پاندەرینا.  ئەم قارچکە لە ئەوروپا و رۆژاوای ئاسای دەڕوێت.   لە نزیک درەختە گەڵاڕێزۆکەکان بە تایبەتی راج و بناو، و هەندەک جاریش لە نزیک سنەوبەرەکان دەڕوێت.  زۆر بە دەگمەنیش لە مێرگەکانی ئەوروپا و  رۆژاوای ئاسیا لە دەرنگانی وەرزی هاوین و پاییزدا دەبینرێت.  بە رێکەوت لە باشووری ئەفریقایش بینراوە بەڵام گومان دەکرێت کە بەهۆی بازرگانییەوە گوازرابێتەوە ئەوێ.  ئەمەیش وەک هەموو رەژکەکەڕووەکانی تر کردەی سوودگۆڕکێ لەگەڵ درەختەکان جێبەجێ دەکات واتە  ووزەخۆراکی دروستبوو بە هۆی رۆشنەپێکهاتن لە درەختەکە وەردەگرێت و ووزەخۆراکی دروستبوو لە خاکی پێدەدات.


ئەمانیتا پاندەرینا پێکهاتەی ئاوەزگەردانیی تێدایە و رێژەکەیشی زۆر زیاترە لە هی ئەمانیتا موسکاریا.  گۆنی ئەمانیتا پاندەرینا پاندەرینۆیدس کە هەر لەم چەشنەیە ژەهراوییە.  ئەمانیتا پاندەرینا بۆ ئاژەڵ ژەهراوییە و بەدەگمەن ئاژەڵ دەیخوات.  کاتێک مرۆڤ دەیخوات لە ماوەی هنگارێکدا نیشانەکانی ژەهراویبوونی وەک هێڵنج و رشانەوەی لێدەردەکەوێت.  دەکەوێت و ئارەزووی خەوێکی قووڵ و درێژ دەکات.  ئەوانی ئەم قارچکە دەخۆن خۆیان وا دەبینن کە لە دەرەوەی جەستەی خۆیاندان؛ و وا هەست دەکەن هیچ هێزێکی کێشکردن رایانناکێشێت.   شتە بچووکەکان لەبەر چاویان زل و گەورە دەبن.  دەوروبەر لەبەر چاویان زۆر جوان و گەش دەبێت.  هەندێک جار پێی توشی لەخۆچوون دەبن بەڵام مرۆڤ ناکوژێت.


تیرەی کڵاوی ئەم کوارگە ٥٠ تا ١٢٠ میلیمەتر دەبێت.   رەنگی قاوەیی رەخشان یا  قاوەیی-خاکییە و لێوارەکەی راست و رێکە.  سەرەتا کڵاوەکەی زۆپ و قۆقزە بەڵام دوواتر کە بۆڕدەبێت کڵاوکەیش دەکرێتەوە و تەخت دەبێت.  پاشاموی سپی و جوانی پەردەکە وەک پەڵەی ناڕێک بەسەر کڵاوەکەوە دەمێننەوە.   رەنگی شیپەڕەکانی سپییە و بە قەدەکەوە نەنووساون.  هەروەها رەنگی هاگەکانیشی سپییە.


درێژیی قەدی ئەمانیتا پاندەرینا ٦٠ تا ١٢٠ میلیمەتر دەبێت و رەنگێکی تەواو سپییە.  ئەڵقەکەیشی بە جۆرێک ئەستوورە و  شۆڕدەبێتەوە و دوای بۆڕبوون تەنک و ناسک دەبێت.

سەلکەکەی بنی کە خۆی زۆر گەورە نییە پاشماوەی کاسەکەیەش بەخۆیەوە دلکێنێت و وەک سەلکێکی گەورە دەردەکەوێت.  کە رەنگی سپییە.  زۆر جار یەک یا دوو ئەڵقەی کوڵکن لەسەروو لێواری سەلکەکە و بە دەورەی قەدەکەوە دروستدەبێت.




سەرچاوە

ساینس دایرەکت

فێرست نەیچەر

کارگی ئەمانیتا فرۆستیانا

 ناخۆراکی و ژەهراوی 

بە ناوی ئەمانیتای زوقمیش ناسراوە.  چەشنە قارچکێکی بچووکە لە ئەمریکا و باشووری رۆژهەڵاتی کانەدا و دورگەی نیوفاوندلاند.  رەنگەکەی جیاوازە و لە زەرد و سوورەو تا ئاڵی سووروەش دەگۆڕێت.  لە دارستانەکانی بەڕوو و سنەوبەرەکاندا دەبینرێت.  زۆر نزیکە لەچەشنە ئەمانیتایەکی ئاسیایی بە ناوی ئەمانیتا سەبفرۆستیانا.


کڵاوەکەی زەرد و سوور یاخود زەرد-نارنجییە و نێوەراستی کڵاوەکەی زۆربەی جاران نارنجی-سوورترە لە بەشەکانی تری.  تیرەکەی ٢٠ تا ٨٠ میلیمەترە.  هەروەها سەر کڵاوەکەی زیپکەدارە کە رەنگیان کراوەترە. 

 

شیپەڕەکانی بە قەدەکەیەوە نەنووساون و ئازادن.  لە یەکترییەوە نزیکن و رەنگیشیان قەیماغییە.


قەدەکەی سپییە و درێژییەکەی ٤٧ تا ٦٢ میلیمەتر دەبێت و تیرەی ئەستوورییەکەی ٤ تا ١١ میلیمەتر دەبێت.  سەرچاوەی تر باس لە ئەندازەی جیاواز دەکەن.  هەروەها ئەڵقەیەکی پتەویش بەدەوری قەدەکەیەوەیە. 


بنەکەی سەلکدارە و سەلکێکی سپیی هەیە کە لای سەرەوەی رەنگی زەرد-سپییە.  لە کاتی ساواییدا پەردەی کاسەکەی هەموو کڵاوەکەی دادەپۆشێت و پاشان بەرەبەرە دەدڕێت و بڵاودەبێت.

 




سەرچاوە

مەشرووم دە جوورناڵ

ئەمانیتاسیی

مەشرووم ئۆبزێرڤەر