17.2.22

سەمارۆغی ئەمانیتا سێسیلیا

 خۆراکی 

ناوە گشتییەکەیە بریتییە لە بۆرەی پێستەمار، ئەمانیتای خنکاو یا ئەمانیتای بێ ئەڵقەی سێسیلیا.  مەبەست لە خنکاو کاسەکەی بنی قەدەکەیە کە وەک قەفیزێک توند قەدەکە دەگرێت؛ وەک ئەوە کە بیخنکێنێت.  یەکەم جار ساڵی ١٨٥٤ لەلایەن مایڵس جۆزێف بێرکڵی و کریستۆفەر ئێدموند بروومەوە وەسفکراوە.   ساڵی ١٩٨٤ ئەم ناوەی لەلایەن دوکتۆر کۆرنێڵ باسەوە پێدراوە.  ئەمنیتا سێسیلیا لە راستیداچەشنە قارچکێکی ئەوروپاییە بەڵام لە زۆر ناوچە و مەڵبەندی جیهانەوە بەهەڵە چەشنی تریان بەم ناوەوە ناساندووە.  ئەمە رەنگی کڵاوەکەی قاوەییە؛ و ژێر پێستە قاوەییەکە سپییە؛ بەڵام لێوارەکانی کاڵترە و وەک رەنگی چەڵتووکییە؛ و سەرەنجام دەگۆڕێت بۆ قاوەیی.


تیرەی کڵاوەکەی٧٥ تا ١١٠ میلیمەتر دەبێت، رەنگی لە سەرەتادا زەردی قاوەییباوە و لەکاتی بۆڕبووندا رەنگی تەواو دەگۆڕێت بۆ قاوەیی.  پەڵەگەلی خاکیی خەڵووزباو بەسەر کڵاوەکەوە دەبێت کە پاشماوەی پەردەی کاسەکەیە؛ و بە ئاسانی لادەچن.  سەرەتا شێوەکەی زۆپە و پاشان دەگۆڕێت بۆ تەخت.  کڵاوەکە کاتێک کە تەڕ و نمناکە هەستدەکرێت کە دیسناکە.  دێرەکەکانی لێوارەکانی کڵاوەکە  زۆر بەڕۆشنی دیارن.  


شیپەڕەکانی ئازادن واتە بە قەدەکەوە نەنووساون و نێوانیان کەمە و رەنگیشیان سپییە.  شیپەڕەکان تاراددەیەک ئەستوور و پەنجەیین.  رەنگی هاگەکانی ئەمانیتا سێسیلیا سپییە.


قەدەکەی ١٠٠ تا ١٦٠ میلیمەتر درێژ، و ١٥ تا ١٠ میلیمەتر ئەستوور دەبێت.  رەنگی سپییە و لای سەرووی لە خوارووی باریکترە.  یەک یا پتر شێوە ئەڵقەی هەیە کە پاشماوەی رەنگ  قاوەیی پەردەی کاسەکەی پێوە دەمێنێتەوە.  لە راستیدا ئەڵقەیەکی وەک چەشنەکانی تری نییە.  قەدەکەی پتەو نییە و زۆر جار نیوە هوڵۆڵە و بنەکەیشی سەلکی نییە.


کاسەکەی رەنگی قاوەییە و بەرەبەرە لەتوپەت دەبێت و نامێنێت و چەند پارچە و پرزۆڵێکی لێدەمێنێتەوە.




سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

مەشرووم ئێکسپێرت

هەڵچی ئەمانیتا فەیرینۆسا

 ژەهراوی 
ئەم کوارگە بە ئەمانیتای ئارداویی رۆژهەڵاتی ئەمریکا یا ئەمانیتای ئارداویی ئەمریکایش ناسراوە کە کارگێکی ژەهراوییە.  یەکێکە لە قارچکە قەبارە بچووکەکان کە بەشێوەی هاوژینی لە دارستانەکانی سنەوبەرەکان، بەڕوو، راج و گوێزی ئەمریکاییدا دەڕوێت.  هەندێک جار لە ئاوەدانییەکانییەکانیشدا لە نێو چیمەن و نزیک درەخت دەڕوێت.  لە سەرەباهاران و تا پاییزان بۆی هەیە بڕوێت.  ئەمانیتا فەیرینۆسا بە تەنیا بە کۆمەڵی بچووک و بەگەل دەڕوێت.  لە کوێبێکی کانەداوە تا کۆستاریکا ئەم کوارگەی لێدەڕوێت.  تازەترین پشکنینە گەردییەکان دەریانخست کە ئەم کوارگە زۆر نزیکە لە چەشنەکانی بندەستەی  ئەمانیتا موسکاریا، ئەمانیتا جیماتا و ئەمانیتارۆزیۆتینکتا.  هەروەها سەرچاوەیەکی هۆنگ کۆنگی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمانیتا فەیرینۆسا ژەهری  ئەمانیتین و فاڵۆتۆکسینی تێدایە؛ و خواردنی ٣٠٠ گرام لەمە بووەتە هۆی پەکخستنی جگەر.

تیرەی کڵاوی ئەم چەشنە ئەمانیتایە ٢٥ تا ٦٥ میلیمەتر دەبێت.   سەرەتا شێوەی کڵاوەکەی زۆپە؛ و بەرەبەرە تەخت دەبێت و تۆزێکی وورد لەسەری دروستدەبێت و بە ئاسانی لادەچێێت.  هەندێک جار تۆزەکە لەگەڵ زیپکە و پەڵە بەسەرکڵاوەکەوە دەنووسێن.  لێواری کڵاوەکە لەکاتی تەواو بۆڕبوونیدا رووبەری ١٠ تا ٢٠ میلیمەتری بە روونی دێرەکدارە.  رەنگی خاکیی قاوەیی باو تا قاوەییە یا تەواو سپییە. 


شیپەڕەکانی ئازادن واتە بە قەدەکەوە نەنووساون یا کەمێک پێیەوە نووساون.  لە یەکترییەوە نزیکن، هەندێکیان کورتن و رەنگیشیان سپییە.


درێژیی قەدەکەی بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە ٣٠ تا ٩٠ میلیمەترە و  سەرچاوەی تریش دەڵێن ٤٥ تا٦٠ میلیمەتر دەبێت.  هەروەها سەرچاوەیەک پێیووایە تیرەی ئەستوورییەکەی ٣ تا ١٠ میلیمەترە و سەرچاوەیەکی تر دەڵێت ٤،٥ تا ٨ میلیمەتر دەبێت.  ئەڵقەی نییە؛ و سەلکێکی بچووکی هەیە کە  بەشی سەرەوەی سەلکەکەی تۆزدارە و بە روونی دیارە کە لە بەشەکانی تر جیاوازە.


جێگەی سەرنجە کە ئەم وەسفە کە لێرەدا کراوە تەنیا تایبەتە بەو ئەمانیتا فەیرینۆسایە کە لە باکووری رۆژاوای ئەمریکا دەڕوێت.  لە ئاسیا و نیوزیلەند، ئەم ناوە بە چەند چەشنێک دەگوترێت کە جیاوازییان زۆرە لەگەڵ ئەمەدا.




سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

مەشرووم ئێکسپێرت

٣ هۆسپیتەڵ ئۆتۆرێتی

16.2.22

هەڵچی ئەمانیتا کرینیوولەیتا

 ژەهراوی 

ئەم قارچکە هەروەها بە ناوی ئەمانیتای شامپایانی ژەهراویش ناسراوە؛ و لە ئەمانیتا تۆزدارەکانە.  یەکێکە لەو قارچکانەی کە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەمریکا زۆر ناسراوە؛ و رەنگە لە باشووری رۆژهەڵاتی کانەدایش بڕوێت.  بە هاوژینی لەگەڵ درەختی گاگۆڕاڵ و چەشنە جیاوازەکانی سنەوبەر و بەڕوودا دەڕوێت.  لە وەرزی پاییزدا بە گەل دەڕوێت لەگەڵ چەشنی ئەمانیتا موسکاریا.  کاتێک کە کەسێک دەیخوات نیشانەکانی ژەهراویبوون بە ژەهری (ئایبۆتێنیک ئەسید\میووسیمۆڵی لێدەردەکەوێت. 


ئەندازەی تا راددەیەک بچووکە و رەنگی کراوەیە.  ووردتر بڵێین رەنگی زەرد یا بۆری کراوە تا تاریکە. تیرەی کڵاوەکەی ٢٢ تا ٩٠ میلیمەتر دەبێت و سەرەتا کاسەکە بەشێوەی تۆز هەموو کڵاوەکەی داپۆشیوە.  رەنگی زیپکەکانی کەمێک کراوەترە. رەنەگەکەیان پێدەگوترێت رەنگی شامپاین.  دێرەکەکانی کڵاوەکەی تەنیا لە سەدا ١٠ تا لەسەدا ٢٠ی نیوەتیرەی کڵاوەکە دەگرنەوە.

رەنگی شیپەڕەکانی سپی تا قەیماغییە و لە یەکترییەوە نزیکن.

درێژیی قەدەکەی ١٧ تا ١٠٠ میلیمەتر دەبێت و ئەستوورییەکەی٣ تا ١٦ میلیمەتر دەبێت.  ئەڵقەکەیشی شێوەی داوێنەی کراسی هەیە وشۆڕدەبێتەوە.  زۆر جاریش بە خێرایی ووندەبێت و نامێنێت یا بە شێوەی لەت و کوتی جیاواز بە ئەملا و ئەولای قەدەکەوە دەنووسێت.

بنەکەی بەشێوەی سەلکە و کاسەیەکی شامپاین رەنگ بە خۆیەوە هەڵدەگرێت.




سەرچاوە

مەشرووم دە جوورناڵ

ئەمانیتاسیی

15.2.22

قارچکی ئەمانیتا کۆکەری

 ژەهراویبوون و نەبوونی یەکلا نەکراوەتەوە 

ئەمانیتای کۆکەر یا لێپیدێلای تەنیایشی پێدەگوترێت.  کارگێکی ژەهراوییە؛ و یەکەم جار ساڵی ١٩٢٨ لەلایەن کەڕووزان ئی. جەی گیڵبێرت و رۆبێرت کوهنەرەوە وەسفکرا و ناوی لێنرا لێپیدێلا کۆکەری.  پاشان ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن گیڵبێرتەوە گوازرایەوە بۆ سەر جسنی ئەمانیتا و وەک رێزێک بۆ کەڕووزانی ئەمریکاەیی ویڵیان چامەرز کۆکەر ناوی لێنرا ئەمنانیتا کۆکەری.  ئەم قارچکە کە رەنگی سپییە و کڵاوەکەی زیپکەدارە لێکچوونی زۆری هەیە لەگەڵ نزیکەی ٤٠ چەشنە قارچکی تری ئەمانیتا و لێپێدیلا؛ بەڵام  باشترین نیشانە بۆ ناسینی ئەمانیتا کۆکەری بریتییە لە بنەکەی کە زۆر ئەستوورترە لە قەدەکەی و زۆرکەمیش دەچێتە نێو خاکەوە.  هەرکاتێک دیتت بنەکەی زۆر لە خاکدایە دڵنیابە ئەمانیتا کۆکەری نییە.  نیشانەیەکی تریش زیپکەکانی سەر کڵاوەکەیەتی کە گەورەن، نووکدارن و دەگۆڕێن بۆ قاوەیی.  هەروەها ئەڵقەکەیشی زۆر ئەستوورە و لای خوارەوەیشی تفردارە.


تیرەی کڵاوەکەی ٨٠ تا ١٥٠ میلیمەتر دەبێت.   سەرتا نیمچەگۆییە و دوواتر بەرەبەرە تەختتر دەبێت.  رەخشانە وکاتێک تەڕ دەبێت دیسناکە.  گۆشتەکەی سپییە و لەکاتی بڕین یا لەتبووندا رەنگی ناگۆڕێت.  

شیپەڕەکانی سەرەتا رەنگیان قەیماغییە و دوواتر دەگۆڕێن بۆ سپی.  رەنگی هاگەکانیشی سپییە.  لە یەکترییەوە نزیکن و بە قەدەوە نەنووساون یان کەمێک پێیەوە نووساون.  هەندێک لە شیپەڕەکانیشی ناوە ناوە کورتن.  


قەدەکەی ١٠٠ تا ٢٠٠ میلیمەتر و تیرەی ئەستوورییەکەی ١٢ تا ٢٠ میلیمەتر دەبێت.  شێوەی قەدەکەی لوولەکییە و هەیشە سەرووی باریکترە لە خوارووەکەی.  پتەوە و رەنگی سپییە.  بەتایبەتی لای خوارەوە کە سەرکێکی ئەستوورە تفردارە.  ئەڵقەکەی ئەستوورە و هەندێک پاشماوەی پەردەکەیش لە ئەڵقەوە شۆردەبێتەوە. 


ئەمانیتا کۆکەری لە رۆژهەڵاتی ئەمریکا لە دارستانەکانی بەڕوو و کاژدا دەڕوێت.  لە تەمەنی ساوایی و بۆڕبوونیشدا بۆنی نییە بەڵام رەنگە رەنگە لە قۆناغێکدا بۆنی پرۆتینی گەنیوی لێوە بێت.  

 



سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

مەشرووم ئێکسپێرت

14.2.22

کوارگەکانی جسنی ترامێتیس


ترامێتیس لە خێزانی فرەسووەکان و پۆلی ئەگاریکومایستەکان و کەرتی باسیدیۆماسیتەکانە.  یەکێکە لە جسنە بەربڵاوەکانی قارچک.  دەشێت بگوترێت کە لە هەموو ناوچە و مەڵبەندەکانی جیهان هەیە.  لەسەر دار و درەختی زیندوو و مردوو دەڕوێت.   قەد و بەژنیان نییە و راستەوخۆ بە درەخت یا ئەو دار و چێوەوە دەنووسێن کە لەسەری دەڕوێن.   ژێر کڵاوەکەیان سوودارە واتە کونی وورد ووردی تێدایە کە هاگەکانیان لەم سووانەدا هەڵدەگرن.  نزیکەی ٥٠ چەشنی جیاوازیان هەیە.


 هەیانە رەنگاوڕەنگە و هەیانە یەکرەنگە یا دوو ڕەنگە.  لە زمانی گشتی دا بە کلکەقەل ناسراون.  ئەم جسنە کوارگە ساڵی ١٨٣٦ لەلایەن ئێلیاس ماگنووس فرایسەوە پۆلێن کراون.  بەشێوەی سروشتی خۆراکی هەندێک چەشنە پەروانە و مێروون.  کاتێک لەسەر درەختی زیندوو دەڕوێن، بەرەبەرە دەیڕێزێنن و وشکی دەکەن.


لەبەرئەوەی پێکهاتەکەیان جیڕ و چێوییە بۆ خواردن ناشێن بەڵام بەشێکیان لە کۆنەوە لە بوواری دەرمانی و پزیشکیدا بەکارهێنراون.  بەتایبەتی چەشنی ترامێتیس ڤێرسیکەڵەر کە دەرمانێکی هەرزان و کاریگەرە بۆ شێرپەنجە؛ بەتایبەت شێرپەنجەی مەمک.