من کە بڕیارم داوە لەمەوبەدوا چڕشت بخەمە سەر بواری زیندەزانی و بەتایبەتی کەڕووزانی، دەزانم زمانی کوردی لەم بووارەدا لە دۆخێکی شڕدایە. هەرچەندە لە دەیەی هەشتای سەدەی رابردووەوە لە باشوور خوێندنی زیندەزانی بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان هەبووە، بەڵام لە راستیدا زۆربەی ئەو واژە و تێگە و چەمکانەی لە پەرتووکەکانی قوتابخانەدا بەکارهێنراون، وەرگێڕدراوی عەرەبین و زۆر بە کەمی واتا زانستییەکە کە لە بنەڕەتدا یۆنانی و لاتینە، دەبەخشن. یا زۆر جار هەر لەسەر بنەمای وەرگێڕدراوە عەرەبییەکان ووشەیەکی زانستی کراوەتە دەستەواژەیەک لە جیاتی واژەیەک. لەلایەکی ترەوە لە داتاشینی ووشەکاندا هەوڵ نەدراوە سوود لە هەموو توانستی زمانی کوردی وەربگیرێت و رێبازێکی زۆر ساددەیان لە واژەتاشی و واژەسازیدا پەیڕەو کردووە؛ لە کاتێکدا کە زمانی کوردی زۆر دەوڵەمەند و توانایە و دەکارێت لە بەرامبەر هەر واژەیەکدا چەندین واژە بئافرێنێ.
ئەگەر سەرنجێک لە زمانی فارسی بدرێت بە ئاسانی رووندەبێتەوە کە ئەوان بەو هەمکە هەژارییەی کە لە رووی واژەوە هەیانە و بە هەبوونی نزیکەی هەفتا پاشگرێک لە زمانەکەیاندا توانیویانە تا ئەو ئاستە زۆرە زمانەکەیان دەوڵەمەند بکەن کە بتوانێت بابەتگەلی زانستیی لە هەموو بووارەکاندا پێبنووسرێت. لە کاتێکدا کە کوردی پتر لە ٢٥٠ پاشگر و دەیان پێشگر و نێوگری هەیە و توانستی یاریکردن بە ووشە و دەنگ و چاوگ لە زمانی کوردیدا زۆر بێشترە لە فارسی؛ و لە ژمارەی ووشەکانیشدا هەر بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێن؛ چونکە لانیکەم کوردی هەشت قاتی زمانی فارسی واژە و پەیڤی هەیە.