23.1.22

کارگی ئەمانیتا زامبیانا

ئەمانیتاسیی

  خۆراکی 

ناوە گشتییەکەی بریتییە لە قەیسەرە باریکەڵەی زامبیا.  لە کەڕووە هێمدارەکان (باسیدیۆمایسیت)ەکانە و لە جسنی ئەمانیتایە.  کوارگێکی خۆراکییە و لە ئەفریقای ناوەند هەیە و لە بازاڕەکانی ئەوێ دەفرۆشرێت.  زۆر جار تەنیا کڵئوەکەی دەفرۆشن.  هەندێک کەسیش ووسکی دەکەنەوە.  بەگوێرەی بڵاوکراوەکان ساڵی ٢٠٠٢ لە زامبیا کیلۆی بە ٣ دۆڵاری ئەمریکایی فرۆشراوە.  

ئەم چەشنە یەکەم جار ساڵی ١٩٨٠ لە لایەن کەڕووزانی بریتانیایی دەیڤید پێگڵەر و گراهام پییەرسی زامبیاییەوە وەک قارچکێکی خۆراکی وەسفی کراوە.  پییەرس سێ ساڵ پێشتر شیتەڵکارییەکی لەبارەی ئەم چەشنەوە بڵاوکردبوویەوە بەڵام وەسفی نەکردبوو.


تیرەی کڵاوی ئەم چەشنە کوارگە لە ١٠ تا ٢٠ سانتیمەتر گەورە دەبێت.  شێوەی کڵاوەکە نیوە گۆیی تا نیوە هێلکەییە و رەنگی قاوەییە.  بەڵام دوواتر کڵاوەکە دەکرێتەوە واتە پان دەبێت و لە نێوەڕاستەوە رەنگی دەگۆڕێت بۆ سپی.   کڵاوە دینسەکەکەی لووس و رەخشانە و هیچ پارچەیەکی پەردەی پێوە نابینرێت.  ئەستووریی کڵاوەکە دەگاتە یەک و نیو سانتیمەتر و لە کاتی بڕین یا لەتبووندا رەنگی ناگۆڕێت.  شیپەڕەکان سپین و بە بەژن و قەدەکەیەوە نەنووساون.

درێژیی بەژنەکەی لە ١٠ تا ١٥ سانتیمەتر دەبێت؛ و ئەستوورییەکەی یەک و نیو تا دوو سانتیمەتر دەبێت و نێوی هوڵۆڵە.  قەفێکی باریک بە لای سەرەوەی بەژنە سپییەکەوە دەبینرێت.   لە بەشی بنەوەی بەژنەکەیدا کاسەیەک دەبینرێت کە تیرەی لە ٥ تا ١٠ سانتیمەتر دەبێت.  کاسەکە قاوەییە و لە کۆتاییدا لەبەریەکدەچێت و وەک گرێ و لووی بەسەردێت. 


ئەم کوارگە وەک هەموو چەشنەکانی تری ئەمانیتا راژکەکەڕووە واتا بە هاوژینی لەگەڵ درەختدا دەڕوێت بەتایبەتی لەگەڵ درەختەکانی جسنی براکیستێجیا.    بە کۆمەڵەی بچووک دەڕوێن و لە ووڵاتانی زامبیا، زیمبابوێ، مالاوی و تانزانیا هەیەلە زامبیا بە تینتی و ندیلیما ناسراوەهەروەها بە کارگی کریسمەسیش ناسراوە؛ چونکە لە کۆتاییەکانی پاییز و سەرەتاکانی زستاندا واتە لە سەروبەندی جەژنی کریسمەس دا دەڕوێت




سەرچاوە:


ئەمانیتاسیی 


22.1.22

ئەمانیتا مارمۆراتا

 کوشندە 

ناوە گشتییەکەی بریتییە لە کڵاومەرگی مەڕمەڕی.  کڵاوی ئەم چەشنە کوارگە لە ٣٠ تا ٧٢ میلیمەتر گەورە دەبێت.  سێ رەنگی جیاوازی لێ ناسراوە.  رەنگی کەژاڵ و مەڕمەڕی، قاوەیی کاڵ و سپی.  لە راستیدا کڵاوەکەیان یەکڕەنگ نییە بۆ وێنە مەڕمەڕییەکە پەڵەپەڵەی و پەڵەی سورمەیی تۆزخ و کاڵی هەی و تەنانەت پەڵەی سپیی تێدایە.  قاوەییەکەیش بە هەمان شێوەی قاوەیی و قاوەیی کاڵی تێدا دەبینرێت؛ وەک بەردی مەڕمەڕ دەردەکەون.  بۆنێکی بەهێزی هەیە و کارگێکی ژەهراوی و کوشندەیە.  لە پاڵ جۆرێک درەختدا دەڕوێت کە ئەویش شوێنزاکەی ئوسترالیا و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیایە.

بە دەگمەن پەردەی ژێر کڵاوەکەی پێیەوە دەبینرێت؛ ئەگەریش پێیەوە بوو ئەوا وەک پەردەیەک یسپی دیارە.  شیپەڕەکانیان تێکچڕژاون یان بە قەدەکەوە نەنووساون یان زۆر بە کەمی پێیەوەنووساون.  رەنگیان سپی یا سپیی قەیماغییە.  


بەژن و قەدەکەیان ٣٠ تا ٧٠ میلیمەتر بەرز دەبێث و ٥ تا ١٥ میلیمەتر ئەستوور دەبێت.  رەنگی سپی یا سپیی قوڕاوییە.  ئەڵقە و قەفی پێوەیە و بەشێک لە پەردەکەی وەک داوێنی کراس بە قەفەکەوە شۆڕ دەبێتەوە.  

یەکەم جار ئەم چەشنە قارچکە لە باشووری ئوسترالیا بینراوە.  دوواتر لە بەهۆی هەناردەکرانی نەمامەوە لەوێوە گوازراوەتەوە بۆ باشووری ئەفریقا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.





سەرچاوە:


کینگ فیشەر مەشروومس


ئای ناچراڵیست





خۆت خاکی زەویوزارەکەت تاقیبکەرەوە

 

ئەم شێوازەی خوارەوە رێگایەکی باشە بۆئەوەی پێش چاندن و روواندنی بەرهەمەکانت دڵنیا بیت لەوە کە چ جۆرە خاکێکت هەیە.  هەمووی یەک یا دوو رۆژی پێویستە و ئاکام و ئەنجامەکەت دەست دەکەوێت.

ئەم تاقیکردنەوەیە پشکنینێک نییە بۆ زانینی چەندایەتی و چۆنایەتیی کانزاکان و ترشی و تفتی، بەڵکوو بۆ ئەوەیە ئەو خاکەی هەتە و نیازت هەیە کاری لەسەر بکەیت، بەر لە چاندن بیناسیت و ئەگەر پێویست بوو چاکی بکەیت.  بۆ ئەم مەبەستە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە جێبەجێ بکە:

١- لە گۆشەیەکی زەوییەکەت چاڵێکی بچووک بە قووڵایی ١٦ سەنتیمەتر بکەنە.  ئینجا چەند مشتێک لە خاکەکەی لە قووڵاییەکەوە بهێنە دەرەوە.

٢- دەفرێکی شووشە، لەوانەی ساڵانی زوو بۆ ئاوەتەماتە بەکاردەهێنران، بهێنە و سێ یەکی پڕ بکە لە خاک.

٣- ئینجا تا سێ چارەکی شووشەکە پڕ بکە لە ئاو.

٤-  دەمی شووشەکە قایم ببەستە و بۆ ماوەی ٢-٣ خولەک بیشڵەقێنە.

٥- ماوەی ٢٤ تا ٤٨ هنگار لە شوێنێک دایبنێ و مەیجوڵێنە.

٦- دووای ئەو ماوەیە بەئەسپایی شووشەکە لە شوێنێک دابنێ و بە ووردی لێی بروانە.

ئەو چینەی کە لە بنی شووشەکەدایە لە هەموو بەشەکانی تر قورسترە بریتییە لە لم.  چینی سەر لمەکە لیتەیە. واتە تێکەڵاوێکە لە گەردیلەی زۆر ووردی لم و قوڕ.  چینی  سەرووتر  بریتییە لە قوڕ؛ کە بە شێوەی سروشتی چەسپناکە و بەکاردەهێنرێت بۆ دروسکردنی خشت و دەفر و کەرەستەی گڵینە.

ئەو چینەیش کە دەکەوێتە سەر رووی ئاوەکەوە کۆمپۆستە.  واتە پێکهاتووە لە پارچە و گەردیلەی وورد و بچووکی دار و دەوەن و چیلکە و گەڵا و…


ئێستا تۆ بەگوێرەی ئەستووریی چینەکان دەتوانیت ئاکام و ئەنجامی خاکی زەوییەکەت بەدەست بهێنیت. بۆ وێنە: گریمان لمەکە کەمێک زیاتر لە نیوەی ئەستووریی هەموو خاکەکەی لە ئاوەکەدا پێکهێناوە، مانای ئەوەیە لە سەدا شەستی خاکەکەت لمەئەگەر لیتەکەیش نیوەی لمەکەی پێکهێنابێت، کەواتە ئەویش  دەکاتە سەدا سی.  لە سەدا دە دەمێنێتەوە بۆ قوڕەکە

کەواتە زەوییەکەت لمی زۆرە و دووای ئاودان خێڕا هەڵدەچۆڕێت؛ و نم و شێی نابێت یا زۆر کەم دەبێت.  بۆ چاککردنی خاکی زەوییەکەت پێویستە چینێک کۆمپۆست بە سەر زەوییەکەتدا بڵاو بکەیتەوە.   چینە کۆمپۆستەکە گەرەکە لانیکەم پێنج سانتیمەتر ئەستوور بێت.  ئەم کۆمپۆستە ئاو لە خۆیدا هەڵدەگرێت؛ و ووردە ووردە  دەیداتە خاکەکە و ناهێڵێت زوو ووشک ببێتەوە.




کەڕووەکانی جسنی نیۆلێکتا

 

جسنێکی کەڕووە کاسەدارەکانە کە تەنمیوەیان لە شێوەی نەرمەی گوێیە و بێ لکە و رەنگیان زەردی کراوە، نارنجی و زەردی سەوزباوی کاڵە.  شێوە زوڕنایی، لووس، گۆشتن و وەک ستوونێک تا هەفت سانتیمەتر بەرز دەبن.  لە زمانی ئینگلیسی دا بە رووەکی لەم شێوەیە دەوگوترێت زمانی زەوی.  نیۆلێکتا تاکە جسنێکە سەر بە خێزانی نیۆلێکتاسییەکانە و ئەمیش تاکە خێزانێکی سەر بە سانی نیۆلێکتاڵەکانە.  هەروەها نیۆلێکتاڵەکانیش تاکە سانێکی سەر بە نیۆلێکتۆمایستەکانە، کە سەر بە تافرینۆمایکۆتینایە لە تیرەی ئاسکۆمایکۆتا یا کاسەییەکان.

چەشنەکانی ئەم جسنە لە ئاسیا، باکووری ئەمریکا، باکووری اێوروپا و باشووری برازیل هەنهەموویان بە هاوژینی لەگەڵ درەختاندا دەژیێن؛. لانیکەم یە ک دانەیان بە ناوی نیۆلێکتا ڤایتەڵیان لەسەر ووردە رەگەکانی خانەخوێکەی دەڕوێت؛ بەڵام نەزانراوە کە مشەخۆر\مفتەژییە یا هاوژینە یا بەرژەوەندهاوبەشە؛ گوایە خۆراکیشە؛ بەڵام ئاماژەیەک بە ژمارەی چەشنەکانی نەکراوە.

21.1.22

کوارگەکانی جسنی ئەمانیتا

 


جسنی ئەمانیتا ٦٠٠ چەشنی ئەگاریک دەگرێتە خۆ، لەوانە ژمارەیەک لە ژەهرینترین قارچکە ناسراوەکانی جیهان و هەندێک کوارگی بەتامی خۆراکین. واژەی ئەمانیتا واژەیەکی یونانییە و لە ناوی چیای ئامانۆسەوە وەرگیراوە کە دەکەوێتە باکووری کوردستان و ویلایەتی ئەسکەندەروونە.  درێژییەکەی ٢٠٠ کیلۆمەترە و جەمسەری رۆژاوای زنجیرە کێوی تۆرۆس پێکدەهێنێت.  لە سەردەمی عوسمانییەکاندا بە ناوی (گاڤور داغ) ناسرابوو؛ بەڵام دوواتر دەوڵەتی تورکیا ناوی لێنا (نوور داغ).  ئێستایش ناوە کوردییەکەی بریتییە لە چیایێ گەور.  گەور واتە رەنگی سپیی مەیلە و سورمەیی.  پێویستە فەرامۆش نەکرێت کە ئەم جسنە قارچکە بەرپرسە لە سەدا ٩٥ی ئەو ژەهراویبوونانەی ساڵانە لە جیهاندا روودەدەن.  


چەشنێک کە ناسراوە بە کلاوی مەرگ (ئەمانیتا فاڵۆییدس) نیوەی ئەم رێژەیە لە ژەهراویبوونەکان پێکدەهێنێت.  بەهێزترین ژەهر کە لەم کوارگەدایە ناسراوە بە ئەلفا-ئەمانیتین.  وەک ئاماژەی بۆ کرا ئەم جسنە گەلێک کوارگی خۆراکی لە خۆی دەگرێت بەڵام کەرووزانان مەردم هان نادەن بۆ خواردنیان چونکە هاوێرکردنی خۆراکییەکانیان لە ژەهراوییەکان بۆ مەردمی ئاسایی ئاسان نییە.  


سەرەڕای ئەمەیش لە زۆر ووڵاتان چەند چەشنێکیان دەخورێن.  بۆ وێنە لە ئەفریقای ناوەند ئەمانیتا زامبیانا، لە مەکسیکۆ ئەمانیتا باسیی، لە ئەوروپا ئەمنیتا سزاریا و ئەمانیتا ریووبیسین، لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا ئەمانیتا چیپەنگیانا و لە کانەدا و بەشێکی مەکسیکۆ ئەمانیتا جاکسنیی دەخورێن.  هەروەها چەشنەکانی ئەمانیتا فووڵڤا، ئەمانیتا ڤەیجیناتا و ئەمانیتا کالیپترەیتیش خۆراکین.  دیارە لەم ٦٠٠ چەشنە هێشتا زۆر چەشنیان روون نییە دەخورێن یا نا؟! 


لە لایەکی ترەوە چەشنەکانی ئەمانیتا فاڵۆییدس، ئەمانیتا ڤایرۆسا، ئەمانیتا بیسپۆریجێرا و ئەمانیتا ئۆکریتا، ئەمانیتا ئبروپتا، ئەمانیتا ئارۆکیی ، ئەمانیتا ئێکزیتیالیس، ئەمانیتا ماگنیڤێلاریس، ئەمانیتا سەبجەنکیلی و ئەمانیتا ڤێرنا لە کوشندەترین چەشنەکانی ئەم جسنە هەژمار دەکرێن.  هەروەها ئەمانیتا برونیسین، ئەمانیتا سێسیلیا، ئەمانیتا کۆکری، ئەمانیتا کرینیوولاتا، ئەمانیتا فارینۆسا، ئەمانیتا فرۆستیانا و ئەمانیتا پاندێریایش ژەهراوین.  لەم ساڵانەی دوواییدا دەرکەوت کە چەشنەکانی ئەمانیتا سمیتیانا لە باکووری ئەمریکا، ئەمنیتا سیۆدۆپۆرفیریا لە ژاپۆن و ئەمانیتا پرۆکزیمان لە ئەوروپا دەبنە هۆکاری وەستانی درێژخایەنی گورچیلەکان.


خاڵێکی سەرنجڕاکێش ئەمەیە کە جگە لە چەشنە خۆراکی و چەشنە ژەهراوییەکان کۆمەڵێک قارچکیش هەن کە ناخۆراکین واتە هەر کامەیان بە هۆکارێک یا چەند هۆکارێک ناخورێن، رەنگە ژەهراویش نەبن؛ بەڵام لە ریزی ناخۆراکییەکان هەژمار کراون وەک : ئەمانیتا ئەڵنۆکریتا، ئەمانیتا ئەلکینسۆسنیانا، ئەمانیتا سیترینا، ئەمانیتا ئێکسێلسا، ئەمانیتا فرانچێتیی، ئەمانیتا لۆنجیپیس، ئەمانیتا ئۆنیوستا، ئەمانیتا رۆپاڵۆپوس، ئەمانیتا فڵەیڤۆریوبیسین، ئەمانیتا سیلڤیکۆڵا، ئەمانیتا ساینیکۆفڵاڤا، ئەمانیتا سپرێتا و ئەمانیتا ڤۆڵڤاتا.


چەشنی ئەمانیتا موسکاریا کە رەنگە لە بەربڵاوترین چەشنەکانی ئەم جسنە بێت، و پێشتر وەک ژەهراویترین چەشنەکانی ئەمانیتا هەژماردەکرا، ماددەی ئاوەزگەردانی تێدایە و لە هەندێک مەڵبەندی وەک سیبیریا و ئووراڵ لە کۆنەوە بۆ مەبەستی کات بەسەربردن بەکارهێنراوە.  هەروەها لە تۆمارێکی دەنگیدا کە ساڵی ١٩٧٩ لە ئەفغانستان تۆمارکراوە، چەند پیاوێکی بە تەمەنی ئەفغان لە دۆڵی پەنجشێر باس لەوە دەکەن کە لە کۆنەوە لە ناوچەی ئەوان ئەم چەشنە قارچکە دووای ووشککردنەوە و هاڕین دەمکراوە و چایەکەی خوراوەتەوە.