21.1.22

کوارگەکانی جسنی ئەمانیتا

 


جسنی ئەمانیتا ٦٠٠ چەشنی ئەگاریک دەگرێتە خۆ، لەوانە ژمارەیەک لە ژەهرینترین قارچکە ناسراوەکانی جیهان و هەندێک کوارگی بەتامی خۆراکین. واژەی ئەمانیتا واژەیەکی یونانییە و لە ناوی چیای ئامانۆسەوە وەرگیراوە کە دەکەوێتە باکووری کوردستان و ویلایەتی ئەسکەندەروونە.  درێژییەکەی ٢٠٠ کیلۆمەترە و جەمسەری رۆژاوای زنجیرە کێوی تۆرۆس پێکدەهێنێت.  لە سەردەمی عوسمانییەکاندا بە ناوی (گاڤور داغ) ناسرابوو؛ بەڵام دوواتر دەوڵەتی تورکیا ناوی لێنا (نوور داغ).  ئێستایش ناوە کوردییەکەی بریتییە لە چیایێ گەور.  گەور واتە رەنگی سپیی مەیلە و سورمەیی.  پێویستە فەرامۆش نەکرێت کە ئەم جسنە قارچکە بەرپرسە لە سەدا ٩٥ی ئەو ژەهراویبوونانەی ساڵانە لە جیهاندا روودەدەن.  


چەشنێک کە ناسراوە بە کلاوی مەرگ (ئەمانیتا فاڵۆییدس) نیوەی ئەم رێژەیە لە ژەهراویبوونەکان پێکدەهێنێت.  بەهێزترین ژەهر کە لەم کوارگەدایە ناسراوە بە ئەلفا-ئەمانیتین.  وەک ئاماژەی بۆ کرا ئەم جسنە گەلێک کوارگی خۆراکی لە خۆی دەگرێت بەڵام کەرووزانان مەردم هان نادەن بۆ خواردنیان چونکە هاوێرکردنی خۆراکییەکانیان لە ژەهراوییەکان بۆ مەردمی ئاسایی ئاسان نییە.  


سەرەڕای ئەمەیش لە زۆر ووڵاتان چەند چەشنێکیان دەخورێن.  بۆ وێنە لە ئەفریقای ناوەند ئەمانیتا زامبیانا، لە مەکسیکۆ ئەمانیتا باسیی، لە ئەوروپا ئەمنیتا سزاریا و ئەمانیتا ریووبیسین، لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا ئەمانیتا چیپەنگیانا و لە کانەدا و بەشێکی مەکسیکۆ ئەمانیتا جاکسنیی دەخورێن.  هەروەها چەشنەکانی ئەمانیتا فووڵڤا، ئەمانیتا ڤەیجیناتا و ئەمانیتا کالیپترەیتیش خۆراکین.  دیارە لەم ٦٠٠ چەشنە هێشتا زۆر چەشنیان روون نییە دەخورێن یا نا؟! 


لە لایەکی ترەوە چەشنەکانی ئەمانیتا فاڵۆییدس، ئەمانیتا ڤایرۆسا، ئەمانیتا بیسپۆریجێرا و ئەمانیتا ئۆکریتا، ئەمانیتا ئبروپتا، ئەمانیتا ئارۆکیی ، ئەمانیتا ئێکزیتیالیس، ئەمانیتا ماگنیڤێلاریس، ئەمانیتا سەبجەنکیلی و ئەمانیتا ڤێرنا لە کوشندەترین چەشنەکانی ئەم جسنە هەژمار دەکرێن.  هەروەها ئەمانیتا برونیسین، ئەمانیتا سێسیلیا، ئەمانیتا کۆکری، ئەمانیتا کرینیوولاتا، ئەمانیتا فارینۆسا، ئەمانیتا فرۆستیانا و ئەمانیتا پاندێریایش ژەهراوین.  لەم ساڵانەی دوواییدا دەرکەوت کە چەشنەکانی ئەمانیتا سمیتیانا لە باکووری ئەمریکا، ئەمنیتا سیۆدۆپۆرفیریا لە ژاپۆن و ئەمانیتا پرۆکزیمان لە ئەوروپا دەبنە هۆکاری وەستانی درێژخایەنی گورچیلەکان.


خاڵێکی سەرنجڕاکێش ئەمەیە کە جگە لە چەشنە خۆراکی و چەشنە ژەهراوییەکان کۆمەڵێک قارچکیش هەن کە ناخۆراکین واتە هەر کامەیان بە هۆکارێک یا چەند هۆکارێک ناخورێن، رەنگە ژەهراویش نەبن؛ بەڵام لە ریزی ناخۆراکییەکان هەژمار کراون وەک : ئەمانیتا ئەڵنۆکریتا، ئەمانیتا ئەلکینسۆسنیانا، ئەمانیتا سیترینا، ئەمانیتا ئێکسێلسا، ئەمانیتا فرانچێتیی، ئەمانیتا لۆنجیپیس، ئەمانیتا ئۆنیوستا، ئەمانیتا رۆپاڵۆپوس، ئەمانیتا فڵەیڤۆریوبیسین، ئەمانیتا سیلڤیکۆڵا، ئەمانیتا ساینیکۆفڵاڤا، ئەمانیتا سپرێتا و ئەمانیتا ڤۆڵڤاتا.


چەشنی ئەمانیتا موسکاریا کە رەنگە لە بەربڵاوترین چەشنەکانی ئەم جسنە بێت، و پێشتر وەک ژەهراویترین چەشنەکانی ئەمانیتا هەژماردەکرا، ماددەی ئاوەزگەردانی تێدایە و لە هەندێک مەڵبەندی وەک سیبیریا و ئووراڵ لە کۆنەوە بۆ مەبەستی کات بەسەربردن بەکارهێنراوە.  هەروەها لە تۆمارێکی دەنگیدا کە ساڵی ١٩٧٩ لە ئەفغانستان تۆمارکراوە، چەند پیاوێکی بە تەمەنی ئەفغان لە دۆڵی پەنجشێر باس لەوە دەکەن کە لە کۆنەوە لە ناوچەی ئەوان ئەم چەشنە قارچکە دووای ووشککردنەوە و هاڕین دەمکراوە و چایەکەی خوراوەتەوە.


کەڕووەکانی جسنی کۆڵێتۆرترایکوم




یەکێکە لە جسنەکانی کەڕوو کە هاوژینن لەگەڵ رووەک و لە ناخیاندا دەژیێن.  زۆرێک لە چەشنەکانی ئەم جسنە بیماریزای رووەکین بەڵام هەندێکیان پەیوەندییان لەگەڵ رووەکی خانەخوێ بەرژەوەندیی دوولایەنەیە.  تازەترین زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەی چەشنەکانی ئەم جسنە ٢٤٨ چەشنە؛ و لەمانە ١٤ دانەیان چەشناڵۆزن.  

زۆرێک لەم کەڕووانە دەبنە هۆی نەخۆشیگەلی ترسناک بۆ شووتی، کاڵەک، خەیار، کوولەکە، کوولەکەی دۆڵمە و بیبەر.  نەخۆشییەک کە ناسراوە بە ئەنتراکنۆز.  بەتایبەتی ئەو کاتە کە هەوا بارانی و شێدار و گەرمە، ئەم کەڕووە گەشەدەکات و دەستەویەخەی ئەم رووەکانە دەبێت.  تەنانەت تووشی زۆر جۆر درەختیش دەبێت.

نیشانەکانی ئەنتراکنۆز بریتییە لە دروستبوونی پەڵەی ناڕێکی قاوەیی لەسەر گەڵا ساواکانگەڵا تووشبووەکان لۆچ و لوول دەبن و شێوەیان دەشێوێتلە وەرزی بەهاردا گەڵاکان دەوەرن؛ و هەروەها رەنگە پەڵەی قاوەیی لەسەر گەڵا پێگەیشتووەکان دروست بکەن بەڵام شێوەیان نەشێووێننلە ڕێگەی خاک و تۆو لە رووەکێکەوە بۆ یەکی تر دەگوازرێتەوە؛ و بۆ چارەسەر یا پێشگیری پێویستە ئەو لک و گەڵایانەی تووش دەبن لێبکرێنەوە و لەناوببردرێنهەروەها بۆ بنبڕکردن نەخۆشییەکە لەو زەوییەدا کە ئەم نەخۆشییە هەیە پێویستە ماوەی دوو تا سێ ساڵ ئەم بەرهەمانە لە زەوییەکەدا نەڕوێندرێنهەروەها بەکارهێنانی دژەکەڕووی مس زۆر کاریگەرە لەسەر نەهێشتنی. 



20.1.22

باسێکی مێژوویی سەبارەت بە ئەمانیتا موسکاریا لە ئەفغانستان

 


 ساڵی ١٩٧٩ موختار و گرکن بە دۆڵی پەنجشیری ئەفغانستاندا دەگەڕان. ئەو دۆڵەی کە دەکەوێتە هەرێمەکانی هیندوکوش لە باکووری کابوڵ و رۆژهەڵاتی ئەفغانستان.  ئەوان دەزگای تۆمارکردنی دەنگیان پێبوو.  دەنگی ئەو کەسانەیان تۆمار دەکرد کە مەبەستیان بوو زانیارییە زارەکیەکانیان لێوەربگرن.

سەبارەت بە کارگی فڵای ئەگاریک یاخود ئەمانیتا موسکاریا پرسیاریان لە چەند پیاوێکی بەتەمەن کرد و دەنگەکانیان تۆمار کرد.  ئەو پیاوانە باسی ئەوە دەکەن کە لە کۆنەوە ئەم چەشنە قارچکە لە ناوچەی ئەوان هەبووە و  خواردوویانە.

شایانی بیرهێنانەوەیە کە لە چەند مانگی رابردوودا راگەیەندرا کە ئەم چەشنە کوارگە ژەراوی نییە و بۆخواردن دەشێت.  پێشتر نزیکەی ٢٠٠ ساڵ بوو وەک کوشندەترین کارگ باسی لێوەدەکرا.

پیاوە ئەفغانەکان لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەڵێن ئەم کوارگە لە کۆتایی وەرزی بەهاردا و لە ساڵی پڕ باراندا دەڕوێت؛ و ئەوان بە زمانی خۆیان کە فارسیی دەرییە پێیدەڵێن نانی سۆغتە کە واتایە نانی قەلەڕەش دەبەخشێت.   هەروەها دەڵێن دووای چنینەوە قارچکەکە لەبەر خۆرەتاو ووشک دەکەنەوە و هەڵیدەگرن بۆ زستان.  

لە وەرزی سەرمادا هەم بە ساغی و هەم بە هاڕدراوی لە ئاوی کوڵاودا دەخووسێندرێت؛ یا باشتر بڵێین دێم دەکرێت و دەخورێتەوە.  دیارە لە هەرێمەکانی سیبریایش ئەم چەشنە قارچکە دووای ووشککردنەوە هەڵگرتنی لە خوێواوکدا بۆ خواردن بەکاردەهێنرێت.


فەرید ئەحمەد کە پیاوێکی دەوروبەری ٦٠ ساڵانە لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەڵێت دووای خوردنەوەی چای کوارگەکە هەستم بە داهێزان و خەواڵوویی کرد.   پاشان گوێم لە دەنگە دەنگی خێڵکی دەبوو هەرچەندە بە تەنیا بووم کەس لەلام نەبوو.  بە دەنگەکان و بە خۆم پێدەکەینم..

مستەفا کە تەمەنی نزیکەی ٦٠ ساڵانە دەڵێت سەرەتا زۆر حەزم لە خەو بوو، پاشان هاتمەوە سەر خۆ.  ووشەکانم لە بیرچووبوونەوە.  وەختێک هەستم دەکرد بوومەتە درەخت.  


 ئەحمەد کارگەر تەمەن ٦٥ ساڵان دەڵێت من ساڵانێکی زۆر خواردوومەتەوە.  بەڵام تەنیا جارێک زۆر پێی تێکچووم.  پەرێشان بووم، دەترسام.  بە نێو دارانا رامدەکرد.  نەمدەزانی من کەم و لە کوێم..


مالانگ عەزیز تەمەنی ٦٠ بۆ ٧٠ ساڵانەدەڵێت ئێمە قەلەڕەشەمان زۆر نییە بەڵام پەیدای دەکەین.  دەیهاڕین و بە تۆزە بۆرەکەی چایەکی لێدروستدەکەین؛ و زستان کە رێگای دەرچوون لە ماڵمان لێدەبەسترێت دەیخۆینەوە.



قارچکەکانی جسنی ئەگرۆسایب


جسنی ئەگرۆسایب سەر بە خێزانی سترۆفاریاسییە کە پێشتر لە خێزانی بۆلیتایاسیی شوێنیان پێدرابوو.  لە سەرتاسەری جیهان دەبینرێن و نزیکەی ١٠٠ چەشنن.   ئەگرۆسایبەکان زۆربەیان خۆراکین؛ بەڵام زۆر جار لەگەڵ هەندێک چەشنی ئەمانیتا و ئەگاریکوسی ژەهراوی دەگۆڕێن و ناناسرێنەوە.  ئەمانە لە کوردستانیش هەن؛ بەتایبەتی چەشنێکیان کە سەر کڵاوە سپییەکەی رەنگی دەگۆڕێت بۆ رەنگی ژەنگی و لە دوورەوە لە سەموونی برژتە دەچێت.  قارچکێکی خۆراکی و بەچێژە.  

ئەم چەشنە کوارگانە گەندەژین و لەسەر یا لە پاڵ موورەدار، و تەڕاش و ووردە دار و دەوەن و چیلکەی رزیودا بە تاک یا بە کۆمەڵ دەڕوێنبۆیان هەیە هەم بەهار و هەم پاییز بڕوێنبەگوێرەی چەشنەکەیان، کڵاوەکەیان لە سێ سانتیمەترەوە تا ١٥ سانتیمەتر گەورە دەبێتشیپەرەیان هەیە؛ و شیپەرەکەیان کە سپییە و لە تەمەنی پیریدا دەگۆڕێت بۆ قاوەیی، بە قەدەکەیانەوە نووساوەرەنگی هاگەکانیان قاوەیی، ژەنگیی تۆخ و قاوەیی تاریکەهەندێکیان ئەڵقە و قەفیان هەیە بەدەوری قەدەکەیانەوە و هەندێکیان نیانە.  




قارچکەکانی جسنی لاکتاریوس

 

یەکێکە لە جسنەکانی قارچکی ئیکتۆمایکۆرایزاڵ واتە ئەو قارچکانەی کە بێ ئەوەی دزە بکەنە ناو رەگی رووەکەکانەوە لەگەڵیان هاوژینن.  زۆربەیان لەگەڵ  درەختە گەڵاپانەکان و سنەوبەرەکان هاوژینن؛ و هەندێکیشیان لەگەڵ چەند چەشنە رووەکێکی تر.  ژمارەی چەشنەکانی ئەم جسنە ٥٨٣ چەشنە کە لەم ژمارە زۆرە تەنیا چەند چەشنێکیان خۆراکین.  هەرچەندە چەشنی ژەهراوییان هەیە، بەڵام هیچکامیان کوشندە نین.  لاکتاریوس دیڵێشیەس ناسراوترینیانە کە دەخورێت.  هەروەها لە رووسیا، تانزانیا، چین و فینلاند ژمارەیەک چەشنیان دەخورێن.  


 ژمارەیەکی زۆر لەم جسنە جیاکرانەوە و لەسەر بنەمای تاقیکردنەوەی بۆماوەیی خرانە سەر جسنی لاکتیفلووس.  چەشنەکانی ئەم جسنە ناسراون بە کڵاوشیرەکان چونکە کاتێک کڵاوەکەیان لەت دەبێت، شیرەیەکی سپی یا زەردوەش دەردەدەنهەروەک جسنی روسووڵا زۆر ناسک و کرتۆکن؛ واتە بە کەمترین گوشار لەت دەبن و دەشکێن.   شوێنی رووانیان بە زۆری نیوەگۆی باکووری زەوییە.   باشترین نیشانە بۆ ناسینی چەشنەکانی ئەم جسنە بریتییە لە ناسکی و کرتۆکی و شیرەکەیانگۆشتنن، شیپەڕەیان هەیە و قەبارەیان تا ئاستێکی باش گەورە دەبێتهەندێک چەشنیان چاڵێک لەسەر کڵاوەکەیان هەیەرەنگی هاگەکانیان لە سپییەوە هەیە تا ژەنگی و تەنانەت ئاڵی کراوە.