20.1.22

باسێکی مێژوویی سەبارەت بە ئەمانیتا موسکاریا لە ئەفغانستان

 


 ساڵی ١٩٧٩ موختار و گرکن بە دۆڵی پەنجشیری ئەفغانستاندا دەگەڕان. ئەو دۆڵەی کە دەکەوێتە هەرێمەکانی هیندوکوش لە باکووری کابوڵ و رۆژهەڵاتی ئەفغانستان.  ئەوان دەزگای تۆمارکردنی دەنگیان پێبوو.  دەنگی ئەو کەسانەیان تۆمار دەکرد کە مەبەستیان بوو زانیارییە زارەکیەکانیان لێوەربگرن.

سەبارەت بە کارگی فڵای ئەگاریک یاخود ئەمانیتا موسکاریا پرسیاریان لە چەند پیاوێکی بەتەمەن کرد و دەنگەکانیان تۆمار کرد.  ئەو پیاوانە باسی ئەوە دەکەن کە لە کۆنەوە ئەم چەشنە قارچکە لە ناوچەی ئەوان هەبووە و  خواردوویانە.

شایانی بیرهێنانەوەیە کە لە چەند مانگی رابردوودا راگەیەندرا کە ئەم چەشنە کوارگە ژەراوی نییە و بۆخواردن دەشێت.  پێشتر نزیکەی ٢٠٠ ساڵ بوو وەک کوشندەترین کارگ باسی لێوەدەکرا.

پیاوە ئەفغانەکان لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەڵێن ئەم کوارگە لە کۆتایی وەرزی بەهاردا و لە ساڵی پڕ باراندا دەڕوێت؛ و ئەوان بە زمانی خۆیان کە فارسیی دەرییە پێیدەڵێن نانی سۆغتە کە واتایە نانی قەلەڕەش دەبەخشێت.   هەروەها دەڵێن دووای چنینەوە قارچکەکە لەبەر خۆرەتاو ووشک دەکەنەوە و هەڵیدەگرن بۆ زستان.  

لە وەرزی سەرمادا هەم بە ساغی و هەم بە هاڕدراوی لە ئاوی کوڵاودا دەخووسێندرێت؛ یا باشتر بڵێین دێم دەکرێت و دەخورێتەوە.  دیارە لە هەرێمەکانی سیبریایش ئەم چەشنە قارچکە دووای ووشککردنەوە هەڵگرتنی لە خوێواوکدا بۆ خواردن بەکاردەهێنرێت.


فەرید ئەحمەد کە پیاوێکی دەوروبەری ٦٠ ساڵانە لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەڵێت دووای خوردنەوەی چای کوارگەکە هەستم بە داهێزان و خەواڵوویی کرد.   پاشان گوێم لە دەنگە دەنگی خێڵکی دەبوو هەرچەندە بە تەنیا بووم کەس لەلام نەبوو.  بە دەنگەکان و بە خۆم پێدەکەینم..

مستەفا کە تەمەنی نزیکەی ٦٠ ساڵانە دەڵێت سەرەتا زۆر حەزم لە خەو بوو، پاشان هاتمەوە سەر خۆ.  ووشەکانم لە بیرچووبوونەوە.  وەختێک هەستم دەکرد بوومەتە درەخت.  


 ئەحمەد کارگەر تەمەن ٦٥ ساڵان دەڵێت من ساڵانێکی زۆر خواردوومەتەوە.  بەڵام تەنیا جارێک زۆر پێی تێکچووم.  پەرێشان بووم، دەترسام.  بە نێو دارانا رامدەکرد.  نەمدەزانی من کەم و لە کوێم..


مالانگ عەزیز تەمەنی ٦٠ بۆ ٧٠ ساڵانەدەڵێت ئێمە قەلەڕەشەمان زۆر نییە بەڵام پەیدای دەکەین.  دەیهاڕین و بە تۆزە بۆرەکەی چایەکی لێدروستدەکەین؛ و زستان کە رێگای دەرچوون لە ماڵمان لێدەبەسترێت دەیخۆینەوە.



قارچکەکانی جسنی ئەگرۆسایب


جسنی ئەگرۆسایب سەر بە خێزانی سترۆفاریاسییە کە پێشتر لە خێزانی بۆلیتایاسیی شوێنیان پێدرابوو.  لە سەرتاسەری جیهان دەبینرێن و نزیکەی ١٠٠ چەشنن.   ئەگرۆسایبەکان زۆربەیان خۆراکین؛ بەڵام زۆر جار لەگەڵ هەندێک چەشنی ئەمانیتا و ئەگاریکوسی ژەهراوی دەگۆڕێن و ناناسرێنەوە.  ئەمانە لە کوردستانیش هەن؛ بەتایبەتی چەشنێکیان کە سەر کڵاوە سپییەکەی رەنگی دەگۆڕێت بۆ رەنگی ژەنگی و لە دوورەوە لە سەموونی برژتە دەچێت.  قارچکێکی خۆراکی و بەچێژە.  

ئەم چەشنە کوارگانە گەندەژین و لەسەر یا لە پاڵ موورەدار، و تەڕاش و ووردە دار و دەوەن و چیلکەی رزیودا بە تاک یا بە کۆمەڵ دەڕوێنبۆیان هەیە هەم بەهار و هەم پاییز بڕوێنبەگوێرەی چەشنەکەیان، کڵاوەکەیان لە سێ سانتیمەترەوە تا ١٥ سانتیمەتر گەورە دەبێتشیپەرەیان هەیە؛ و شیپەرەکەیان کە سپییە و لە تەمەنی پیریدا دەگۆڕێت بۆ قاوەیی، بە قەدەکەیانەوە نووساوەرەنگی هاگەکانیان قاوەیی، ژەنگیی تۆخ و قاوەیی تاریکەهەندێکیان ئەڵقە و قەفیان هەیە بەدەوری قەدەکەیانەوە و هەندێکیان نیانە.  




قارچکەکانی جسنی لاکتاریوس

 

یەکێکە لە جسنەکانی قارچکی ئیکتۆمایکۆرایزاڵ واتە ئەو قارچکانەی کە بێ ئەوەی دزە بکەنە ناو رەگی رووەکەکانەوە لەگەڵیان هاوژینن.  زۆربەیان لەگەڵ  درەختە گەڵاپانەکان و سنەوبەرەکان هاوژینن؛ و هەندێکیشیان لەگەڵ چەند چەشنە رووەکێکی تر.  ژمارەی چەشنەکانی ئەم جسنە ٥٨٣ چەشنە کە لەم ژمارە زۆرە تەنیا چەند چەشنێکیان خۆراکین.  هەرچەندە چەشنی ژەهراوییان هەیە، بەڵام هیچکامیان کوشندە نین.  لاکتاریوس دیڵێشیەس ناسراوترینیانە کە دەخورێت.  هەروەها لە رووسیا، تانزانیا، چین و فینلاند ژمارەیەک چەشنیان دەخورێن.  


 ژمارەیەکی زۆر لەم جسنە جیاکرانەوە و لەسەر بنەمای تاقیکردنەوەی بۆماوەیی خرانە سەر جسنی لاکتیفلووس.  چەشنەکانی ئەم جسنە ناسراون بە کڵاوشیرەکان چونکە کاتێک کڵاوەکەیان لەت دەبێت، شیرەیەکی سپی یا زەردوەش دەردەدەنهەروەک جسنی روسووڵا زۆر ناسک و کرتۆکن؛ واتە بە کەمترین گوشار لەت دەبن و دەشکێن.   شوێنی رووانیان بە زۆری نیوەگۆی باکووری زەوییە.   باشترین نیشانە بۆ ناسینی چەشنەکانی ئەم جسنە بریتییە لە ناسکی و کرتۆکی و شیرەکەیانگۆشتنن، شیپەڕەیان هەیە و قەبارەیان تا ئاستێکی باش گەورە دەبێتهەندێک چەشنیان چاڵێک لەسەر کڵاوەکەیان هەیەرەنگی هاگەکانیان لە سپییەوە هەیە تا ژەنگی و تەنانەت ئاڵی کراوە.




کوارگەکانی جسنی روسووڵا یا کەڕووەسوورەکان

 

کارگی روسووڵا، دۆکان ٢٠٢٠

کەڕووە سوورەکان.  ووشەی روسووڵا ووشەیەکی لاتینە و واتای سوور دەبەخشێت.  سەرەتا کە ئەم ناوەیان لێنرا زۆربەیان لەو قارچکانە بوون کە رەنگیان سوور بوو، هەرچەندە ئێستا زۆر لەو قارچکانەی لەم جسنەن رەنگیان جیاوازە.  نزیکەی ٧٥٠ چەشنە کارگی ئیکتۆمایکۆرایزاڵ لەسەر ئاستی جیهاندا جسنی روسووڵا پێکدێنن.  ئیتکۆرمایکۆرایزاڵ بەو قارچکانە دەگوترێت کە بێ ئەوەی هورووژم بکەنە نێو خانەکانی رووەکەکانەوە بە شێوەی هاوژینی لەگەڵیاندا دەڕوێن.  بەڵام بێ ئەوان ناتوانن بروێن و درێژە بە ژیان بدەن.   هاوژینن لەگەڵ درەخت و دەوەنە گەورەکان و هەمەجۆرن.  هەندێکیان دەتوانن لەگەڵ پتر لە یەک جۆر درەخت هاوژین بن.  ئەمانە کوارگی ئاسایین و تا راددەیەک گەورەن و رەنگیان کراوە و رەخشانە. هەربۆیەش ئەم جسنە بە لای کەڕووزان و کوارگەوانانەوە لە هەموو ئەوانەی تر ئاشناترن، و خێراتر دەناسرێنەوە.  کڵاوەکەیان رەنگێکی رەخشانی هەیە، هاگەکەیان لە سپییەوە تا زەردێکی تۆخە، ناسک و کرتۆکن، شیپەڕەکانیان بە بەژنەوە لکاوە و شیرەیان نییە، و پارچەی تارا یا تانۆکەی کاسەیان بە دەوری بەژنەوە نییە.  جسنی لاتاریوس لە شێوەیاندا زۆر لە روسووڵاوە نزیکن بەڵام  کاتێک کە شیپەڕەکانیان لەت دەکرێت شیرەیەک دەردەدەن کە روسووڵا نییەتی.  


روسووڵاکان یەکەمجار ساڵی ١٧٩٦ لەلایەن کریستیان هێندریک پێرسوونەوە وەسفکراون.

جۆرە قارچکێکی گۆشتنن و کڵاوەکەیان تا راددەیەک پان و تەختە و شیپەڕەکانیان یەکسانن و هەروەها هیچ ئەلقەیەکیان بە دەوری قەدەوە نییە.  هەرچەندە جیاکردنەوەیان لە جسنەکانی تر ئاسانە بەڵام هەڵاواردنی چەشنەکانی جسنی روسووڵا لە یەکتری کارێکی چەتوونە و زۆر جار تەنیابە مایکرۆسکۆپ دەکرێت لە یەکتری هاوێر بکرێن.


ئەم کوارگانە خۆراکێکی باشن بۆ مالۆسکە، سمۆرە و ئاسکەکان.  هەندێک لەم قارچکانە دەتوانن کانزا ژەهرینەکان لە خۆیاندا کۆبکەنەوە.  بۆ وێنە روسووڵا ئەترۆپوپوری دەتوانێت ماددەی تۆتیا لە خۆیدا هەڵبگرێت.  هەروەها روسووڵا نیگریکانس دەتوانێت بە راددەیەکی ئێجگار زۆر قورقوشم لە خۆیدا کۆبکاتەوە.  هەروەتر روسووڵا ئۆکرولیوکا چڕشت دەکاتە سەر کۆکردنەوەی جیوە.


سەبارەت بە خۆراکیبووونی قارچکەکانه ئەم جسنە یەکدەنگی نییەلە ئەمریکا نزیکەی هەموو قارچکەکانی روسووڵا لە لیستی قارچکی ناخۆراکیدا ریزکراون؛ و ئامۆژگاریی مەردم دەکرێت کە لەکاتی ژاراویبووندا خێرا فریای خۆیان بکەونبەڵام لە ئەوروپا بە پێچەوانەوە زۆربەیان لە لیستی کوارگە خواراکییەکاندانلە ووڵاتی ماداگاسکار زۆر لە روسوڵاکان دەخورێنهەروەها چەند دانەیەک لە روسووڵاکان لە ئاسیا، ئەوروپا و ناوچەی پاسفیک دەخورێنچەند چەشنێکیش لە فینلەند دەخورێنهەروەها لە تایلەند و نیپاڵیش چەند چەشنێکیان دەخورێنلە کوردستانیش چەند چەشنێکیان کە رەنگیان ئاڵ و قاوەیی و سپییە و بە زۆری لە شارەزوور، شارباژێر، خۆشناوەتی و بادینان وێنەیان گیراوە، دەخورێن.   چەشنێک لەم جسنە لە ئاسیا هەیە کە کڵاوەکەی سپییە و قەدەکەی زۆر درێژ نابێت، زۆر جار بووەتە هۆکاری مەرگ.



کوارگەکانی جسنی پلورۆتووس

کوارگەکی ١٢ کیلۆیی لە گوندی بۆگد سەر بە کۆیە
وێنە: شاخەوان

جسنێکە لە جسنەکانی کارگی شیپەڕەدار کە کڵاوەکەیان کەتە، واتە قەدەکەیان دەکەوێتە لایەکی کڵاوەکەوە. یەکێکە لەو قارچکانەی کە زرۆ بە بەربڵاوی دەڕوێنرێت بۆ خواردن.  لە زمانی گشتی دا وەک کوارگی سەدەف ناسراوە.  لە کوردەواریدا بە ناوەکانی کوارگی ئەسپیندار، قارچکی چنار، کارگی لاکەت، کارگی بی و تاد.. ناسراوە.  بۆ پاککردنەوەی ژینگەی بەکارهێنراوە کاتێک کە پەترۆڵ لە دەریاکاندا رژاوە و بووەتە هەرەشە لەسەر زیندەوەرانی دەریایی و باڵندەکان.  ووشەی پلورۆتووس  لە دوو ووشەی یونانیی پلورا واتە لا یا تەنیشت و ئۆتۆ واتە گوێ دروستبووە.  واتە گوێچکەی تەنیشت.


بەگوێرەی ئاماری ساڵی ٢٠١٥ ژمارەی چەشنەکانی پلورۆتووس دەگاتە ٢٠٢ چەشن.  شیپەڕەیان بە قەدەوە نووساوە.  شێوەی هاگەکانیان لوولەکی و لووسە.  بەشێوەی هێشوو دەڕوێت واتە کاتێک کە روواون پتر لە یەک دانەن و لە بنەکانیانەوە پێکەوە نووساون.   دیارە جاری وایش هەیە کە یەک دانە بە تەنیا دەڕوێت.  ئەم چەشنە قارچکانە بە زۆر رەنگی جیاواز لە سروشتدا هەن وەک سپی، سورمەیی، ئاڵ، زەرد، قاوەیی و تاد…. زۆر جار لە کوردستان یەک هێشوو لەم کوارگانە بینراوە کە کێش لە ١٠ کیلۆ بۆ سەرەوە بووە.


پاتە(تیشیوو)ی ئەم جۆرە کوارگە جیڕە و چەشنی وا هەیە کە زۆر زۆر جیڕە و رەنگە بۆ خواردن نەشێتئەم کوارگانە  لە سەرتاسەری دنیادا و لە مەڵبەندە گەرمەسێر و مامناوەندییەکاندا دەڕوێنلەسەر درەخت دەڕوێن و هەندێکیشیان سنەوبەرەکان دادەڕزێننهەندێک چەشنی وەک قارچکەکانی کوێستانی کوردستان کە ناسراون بە کارگی هەڵز، کەما، بۆڕ، کەرکۆڵ، تاڵیتۆز، رەس، چەڤر،  خوون و تادلە جسنی پلورۆتووسن؛ و هەرکامیان بەشێوەی هاوژینی لەگەڵ رووەکەکاندا دەڕوێن.   هەروەها هەموو چەشنەکانی پلورۆتووس (نیماتۆفەیگوس)ن واتە مەچیرککوژن؛ بە ووتەیەکی تر، مەچیرکەکان دەگرن و بە ژەهرێک کە هەیانە گۆد و ئیفلیجیان دەکەن.   شایانی باسە کە مەچیرکەکان گەورەرین مڵۆزمی درەخت و رووەکەکانن و ساڵانە زیانێکی زۆر بە کشتوکاڵ دەگەیەنن.