1.1.22

ئایاهواسکا


ئایاهواسکا یان یاگی، خواردنەوەیەکە  لە  تێکەڵکردن و کفکاندنی دوو جۆرە رووەک دروستدەکرێت.  رووەکەکان دەکوڵێنن و پاشان دەیکفکێنن.  رەنگی ئامێتەکەی قاوەیی سوورواشە و چێژ و بۆنێکی قورسی هەیە. 


تیرەیەکی نەژادی هەیە لە کۆڵۆمبیا و رۆژهەڵاتی پێروو دەژیێن؛ کە ژمارەیان دەوروبەری ٦٠٠٠ کەسە؛ پێیان دەگوترێت یاگوا.  زۆر پابەندن بە نەریت و رێبازە رۆحیەکانیانەوە.  بۆنەیەکیان هەیە بە ناوی (نیا) کە لەودا ئامێتەیەک کە لە دوو چەشن گیا دروستی دەکرێت، دەخۆنەوە.  ئەم کارەیان بە پێواژۆیەی  زۆر فەرمی و ئایینیدا دەگوزەرێت کە ئاکامەکەی دروسکردنی نۆشداروویەکە کە لە ماوەی چەند هنگارێکدا لە دوو گۆنە رووەکەکە بەرهەمدێت.  رووەکەکان ماددەگەلی وەهمزایان تێدایە؛ و سریمە دەکاتە سەر ئاستی سیرۆتۆنین لە لەشدا.  بۆ زانیاری دەبێت بگوترێت کە سیرۆتۆنین بریتییە کە هۆرمۆنێکی سەرەکی لە راگرتنی هاوسەنگیی هۆرمۆنی هەوەس، هەستی باشی و شادمانیدا.  ئەم هۆرمۆنە کاردەکاتە سەر بەشەکانی تری لەشیش.  خانەکانی مێشک و خانەکانی سیستمی دەمار هاندەدات  تا پەیوەندیی بەیەکەوە بکەن.  هەروەها یارمەتیدەدات بۆ خەوتن، خواردن و هەرسکردن.




رووەکەکان بریتین لە بانیستیرایۆپسیس کاپی(Banisteriopsis caapi) کە ناسراوە بە مێوی ئایاهواسکا؛ و دەوەنێک بە ناوی  سایکۆترای ڤیریدیس(Psychotria viridis) کە ناسراوە بە چاکروونا.  ئەو ماددە وەهمزایە کە لەم رووەکانەدا هەیە پێیدەگوترێت دایمیتیلتریپتامین (dimethyltryptamine) یا (DMT).  جێگای سەرنجە کە دەوەنی چاکروونا سێ ساڵ دەخایەنێت تا ئامادە بێت بۆ ئەوەی گەڵاکانی بەکاربهێنرێن؛ بەڵام مێوی ئایاهواسکا لانیکەم پێویستیی بە پێنج ساڵە.





ئەم خواردنەوەیە لە ئەمریکا، بریتانیا و زۆر ووڵاتی تر ناقانوونییە، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش بە رێگای ناقانوونییەوە بازارگانی بەم خواردنەوەیوە دەکرێت و سنووری تیری یاگوای بەزاندووە.  بەگوێرەی زانیارییەکان کاریگەری و سریمەی زۆر شاشی هەیە لەسەر ئەو کەسانەی گرفت و ئاریشەی دەروونییان هەیە.  ئەو کەسانەی رابردوویەکیان لە هەبوونی نەخۆشیی دەروونیدا هەیە و خۆیان لێی بە ئاگا نین، بە خواردنەوەی ئەم نۆشدارووە بە تەواوی تووشدەبن.  شایانی باسە کە ئەم کارە و پێواژۆی دروسکردن و پێشکەشکردنی ئایاهواسکا لە تیرەی یاگوادا لەلایەن شامانەکان واتە رێبەرە دینییەکانەوە بەڕێوەدەچێت.  








سەرچاوە؛

چڵۆ

هێرباڵگرام

بی بی سی



30.12.21

کوارگی تێرمایتۆمایسیس تایتانیکوس



ناوە گشتییەکەی بریتییە لە چی-نگولو-نگولو.  چەشنێک کەڕووە لە خێزانی لیۆفیلاسیی؛ و گەورەترین قارچک لە جیهاندا کە بەهایەکی خۆراکیی بەرزی هەیە.  لە خۆراوای ئەفریقا و زامبیا و  هەرێمی کاتانگای کۆنگۆی دێمۆکراتی هەیە.  کڵاوێکی گەورەی هەیە کە لەوانەیە تیرەی بگاتە یەک مەتر.  هەروەها  قەدەکەی تا نزیک ٦٠ سانتیمەتر درێژ دەبێت.  ئەم قارچکە لە هەمان کاتدا کوارگێکی گەندەژییە، هاوژینیشە لەگەڵ جسنێک مۆرانە کە ناسراوە بە ماکرۆتێرمیس.  واتە لەو شوێنانە دەڕوێت کە مۆرانەکان شانەی تێدا دروستدەکەن و نزیک دار و چێو و پاشماوەی ئۆرگانیکە. قارچکەکە یارمەتیی مۆرانەکان دەدات بۆ رزاندنی پاشماوەکە چ دار بێت یا شتێکی تر. مۆرانەکان پەلک و گەڵای نیوەجاو  و رایەڵەی ئەم قارچکە وەک خۆراک بۆ خۆیان کۆدەکەنەوە؛ کە رایەڵەی ئەم قارچکەیش لەسەری گەشەدەکات و دەبێتە ریسوو و ئینجا پتر گەشەدەکات و دەبێتە کارگ.  کوارگێکی خۆراکییە و بۆ خەڵکی ناوچە و هەرێمەکان ناسراوە؛ و لە بازاڕە هەرێمی و ناوچەییەکانیاندا وەک کاڵایەکی خۆراکی جێگای تایبەتی هەیە؛ بەڵام تا ساڵی ١٩٨٠ بۆ خۆراوا نەناسراو بوو.  لە ٣٥ ووڵاتی جیهاندا ٢٣ چەشن کارگی خۆراکیی  تێرمایتۆمایسیس تۆمارکراون؛ بەڵام بە ووردی بەڵگەمەند نەکراون.  زۆر لە چەشنەکانی ئەم قارچکە لەلایەن تیر و نەژادی جیاوازەوە وەک دەرمانی خۆماڵی بەکاردەهێنرێن.  ئەو پێکهاتە باتۆئاکتیڤانەی لەم قارچکەدایە بریتین لە ماددەکانی بەهێزکەری بەرگریی لەش، دژەلووەکان، دژەمیکرۆبەکان و دژەئۆکسانەکان.  هەروەها ئەم قارچکە دەتوانێت نەخۆشی (neurodegenerative disorders.) یا ناڕێکییەکانی پووکانەوە دەمارییەکان چارەسەر بکات.




سەرچاوە:


ساینس دایرێکت

ئایناچراڵیست

پەب مێد


 



27.12.21

قارچک\کوارگی شیلان یا مەرجان

 

لەم ڤیدیۆیەدا بۆ یەکەم جار دیمەنی کارگی شیلان\مەرجانی کوردستان دەبینن



26.12.21

کارگی شیزۆفیلوم کۆمیوون

 


چەشنێک کوارگە لە جسنی شیپەڕکەلەکان.  واژەی شیزۆفیلوم واژەیەکی لێکدراوی یونانییە. شیزۆ واتە کەل یا لەت. فیلوم واتە پەلک یا پەڕ. لێرەدا مەبەست شیپەڕەی کوارگەکەیە کە ئەگەر سەرنج بدرێت لەم چەشنە قارچکانەدا کە خۆیان لە شێوەی باوەشێنن بەڵام یەکپارچە نین بەڵکوو دوو یا پترن. رەنگیان جیاوازە زەردی قەیماغییان هەیە و تا سپیی مات.  


لە کارگی سەدەف دەچن بەڵام زۆر بچووکترن لە ئەو.  پاتەکی ئەم جۆرە کوارگانە جیڕ و ئیسفەنجییە.  لە سەرانسەری دنیا دا دەبینرێن.  لە سەر درەختی مردوو یا ئەو درەختانەی نەخۆش و ناتەندروستن دەڕوێت.  بەتایبەتی لە لای خوارەوەی لکی درەختەکان دەڕوێت.  هەندێک جار لە سەر تەختە و چێو و داریش دەڕوێن. 

شیزۆفیلوم کۆمیوون بەوە ناسراوە کە وەک دەرمان بەکاردەهێنرێت و بەرامەی خۆشی هەیە.  زۆر گرنگ و بایەخدارە بۆ سیستمی خۆپارێزیی لەش، دژەکەڕووە، دژەشێرپەنجەیە و تاد..

پێشتر باس لەوە کرابوو کە دەخورێت و ژەهراوی نییە.  بەڵام لەم ساڵانەی دوواییدا گوترا کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی وەک سییەکان و دەبێتە هۆی سینۆزیت و هەستەوەری.  هەڵمژینی هاگی ئەم جۆرە کوارگە لە مرۆڤدا دەبێتە هۆی نەخۆشی چونکە لە سییەکاندا گەشە دەکات و دەبێتە هەو.  ساڵی ٢٠١٦ ژنێکی نیوزیلەندی بە هۆی هەوکردنی ئەم قارچکە لە سییەکانید ا بڵاوبوونەوەی بۆ مێشک و دڵی، گیانی لە دەست دا.  لە هەمان کاتدا هەندێک سەرچاوە دەڵێن پێکهاتەگەلی دژەلوو و دژەنیتگی تێدایە.  لە ساڵی ٢٠٠٦ لە مەکسیکۆ و باکووری رۆژهەڵاتی هیندوستان خوراوە و بەشێکە لە پێکهاتەکانی جۆرێک کێک لە هیندوستان.




سەرچاوە:

مایکۆوێب

هینداوی

ئۆکسفۆرد یونیڤێرسیتی پرێس

25.12.21

کارگی لینۆسوس راینۆسێروس


ناوە گشتییەکەی بریتییە لە کارگی پڵنگشیر یا شیری پڵنگ.   سەر بە خێزانی فرەکونچکەکان (پۆڵیپۆراسیی)ە؛ و لە کەرتی کەڕوو هیمدارەکان (باسیدیۆمایکۆتا)یە.   ئەم قارچکە تەنیا لە ناوچە گەرمەسێرە بارانگیرەکانی باشووری چین، تایلەند، مالیزی، ئندۆنێزی، فیلیپین، پاپوانیو گینێ، نیوزیلەند و ئوسترالیا هەیە.    لە کۆنەوە لە مالیزی وەک دەرمانی نەریتی بەکارهێنراوە.   ئەم کوارگە یەکەمجار ساڵی ١٦٦٤  ئەوروپاییەکان دیتوویانە و ناویان لێناوە (لاک تیگریدیس) واتە شیری پڵنگ.   هەر ئەو سەردەمەیش  لە رۆژنامەدا نووسراوە  کە ئەم جۆرە کوارگە نەخۆشیی وا چارەسەر دەکات کە پزیشکە ئەوروپاییەکان ناتوانن چارەی بکەن.


خەڵکی خۆجێیی لەگەڵ گیایەکی گوڵدار دەیکوڵێنن و وەک دەرمانێکی بەهێزکەری گشتی بەکاریدەهێنن؛ و دەرمانێکی باشە بۆ کۆخە و سەرمابوون.   ساڵی ١٨٩٠ ناوی زانستیی (فۆمس راینۆسێرۆتیس)ی لێنراوە.  ئێستا ناوەکەی گۆراوە بۆ (لینگۆسوس راینۆسێروس).


 چەقی کڵاوەکەی بە سەرووی قەدەکەیەوە نووساوە و قەدەکەیشی پێکهاتەیەکی سەخت و رەق و پتەوە کە پێیدەگوترێت سەختینە (سکڵێرۆتیا)؛ و لە کورمەیەکی سەختینەیی هاتووەتە دەرەوە.   کڵاو و قەدەکەی وەک چێو رەقن؛ و سەختینەکەی وەک ئەمباری خۆراکە؛ و پێکهاتووە لە ریسووی تێکچڕژاو و رەنگی سپییە وەک شیر.   تەنانەت چێژەی شیریش دەدات.  ئەوەی راستی بێت سوودە دەرمانییەکەی لە سەختینەکەیدایە و  ئەو کاتەیە کە هێشتا کڵاوەکەی لە خاک سەری دەرنەهێناوە. 



ئەم قارچکە بە تاک و  تەنیا دەڕوێت.  مەودای رووانی نێوان دوو قارچکی پڵنگشیر لە پێنج کیلۆمەتر کەمتر نییە؛ و لەسەر خاک و بەشێوەی هاوژینی لەگەڵ درەختدا دەڕوێت.   ئەگەریش بەرێکەوت قارچکێک لە مەودای کەمتر لە پنج کیلۆمەتر لە یەکی ترەوە بڕوێت ئەوا زۆر ساوایە وکڵاوەکەی لە خاک نەهاتووەتە دەرەوە.  هەر بۆیە دەگمەنە و نرخی گرانە.  ئەم قارچکە چووەتە نێو فۆلکلۆریشەوە؛ و دەڵێن ئەو شوێنەی ئەم کوارگە لێیدەڕوێت شیری دەڵە پڵنگی لێ چۆراوەتەوە ودوواتر بووە بە کارگ.  


ئەم قارچکە ساڵانێکی زۆر بوو فەرامۆش کرابوو؛ بەڵام کاتێک ساڵی ٢٠٠٢  مەهاتیر بن محەممەد سەروەزیری ئەم ووڵاتە لە دانیشتنی بایۆتەکنۆلۆژیدا لە کوالالامپوور گوتی: چەندین ساڵ بوو کۆخەیەکی درێژخایەنم هەبوو بە کارگی پڵنگشیر چاک بووومەوە، ئیتر مەردم لەو رۆژەوە بایەخیان پێدا و گەڕانەوە بۆی؛ و لەوساوە وەک گەنجینەیەکی نەتەوەیی ناوی دەبەن.   دووای چەندین هەوڵی بێوچان و تێکەڵ بە ئەزموون و شکستی شەش ساڵی، سەرەنجام ساڵی ٢٠٠٨ تووانرا ئەم جۆرە قارچکە بڕوێنرێت؛ و کۆمپانیایەک دابمەزرێنرێت بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتن و ساخکردنەوەی.




سەرچاوە:

ناشناڵ لایبرەری ئۆف مێدیسن 

نەیچەر

نەتراسیۆتیکڵ بزنس ریفیوو

ریسێرچ گەیت