14.6.21
کەڕووی درەختی قاوە
سنت
ماددەیەکی چەسپناکە؛ هەنگ لە شیلەی درەختە گەڵا دەرزیلەییەکان و هەردەمسەوزەکان بەدەستیدەهێنێت. دوواتر لەگەڵ دەردراوەکانی خۆی و مێو تێکەڵیدەکات و ماددەیەکی چەسپناکی قاوەیی سەوزباوی لێسازدەکات کە بۆ سوواغدانی درز و کەلێنی نێو پوورەکەی بەکاریدەهێنێت. هەزاران ساڵ لەمەوبەر شارستانیەت و ژیارە کۆنەکان سنتیان بەکارهانیوە. یونانییەکان بۆ دەرمانی ئاوسان، ئاسۆرییەکان بۆ چارەسەری ئالوودەزایی و ساڕێژبوونەوە و میسرییەکانیش بۆ پاراستنی لاشە مۆمیاکراوەکان بەکاریانهێناوە. پێکهاتەکانی ماددەی سنت جیاوازن و بەگوێرەی ئەوە کە هەنگەکان لە کوێ دەژین و لە کوێ و چ خۆراکێک پەیدا دەکەن، پێکهاتەی سنتەکەیشیان دەگۆڕێت. هەر بەم هۆیەوە تا ئێستا پتر لە ٣٠٠ ماددە لە سنتدا دۆزراوەتەوە و دەسنیشانکراوە. زۆربەی ئەو ماددانە پۆڵیفینۆڵەکانن کە دژە ئۆکسانن و بەرەنگاری نەخۆشیەکان دەبنەوە و رێگەدەگرن لە زیانگەیشتن بە لەش.
2.6.21
کەڕووی میووکۆرمایکۆسیس
کەڕووی رەش، سیاوکەڕوو، برشی بۆدڕن. پێشتر بە زایگۆمایکۆسیس ناسرابوو. گەورەترین سانی کەڕووە زایگۆماسیتەکانە؛ بریتین لە یازدە خێزان، ٦٥ نەژاد و ٣٠٠ چەشن. ئەندامەکانی ئەم سانە زۆر جار وەک مێخەبرش ناودەبردرێن. برشێکە دەبێتە هۆی هەوکردن و ئالوودەزایی بەتایبەتی لەو کەسانەدا کە بەهۆی نەخۆشینی وەک شەکرە و شێرپەنجە و ئێچ ئای ڤی بەرگریی لەشیان لاواز دەبێت. زۆر خێرا گەشەدەکات و کەڕوویەکی گشجێڕسکە، لە خاک، هەوا و تەنانەت لە لووت و چڵمی کەسانی تەندروستدا هەیە. لە ماددەگەلی زیندەندامیی وەک چڵ و گەڵای شیبووەوە و پاشماوەی ئاژەڵ و میوە و سەوزیی رزیودا دەبێت؛ بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی مرۆڤ ئالوودە ناکات و لە کەسێکەوە بۆ کەسانی تر ناتەنێتەوە.
ئەم کەڕووانە بەوە ناسراون کە خۆراکی وەک نان ئالوودە دەکەن و هەروەها دەبنە هۆی نەخۆشیی میووکۆرمایکۆسیس. بە هۆی هەناسەکێشان، خواردن یا وەرگرتنی هاگی برشەکە لە برینێکی وازەوە تووشی مرۆڤ دەبێت. چاڵەکان ی روخسار(سینوس) و مێشک و سییەکان تووشی هەوکردن دەکات. لەم رۆژانەی رابردوودا لە هیندوستان لە زۆرێک لە نەخۆشەکانی کۆڤید ١٩ دا بینرا؛ و وا باوەڕدەکرێت کە بە هۆی ستیرۆیدەوە دروست دەبێت؛ چونکە ستیرۆید لە چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانەی کۆڤید١٩دا بەکاردەهێنرێت کە زۆر بەتوندی تووشبوون. ئەو نەخۆشانەی چاڵەکانی روخساریان هەودەکات بە ناچاری چاویان لە کاسەوە دەردەهێنرێت تا ژیانیان لە مردن رزگار بکرێت.
سەرچاوە:
31.5.21
هاوینێکی گەرم و تەنگژەی ئاو و کارەبا لە رۆژهەڵات
وەک روون و ئاشکرایە، ئاو کە سەرچاوەی ژیانە، لە چوار بەش، سێ بەشی گۆی زەوینی داپۆشیوە. بەڵام لەم هەموو ئاوە کە سێ بەشی گۆی زەمینی داگیرکردووە، تەنیا لە سەدا دوو و نیوی ئاوی پاکە و بۆ خواردنەوە شیاوە. کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی خۆی خاوەنی سەرچاوەگەلێکی زۆری ئاوی سازگارە و تەنانەت بەشێکی بەرچاو لە ئاوی باشووری کوردستانیش لەوێوە دێت؛ بەڵام بەداخەوە دەوڵەتی ئێران هەر لە سەردەمی حەمەڕەزا شاوە گەڵاڵە و بەرنامەی دژە کوردییان بەڕێوەبردووە و زۆربەی ئاوەکانی چیاکانی زاگرۆسیان بەرەو ناوچەکانی دەرەوەی رۆژهەڵات راگواستووە. بە ووتەیەکی تر زۆرینەی خەڵکی رۆژهەڵاتیان لە ئاوی زەوی و ئاسمانی خۆیان بێبەش کردووە و ئاراستەی ئاوەکانیان گۆڕیوە بۆ ناوچەکانی تورکنشین و فارسنشین. زۆر جار لە رۆژهەڵات مەردم ناچار بوون زەوییەکانیان بکەنە دێم لەبەر بێ ئاوی بەڵام ئاوەکەیان ناوچە ووشک و بێئاوەکانی دەرەوەی رۆژهەڵاتی پێ سەرسەوز و ئاوەدان کراوەتەوە.
بۆ ئەم هاوینە کە چاوەڕووانی دۆخێکی پڕ تەنگژە دەکرێت، پێویستە رێکخراوە ژینگەپارێزەکان و شوورای شار و گوندەکان و کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکان و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەستەوەستان نەبن؛ و هەرکامەیان لە شوێن و ناوچەی خۆی و بە گوێرەی هەڵکەوتەی شوێنەکەیان و توانای دارایی و لێهاتووییان، بێ ئەوەی چاوەڕوانی حکومەت بن، بەرنامە و پلانی خۆیان دابڕێژن و بەڕێوەی ببەن. دەست بە ئاوەوە بگرن و نەهێڵن دڵۆپێک ئاو، چ ئاوی خواردنەوە و چ ئاوی کشتوکاڵی بەخۆڕایی بڕوات. ئەو ئاوانەیش کە بەکارهاتوون، هەوڵی کۆکردنەوە و بەکارهێنانەوەیان بدەن.
گەرەکە ئاوی بەکارهاتووی گوندەکان و گەڕەکەکانی شارەکان کۆبکرێتەوە و لە گۆلی گەورەدا چاودێریی پاککردنەوەیان بکرێت بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە. ئەم ئاوانە ئەگەر بۆ خواردنەوەیش بەکارنەهێندرێن، بەکارهێنانیان بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازی و زۆر مەبەستی تر ئاساییە. شایانی باسە کە لە ئوسترالیا سێ لە ویلایەتەکانی ئەم ووڵاتە ئاوی بەکارهاتوو مردەوەژی دەکەنەوە و بە فەرمیش بەکاری دەهێننەوە، تەنانەت لە ویلایەتی نیوساوت وێڵز بۆ خواردنەوە و ئاشپێژیش بەکاردەهێنرێت. لە ئیسراییل لەسەدا نەوەدی ئاوی بەکارهاتوو پاکدەکرێتەوە و دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە. هەروەها لە ئیسپانیا زیاتر لە لەسەدا سیی ئاوی بەکارهاتوو دووای پاککردنەوە ددبارە بەکاردەهێنرێتەوە. کەواتە دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو شتێکی ئاساییە و کردەییە، تەنیا پێویستیی بە هەوڵ و هیممەت و بەرنامەڕێژییە.
خەڵکی رۆژهەڵات دەتوانن هەرکەس لە ماڵی خۆیدا هەوڵی پاککردنەوەی ئاوە بەکارهاتووەکانی وەک ئاوی حەمام و جلشۆری و ئاشپێژخانە بدەن، بەتایبەتی ئاوی ئاشپێژخانەکان دوای جیاکردنەوەی تەنە رەقەکان لێی، زۆر بە ئاسانی و بە دانانی دوو فیلتەری چەو و زیخ پاک دەبنەوە؛ و دەتوانرێت بۆ ئاودانی باخچە و سەوزایی حەوشەکان کەڵکیان لێوەربگیرێت. لە گوندەکان کە ئاوی بەکارهاتووی ماڵان دەکرێت بە ئاسانتر لە جۆگەیەکدا کۆبکرێنەوە، پاککردنەوەیان ئاسانترە و دەکرێ راستەوخۆ بۆ کشتوکاڵ بەکاربهێنرێنەوە. بەم هیوایە کە مەردم بە هیممەت و یەکگرتوویی و گیانی هاوکاریکردنیان، لە رەنج و مەینەتیەکانی خۆیان کەم بکەنەوە و خۆیان لەم تەنگژەیە خوتار بکەن؛ و لە هەمان کاتدا لەبیری نەکەن کە تا ژینگە پشتگوێبخرێت، مەترسیی ووشکەساڵی هەمیشە هەڕەشەیە لەسەریان؛ و ساڵ بە ساڵیش دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات.
29.5.21
کەڕووی ڤارۆوا کوژ
![]() |
هەنگێک کە گەنەی ڤارۆوا بە سەرووی ملیەوە نووساوە |
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لەلایەن مێرووزانانەوە لە زانکۆی حکومەتیی واشینگتۆن ئەنجامدراوە، جۆرێک کە ڕوو پەروەردەکراوە کە دەتوانێت رووبەڕووی گەنەی ڤارۆوا ببێتەوە و بیکوژێت. کەڕووەکە خۆی لە خاکدا هەیە و لە هەموو شوێنێکی جیهان دەبینرێت و لە نەژادی مێتاریزیەمە. کەڕووەکانی نەژادی مێتاریزیەم ناسراون بەوە کە توانای کوشتنی مێرووەکانیان هەیە بەڵام زیان بە مرۆڤ ناگەیەنن. ئەم چەشنە کەڕووەی مێتاریزیەمە کە تیمەکە زایاندوویانە و پەروەردەیان کردووە، جۆری مێتاریزیەم برونیەم (Metarhizium brunneum)ە؛ و دەتوانێت لە پلەی گەرمای ٣٥ی سەدیدا بژیێت کە پلەی گونجاوی هەوای نێو پوورەی هەنگە. تیمەکە دەیانزانی کە چەشنە کەڕووەکانی مێتارازیەم لە پوورەی هەنگدا دەمرن و تابی گەرماکەی ناهێنن، هەربۆیە هاگی کەڕووەکەیان لە لاشەی مردووی گەنەکان دەرهێنا و پەرەیان پێدا تا کەڕوویەکی وایان دەسبکەوێت کە هەم تابی گەرمای ٣٥ پلە بهێنێت و هەم بەتوندیش لە دژی گەنەی ڤارۆوا بجەنگێت.
![]() |
گەنەی ڤارۆوا |
شایانی باسە کە گەنەی ڤارۆوا گەورەترین و ترسناکترین دوژمنی هەنگە و خوێنیان دەمژێت و پوورەی هەنگ بە تەواوی لەناودەبات.
سەرچاوە: