14.6.21

سنت

 

ماددەیەکی چەسپناکە؛ هەنگ لە شیلەی درەختە گەڵا دەرزیلەییەکان و هەردەمسەوزەکان بەدەستیدەهێنێت. دوواتر لەگەڵ دەردراوەکانی خۆی و مێو تێکەڵیدەکات و ماددەیەکی چەسپناکی قاوەیی سەوزباوی لێسازدەکات کە بۆ سوواغدانی درز و کەلێنی نێو پوورەکەی بەکاریدەهێنێتهەزاران ساڵ لەمەوبەر شارستانیەت و ژیارە کۆنەکان سنتیان بەکارهانیوەیونانییەکان بۆ دەرمانی ئاوسان، ئاسۆرییەکان بۆ چارەسەری ئالوودەزایی و ساڕێژبوونەوە و میسرییەکانیش بۆ پاراستنی لاشە مۆمیاکراوەکان بەکاریانهێناوەپێکهاتەکانی ماددەی سنت  جیاوازن و بەگوێرەی ئەوە کە هەنگەکان لە کوێ دەژین و لە کوێ و چ خۆراکێک پەیدا دەکەن، پێکهاتەی سنتەکەیشیان دەگۆڕێتهەر بەم هۆیەوە تا ئێستا پتر لە ٣٠٠ ماددە لە سنتدا دۆزراوەتەوە و دەسنیشانکراوەزۆربەی ئەو ماددانە پۆڵیفینۆڵەکانن کە دژە ئۆکسانن و بەرەنگاری نەخۆشیەکان دەبنەوە و رێگەدەگرن لە زیانگەیشتن بە لەش.

2.6.21

کەڕووی میووکۆرمایکۆسیس

 


کەڕووی رەش، سیاوکەڕوو، برشی بۆدڕنپێشتر بە زایگۆمایکۆسیس ناسرابووگەورەترین سانی کەڕووە زایگۆماسیتەکانە؛ بریتین لە یازدە خێزان، ٦٥ نەژاد و ٣٠٠ چەشنئەندامەکانی ئەم سانە زۆر جار وەک مێخەبرش ناودەبردرێنبرشێکە دەبێتە هۆی هەوکردن و ئالوودەزایی بەتایبەتی لەو کەسانەدا کە بەهۆی نەخۆشینی وەک شەکرە و شێرپەنجە و ئێچ ئای ڤی بەرگریی لەشیان لاواز دەبێتزۆر خێرا گەشەدەکات و کەڕوویەکی گشجێڕسکە، لە خاک، هەوا و تەنانەت لە لووت و چڵمی کەسانی تەندروستدا هەیەلە ماددەگەلی  زیندەندامیی وەک چڵ و گەڵای شیبووەوە و پاشماوەی ئاژەڵ و میوە و سەوزیی رزیودا دەبێت؛ بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی مرۆڤ ئالوودە ناکات و لە کەسێکەوە بۆ کەسانی تر ناتەنێتەوە


ئەم کەڕووانە بەوە ناسراون کە خۆراکی وەک نان ئالوودە دەکەن و هەروەها دەبنە هۆی نەخۆشیی میووکۆرمایکۆسیسبە هۆی هەناسەکێشان، خواردن یا وەرگرتنی هاگی  برشەکە لە برینێکی وازەوە تووشی مرۆڤ دەبێتچاڵەکان ی روخسار(سینوس) و مێشک و سییەکان تووشی هەوکردن دەکاتلەم رۆژانەی رابردوودا لە هیندوستان لە زۆرێک لە نەخۆشەکانی کۆڤید ١٩ دا بینرا؛ و وا باوەڕدەکرێت کە بە هۆی ستیرۆیدەوە دروست دەبێت؛ چونکە ستیرۆید لە چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانەی کۆڤید١٩دا بەکاردەهێنرێت کە زۆر بەتوندی تووشبوونئەو نەخۆشانەی چاڵەکانی روخساریان هەودەکات بە ناچاری چاویان لە کاسەوە دەردەهێنرێت تا ژیانیان لە مردن رزگار بکرێت.  


سەرچاوە:


بی بی سی

ساینتیفیک ئەمێریکان




31.5.21

هاوینێکی گەرم و تەنگژەی ئاو و کارەبا لە رۆژهەڵات

بە هۆی بارینی بەفر و بارانێکی کەم لە پاییز و زستان و ئەم بەهارەدا رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەبەردەم هاوینێکی سەخت دان. بە هەموو پێوەرەکان ئەمساڵ ووشکەساڵییە؛ و ووشکەساڵیش کاریگەریی ترسناکی لەسەر ژیانی رۆژانەی مەردم و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و تەنانەت کەرتی پیسەسازیش دەبێت. کەمبوونی بەفر و باران دەبێتە هۆی دازنینی رێژەی ئاوی بەنداوەکان و بەمجۆرە کاریگەریی نەرێنیی دەبێ لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا؛ و حکومەت کە نە خەڵک و نە ژینگەی بەلاوە گرنگە، ناچار دەبێت بۆ بێدەنگکردنی هاووڵاتان ئاو و کارەبا لەسەر بنەمای خشتەیەکی رۆژانە دابەش بکات.


وەک روون و ئاشکرایە، ئاو کە سەرچاوەی ژیانە، لە چوار بەش، سێ بەشی گۆی زەوینی داپۆشیوە.  بەڵام لەم هەموو ئاوە کە سێ بەشی گۆی زەمینی داگیرکردووە، تەنیا لە سەدا دوو و نیوی ئاوی پاکە و بۆ خواردنەوە شیاوە.  کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی خۆی خاوەنی سەرچاوەگەلێکی زۆری ئاوی سازگارە و تەنانەت بەشێکی بەرچاو لە ئاوی باشووری کوردستانیش لەوێوە دێت؛ بەڵام بەداخەوە دەوڵەتی ئێران هەر لە سەردەمی حەمەڕەزا شاوە گەڵاڵە و بەرنامەی دژە کوردییان بەڕێوەبردووە و زۆربەی ئاوەکانی چیاکانی زاگرۆسیان بەرەو ناوچەکانی دەرەوەی رۆژهەڵات راگواستووە.  بە ووتەیەکی تر زۆرینەی خەڵکی رۆژهەڵاتیان لە ئاوی زەوی و ئاسمانی خۆیان بێبەش کردووە و ئاراستەی ئاوەکانیان گۆڕیوە بۆ ناوچەکانی تورکنشین و فارسنشین.   زۆر جار لە رۆژهەڵات مەردم ناچار بوون زەوییەکانیان بکەنە دێم لەبەر بێ ئاوی بەڵام ئاوەکەیان ناوچە ووشک و بێئاوەکانی دەرەوەی رۆژهەڵاتی پێ سەرسەوز و ئاوەدان کراوەتەوە.


بۆ ئەم هاوینە کە چاوەڕووانی دۆخێکی پڕ تەنگژە دەکرێت، پێویستە رێکخراوە ژینگەپارێزەکان و شوورای شار و گوندەکان و کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکان و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەستەوەستان نەبن؛ و هەرکامەیان لە شوێن و ناوچەی خۆی و بە گوێرەی هەڵکەوتەی شوێنەکەیان و توانای دارایی و لێهاتووییان، بێ ئەوەی چاوەڕوانی حکومەت بن، بەرنامە و پلانی خۆیان دابڕێژن و بەڕێوەی ببەن.  دەست بە ئاوەوە بگرن و نەهێڵن دڵۆپێک ئاو، چ ئاوی خواردنەوە و چ ئاوی کشتوکاڵی بەخۆڕایی بڕوات.  ئەو ئاوانەیش کە بەکارهاتوون، هەوڵی کۆکردنەوە و بەکارهێنانەوەیان بدەن.


گەرەکە  ئاوی بەکارهاتووی گوندەکان و گەڕەکەکانی شارەکان کۆبکرێتەوە و لە گۆلی گەورەدا چاودێریی پاککردنەوەیان بکرێت بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە.  ئەم ئاوانە ئەگەر بۆ خواردنەوەیش بەکارنەهێندرێن، بەکارهێنانیان بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازی و زۆر مەبەستی تر ئاساییە.  شایانی باسە کە لە ئوسترالیا سێ لە ویلایەتەکانی ئەم ووڵاتە ئاوی بەکارهاتوو مردەوەژی دەکەنەوە و بە فەرمیش بەکاری دەهێننەوە، تەنانەت لە ویلایەتی نیوساوت وێڵز بۆ خواردنەوە و ئاشپێژیش بەکاردەهێنرێت.   لە ئیسراییل لەسەدا نەوەدی ئاوی بەکارهاتوو پاکدەکرێتەوە و دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە.  هەروەها لە ئیسپانیا زیاتر لە لەسەدا سیی ئاوی بەکارهاتوو دووای پاککردنەوە ددبارە بەکاردەهێنرێتەوە.  کەواتە دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو شتێکی ئاساییە و کردەییە، تەنیا پێویستیی بە هەوڵ و هیممەت و بەرنامەڕێژییە.


خەڵکی رۆژهەڵات دەتوانن هەرکەس لە ماڵی خۆیدا هەوڵی پاککردنەوەی ئاوە بەکارهاتووەکانی وەک ئاوی حەمام و جلشۆری و ئاشپێژخانە بدەن، بەتایبەتی ئاوی ئاشپێژخانەکان دوای جیاکردنەوەی تەنە رەقەکان لێی، زۆر بە ئاسانی و بە دانانی دوو فیلتەری چەو و زیخ پاک دەبنەوە؛ و دەتوانرێت بۆ ئاودانی باخچە و سەوزایی حەوشەکان کەڵکیان لێوەربگیرێت.  لە گوندەکان کە ئاوی بەکارهاتووی ماڵان دەکرێت بە ئاسانتر لە جۆگەیەکدا  کۆبکرێنەوە، پاککردنەوەیان ئاسانترە و دەکرێ راستەوخۆ بۆ کشتوکاڵ بەکاربهێنرێنەوە.  بەم هیوایە کە مەردم بە هیممەت و یەکگرتوویی و گیانی هاوکاریکردنیان، لە رەنج و مەینەتیەکانی خۆیان کەم بکەنەوە و خۆیان لەم تەنگژەیە خوتار بکەن؛ و لە هەمان کاتدا لەبیری نەکەن کە تا ژینگە پشتگوێبخرێت، مەترسیی ووشکەساڵی هەمیشە هەڕەشەیە لەسەریان؛ و ساڵ بە ساڵیش دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات.



 

29.5.21

کەڕووی ڤارۆوا کوژ

هەنگێک کە گەنەی ڤارۆوا بە
 سەرووی ملیەوە نووساوە



 

بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لەلایەن مێرووزانانەوە  لە زانکۆی حکومەتیی واشینگتۆن ئەنجامدراوە، جۆرێک کە ڕوو پەروەردەکراوە کە دەتوانێت رووبەڕووی گەنەی ڤارۆوا ببێتەوە و بیکوژێت. کەڕووەکە خۆی لە خاکدا هەیە و لە هەموو شوێنێکی جیهان دەبینرێت و لە نەژادی مێتاریزیەمە. کەڕووەکانی نەژادی مێتاریزیەم ناسراون بەوە کە توانای کوشتنی مێرووەکانیان هەیە بەڵام زیان بە مرۆڤ ناگەیەنن.  ئەم چەشنە کەڕووەی مێتاریزیەمە کە تیمەکە زایاندوویانە و پەروەردەیان کردووە، جۆری مێتاریزیەم برونیەم (Metarhizium brunneum)ە؛ و دەتوانێت لە پلەی گەرمای ٣٥ی سەدیدا بژیێت کە پلەی گونجاوی هەوای نێو پوورەی هەنگە.  تیمەکە دەیانزانی کە چەشنە کەڕووەکانی مێتارازیەم لە پوورەی هەنگدا دەمرن و تابی گەرماکەی ناهێنن، هەربۆیە هاگی کەڕووەکەیان لە لاشەی مردووی گەنەکان دەرهێنا و پەرەیان پێدا تا کەڕوویەکی وایان دەسبکەوێت کە هەم تابی گەرمای ٣٥ پلە بهێنێت و هەم بەتوندیش لە دژی گەنەی ڤارۆوا بجەنگێت.

گەنەی ڤارۆوا

شایانی باسە کە گەنەی ڤارۆوا گەورەترین و ترسناکترین دوژمنی هەنگە و خوێنیان دەمژێت و پوورەی هەنگ بە تەواوی لەناودەبات.






لەم ڤیدیۆیەدا چۆنیەتیی کوشتنی گەنەی ئارۆڤا لەلایەن کەڕووی
 مێتاریزیەم برونیەمەوە بە شێوەی تایملاپس نیشان دراوە





سەرچاوە:

زانکۆی حکومەتیی واشینگتۆن

سروشت






27.5.21

مردەوەژیی ئاوی سیان و زێرابەکان



چەند ساڵێک لەمەوبەر سەرۆکی ئیسراییل لە بۆنەیەکی گرنگدا کە گرێدراو بوو بە رەوشی ئاو و شێوازی سوود لێوەرگرتنی؛ گوتی جیاوازیی ئێمە لەگەڵ خەڵکانی تر لەمەدایە کە ئێمە دەبێ یەک دڵۆپ ئاو بکەین بە پێنج دڵۆپ! ئەم ووتەیە تەنیا دروشم نەبوو بەڵکوو ئیسراییلیەکان بە کردەوە جێبەجێیان کردووە و لە ووڵاتێکی ووشک و بێ ئاو و بێ خاکی کشتوکاڵیدا چەندین دارستان و لێڕەواریان ساز کردووە و بیابانی ووشک و بێ ئاویان کردووەتە گۆل و دەریاچە و باغ و بێستان و سەوزەزار.


ئێستا رۆژهەڵاتی ناوین بە دۆخێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت.  وەک پێشتر زانایان پێشبینییان کردبوو، سەدەی بیست و یەک سەدەیەک دەبێت کە تیایدا بەتایبەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناڤین ئاو لە نەوت گرنگتر دەبێت.  چوونە سەری ژمارەی دانیشتووان و گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا، هەرکامە بە نۆرەی خۆی هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی رێژەی ئاو.  بێگومان ئاو کە مایەی ژیانە، هەرکاتێک رێژەکەی کەم بێتەوە، بایەخ و گرنگییەکەی بەرز دەبێتەوە.  هەربۆیە گەلانی هۆشیار و بەمشوور ساڵانێکە کەوتوونەتە خۆ؛ و تێدەکۆشن سەرچاوەی جیاواز و هەرزان و مشێ بۆ دابینکردنی ئاو بدۆزنەوە؛ و هەروەها لە بەکارهێنانیدا زێدەڕۆیی نەکرێت.  یەکێک لەو رێگایانە سوود وەرگرتنە لە ئاوی بەکارهاتوو واتە ئاوی زێرابەکان و سیانەکان.  ئەو ئاوەی کە لە ووڵاتی ئێمە هێشتا بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە و لە زۆر شار و شارۆچکەدا تەنانەت زێرابیشی بۆ دروست نەکراوە و بەسەر  شەقام و شوێنە گشتییەکاندا تێدەپەڕێت.


وەک هەمووان دەزانن لە کوردستان دەریامان نییە، هەرچەندە ئاوی دەریا بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ نابێت.  ژمارەیەک چەم و رووباری هەمیشەیی و وەرزیمان هەیە.   لە هەمان کاتدا،  وێڕای ئەوە کە ئاوێکی زۆری سەر زەوی و ژێر زەویمان هەیە، و رێژەیەکی زۆری بە فیڕۆ دەڕوات، بەشێکیش لە ئاوی رووبار و چەمەکان بە هۆی زبڵ و پاشماوەی ماڵان و پاشماوەی کارگە و کارخانەکانەوە پیس و ئالوودە دەکرێن.  بەهۆی خەمساردی و نەبوونی پلان و بەرنامەوە، لە هەندێک شوێن ئاوی زێراب و سیاناوەکانیش تێکەڵ بە ئاوی چەم و رووبارەکان دەبێتەوە.  بە واتەیەکی تر ئاوی زێراب و سیاناوەکان نەک هەر پاک ناکرێنەوە و بەکارناهێنرێنەوە، بەڵکوو دەبنە هۆکارێکیش بۆ پیسکردنی ئاوە پاکەکان و پەرەپێدانی زیاتری ژینگەدژوونی.  ئەم ئاوانە لە زۆر شوێن رەوش و دیمەنی زۆر ناشیرین و نەخوازرواو و بێزراویان ئافراندووە و بوون بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی بۆگەنی و میکرۆب و نەخۆشی.  خۆ ئەگەر بەخاتری نەهێشتنی هۆکارەکانی نەخۆشی و پیسبوونی ژینگەیشەوە بێت، گەرەکە حکومەت ئاوڕێک لەمانە بداتەوە و رێگا چارەیەکی زانستیانە و سەردەمیانە بۆ ئاوی زێرابەکان بدۆزێتەوە.


هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی بۆ کرا لە زۆر ووڵاتان دەستکراوە بە کۆکردنەوەی ئاوە بەکارهاتووەکان و پاککردنەوەیان.  ئەم کارە کە پێیدەگوترێت چنینەوەی بەرهەمی ئاوی بەکارهاتوو، هەرچەندە سەخت و قورسیش بێت شایستەی بایەخ پێدانە.  لەم کارەدا سەرکەوتنی باش بەدەسهاتووە؛ و یەک لەم ووڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناڤین ئیسراییلە کە ئاوی مردەوەژیی کردووەتە سەرچاوەیەک بۆ ئاودانی زەویوزار.  کاری پاککردنەوەی ئاوە بەکارهاتووەکان، کارێک نییە کە هاووڵات بتوانێت شانی بداتە ژێری و جێبەجێی بکات.  ئەمە ئەرکێکی قورسە و پێویستە حکومەت خەمی لێ بخوات و بەرنامە و گەڵاڵەی تۆکمە و درێژخایەنی بۆ دابنێت.  دیارە بە بەراورد لەگەڵ سوود و قازانجەکەی، تێچووەکەی زۆر نییە.  بۆ ئەم مەبەستە حکومەت دەتوانێت لە نزیک دەرچەی زێرابەکانی هەرکام لە شارەکان بنکەی تایبەت بە پاککردنەوەی ئاوی زێراب و سیاناوەکان دابمەزرێنێت؛ و دوواتر ئاوەکە لەجیاتی ئاوی خواردنەوە و پاک، لە رێگەی بۆڕی یا کەناڵ و شاجۆی تایبەتەوە یا لە رێگەی دروسکردنی دەریاچەوە بدات بە جووتیار و وەرزێڕان. 


بەم کارە لە لایەکەوە ژینگە لەم ئاوە پیسە پاک دەکرێتەوە و هۆکارەکانی نەخۆشی کەمدەکرێنەوە؛  لە لایەکی ترەوە لەبری ئەوە کە ئاوەکە بەفیڕۆ بڕوات، بۆ کشتوکاڵ و ئاودێری بەکاردەهێنرێت و بەشێک لە پێداویستیی جووتیار و وەرزێران دابین دەکرێت.  واتە ئەو ئاوەی کە جارێک بەکارهاتووە و لەدەست دەرچووە، بە کۆشش و هیممەتی حکومەت و کەسانی شارەزا و پسپۆر، بە جۆرێک ئاڵوگۆڕی بەسەردا دەهێنرێت کە ببێتە هاوکار لە شکستهێنان بە تەنگژەی ووشکەساڵی و کەمئاویدا.