15.1.20

ئەو قارچکانەی لە شوێنی پیس دەڕوێن


جۆری پانایۆلوس سێمیۆڤاتووس ڤار. فالەیناروم
    لە پاشەرۆی گامێش دا روواوە

وەک لە هەندێک بابەتی پێشوودا بە کورتی ئاماژەی بۆ کراوە، مەرج نییە هەر قارچکێک لە شوێنی پیس بڕوێت، ژەهراوی بێت.  هەروەها مەرج نییە هەر قارچکێک لە شوێنی پاک و خاوێن بڕوێت، شایانی خواردن بێت.  مەرج نییە هەر کوارگێک شێوە و بیچمی جوان بێت، قارچکێکی خۆراکی بێت.  بە هەمان شێوە مەرج نییە قارچکێکی دزێو و نەتەچاو ژەهراوی بێت.
 ناسینی قارچک کەسی شارەزا و لێزان و خاوەن ئەزموونی دەوێت.  لە هەمان کاتدا دەبێ ئەم وتە بەناوبانگانەمان لە بیر بێت کە (هەموو کەڕووەکان دەخورێن، بەڵام هەندێکیان تەنیا جارێک دەخورێن).  هەروەها دەڵێن (کوارگەوانی نەترس زۆرن، بەڵام کوارگەوانی پیر و نەترس پەیدا نابێ).

ژمارە و جۆر و پۆل و خێزانی قارچکەکان و کەڕووەکان دەیان هەزارە و هێشتا بەشێکی زۆریان نەناسراون یا بەباشی نەناسراون.  زۆریش هەن هێشتا نەدۆزراونەتەوە.. چونکە ژینگەی سروشتیی کوارگەکان جۆراوجۆرە و بەگوێرەی ئاووهەوا و وەرزەکان و خاک و دەوروبەرەکەیان دەگۆڕێن.  لە سەر دەرختی زیندوو، درەختی وشک و مردوو، لەسەر خاکی لمین، خاکی رەش، خاکی سوور، خاکی گەچین، لەسەر پاشەرۆکی ئاژەڵ، لە سەر زبڵخانەکان، لەسەر پووش و پەڵاش و کاغەز، لە ئاخوڕ و هۆڵ و تەویلەکاندا، لە پاڵ دار و درەخت و گژ و گیا وەرزییەکان و تەنانەت لەسەر لاشەی زیندەوەر و باڵندە و مار دەڕوێن. بەتایبەتی پاشەڕۆی ئاژەڵەکان بۆ زۆر جۆر لە قارچکەکان گونجاوە و کەم کەس هەیە گەشتی دەشت و کێوانی کردبێت و چاوی نەکەوتبێت بە کوارگێک کە لەسەر پاشەرۆی ئاژەڵ روواوە.

سیلۆسایبن کیوبێنسس،  کارگی جادوویی    لە پاشەرۆی گا دا روواوە
لە راستیدا پاشەڕۆی ئاژەڵ ژینگەیەکی زۆر لەبارە بۆ رووان و گەشەکردنی زۆر لە قارچکەکان.  ئاژەڵەکە لە کاتی لەوەڕدا قارچکەکە یا هاگی قارچکەکە دەخوات و بەهۆی پتەویی دیواری خانەی هاگەکان، لە کۆئەندامی هەرسی  ئاژەڵەکەدا نامرن و لە رێگەی ریخۆڵەوە دێنە دەرەوە.  هەرکە لە دەرەوە کەشوهەوا گونجاو بوو، هاگەکە گەشەدەکات و دەبێتە ریسوو و سەرەنجام دەبێتە کارگ.

ئەو کوارگانەی لە نێو ریخ\سنێر\ شیاکە یا پاشەرۆی ئاژەڵدا دەڕوێن لە زمانی زانستی دا پێیان دەگوترێت  کۆپرۆفایلوس(coprophilous)؛ کە بە کوردی واتە شیاکەدۆست.  هەرچەند ژمارەی ئەو جۆرە قارچکانەی لە شوێنی پیس دەڕوێن زۆرە، و تا ئێستا چەندین پەرتووک تەرخان کراون بۆ باس و لێکۆڵینەوە لەسەر کوارگە شیاکەدۆستەکان، بەڵام لێرەدا تەنیا وێنە و ووردەکاریی چەند دانەیەک لەم جۆرە قارچکانە  بۆ نموونە و میناک دەخەینە بەرچاوی خوێنەر.

١- سیلۆسایبن کیوبێنسس لە پاشەرۆی مانگا\چێڵ دا دەڕوێت.  ئەم جۆرە کوارگە یەکێکە لە کوارگە ناسراوەکانی جادوویی و بە دەستیش دەڕوێنرێت بۆ مەبەستی فرۆشتن.


    پرۆتۆسترۆفاریا سێمیگڵۆباتا.  هەندێک سەرچاوە بە ژەهراوی و هەندێکیش بە
خۆراکی ناویان بردووە
٢- پرۆتۆسترۆفاریا سیمیگڵۆباتا لە پاشەڕۆی گا و لاما دا دەڕوێت.















مانیۆلوس سێمیۆڤاتوس ڤار. سێمۆڤاتووس. هەندێک سەرچاوە بە خۆراکی
ناویان بردووە بەڵام هەندێک دەڵێن شیاوی خواردن نییە
٣- مانیۆلوس سیمیۆڤاتووس ڤار. سێمۆڤاووس لە پاشەرۆی ئەسپ دا دەڕوێت













٤- ئەگاریکوس ئارڤێنسیس  زۆر نزیکە لەو جۆرە قارچکە سپییەی لە نێو چیمەن و مێرگ و گیاجاڕەکاندا دەڕوێت و لە راستیدا یەک خێزانن.  جیاوازیی ئەمە لەوەدایە کە لە دەوروبەری ئەو شوێنانە دەڕوێت کە پاشەرۆی ئەسپی لێیە بەتایبەتی دەوروبەری ئێختەرمەخانەکان (تەویلەی ئەسپ) لە وەرزی بەهار و پاییزدا ئەم جۆرە کوارگەی لێ دەڕوێت.  هەربۆیە لە زمانی ئینگلیسی دا پێیدەڵێن (Horse mushroom) واتە کوارگی ئەسپ.  شایانی باسە رێژەیەکی زۆر کەم ژەهری تێدایە کە هەندێک کەس لە دووای خواردنی ئەم جۆرە کوارگە دەڕشێتەوە، بەڵام مەترسی لە سەر ژیانی کەسەکە نییە.
ئەگاریکوس ئارڤێنسیس.  کوارگێکی خۆراکییە و لە
دەوروبەری ئەو شوێنانە دەڕوێت کە پاشەرۆی
ئەسپی لێیە























٥- کوارگی کۆپرینۆپسس سینێریا.  ئەمەیش قارچکێکی خۆراکییە لەسەر پاشەرۆی مانگا دەڕوێت

کۆپرینۆپسییس سینێریا.  لەسەر پاشەرۆی مانگا دەڕوێت و خۆراکییە















٦- دیکۆنیکا کۆپرۆفیلا.     ئەمەیش نەک ژەهراوی نییە بەڵکوو یەکێکە لەو جۆرە قارچکانەی کە ناسراون بە جادوویی کە لە پاشەرۆی ئاژەڵدا دەڕوێت.
دیکۆنیکا کۆپرۆفیلا   کارگی جادووییە و لە پاشەرۆی
ئاژەڵ دا دەڕوێت























پەرتووکی (کوارگەکانی ریخ) لەلایەن ئان بێڵ
کە ساڵی ١٩٨٣ لە نیوزیلەند چاپ و بڵاو کراوەتەوە















سەرچاوە:

14.1.20

باخچەی رێگەی ئازادی



چەمکی (Urban farming) کە مانای کشتوکاڵی شاری دەدات، ئێستا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بووەتە باو و گرنگیی زۆری پێدەدرێت.  زۆر کەس لە شارە گەورەکان لە پارچە خاکەدا کە وە ک حەوشە لە دەوروبەری خانووەکەیان هەیان، کەڵکوەردەگرن و خۆراکی ئۆرگانیکی خۆیانی تێدا دەڕوێنن.  ئەمە هەم قازانجێکی ئابووریی هەیە، هەم خۆراکێکی تەندروستە بۆ خۆیان و خانەوادەیان؛ هەم جوانییەکیش بە دیمەنی ماڵ و گەڕەک دەبەخشێت و رێژەی ئۆکسجینیش لە هەوادا زیاد دەکات.

لەم ڤیدیۆیەدا خاوەنی ئەم باخچەیە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە کە چۆن دەستی داوەتە ئەم کارە.  کوڕەکەی و دوو کچەکانیشی هەرکامەیان بەشێک لە کار و ئەرکەکانیان باس دەکەن و پەسنی باخچەکەیان ژیانیان لەم بەهەشتە بچووکەی ناو شاردا دەکەن.  ئەوان ناویان لە باخچەکەیان ناوە (رێگەی ئازادی) چونکە  لەسەر ئەم بروایە کە بەم کارەیان خۆیان لە کۆت و بەندی قانوونە ناڕەواکانی دەوڵەت ئازاد کردووە.
ئەو کاتێک کە چەند گەنمەشامییەک بۆ منداڵەکانی دەکرێت و بۆی دەردەکەوێت کە هەموویان بە بە دەسکاریی جینێتیک بەرهەمهێنراون، بڕیار دەدات چیدیکە ئەم خۆراکە خراپە نەداتە منداڵەکانی و لەو رۆژەوە دەستی بەم کارە کرد؛ و ئێستا لەگەڵ منداڵەکانیدا زۆر سەرکەوتووانە توانیویانە حەوشەکەیان کە رووبەری  کەمترە لە دۆنمێک بکەنە سەرچاوەیەکی باشی بەرهەمهێنانی چەندین جۆر بەرهەمی رووەکیی ئۆرگانیک.  زۆر لە کڕیارەکانی، خۆیان دێنە لای و هەرچی پێویستیان بێت، دەیکڕن و هەندێکیشیان رایاندەسپێرن پێداویستیەکانیان بۆ بگەیەنن. ئەوان لە بەکارهێنانی ئاویشدا زێدەڕۆیی ناکەن و بۆ ئاودانی بەشێکی زۆر لە رووەکانیان رێبازی ئاودانی نەریتی بە گۆزە بەکاردەهێنن. ئەوان تەنانەت خۆیان گازئۆیڵ خۆیان بۆ ترومبێلەکەیان بەرهەمدەهێنن و کارەبای ماڵەکەیشیان لە تیشکی خۆر دابین دەکەن.

لە راستیدا ئەم ڤیدیۆیە هەموو پەند و وانەیە بۆ کەسێک کە نییەت و نیازی فێربوونی هەبێ. ئەم بنەماڵەیە رووەکخۆرن و هەموو خۆراکی خۆیان لەم باخچەیە دابین دەکەن. هەروەها سەرەڕای ئەوە کە شوێنەکەیان هێندە گەورە نییە بتوانن پەلەوەری تێدا بەخێو بکەن بەڵام بەم حاڵەیش چەند مریشک و مراوییەکیان هەیە لەگەڵ دوو بزن و لەگەڵ شوێنەکە گونجاندوویانن. هێلکەی مریشک و مراوییەکان و شیری بزنەکانیش وەک بەشێکی تر لە خۆراکی رۆژانەیان بەکاردەهێنن.  هەروەها ئەوان چێشتخانەیەکی فەرمییان لە ماڵەکەیاندا هەیە و لەوێدا وەک بەسێک لە بزنسەکەیان زۆر لە بەرهەمەکانیان دەکەنە مرەببا و دۆشاو و یا وشکی دەکەنەوە و دوواتر دەینێرنە بازاڕ. 

کابرا دەڵێ: مرۆڤ نابێ چاوی لە دەستی حکومەت بێ تا ژیانی بگۆڕێت؛ بەڵکوو دەبێ مەترسی قەبووڵ بکەیت و خۆت ژیانی خۆت بگۆڕیت. ئەو دەڵێ: سەرەتا لام وانەبوو کە بەم رۆژە بگەم، بەڵام نەترسام و بەردەام بووم تا ژیانی خۆمم گۆڕی.

رەژکەکەڕوو یا مایکۆرایزا چییە؟

لای راست: پارچەیەک خاک وجیمەن بێ رەگەکەڕوو.
لای چەپ: پارچەیەک لە خاک و چیمەن لەگەڵ رەگەکەڕوو

ئایا هەرگیز لە نێو باخچەدا کارت کردووە یا نەمامت ناشتووە؟ ئەگەر وایە، رەنگە هەست بکەی بە قورسیی کاری چاندن و روواندن و پەروەردەکردنی رووەک؛ چونکە ئاودان و بژارکردن و چاودێریی پێویستی دەوێت و دەبێ کات و توانای بۆ تەرخان بکرێت. لە کۆتاییدا بەرهەمەکە ت چ گوڵ بێ، چ سەوزی بێ یا میوە بێ دەیچنیتەوە و وەک خۆراکێکی بەسوود و پاک کەڵکی لێوەردەگریت. 
 بەڵام هەرگیز زانیوتە کە زۆر لە رووەکەکانیش باخچەیان هەیە؟ لێ نەک وەک ئێمە؛ بەڵکوو باخچەی رووەکەکان لە ژێر خاکدایە؛ و تۆ هەرگیز باخچەی ئەوان نابینیت ؛ مەگەر ساڵێ جارێک و بۆ ماوەیەکی کورت.  باخچەی رووەکەکان پێیاندەگوترێت رەژکەکەڕو (مایکۆرایزا)، و بەشێوەی کۆژی یا هاوژینی لەگەڵ رووەکەکە پێکەوە دەژین.
رەژکەکەڕوو بریتییە لە کەڕووی زۆر وورد و باریک کە زیاتر بە وودبین دەبینرێن و پێکهاتوون لە کۆمەڵێک دەزوولە کە لە زمان زانستدا پێیدەڵێن (هایفی). دەزوولەکان تێکئاڵاون و شێوە تۆڕێکیان پێکهێناوە کە پێیدەگوترێت ریسوو؛ کە درێژاییەکەی سەدان و هەزاران مایل دەبێت، کە لە رووبەرێکی زۆر بچووکدا جێی دەبێتەوە.
لە بەرامبەردا ریسووەکانی تاکە یەک راژکەکەڕوو، بۆی هەیە رەگاژۆ ببێت و چەندین رووەک بەیەکەوە پەیوەند بکات (تەنانەت رووەکگەلێک لە جۆر و گۆنی جیاواز)، و تەنانەت دەتوانێ پەیوەست بێت بە رەژکەکەڕووی ترەوە بۆ دروستکردنی تۆڕێکی تێکئاڵاو و تێکهەڵشێلدراو لە ژێر خاکدا.

لە راستیدا رەژکەکەڕوو لەو کاتەوە کە رووەک لە خاکی وشک روواو، واتە ٤٥٠ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر، دەستی کرد بە رووان؛ و پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و هاوژینیان لەگەڵ رەگ و ریشەی رووەکەکان دامەزراند.  ووشەی مایکۆرایزا لە وشەکانی (موکێس) بە واتا کەڕوو، و (ریزا) بە واتا ریشە وەرگیراوە.  رەژکەکەڕوو خۆراک و ئاو بۆ رووەکەکانی هاوژینیان پەیدا دەکەن و خۆراکی خۆیشیان لە رەگ و ریشەی رووەکەکان وەردەگرن؛ واتە بەردەوام لە دانوستاندان؛ وەردەگرن و دەبەخشن.

رەگەکەڕوو یا مایکۆرایزا چەند جۆرێکی هەیە کە ئەمانەن:


یەکەم: ئیندۆ مایکۆرایزا یا رەگەکەڕووی ناوەکی
پەیوەندیی هاوژینی لەگەڵ نزیکەی %٨٥ی رووەکەکان دروستدەکات
لەگەڵ زۆربەی ئەو رووەکانی بە شێوەی بازرگانی بەرهەمدەهێنرێن خۆی رێکدەخات.
توێکلی ریشەی رووەک کوندەکات و لە خانەی ریشەدا  ساختاری گۆڕینەوەی خۆراک دادەمەزرێنێت.

دووەم: ئیکتۆمایکۆرایزا یا رەگەکەڕووی دەرەکی
پەیوەندیی هاوژینی لەگەڵ نزیکەی %١٠ی رووەکەکان دروستدەکات
لەگەڵ درەختە گەڵادەرزیلەییەکان و سەختەداری ئەمریکایی خۆی رێکدەخات.
بەرگی دیواری ریشەکان کون ناکات بەڵکوو پەردەیەک بە دەوری دیواری ریشەکانەوە ساختارت گۆڕینەوەی خۆراکیش دروستدەکات.

سێیەم: خێزانی براسیکا. کە رەژکەکەڕوو نییە.

ئێریکاسیا و ئۆرکیدەکان کە چەند جۆرێکی رەژکەکەڕووی تایبەتیان هەیە و بازرگانیان پێوە ناکرێت.

چەند نموونەیەک لە ئیندۆ مایکۆرایزاکان:

  • Glomus intraradices (AKA Rhizophagus irregularis)
  • Glomus mosseae
  • Glomus aggregatum
  • Glomus etunicatum
  • Glomus deserticola
  • Glomus clarum
  • Glomus monosporum
  • Paraglomus brasilianum
  • Gigaspora margarita













چەند نموونەیەک لە ئیکتۆمایکۆرایزاکان:





  • Rhizopogon villosulus
  • Rhizopogon luteolus
  • Rhizopogon amylopogon
  • Rhizopogon fulvigleba
  • Pisolithus tinctorius
  • Suillus granulatus
  • Laccaria bicolor
  • Laccaria laccata
  • Scleroderma cepa


  • Scleroderma citrinum




  • سەرچاوە:


    دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنی گەلی کوردستان لەگەڵ پرۆفیسۆر ئازاد خانەقا


    دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنی گەلی کوردستان لەگەڵ پرۆفیسۆر ئازاد خانەقا، پسپۆری مایکرۆبایۆلۆژی کە سەبارەت بە رەگەکەڕوو(مایکۆڕایزا) دەدوێت. 

    12.1.20

    شێوازی بەکارهێنانی پاشەڕۆی پەلەوەرلە کشتوکاڵدا



    بەکارهێنانی پاشەڕۆی پەلەوەر وەک سەماد و کوود بۆ بەهێزکردنی خاک، و وەک خۆراکێکی دەوڵەمەند بۆ رووەک، بە بەراورد لەگەڵ ماددە کیمیاییەکان زۆر تەندروستتر و کەم تێچووترە.  پاشەڕۆی پەلەوەر ماددەیەکی ئۆرگانیکە و هیچ زیانێکی لاوەکی بۆ رووەک و مرۆڤ بە دوواوە نابێت.  لەلایەکەوە بە بەکارهێنانی پاشەڕۆیەکە، ژینگە لە پیسی و ئالوودەیی رزگار دەکەیت؛ و لە لایەکی تریشەوە خۆراکێکی سەداسەد ئۆرگانیک و تەندروست دەخەیتە بازاڕەوە.  لەمانەیش گرنگتر، تێچووەکەت ئەوەندە زۆر نابێت کە نەتوانیت رکابەری بەرهەمی هەندەران بکەیت؛ یا نەتوانیت پارەی گواستنەوەی بۆ بازاڕ دابین بکەیت.
    پاشەڕۆی پەلەوەر دەکرێ راستەوخۆ دووای ووردکردن لە دەوروبەری درەخت بڵاو بکرێتەوە.  هەروەها دەکرێ پێش چاندنی رووەکەکان بە زەویدا بڵاو بکرێتەوە و و لەگەڵ خاکەکە تێکەڵ بکرێت و ئاو بدرێت.  دووای دوو هەفتە دەتوانیت نەمام یا تۆوەەکە لەو شوێنە بچێنیت. رێگایەکی تر بریتییە لە گۆڕینی پاشەڕۆی پەلەوەر بۆ کۆمپۆست کە ئەمە لە دەرفەتێکی تردا باس دەکرێت.  شایانی باسە کە دوو خاڵی جێگەی نیگەرانی لە بەکارهێنانی راستەوخۆی بەکارهێنانی پاشەڕۆی مریشکداهەیە کە بریتین لە کوشتنی رووەکەکە، ئەگەر بڕێکی زۆری لە بەکاربهێنرێت، چونکە زۆر بەهێزە.  دووەم دروستبوونی کەڕوو لە رووەکەکاندا؛ کە ئەویش هەمیشە روونادات.


    چای ریقنە

    شێوازێکی دیکەی بەکارهێنانی پاشەڕۆی پەلەوەر بریتییە لە دروستکردنی چا.  دیارە بەهێزترین پاشەڕۆ ئەوەیانە کە  تازەیە، نەک کۆن. پاشەڕۆیەکە دەکرێتە ناو بەرمیلێک و پڕ دەکرێت لە ئاو.  ووردتر بڵێین دوو بەشی بەرمیلەکە ئاو بێت و بەشێکی پاشەڕۆ بێت.  لێیگەڕێ بۆ ماوەی دوو رۆژ، ئەوپەڕەکەی سێ رۆژ.  بەڵام رۆژانە دوو جار تێکەڵاو بکرێت.  دوای سێ رۆژ بە هێواشی ئە وبەشە لە ئاوەکە کە روونە و کەوتووەتە سەرەوە هەڵبگۆزە و لە دەوروبەری دار و درەخت و رووەک بیڕشێنە.  تەنانەت دەکرێت لە گەڵاکانیش بڕشێندرێت، زۆر ئاساییە.

    هەروەها دە کرێت بە ڕێگایەکی تر ئەم کارە ئەنجام بدرێت.  ئەویش ئەمەیە کە پاشەرۆیەکە دەکرێتە نێو کیسەیەکی پەڕۆی خام یا جاو.  دەمەکەی گرێ دەدرێت و دەخرێتە نێو بەرمیلێک ئاوەوە تا ماوەی سێ رۆژ ؛بەڵام هەموو رۆژێک دوو جار تێکەڵاو دەکرێت.  لە سێیەم رۆژدا کیسەکە  دەهێنرێتە دەرەوە و باش دەچۆڕێندرێتەوە.   ئاوەکە کە روون و پاک و بێ پاشەڕۆیە، بەکاردەهێنرێت بۆ رشاندنی دار و درەخت و سەوزی و تەماتە و خەیار و تاد...