21.11.19

جۆرێک کەڕوو ژەنگ بە زێڕ هەڵدەهێنێت


بە گوێرەی هەواڵێک  کە هەواڵدەریی ئاسۆشیەتد پرێس ی ئوسترالیا بڵاوی کردووەتەوە، ئەنجامی توێژینەوەیەک  هێز و توانای کەڕوو نیشاندەدات لە داڕزاندنی توخمە جیاوازەکاندا و گێڕانەوەیان بۆ باوەشی دایکە زەوی بە رێگایەکی سروشتی. 
توێژینەوەکە دەریخستووە کە لە ئوسترالیا جۆرێک کەڕوو دۆزراوەتەوە کە دەتوانێ زێڕ ئۆکسیدایز بکات؛ واتە دەتوانێ زێڕ ژەنگاوی بکات.  کەڕووەکە پێکهاتەیەکی کوڵکنی پەمەیی رەنگە، کە گەرد و تۆزی زێڕلە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە و دەیکات بە خاک.   ئەو کەڕووە پێیدەگوترێت فوزاریوم ئۆکسیسپۆروم.  زانایان پێیانوایە کە کەڕووەکە ئەو گەردە زێڕانە لە رێگەی رژاندنی ماددەگەلێکی کیمیایی بە سەرکانزاکاندا، بەدەستدەهێنێت.  واتە ماددە کیمیاییەکان لەگەڵ ئەو کانزایانە کە لە خاکەکەدان کارلەیەکتری دەکەن و زێڕەکە دروستدەبێت.  دووای ئەوە، کەڕووەکە خۆی زێڕەکە دەفەتێنێت و دەیکاتەوە بە خاک.  پێشتر دەرکەوتبوو جگە لە بەکتریاکان، کەڕوویش دەتوانێ کانزاکانی وەک مس، فافۆن، ئاسن و مەنگەنیز ژەنگاوی بکات؛ بەڵام ژەنگاویکردنی زێڕ نەبینرابوو. ئەم دۆزینەوەیە ئاستی بەرزی هێز و توانستی کەڕوو نیشاندەدات لە داڕزاندنی توخمە جیاوازەکاندا و گێڕانەوەیان بۆ باوەشی دایکە زەوی بە رێگایەکی سروشتی.



سەرچاوەکان



13.11.19

کارگی دەرمانی لە دەرمانی نەریتیی چینی دا




کوارگی دەرمانی لە سەردەمانی دێرینەوە لە دەرمانی نەریتیی چینی دا بەکارهێنراوە. وەک سەرچاوە چینییەکان باسی
دەکەن ماوەی ٣٠٠٠ تا ٧٠٠٠ ساڵە کە قارچک لە دەرمانی نەریتیی چینی دا سوودی لێوەردەگیرێت.  شین نۆنگ بێنکاو جینگ کۆنترین لیزگەی دەرمانە کە ٣٦٥ ماددەی لە خۆ گرتووە بۆ چارەسەری نەریتی و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ٢٩ی پێش زایین.  لیزگەکە ژمارەیەک کارگی دەرمانی لە خۆ دەگرێت؛ لە نێویاندا کوارگی گانۆدێرما لوسیدیەم جێیدەگرێت کە بە زمانی چینی پێیدەڵێن لینگ جی؛ بە ژاپۆنی پێیدەڵێن رەیشی یا مانێنتاکی.
شین نۆنگ کە لە بنەماڵەی تانگ بووە و ساڵانی ٦١٨-٩٠٧ ژیاوە، ئیمپراتۆرێکی ئەفسانەیی چینی بووە؛ گوایە داهێنەری کشتوکاڵ و چارەسەری رووەکی، رۆژژمێری چینی، دەرزی ئاژنین و داخکردن بووە.  گوایە شین نۆنگ لەشی لە شێوەی مار بووە و سەری لە شێوەی گا؛ واتە جووتێک شاخ\قۆچی لە سەری روواوە.

12.11.19

چارەسەری نەخۆشیی هەنگ بە کوارگ\قارچک

کارگ ئەو بوونەوەرەیە کە هەندێ لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی لە رووەک  دەچێت و هەندێکیش لە ئاژەڵ.  هەندێ خەسڵەت و سیفەتیشی هەیە کە تایبەتە بەخۆیەتی و لە هیچکام لە ئاژەڵ و رووەکدا بەدینەکراوە.  هەرچەندە لە رووی زانستییەوە ئەم ووتانەی ئێمە سەلمێندراوە، بەڵام بۆ بەرچاوڕوونی و ئاگاداریی خوێنەران ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەکەین: 
١- کارگ هەرچەندە بە روواڵەت وەک رووەک  دەڕوێت، بەڵام لە کاتی هەناسە هەڵکێشاندا وەک مرۆڤ ئۆکسجین هەڵدەمژێت و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدات.
٢- کارگ بە پێچەوانەی رووەک بۆ گەشەکردن و رووان پێویستیی بە تیشکی خۆر نییە و ئەو رەنگەی هەیەتی لە و نشیمەنە وەریدەگرێ کە لەسەر دەڕوێت.
٣- ئەو کوارگەی کە ئێمە بەچاو دەیبینین یا دەستی لێدەدەین و دەیخۆین میوەیە؛ واتە بەری بوونەوەرێکی ترە کە پێیدەگوترێت (مایسیلیەم) یا ریشاڵ.  ریشاڵ لە تاریکی و لە هەوایەکی نمناکدا گەشەدەکات و دواتر بەردەگرێت، کە بەرەکە پێیدەگوترێت کارگ\قارچک\ هەڵچ.
٤- کارگ هەرچەندە مێشکی نییە بەڵام وەک مرۆڤ توانای فێربوونی هەیە.  مرۆڤ دەتوانێ کارگ فێربکات کە لە کوێ بژیێت و خۆراکی خۆی لە چی دابین بکات.
٥- کارگ تاکە بونەوەرێکە کە دەتوانێت پلاستیک لەبەریەک هەڵوەشێنێت و لە ناوی ببات، بێ ئەوەی زیان بە بوونەوەرکانی دی، ئاو، هەوا یا خاک بگەیەنێت؛ کە تا ئێستا نە مرۆڤ و نە رووەکەکان ئەم توانستەیان نەبووە.

با بگەڕێینەوە سەر کرۆکی باسەکە کە نەخۆشییە هەنگە.  لەم ساڵانەی دوواییدا کەڕووزانی بەناوبانگ پۆڵ ستەیمێتس سەرنجی دایە سەر نەخۆشییەک کە تووشی هەنگ دەبێت و ساڵانە میلیۆنان هەنگ بەم نەخۆشییە تیادەچن و زیانێکی زۆر بە هەنگەوانان دەگات.  نەخۆشییەکە بەجۆرێکە کە گەرا یا ساواکانی هەنگ لە شانەکاندا دەمرن، هەروەها هەنگی پێگەیشتوویش کاتێک کە تووشی دەبێ پەکی دەکەوێت و توانای فڕینی نامێنێت.  دوای ماوەیەک هەموو شانەکە یا پوورە هەنگەکە قڕی تێدەکەوێت.  زانایان ساڵانێکە کار لەسەر ئەم نەخۆشییە دەکەن و هەوڵی زۆریان بۆ داوە بەڵام بە ئەنجامێکی وا نەگەیشتوون کە نەخۆشییەکە بنبڕ بکرێت. 
لەم بارەیەوە پۆڵ ستەیمێتس گوتی شتێکی سەیرە لە کاتێکدا کە ئێمە دەچینە سەر مانگ و مارس و لەوێ توێژینەوە و کۆڵینەوە دەکەین، کەچی لێڕە لەسەر زەوی بەدەست نەخۆشیی هەنگەوە داماوین... هەربۆیە دەستی کرد بە تاقیکردنەوە و ئەزموون لەسەر نەخۆشییەکە  بە بەکارهێنانی جۆرێک کارگ کە هەنگ دەکوژێت.  لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان بۆی دەرکەوت کە ئەو قارچکە تەنیا بێچووە هەنگەکان دەکوژێت و کار لە هەنگە پێگەیشتووەکان ناکات.. لە درێژەی ئەزموونەکانی دا سەرکەوت کە دەرمانی ئەو نەخۆشییە بدۆزێتەوە کە چەندین ساڵە هەنگەوانان بە دەستییەوە داماون.  ئەو  دەڵێ جۆرێک کوارگ کە لەسەر درەخت دەڕوێت و دەیڕزێنێت، دەتوانێت ئەو زیندەوەرە بکوژێت کە دەبێتە هۆی نەخۆشی هەنگەکان و لەناوچوونیان.



11.11.19

مێرووکوژی سروشتی



یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری دەرمانە کشتوکاڵییەکان کۆمپانیای (مۆنسانتۆ)یە کە زۆرینەی بەرهەمکانی پێکهاتەی کیمیاییان تێدایە و هەروەها زانستی دەسکاریکردنی جینەتیکیان تێدا بەکاردەهێنرێت.  بە بەڵگە سەلمێندراوە کە بەرهەمەکانی مۆنسانتۆ دەبنە هۆی کوشتنی رووەکە سروشتییەکان و هەروەها دەبنە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە و نەخۆشییەکان جەرگ لە مرۆڤدا.
پۆڵ ستەیمێتس کەڕووزانی بەناوودەنگی جیهانی کە ماوەی چل ساڵە لە بوواری کەڕووزانیدا کار و خەبات دەکات، ئێستا بووەتە خاوەنی کۆمپانیایەک بە ناوی (فەنگای پێرفێکتی) کە دەرمانی  مێرووکوژ بۆ چارەسەری نەخۆشیە کشتوکاڵییەکان بەرهەم دەهێنێت.  جیاوازیی مێروکوژەکانی کۆمپانیای فەنگای پێرفێکتی لەگەڵ مێرووکوژەکانی کۆمپانیاکانی دیکە لەوەدایە کە مێرووکوژەکانی فەنگای پێرفێکتی سەداسەد سروشتین و لە کارگ و کەڕوو دروستدەکرێن؛ و هیچ چەشنە زیانێک بە رووەک و مێرووەکانی تر و ژینگە ناگەیەنن.  یەکێک لەو مێرووکژانەی کە دایهێناوە ناوی لێنراوە مێروکوژی زیرەک.  ئەو لە جۆرێک کار بەرهەم هاتووە کە پەلاماری مێرووەکە دەدات، دەچێتە نێو لاشەی مێرووەکەوە و لەوێدا گەشەدەکات و مێرووەکە دەکوژێت و شێوەی مێرووەکە دەگۆڕێت، بێ ئەوەی زیان بە هیج مێروو یا رووەکێکی دەوروبەر بگەیەنێت.  واتە کەڕووەکە وا فێردەکرێت کە تەنیا پەلاماری ئەو مێرووە بدات کە مەبەستە.


سەرچاوە



7.11.19

(ئێس ئێف دی) یا نەخۆشیی کەڕووی مار

زۆر جۆر ماری جیاواز تووشی ئەم نەخۆشییە هاتوون،
تەنانەت لە دووامین دۆخ دا لە ئەمریکا باس لەوە کراوە 
کە جۆرێک ماری ئاویش تووشی نەخۆشیی ئێس ئێف دی بووە.
ئەو مارەی کە تووی ئەم نەخۆشییە کەڕووینە دەبێت، شێوەی پێستەکەی دەگۆڕێت، لەبەر ئازار و بێزاری، لە شوێنە گشتییەکان دەمێنێتەوە و ناچێیتە پەناگە و کون و کەلێنەوە؛ و بەهۆی ئەوە کە توانای خواردنی کەم دەبێتەوە، کز دەبێت و ناتوانێ خۆی لە سەرما و دوژمنەکانی بپارێزێت.

ئەو  کەڕووەی کە دەبێتە هۆی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە ئوفیدایۆمایسیس ئۆفیۆدیکۆڵا(Ophidiomyces ophiodiicola ).  ئەم کەڕووە خۆی لە خاکدا دەژیێت؛ بەڵام لە رێگای رووشانی پێستی مارەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ نێو لەشی مارەکە و لەوێدا دەست دەکات بە گەشەکردن.  یان مارێک راستەوخۆ لە مارێکی تری تووشبووەوە دەیگرێتەوە. لە زۆر جۆری ماردا نەخۆشییەکە لە دایکەوە دەگوازرێتەوە بۆ ساواکان.  ئەو جۆرە مارانەی کە بە کۆمەڵ دەژین زیاتر مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشیەیان لەسەرە، تا ئەوانەی بە تەنیا دەژین.



سەرچاوە:


















سەرچاوە: