20.7.19

شارێکی ئەمریکا دەنگ دەدات بۆ لابردنی قەدەغەی سەر کارگی جادوویی

لە دەیەی ١٩٦٠ حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا کوارگی جادوویی خستە ریزی ماددە هۆشبەرەکان و هەبوون و بەکارهێنانی ئەم جۆرە قارچکەی قەدەغە کرد. ساڵی ٢٠١٨ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا گشتپرسییەک ئەنجامدرا بۆ لابردنی قەدەغەی سەر ئەم جۆرە کوارگە بەڵام گشپرسییەکە سەرکەوتوو نەبوو.
ئێستایش لە شاری دینڤەر لە ئەمریکا ئینسیاتیڤێک پێکهێنراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک لەم شارەدا بە مەبەستی لابردنی قەدەغەی سەر کارگی جادوویی. ئێستا ئەوان ٨٠٠٠ واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن رۆژی سێشەممە بە فەرمی پێواژۆی دەنگدان جێبەجێ بکەن. هەلسوڕاوانی ئەم ئینسیاتیڤە دەڵێن مەبەستی سەرەکییان بریتییە لە ئازادکردنی ئەو هەموو خەڵکە کە بە تاوانی هەبوون و بەکارهێنانی کوارگی جادوویی لە بەندیخانەکان دان.  ئەوان تاوانیان نەکردووە، بەڵکوو زۆربەیان بۆ چارەسەری نەخۆشیی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و ئەمانە بەکاریان هێناوە.  لایەنگرانی بەکارهێنانی ئەم کوارگە دەڵێن کارگی جادوویی بەردەوام بەکارناهێنرێت، بەڵکوو جارێک بەکارهێنان بەسە بۆ ماوەیەکی درێژ؛ و کاریگەرییەکەی لە سەر مێشک دەمێنێت.
لەم ساڵانەی دواییدا بڕێک توێژینەوە لەسەر قارچکی جادوویی ئەنجام دراوە و دەرکەوتووە کە دەکرێ لە بوواری پزیشکیدا سوودمەند بێت؛ بۆ نموونە نەخۆشەکانی شێرپەنجە کاتێ بەکاری دەھینن نەخۆشیەکەیان لەبیردەکەن و تەمەنیان درێژتر دەبێت.


جۆرێک کەڕوو لە ئەمریکا هەیە کە میلیۆنان شەمشەمەکوێرەی کوشتووە

la-1561750804-3k5dcigvo0-snap-image

ئەم کەڕووە کە پێشتر لە رۆژهەڵاتی ئەمریکا میلیۆنان شەمشەمە کوێرەی کوشت و ئەشکەوتەکانی پڕ کرد لە لاشەی مردووی شەمشەمەکوێرەکان، ئێستا گەیشتووەتە باکووری کالیفۆرنیا و لە چەند تاقیکارییەکدا دەرکەوتووە کە شەمشەمەکوێرەکانی ئەوێ تووشی ئەم کەڕووە هاتوون.  شەمشەمەکوێرەکان کە تووشی ئەم کەڕووە دێن و دەمرن دەوروبەری دەمیان سپی دەبێت و کەڕووەکە پێست و باڵیان دەخوات؛ بۆیە نەخۆشییەکە ناوی لێنراوە سیندرۆمی دەم سپی.


ئەم کەڕووە حەزی لە هەوای ساردە و لە پلەی گەرمای ٤-٢٠ی سەدیدا گەشەدەکات و گەشەکردنەکەیشی زۆر هێواشە.  لە توانایدایە چەندین جۆر چزێنە(ئەنزایم)ی جیاواز دەربدات.   ماوەی دە ساڵێک لەمەوبەر لە نەکاو لە باکووری رۆژهەڵات  پەیدا بوو و وردە وردە بەرەو رۆژاوا پەلی هاویشت. هەندێک جۆری شەمشەمەکوێرەی ناوچەکانی بە تەواوی لەناوبرد. گوایە لە بنەڕەتدا ئەم کەڕووە لە ئەوروپاوە گەیشتووەتە ئەمریکا. هەر ئێستا لە بریتانیا، بەلژیک، چیکۆسڵۆڤاکیا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات و تەنانەت تورکیایش هەیە.  هەرچەندە ئەم کەڕووە بە زۆری یەک لە جۆرەکانی شەمشەمە کوێرەی ئەمریکای لەناوبرد بەڵام زانیانی ژیانزانی دەڵێن مەترسیی بۆ سەر ژیانی هەموو ٤٥ جۆرەکای شەمشەمەکوێرەی ئەمریکا هەیە. 


کەڕووەکە ناوی لێنراوە سیودۆجیمنواسکوس دیستروکانس    Pseudogymnoascus destructans ، کە پێشتر بە جیۆمایسیس دیسترەکتانس ناسرابوو. شایانی باسە کە ئەم جسنە کەڕووەانە پێیان دەگوترێت جسنی سەرماشەیداکان و دەتوانن لە پلەی نەّان ١٠ی سەدیدا تا پلەی ٢٠ی ژێر سفردا دەڕوێن و گەشە دەکەن. زانایان دەکۆشن کە چارەسەرێک بۆ ئەمە بدۆزنەوە، چونکە شەمشەمەکوێرە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە ژیانی مرۆڤ و ژینگەدا.  هەرچەندە کەڕووەکە بە بەرکەوتنی راستەخۆ دەگوازرێتەوە بەڵام بۆ ماوەیەکی دوور و درێژیش لە ئەشکەوتەکاندا دەمێنێتەوە و سپۆرەکانی لە ڕێگای بەرکەوتن بە لەش یا جل و بەرگی مرۆڤەوە دەکرێت بگوازرێنەوە بۆ شوێنی تر.  


 سەرچاوە


برشی ئاسپەرگیلوس تیووبنجینیسس


ئاسپەرگیلووس یەکێکە لە جسنەکانی کەڕوو کە سەدان جۆر برش لە خۆی دەگرێت.  ساڵی ١٧٢٩ بۆ یەکەمجار عابید و زیندەزانی ئیتاڵیایی پییەر ئانتۆنیۆ میچلی( Pier Antonio Micheli) ئەم برشەی بە گەردبین سەیرکرد و خستییە ریزبەندییەوە.  لە ناوبردنی ئەم برشە لە ماڵدا بە پاککردنەوە بە ئەڵکهۆڵ یا بە رادانی هەوا لە ژووردا مسۆگەر دەبێت.  ئەم برشە زۆرتر لە سەر ماددە خۆراکییەکان دەڕوێت.  لە دانەوێڵەکانەوە بگرە تا گوێز و بادام و وشکەبارەکانی تر. رەنگی رەشە و کوشندە و ژەهراوییە؛ لەوانەیە زۆر کەس لەسەر نانی کۆن کەڕووی رەشی دیتبێت، کە لە راستیدا ئەم ئاسپەرگیلووسەیە لێردەا باسی لێوەکرا و جۆرەکەی بریتییە لە ئاسپەرگیلووس نایگەر.


بەڵام ئەم کەڕووەی کە لەم ڤیدیۆیەدا باسی دەکرێت جۆرێک کەڕووە لە جسنی ئاسپەرگیلووس و جۆری تیووبینجینیسس کە ساڵی ٢٠١٧ لە دوای ئەزموون و تاقیکاری لە پاکستان، دەرکەوتووە کە توانستی داڕزاندن و لەناوبردنی پلاستیکی هەیە.  ئەم کەڕووە بەرهەڵستییەکی زۆری هەیە لە بەرامبەر تیشکی ژوور وەنەوشیدا و بەرگەی گەرمای ٣٠ تا ٣٧ی سەدی دەگرێت.  توانای بەرهەمهێنانی ژەهری مایکۆتۆکسین و ئۆکراتۆکسینی هەیە.  حەزی لە ژینگەی گەرمە و لە زۆر وڵاتی وەک کرواتیا و هۆڵەند هەیە و بەشێوەی ئاسایی لە باکووری کورستان لە ماڵاندا هەیە.








چەند پەیڤێک سەبارەت بە دۆمبەڵان

بەهادین خەڵکی گوندی تۆکل سەر بە ئالیان لە رۆژاڤای کوردستان، دۆمبەڵانێکی
دۆزیوەتەوە کە ٩٠٠ گرامە. ٢٠١٥

دۆمبەڵان رووەکێکی وەرزییە و لە نێوەراستی زستانەوە تا مانگی یەکەمی بەهار لەو ناوچانەدا کە خاکی لمین و قسڵییان هەیە دەڕوێت. وەک جۆرەکانی دیکەی کەڕوو لەلای خەڵکی ئاسایی بە شتێکی سەیر و سەمەرە یا پەرجوویی باسیکراوە و بەجۆرێک لە خەڵکی گەیەندراوە کە رووەکێکی بێ تۆوە و هۆکاری رووانی بریتییە لە هەورەبرووسکە! دەڵێن جاری وا هەبووە دۆمبەڵانێکی بچووک لە بن بەردێکی زل و زبەلاح روواوە و بەردەکەی بەرز کردووەتەوە! دەڵێن ئاوەکەی بتکێندرێتە نێو چاو چارەسەرە بۆ هەموو نەخۆشییەکی چاو!
بەڵام ئەم قسانە هەموویان بێ بەڵگەن و تەنیا قسەی سەر زاری خەڵکن. لە سەرچاوە ئیسلامییەکاندا هاتووە: بوخاری و موسلیم لە سەعیدی کوڕی زەیدەوە گێڕاویانەتەوە کە پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: "الكمأة من المن وماؤها شفاء للعين". واتە: "دۆمبەڵان لە گەزۆیە و ئاوەکەی چارەسەرە بۆ چاو.
بەگوێرەی ئەم فەرموودەیە دۆمبەڵان کە جۆرێک کەڕوو یا قارچکە دەبێ لە گەزۆ دروست بێت، یا بە هۆی گەزۆوە دروست بێت و بڕوێت. لە کاتێکدا کە گەزۆ بەرهەمی جۆرێک مێرووە. من نازانم شارەزایانی فەرموودەکانی پێغەمبەر چۆن ئەم فەرموودەیەیان لێکداوەتەوە و شرۆڤە کردووە؛ بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە بێت کە من لێی تێگەیشتووم، پێناچێت ئەمە فەرموودەی خودی پێغەمبەر بێت؛ چونکە پێغەمبەر قسەیەکی نەکردووە کە ناتەبا و پێچەوانە بێت لەگەڵ مەنتق و راستی.
جێگای سەرنجە کە شارەزایانی کشتوکاڵ و ژیانزانی و بەتایبەتیش کەڕووزانی دەمێکە دۆمبەڵانیان ناسیوە و تەنانەت تۆوەکەیشیان وەرگرتووە و روواندوویانە. یانی زانست ئەمە رەتدەکاتەوە کە دۆمبەڵان بە هۆی گەزۆوە دروست بێت. هەر ئێستا لە زۆر وڵات مووچە و مەزرای بەرفراوان تەرخان کراون بۆ بەرهەمهێنانی دۆمبەڵان؛ و دومبەڵانیش وەک کوارگ و پزلیک و هەموو جۆرەکانی تری کەڕوو میوەی شتێکە کە پێیدەڵین مایسیلیەم یا ریشاڵ. ئەوە ناچێتە ئەقڵەوە کە رووەک لە زیندەوەر بزێت.
سەبارەت بە بەشی دووەمی فەرموودەکە کە دەڵێت ئاوەکەی چارەسەرە بۆ چاو، دەبێ بگوترێت کە دۆمەڵان وەک هەموو جۆرەکانی دیکەی کەڕوو دەوڵەمەندە بە پرۆتین و دژەئۆکسانەکان و چەوری و کاربۆهایدرەیت و و کانزاکان و تەنانەت خەسڵەتی دژەشێرپەنجەیان تیادایە؛ بەڵام تا ئێستا نەسەلمێندراوە وەک چارەسەر بۆ نەخۆشییەکی دیاریکراوی چاو بەکار هێنرابێت؛ تەنانەت سەرچاوە ئیسلامیەکانیش لەم بارەیەوە بۆچوونی جیاوازیان هەیە و لەبارەی توانای چارەسەرییەکەیەوە کۆک نین. یەکێک لە بۆچوونەکان دەڵێت مەبەستی فەرموودەکە ئەمەیە کە ئاوی دۆمبەڵان لەگەڵ دەرمانی چاو بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەر نەک بە تەنیا.
دۆمەڵانی ٩٠٠ گرامی
سەرچاوە: بوویەر پرێس
لە ماوەی رابردوودا چەند ڤیدیۆیەک لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە کە کەسانێک مامۆتک ئاسا خۆیان کردووەتە رێنیشاندەری خەڵکی و فێریان دەکەن چۆن ئاوی دومەڵان بگرن و بیکەنە چاویانەوە؛ گوایە بۆ هەموو دەرد و ئازارێکی چاو دەبێت و بینایی چاو زیاد دەکات و؛ و تەنانەت دەڵێن ئەو کەسانەیش کە هیچ نەخۆشی و گرفتێکی چاویان نییە بیکەن چاویانەوە، سوودی لێدەبینن.. راستییەکە ئەمەیە کە ئەم قسانە هیچی نەسەلەمێندراوە و فڕی بەسەر راستییەوە نییە. بە پێچەوانەوە بەکارهێنانی ئاوی دومبەڵان و قارچک و کەڕووەکان بۆ چاو، بۆی هەیە زیانی زۆر بە کەسەکە بگەیەنێت و دوچاری نەخۆشیی بکات. ئەو ئاوەی کە لە دۆمبەڵان دەگیرێت بۆیە هەیە هەر دڵۆپێک هەزاران دەنکۆڵەی هاگ واتە تۆوی دۆمبەڵانی تیادا بێت. دوای ئەوەی دەکرێتە چاوەوە دەنکۆڵە هاگەکان بە هۆی گەرما و شێی گونجاوی لەشی کەسەکەوە بۆیان هەیە گەشە بکەن و ببنە هۆکاری جۆرێک لە هەوکردنی کەڕوویی لە چاو و روخساردا. رێنوێنیی ئێمە بۆ خەڵکی ئەمەیە کە بە هیچ شێوەیەک ئاوی دۆمەڵان نەکەنە چاویانەوە، مەگەر بە رێنوێنی و چاودێریی پزیشک.



پەیوەست بەم بابەتەوە:
پزیشکانی چاو لەبارەی دۆمەڵان روونکردنەوەیەکی بەپەلە بڵاو دەکەنەوە


سەرچاوە:
بوویەر پرێس


دۆزینەوەی (فۆسیل) بە بەردبووی کەڕوو

فۆسیلی دێرینی کارگ


دۆزینەوەی (فۆسیل) بە بەردبووی کەڕوو کە رەسەنی کەڕوو دەگێڕیتەوە بۆ نیو میلیارد ساڵ بەر لە ئێستا
نووسەر: ئەنتۆنیس رۆکاس

کەڕووە دێرینەکان هاوکارمان دەبن لە دووبارە نوووسینەوەی ئەو زانیارییانەمان لەبارەی پێگەیشتن و درەختی ژیان.
لە خۆڕایی نییە کە زانایان پێیدەڵێن شانشینی شارراوە. مەزەندە دەکرێ ٥ میلیۆن گۆن بن بەڵام تەنیا ١٠٠ هەزار کەڕوو بۆ زانایان ناسراوە.
ئەم شانشینە کە برشەکان، هەوێنەکان، ژەنگەکان و کوارگەکان دەگرێتە خۆ، زۆر کەمتر لە رووەک و ئاژەڵەکان سەرنجی پێدراو. ئەمە لە بواری فۆسیلیشەوە هەر وایە و تەنیا ئەو کاتانە لای لێکراوەتەوە کە بەدوای کارکردن لەسەرفۆسیلی رووەکێکەوە بوون.  لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکاندا ماددەی چیتین دۆزرایەوە کە ماددەیەکە تەنیا لە دیواری خانەکانی کەڕوودا هەیە.
کەڕووەکان یاوەری سەرەکیی رووەکەکان بوون لە کاتی گەراخستنەوەیاندا لەسەر رووی زەوی کە دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر. لەبەرئەمە جێگای سەرسوڕمان نییە کە فۆسیلی ٤٥٠ میلیۆن ساڵی کارگ لە نێو دڵی بەرددا بدۆزرێتەوە. کۆرەنتن لۆرۆن خوێندکارێکی زانکۆی لیج لە بەلژیکایە کە فۆسیلێکی مایکرۆسکۆپیی جۆرێک کەڕووی دۆزیوەتەوە کە ناسراوە بە ئەوراسفایرا جیراڵدای، کە لە بەردێکدا بووە و بەردەکە لەناوچەیەکی باکووری رۆژاوی کەنەدا بووە. بەپێی ئەم دۆزینەوەیە بەردەکە ١٠٠٠-٩٠٠ میلیۆن ساڵ تەمەنی هەیە، بەمجۆرە رەسەنی کەڕوو 
دەگەڕێتەوە بۆ نیو میلیارد ساڵ بەر لە ئێستا.


سەرچاوە: