ئاوەزگەردان
کارگێکی دەگمەنە و ناوە گشتییەکەی بریتییە لە ئەمانیتای زیپکەدار. بەشێوەی هاوژینی لە دارستانەکاندا لەگەڵ درەختە گەڵاڕێزۆکەکان دەڕوێت. بەتایبەتی لە خاکی قڵیاییدا دەڕوێت. بە تەنیایی و هەندێک جاریش بە کۆمەڵەی بچووک دەڕوێت. لە ئەوروپا و هەرێمەکانی مەدیتەرانە تا هۆڵەندا و ئینگلیستان دەڕوێت و رەنگە لە ژوورتری ئەوێش بڕوێت. باس لەوە کراوە کە کوارگێکی خۆراکییە و گوایە ماددەکانی ترشی ئایبۆنێتیک و مووسیمۆڵی تێدایە، کەواتە لە کوارگە ئاوەزگەردانەکانە. کاتێک کە دەیخۆن هەمان ئەو نیشانانە لە کەسەکە دەردەکەوێت کە لە دوای خواردنی ئەمانیتا موسکاریا و ئەمانیتا پاندەرینادا دەردەکەون. ئەم ناوە ساڵی ١٨٦٦ لەلایەن کەڕووزانی فرانسی لویس ئادۆڵف بێرتیلۆنەوە لەم چەشنە قارچکە نرا. ووشەی سترۆبایڵ واتە چلکووزە کە بەری چەشنێک درەختی سنەوبەرە. کاتێک لەتدەکرێت یا دەشکێت بۆنی تووری لەتکراو دەدات.
تیرەی کڵاوی ئەم قارچکە ٧٠ تا ١٥٠ میلیمەتر یا ٥٠ تا ٢٢٠ دەبێت. شێوەی زۆپ تا نیمچەتەختە و هەندێک جاریش نێوەراستەکەی تەواو تەخت دەبێت. رەنگی سپی تا خاکیی کراوە یا خاکیی مەیلەو قاوەیی کراوەیە. پاشماوەی ئەستووری سپی تا خاکی یا خاکیی قاوەیی کاسەکەی بەشێوەی پەڵە و پارچە بەسەر کڵاوەکەوە دەمێنێتەوە.
شیپەڕەکانی سپی تا قەیماغین و زۆر لە یەکترییەوە نزیکن و شیپەڕەی کورتیش لە ناویاندا هەیە. شیپەڕەکان بە قەدەکەوە نووساون کە ئەمە بۆ ئەمانیتاکان تا راددەیەک نائاساییە. ئەڵقەیەکیش لای سەرووی قەدەکە هەیە کە بەرەبەرە نامێنێت.
قەدی ئەمانیتا سترۆبایلیمۆرمیس ٨٠ تا ١٨٠ و تا ٢٠٠ میلیمەتر درێژ و تیرەی ئەستوورییەکەی ١٦ تا ٣٠ تا ٤٠ میلیمەتر دەبێت. شێوەی قەدەکە لوولەکییە و رەنگی سپییە، ریشاڵۆکی ووردی پێوەیە و پاشماوەی پەردەی کاسەکە بە قەدەکەوە دەنووسێت بەشێوەی جیاجیا دەردەکەوێت. هەروەها قەدەکە بنێکی شێوە سەلکی هەیە.
سەرچاوە