5.1.22

تۆماری تازەی سێ چەشن کەڕوو لە کرماشان


لە راگەیەندراوێکدا کە لەژێر سەردێری دۆزەگەلێکی نوێ لە زیندەزانیدا بڵاوکراوەتەوە؛ و ناوی دەستەیەک لە گیاپزیشکانی زانکۆی رازیی کرماشانی تێدا نووسراوە کە بریتین لە ئیلهام سەید محەممەدی، سەعید عەبباسی، محەممەد رەزا ئاسف و سەمەد جەمالی، باس لەوە کراوە کە لە توێژینەوەیەکدا کە سێ ساڵی خایاندووە، واتە ٢٠١٤-٢٠١٧ توانراوە پێنج چەشن کەڕوو کە هەموویان سەر بە کاسەسانەکانن لە ناوچەکانی کرماشان بدۆزرێتەوە.

ناوی کەڕووەکان بەم جۆرە لە راگەیەندراوەکەدا نووسراوە: 

تیرمانیا پاینۆیی، تێرفێزیاکڵایەری، پایکۆوا جیوونێپێری و پایکۆوا لێفێڤری، هێلڤێڵا ئەسیتابیووڵەم.




شایانی باسە کە لەم پێنج چەشنە دووانیان پێشتریش لە کرماشان دۆزرابوونەوە؛

 بەڵام چەشنەکانی پایکۆوا جیوونێپێری و پایکۆوا لێفێڤری هەردووکیان دۆمبەڵانن و یەکەم جارە لە کرماشان تۆمار دەکرێن.

 هەروەها چەشنی سێهەم کە بریتی بوو لە هێلڤێڵا ئەسیتابیووڵەم لە قارچکە کاسەییەکانە و ئەویش یەکەمجارە لەوێ دەدۆزرێتەوە. 












سەرچاوە:

زانکۆی خوارەزمی



4.1.22

جسنی قارچکەکانی سترۆفاریا

 

جسنی سترۆفاریا کە پێکهاتووە لە ٣٠ چەشنە کارگ، هەندێک جار بە ناوێکی گشتی دەناسرێت کە بریتییە لە (راوندهێدس) واتە سەرخڕەکان. ئەم قارچکانە قەبارەیان لە مامناوەندییەوە هەیە تا گەورە و هەموویان ئەگاریکن بەڵام جیاوازییەکیان هەیە کە بریتییە لە هەبوونی پەردە بە قەدەکەیانەوە.  ناسراوترین قارچکی ئەم جسنە چەشنێکە بە ناوی سترۆفاریا روگۆسۆنوولاتا و چەشنێکی سەوزی شینباو بە ناوی سترۆفاریا ئێروگینۆسا. 


سترۆفاریاکان بەشێوەی گشتی بۆ خواردن دەسنیشان ناکرێن چونکە گومان لە خۆراکیبوون ژمارەیەکیان دەکرێت.  سەرەڕای ئەمەیش سترۆفاریا روگۆسۆنوولا کە ناوە گشتییەکەی (واین کەپ) واتە کڵاو شەرابیە، قارچکێکی باوە لە باکووری ئەوروپا و هەندێک شوێنی تر.  تەنانەت لە باخچەکانیاندا دەیڕوێنن.  هەندێک کەس تەنیا بۆ جوانی دەیڕوێنن و هەندێکیش بۆ خواردنی خۆیان یا بۆ فرۆشتن.  کوارگی سترۆفاریا کە لەسەر ووردە دار و چێو دەڕوێت، روواندنی زۆر ئاسانە.

لە هەندێک سەرچاوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە باشترین شوێن بۆ روواندنی کارگی سترۆفاریا مەزرای گەنمەشامییە.  کاتێک زەوییەکەت بە گەنمەشامی\گوڵەدان.زەڕات دادەچێنیت، دەتوانیت لە پاڵ ئەویشدا کارگی سترۆفاریا بڕوێنیت.  لەم بارەیەوە ئەم چەشنە قارچکە مێژوویەکی لە ئەوروپا تۆمار کردووە.  هەروەها لە توێژینەوەیەکدا کە ساڵی ٢٠٠٦ لە گۆڤاری (Applied  and environmental mibrobiology)دا بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە سترۆفاریا دەتوانێت پەلاماری مەچیرکی (Pagarellus redivuvus) بدات.  ئەم کەڕووە خانەگەلی دڕکنی بێوێنە (Acanthocytes) دروستدەکات کە دەتوانن رێگە لە جووڵەی مەچیرکەکان بگرن و قووتیان بدەن.




قارچکەکانی جسنی فلامولینا

 

جسنێکی قارچکەکانە لە خێزانی فیسالاکرایاسییە کە سەر بە سانی ئەگاریکاڵەکانە. لە زۆر بەی ناوچەی جەمسەرییەکان و ئەو ناوچانەی هەوای مامناوەندییان هەیە دەبینرێت. فیسالکرایاسییەکان ٢٨ جسنیان لێ ناسراوە. جسنی فلامولیایش کە سەر بەم خێزانەیە، ئەوەی تا ئێستا زانراوە ١٠ چەشنی جیاوازی هەیە. لەسەر دار و درەخت دەڕوێن. هەیانە رەنگی کڵاوەکەیان نارنجییە و هەیشیانە سپی یا سپیی زەردواشە.
ئەم جۆرە کوارگانە لە ژاپۆن و ووڵاتانی ئاسیا زۆر مەردمی و باون. چەشنی فلامولینا ڤێلیووتایپس تەنانەت بەشێوەی بازرگانیش دەڕوێنرێت؛ بەڵام کاتێک دەیڕوێنن قەدەکەی زۆر درێژ و باریک و کڵاوکەی بچووکتر و رەنگیشی سپی دەبێت. لە ژاپۆن بە ئینۆکی یا ئینۆکیتاکی ناسراوە. جیاوازیی ئەم جۆرە قارچکانە لەگەڵ زۆربەی قارچکەکانی تر ئەمەیە کە فلامولیناکان لە وەرزی زستاندا دەڕوێن.
لە کوردستانیش لە زستاندا و لەسەر درەختی (کەوت) دەڕوێن؛ کەواتە بە کوردی کارگی کەوت یاکارگی زستانیان پێدەگوترێت.
وێنەکە ساڵی ٢٠١٩ کاک #ئیبراهیم_حەمەدەمین لە گوندی #دارەبەن ی دۆڵی #شاورێ ی سەر بە #رانیە گرتوویەتی






3.1.22

جسنی کۆپرینووس


جسنێکی بچووکی کەڕووە شێوە قارچکەکانە. ئۆرناگ\گۆنمیناک(Type species)ی ئەم جسنە کۆپرینووس کۆماتووسە؛ و سەر بە سانی ئەگاریکاڵەکانن. تا ساڵی ٢٠٠١ ژمارەی چەشنەکانی ئەم جسنە لە ٣٥٠ چەشن پتر بوو. لەسەر بنەمای بیچم و روواڵەتیان پۆلێن کرابوون؛ و خاڵی هەرە گرنگی لێکچوویان بریتی بوو لەوە کە دووای پیربوون و پێگەیشتنیان دەتوێنەوە و دەگۆڕێن بۆ رەنگێکی رەش. لە ساڵانی کۆندا ئەم رەنگە رەشە دەکرا بە مەرەکەب بۆ نووسین؛ هەربۆیە بەم چەشنە قارچکانەیان دەگوت کڵاومەرەکەب. بەڵام لەوساوە کە بە رێگای پشکنینی ماکەتوخمی گەردی(Molecular phylogenetic) پشکنران، دەرکەوت کە زۆرینەیان جیاوازن. هەربۆیە لەم جسنە جیاکرانەوە و دابەشکران بەسەر جسنەکانی کاپریلینووس، کۆپرینۆپسیس و پاراسۆڵا. ئێستا بە گشتی جسنی کۆپرینوس و جسنە جیاکراوەکان وەک کەڕووەکانی کۆپرینۆیدا ناسراون.
ئەم چەشنە قارچکانە لەسەر چیلکە و پووش و دار و چێو و لەسەر پاشەرۆی ئاژەڵ دەڕوێن. چەشنەکانی کۆپرینووس کۆماتووس و ئەترامێنتاریوس خۆراکین و پێش ئەوەی رەنگیان بگۆڕێت بۆ رەش, ژەهراوی نین.




سەرچاوە:

1.1.22

ئایاهواسکا


ئایاهواسکا یان یاگی، خواردنەوەیەکە  لە  تێکەڵکردن و کفکاندنی دوو جۆرە رووەک دروستدەکرێت.  رووەکەکان دەکوڵێنن و پاشان دەیکفکێنن.  رەنگی ئامێتەکەی قاوەیی سوورواشە و چێژ و بۆنێکی قورسی هەیە. 


تیرەیەکی نەژادی هەیە لە کۆڵۆمبیا و رۆژهەڵاتی پێروو دەژیێن؛ کە ژمارەیان دەوروبەری ٦٠٠٠ کەسە؛ پێیان دەگوترێت یاگوا.  زۆر پابەندن بە نەریت و رێبازە رۆحیەکانیانەوە.  بۆنەیەکیان هەیە بە ناوی (نیا) کە لەودا ئامێتەیەک کە لە دوو چەشن گیا دروستی دەکرێت، دەخۆنەوە.  ئەم کارەیان بە پێواژۆیەی  زۆر فەرمی و ئایینیدا دەگوزەرێت کە ئاکامەکەی دروسکردنی نۆشداروویەکە کە لە ماوەی چەند هنگارێکدا لە دوو گۆنە رووەکەکە بەرهەمدێت.  رووەکەکان ماددەگەلی وەهمزایان تێدایە؛ و سریمە دەکاتە سەر ئاستی سیرۆتۆنین لە لەشدا.  بۆ زانیاری دەبێت بگوترێت کە سیرۆتۆنین بریتییە کە هۆرمۆنێکی سەرەکی لە راگرتنی هاوسەنگیی هۆرمۆنی هەوەس، هەستی باشی و شادمانیدا.  ئەم هۆرمۆنە کاردەکاتە سەر بەشەکانی تری لەشیش.  خانەکانی مێشک و خانەکانی سیستمی دەمار هاندەدات  تا پەیوەندیی بەیەکەوە بکەن.  هەروەها یارمەتیدەدات بۆ خەوتن، خواردن و هەرسکردن.




رووەکەکان بریتین لە بانیستیرایۆپسیس کاپی(Banisteriopsis caapi) کە ناسراوە بە مێوی ئایاهواسکا؛ و دەوەنێک بە ناوی  سایکۆترای ڤیریدیس(Psychotria viridis) کە ناسراوە بە چاکروونا.  ئەو ماددە وەهمزایە کە لەم رووەکانەدا هەیە پێیدەگوترێت دایمیتیلتریپتامین (dimethyltryptamine) یا (DMT).  جێگای سەرنجە کە دەوەنی چاکروونا سێ ساڵ دەخایەنێت تا ئامادە بێت بۆ ئەوەی گەڵاکانی بەکاربهێنرێن؛ بەڵام مێوی ئایاهواسکا لانیکەم پێویستیی بە پێنج ساڵە.





ئەم خواردنەوەیە لە ئەمریکا، بریتانیا و زۆر ووڵاتی تر ناقانوونییە، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش بە رێگای ناقانوونییەوە بازارگانی بەم خواردنەوەیوە دەکرێت و سنووری تیری یاگوای بەزاندووە.  بەگوێرەی زانیارییەکان کاریگەری و سریمەی زۆر شاشی هەیە لەسەر ئەو کەسانەی گرفت و ئاریشەی دەروونییان هەیە.  ئەو کەسانەی رابردوویەکیان لە هەبوونی نەخۆشیی دەروونیدا هەیە و خۆیان لێی بە ئاگا نین، بە خواردنەوەی ئەم نۆشدارووە بە تەواوی تووشدەبن.  شایانی باسە کە ئەم کارە و پێواژۆی دروسکردن و پێشکەشکردنی ئایاهواسکا لە تیرەی یاگوادا لەلایەن شامانەکان واتە رێبەرە دینییەکانەوە بەڕێوەدەچێت.  








سەرچاوە؛

چڵۆ

هێرباڵگرام

بی بی سی