لە وشەی مایکۆ و تۆکسینی یونانی وەرگیراوە کە بە ماناوی کەڕووی ژەهرین، کەڕووژار دێت. ژەهرێکە بەهۆی ریزەندامەکانی شانشینی کەڕوو بەرهەمدێت و توانستی بیمارکردن و نەخۆشکردنی و کوشتنی هەرکام لە مرۆڤ و ئاژەڵەکانی هەیە. ژەهراویبوون بە ژەهری کەڕوو نیشانەگەلی جیاوازی هەیە و بەگوێرەی جۆرەی ژەهرەکان نیشانەکانیش جیاوازن.
22.11.21
بەکتریای کڵۆستریدیەم بۆتولینوم
هەفت جۆری جیاوازی لێ ناسراوە. لە هەندێک دۆخی دیاریکراودا بۆی هەیە لەسەر خۆراک بڕوێت و ژەهر بەرهەم بهێنێت. بۆتولیزم کە ژەهراویبوونێکی خۆراکیی زۆر بەبڕشتە لە ئاکامی خواردن و قووتدانی خۆراکێکەوە روودەدات کە ئەم بەکتریایە لەسەری رووابێت.
جۆری ئەی، بی و ئێف کە پرۆتینمژن، هاگێک بەرهەمدێنن کە بەرهەڵستیی زۆری پلەی گەرمی دەکات. ئەمانە پرۆتینی خواردەمەنیەکان هەرسدەکەن و بۆنێکی ناخۆش دروستدەکەن کە مرۆڤ هەستدەکات خۆراکەکە گەنیو و گنخاوە. جۆرە پرۆتیننەمژەکانی بی، ئی و ئێف دەتوانن لە هەوای سارددا گەشە بکەن، بەڵام هاگی وا بەرهەم بێنن کە بەرهەڵستی پلەی زۆر نزمی هەوا بکات. ئەمانە هیچ بۆگەن یا بۆدڕنێکیان لێوە نایەت.
جۆرەکانی سی دەبنە هۆی بۆتولیزم لە باڵندە، کیسەڵ، پەز، و ئەسپ دا. جۆری دی لە ئەفریقا و ئوسترالیا دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی ئالیکی مانگا و پەز. جۆری جی هیچ چەشنە پەتایەکی لێ نەبینراوە. هاگە ناچالاکەکانی کڵۆستریدیەم بۆتولینوم لە خاک و ئاودا دەبینرێت لە سەرتاسەری جیهان.
لەو کاتەدا کە لە بیچمی هاگدان تەواو بێزیانن؛ گرفتەکە ئەو کاتە ساز دەبێت کە هاگەکە دەترووکێت و دەبێتە میوەدەر یان خانەی چالاک. کاتێک کە خانە میوەدەرەکان پێدەگەن ژمارەیان زۆر زیاد دەبێت و دەسدەکەن بە مردن. کاتێکیش دەمرن ئەو دەمارژەهرێنە بەرهەمدێنن کە دەبێتە هۆی بۆتولیزم.
جۆری ئەی لە جۆرەکانی بی و ئی کوشندەترە. ژەهرەکەی پرۆتینێکە کە دەتوانرێت لە پلەی ٨٢ی سەدیدا بۆ ماوەی دە خولەک لە چالاکی بخرێت. ئەم ژەهرە بۆی هەیە لە رێگەی هەناسەکێشانەوە لەگەڵ خوێن تێکەڵ ببێت؛ هەروەک چۆن لە رێگەی دیواری گەدە و ریخۆڵەکانیشەوە دەچێتە نێو خوێنەوە.
پلەی گەرمیش هۆکارێکی گرنگی تری گەشەکردنێتی. جۆرە پرۆتینمژەکان لە پلەی گەرمای ١٣ تا ٥٠ دا گەشە دەکەن؛ و خێراترین گەشێیان لە پلەی ٣٥ی سەدیدایە. جۆرە پرۆتیننەمژەکان لە پلەی ٤ تا ٣٤ی سەدیدا گەشە دەکەن؛ و لە پلەی ٣٠ی سەدیدا دەگەنە ئەوپەڕی گەشەکردوویی و ژەهراویبوون.
مەرجێکی گرنگی تر بریتییە لە هەبوونی ئۆکسجین. ئەم زیندەندامانە ناتوانن لە ریزەژینگەکەیاندا گەشە بکەن، ئەگەر ئۆکسجینی ئازاد هەبێت. نەبوونی ئۆکسجین ئەو کاتە دێتەپێش کاتێک کە خۆراکەکە قوووبەندکرابێت. ئەگەر خۆراکەکە ئەوەندە گەرم نەکرابێت کە هاگی کەڕووەکەی کوشتبێت، ئەوا هاگەکان لە قوتووەکەدا دەترووکێن و گەشەدەکەن.
21.11.21
بۆتۆکسین
بۆتۆکس لە رێگەی دەرزییەوە و لەلایەن پزیشکی پسپۆرەوە بەکاردەهێنرێت؛ و پێش بەکارهێنانیش گەرەکە پزیشک لەوە دڵنیا بێت کە لەشی نەخۆشەکە ئەم ماددەیە دەپەژرێنێت و پێی هەستەوەر نییە. هەروەها ئەگەر نەخۆشەکە رۆژانە دەرمانی وەک ئاسپرین، بروفین، ئەمینۆگلایکۆساید، ڤیتامین ئی، رۆنی ماسی و شەرابی سوور دەخوات پێویستە بیانوەستێنێت. پێواژۆی ئەم کارە تەنیا ١٥ خولەک دەخایەنێت و لەم ماوەیەدا پزیشک سەرەتا شوێنەکە بە ئاڵکۆڵ\سپرتۆ پاک دەکاتەوە و ئینجا بە هێواشی بۆتۆکسەکە لە رێگەی دەرزییەوە دەزێنێتە ژێر پێست یا ماسوولکەکانی نەخۆشەوە.
شایانی باسە کە کاری بۆتۆکس، پڕکردنەوەی چاڵ و قووڵیەکانی پێست نییە؛ بەڵکوو لە راستیدا ووردە دەمارەکانی ئەو شوێنانە بە جۆرێک سڕ دەکات یا بۆ ماوەیەکی کاتی لاوازیان دەکات و پەکیان دەخات. بۆ وێنە ئەگەر نەخۆشەکە هەنیە\ناوچاوانی چارەسەر کرابێت، کاتێک دەیەوێت ناوچاوانی گرژ بکات و برۆکانی بەرز دەکاتەوە، لەبەرئەوەی دەمارەکانی پەکخراون، چەندی هەوڵی گرژکردنی ناوچەوانی بدات ناتوانێت، هەر بۆیە چرچ و لۆچییەکە دروست نابێت؛ و وا دەردەکەوێت کە لۆچەکان پڕکراونەتەوە.
بەشێوەی ئاسایی نیشانەکانی نەمانی چرچییەکە دوای دوو رۆژ دەردەکەوێت؛ و لە ماوەی دوو هەفتەدا بە تەواوی کاری خۆی دەکات. ئەم پێواژۆیە سێ تا چوار مانگ جارێک گەرەکە دووبارە بکرێتەوە. شایانی باسە کە ژەهری بۆتولینوم بۆ چارەکردنی نەخۆشینی تریش بەکاردەهێنرێت وەک گرژبوونی ماسوولکەکانی شان و مل، لەدەستدانی کۆنترۆڵی چاوەترووکە، خێلی، مایگرێنی درێژخایەن و لەدەسدانی کۆنترۆڵی میز.
سەرچاوە:
20.11.21
کوارگەکانی کوێستانەکانی کوردستان
لە کوردەواریدا ناسراوترین و بەناوبانگترین قارچک ئەو قارچکانەن کە وەرزی بەهار و لە کوێستانەکان دەڕوێن. ئەم کوارگانە هەموویان بە ناوی ئەو رووەکەوە ناسراون کە قارچکەکە لە پاڵیدا روواوە. دیارە بە گوێرەی ناوچەکان و زار و زمانەکان ناوەکانیش دەگۆڕێن. هەندێک جار جیاوازییەکان کەمن و هەندێک جاریش ئەوەندە زۆرن رەنگە لێکدانەوەی هەڵەیان بۆ بکرێت. بەشێک لە ناوی ئەم کوارگانە بەم جۆرەیە: کەما، کەموون، کەمیر، هەڵز، هەڵیز، هێلیز، هەلیزان، هەنوان، بۆڕ، لۆ، کەرکۆڵ، کەرکووڵ، کەرکۆر، تاڵیتۆز، چەڤر، چەورە، خوون، خوێڕک، رەس، چاکشوور، چەقەلۆ، رەزیانکا مەزن، رەزیانە کێویلە، سیابۆ، هەبۆسان، چاڤەشیر، جاخ، جاقسوور، چاخشوور، جاشیر و تاد…. لە راستیدا لیزگەی ناوەکان لەمە درێژترە و ئەگەر بە دواداچوونی تایبەتی بۆ بکرێت زانیاریی ووردتر و زیاتر لەم بارەیەوە لە لادێکان و لای خەڵکی کوێستان و بەرزەوارەکان هەیە.
ئەو کوارگانەی لە پاڵ ئەم رووەکە چەترییانەدا دەڕوێن، قەدیان زۆر کورتە و قەبارەی جیاوازیسان هەیە؛ زۆر جار قەبارەیان دەگاتە نزیکەی سی سانتیمەتر. بە هێشوو دەڕوێن؛ و کڵاو و شیپەڕە و قەدیان سپییە؛ و قەدەکەیان دەکەوێتە لایەکی کڵاوەکەوە نەک ناوەڕاستی. لەگەڵ چونەسەری تەمەنیان سەر کڵاوەکەیان لۆچی لێ پەیدا دەبێت. هەرچەندە لە رووی بۆهێڵەوە لە یەکتری جیان، بەڵام بەگشتی لەو جۆرە قارچکانەن کە پێیان دەگوترێت چەشناڵۆز یا (species-complex) و ناوی زانستییەکەیان بریتییە لە (Pleurotus eryngii species-complex). ئەمانە لە کوردستان لە خۆشترین و بەتامترین قارچکەکان هەژمار دەکرێن. لێ، بەداخەوە هێشتا لە کوردستان توێژینەوەی ووردیان لەسەر نەکراوە؛ و ئامار و هەژمارێکی وورد سەربارەت بە جۆر و چەشنەکانیان و خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانیان لەدەستدا نییە.