29.10.21

بەکارهێنانی مێروو و زیندەوەرەکان لە جەنگدا



مێژووی بەکارهێنانی زیندەوەر لە جەنگدا کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دووەمی زایینی. بەگوێرەی نووسراوەکانی هێرۆدۆت کاتێک کە رۆمەکان دەیانەوێ شانشینێکی بچووکی میاندووروان (میزۆپۆتامیا) لە شاری هاترا لە دەوروبەری مووسڵی ئێستا داگیر بکەن، رووبەڕووی جەنگی زیندەوەران دەبنەوە.
شارەکە بە شوورایەکی بەرز دەورە درابوو. دانیشتوانی شارەکە بۆ پاراستنی خۆیان دەفری گڵینیان دروستکردبوون و پڕیان کردبوون لە دووپشک\دەمارەکۆڵ\کڵاژدم. کاتێک کە سەربازە رۆمەکان لە دیواری شار نزیک بوونەوە لە سەر دیوارەوە بارانی دووپشک بە سەریاندا باری و سەرەنجام تووشی شکست بوون.
هەروەها ئەوروپاییەکانیش زۆر جار لە جەنگەکانیاندا بەتایبەتی بۆ دەسگرتن بەسەر کەشتی و گەمیەکانی دوژمنەکانیان، شانە ژەنگەسوورە و پلوورە هەنگیان بەکارهێناوە. پلوورە هەنگەکانیان هاویشتووەتە نێو گەمیەکەوە و بەمجۆرە سەربازەکانی دوژمن رایانکردووە و گەمیەکەیان جێهێشتووە. ئەوان پلوورە هەنگەکانیان بە هۆی مەنجەنیقەوە هاویشتووە بۆ شوێنی مەبەست. دیارە پێشتر فارسەکانیش بە مەنجەنیق دووپشکیان هاویشتووەتە نێو شار و قەڵای دوژمنەکانیان.
هەروەتر، ئەمیر نەسروڵڵا بەهادورخان ئەمیری سەدەی ١٩ی بوخارا (ئوزبەکستانی ئێستا)، چاڵێکی تاریکی دروستکردبوو بۆ نەیار و دوژمنەکانی کە پڕی کردبوو لە جۆرێک مێرووی گۆشتخۆر. کاتێک دوو سەربازی ئینگلیس دەگرێت بە زیندوویی دەیانخاتە چاڵەکەوە؛ و وەک لە زمانی زیندانوانەکەوە بیسراوە، تەنیا ئێسکەکانیان مابوویەوە.

لە سەدەی بیستەمیشدا ڤیەتنامیەکان سوودی زۆریان لە دووپشک و هەنگی ئاسیایی وەرگرت لە دژی ئەمریکاییەکان. وەک زانراوە هێزە ڤیتنامیەکان بە گشتی لە تونێلگەلی ژێر زەمینی سوودیان وەردەگرت بۆ مانەوە و جەنگ و بەربەرەکانێ. ئەمریکاییەکانیش هێزی تایبەتیان تەرخان کردبوو بۆ دۆزینەوە و وێرانکردنی تونێلەکان. زۆر جار لە تونێلەکاندا هێزە ئەمریکاییەکانیان دەخستە تەڵەوە و لە ناکاو بارانی دووپشکیان بەسەردا دەباری.


 


27.10.21

تاڵداینی دار و چێو

 

پێشەکی پێویستە بگوترێت کە واژەی تاڵدایین  واژەیەکی کۆنە و بە واتای خۆشکردنی پێست دێت کە لەم سەردەمەدا باوی نەماوە.  هەربۆیە بۆ ئەوەی واژەکە لەکارنەکەوێت وەک زۆر واژەی تر پێویستە واتای تازەی بۆ دابنرێت.  لێرەدا بە باشمان زانی ئەم واتا تازەیە بەم ووشەیە ببەخشین و بڵێین: بریتییە لە لێدانی دەرمانی دژە شێ، مێرووکوژ و کەڕووکوژ لە چێو و دار.  ئەم کارە لە سەردەمە کۆنەکانەوە کراوە؛ و یونانیەکان رۆنی زەیتوونیان بەکاردەهێنا بۆ چەورکردنی بەلەم و کەشتییەکانیان تا زیاتر خۆڕاگر بن لەبەرامبەر ئاودا خێرا نەڕزێن.  لە کوردەواریشدا لە کۆنەوە قیڕ، دۆن و رۆن و مۆم بۆ پاراستنی تەختە و چێوی جیاواز بەکارهێنراوە. لە سەردەمی تازەدا؛ و بەتایبەتی لەو وڵاتانە کە تەختە و چێو لەجیاتی خشت و بەرد بۆ خانووسازی بەکاردەهێنرێت، تاڵداینی تەختە کارێکی گرنگ و ئاسایی و پێویستە.  ئەگەر ئەم کارە نەکرێت، خانووەکان تەمەنیان زۆر کورت دەبێت.  بۆ ئەم مەبەستەیش چەند جۆرێک ماددەی جیاواز بەکاردەهێنن.  هەندێکیان زۆر ژەهراوین و کاریگەریی خراپیان لەسەر ژینگە و مرۆڤ دەبێت.  شایانی باسە کە تاڵداین بە ماددە کیمیاییەکان جیاوازە لە رەنگکردن، کە تەنیا رووکاری دەرەوەی چێو دادەپۆشێت.  ئەو ماددە پارێزەرانەی لە پێواژۆی تاڵدانی چێودا بەکاردەهێنرێن سێ جۆرن؛ یەکەمیان ئاوزاکانن، دووەم رۆنزاکان و سێهەمیان ئەوانەن کە لە ماددە ئەندامیەکاندا دەتوێنەوە.   بۆ مەبەستی تاڵدانی چێو پێویستە سەرەتا چێوەکە سەداسەد ووشکبکرێتەوە.   رەنگە لە  هاوینی گەرمی کوردستاندا تاڵدانی دار ئاسان بێت؛ چونکە پلەی گەرما زۆر بەرزە و بە پێچەوانەوەیش پلەی شێ زۆر نزمە.  دوای ووشککردنەوەی چێوەکان، بۆ دڵنیابوون لە نەمانی شێ، بە شێپێو(هایگرۆمیتەر) شێی ناخی چێوەکان دەپێورێت، ئەگەر پێویست بکات، گەرەکە لە کوورەی تایبەتدا ووشکبرێنەوە تا بە تەواوی رێژەی شێیان دەگاتە سفر.  ئەو کاتە حەوزی تایبەت کە بۆ ئەم مەبەستە ئامادە دەکرێت، پڕ دەکرێت لە ئەو ماددەیەی مەبەستە بۆ تاڵدان.  چێوەکە یەکسەر دەخرێتە نێو حەوزەکەوە تا بە تەواوی ماددەکە هەڵدەمژێت.  پاشان بۆ جارێکی دی ووشکدەکرێتەوە و ناوی جۆری ئەو ماددانەی لەسەر دەنووسرێت کە بۆ تاڵدان بەکارهێنراون.  ئێستا ئیدی دارەکە ئامادەیە بۆ بەکارهێنان.


سەرچاوە

تریتد وود

تریتد تیمبەر

گرەیتەر وێڵنگتن


چەکی زیندەزانی\بایۆلۆژیک



چەکەمەنیی زیندەزانی، جەنگەوزاری زیندەزانی. بریتییە لە نیتەندامگەلی لە گوین نیتگ(ڤایرەس)ەکان، بەکتریاکان و کەڕووەکان یا ئەو ژەهرانەی بە مەبەست بەرهەمدەهێنرێن و بەکاردەهێنرێن تا ببنە هۆکاری بیماری و مەرگی مرۆڤەکان، ئاژەڵەکان و رووەکەکان.
ماددەکانی وەک ئەنتراکس و ژەهری بۆتولینوم و تاعوون دەکرێت دۆخێکی نەخۆشینیی سەخت بهێننە ئاراوە؛ و ببنە هۆی مردنی ژمارەیەکی زۆری مرۆڤەکان لە ماوەیەکی کورتدا؛ و کۆنترۆڵکردنیشی چەتوون و دژوارە.
شایانی باسە کە بەکتریای باسیلووس ئەنتراسیس، ژەهری بەکتریایی بۆتیلینوم، نیتگی ڤاریۆڵا مەیجەر(ئاوڵۆکە)، بەکتریای فرانسیسێڵا تولارێنسیس، نیتگی ئیبۆڵا، بەکتریای یەرسینیا پێستیس، نیتگی ماربورگ، نیتگی بونیاڤایرەس و کەڕووی ئەفلاتۆکسین کوشندەترین چەکە زیندەزانیەکانن. لە هەمان کاتدا بەرهەمهێنانی هەندێکیان زۆر ئاسانە و لە رووی داراییەوە تێچوویەکی زۆر کەمی دەوێت. هەروەها بۆی هەیە بڕێکی زۆر کەم لەم ماددانە زیانێکی زۆر گەورەی لێ بکەوێتەوە بۆ وێنە دەکرێت یەک گرام لە ژەهری بۆتولینوم بکرێتە ئاوەوە و پتر لە یەک میلیۆن کەس پێی بکوژرێت.
لە گەرمەی جەنگیی جیهانیی دووەمدا هاوپەیمانەکان سازیی ئەوتۆیان دامەزراند کە توانای بەرهەمهێنانی ئەنتراکس و باسیلۆسیس و بۆتولینومیان هەبوو بەڵام، پێش ئەوەی ناچار بن بەکاریان بهێنن، دوایی بە جەنگ هات.
جێی سەرنجە کە کۆڤەنسیۆنی چەکەمەنیی زیندەزانی\بایۆلۆژیی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٧٢، گەشەپێدان، بەرهەمهێنان، خواست، گواستنەوە، کەڵەکەکردن و بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی زیندەزانی و ژەهرناکی قەدەغە کردووە؛ و لەلایەن ١٨٣ وڵاتەوە واژۆ کراوە.



سەرچاوە

ئارمی تێکنۆڵۆجی

وۆرڵد هێڵت ئۆرگەنایزەیشن

یونایتد نەیشنز 

مێدیکاڵ نیوز تودەی

ئینسایکڵۆپێدیا بریتانیکا

19.10.21

کەڕووی کاکتووس



 کەڕووی کاکتوس جۆرە کەڕوویەکە شێوەی دڕکنە و لە رووەکی کاتوس دەچێت هەر بۆیەم ئەم ناوەی لێنراوە.  ناوە زانستیییەکەی بریتییە لە تایڵاکڵیدیەم براکیاتوم.  ئەم کەڕووە لە سەر دار و چێوی مردووی ئەو درەختە سنۆبەرانە دەڕوێت کە وەک داری کریسماس بەکاردەهێنرێن.  هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە ئەم جۆرە کەڕووە لەسەر کەڕووی تر دەڕوێت.  ئەم کەڕووە پێشتر بە ناوی (کڵاڤاریا براکیاتا) یا (سیودۆنێکتریا تایڵاڵیدی) ناسرابوو؛ و بەوە ناسراوە کە لە هەموو هەرێمەکانی جیهاندا دەڕوێت.  دوواتر بە هۆی جیاوازیی بۆماوەیی (جێنێتیک)  جیاکرایەوە و وەک جسنێکی سەربەخۆ هەژمار کرا.  بەشێوەیەکی گشتی زانیاریی وورد سەبارەت بەم کەڕووە کەمە و لە ئایندەدا هەر ووردەکارییەک بڵاو ببێتەوە، تێدەکۆشین بیکەین بە کوردی.  



17.10.21

سەهۆڵە پرچ



سەهۆڵە موو یا خوریی سەهۆڵین یا ریشی یەخی، جۆرە سەهۆڵێکە کە لەسەر دار و  چێوی مردوو دروستدەبێت؛ و شێوەی پرچ و موو بەخۆیەوە دەگرێت.  زۆر بەربڵاو نییە و پتر لە دارستانی درەختە گەڵاپانەکانی هەرێمەکانی باکووری جیهان بەرچاودەکەوێت.


   یەکەمجار ساڵی ١٩١٨ وەسفکراوە و وەک کەڕوو ناسێنراوە.  ساڵی ٢٠٠٥ پشتڕاست کرایەوە کە کەڕووی ئێکسیدیۆپسیس ئێفووسا لەسەر چێوەکە دەڕوێت و پاشان لە ژێر کاریگەریی تەزووی سەرمادا تاڵ و ریشاڵە سەهۆڵەکان دروستدەبن و شێوەی پرچ بەخۆیەوە دەگرێت. 

  ساڵی ٢٠١٥ زانایانی ئەڵمانی و سویسی سەلماندیان کە ئەم هەر تاڵێک لەم سەهۆڵە تاڵێک لە کەڕووی ئێکسیدیۆپسیس ئێفووسا لە ناویدا هەیە.  شایانی باسە کە هەر چێوێک ئەم کەڕووە لەسەری بڕوێت بۆی هەیە تا دە ساڵ بەردەوام ساڵانە لەسەری بڕوێتەوە.




سەرچاوە

مێت ئۆفیس

بی بی سی

ساینس ئەڵێرت