24.2.21

کەڕوویەکی خاوەن یادگە

 

وانستەیەک کە لەلایەن میرنا کرەیمەر لە (Max Planck Institute for Dynamics and Self-Organization)، و پرۆفێسۆر کارین ئەیڵم لە (Technical University of Munich) ئەنجام دراوە زانیاریی سەرسوڕمێنی سەبارەت بەم کەڕووە تێدایە.
فایساروم پۆڵیسێفاڵوم جۆرێک لینجەکەڕووە بێ ئەوەی کۆئەندامی دەماری هەبێت یادگەی هەیە و رووداوەکانی پێشوو لە یادگەیدا هەڵدەگرێت. ئەم کەڕووە زیندەتەنێکی تاکخانەییە کە دەیان ساڵ بوو توێژەرانی گێژکردبوو نەیاندەزانی لە جیهانی ئاژەڵ، رووەک یا کەڕوودا هەژماری بکەن و جێگەی پێبدەن. لاشەکەی بریتییە لە تاکخانەیەکی گەورە کە پێکهاتووە لە بۆڕیگەری تێکەوەچڕژاو کە تۆڕێکی ئاڵۆزیان پێکهێناوە. ئەم تاکخانە شێوە ئەمیبایە رەنگە چەند سەنتیمەترێک و تەنانەت مەترێک لەبەریەک بکێشرێتەوە. لە پەرتووکی گینێس دا وەک گەورەترین خانە لەسەر زەوی تۆمارکراوە. توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم زیندەتەنە ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە خۆراک پێویستێتی لە لاشە شێوە تۆڕەکەیدا دەتەنێت و هەڵیدەگرێت بۆ ئایندە؛ هەر کاتێک پێویستی پێ بێت بەکاریدەهێنێت.




سەرچاوە:


19.2.21

هەویرترش


 
کاتێک کە نان دەپێژن گونتکێک لە هەویرەکە لە کەوڵ و خوانی نانکردندا هەڵدەگیرێت بۆ ئایندە؛ هەرکاتێک پێویستیان بە نانپێژان بێت، ئەو گونتکە هەویرە هەڵگیراوە لەگەڵ هەویری تازە تێکەڵدەکەن تا یارمەتی بدات لە خێرا هەوکردنی هەویرەکە. بەم گونتکە هەویرە دەگوترێت هەویرترش.
هەویر دوای ئەوە کە دەمێنێتەوە سەرنجی کۆمەڵێک بەکتریا بۆ لای خۆی رادەکێشێت و دوای ئەوە کە شەکرەکانی نێو هەویرەکە دەگۆڕێن بۆ ترشی لاکتیک و دەبنە هۆی ترشبوونی هەویرەکە. گازی دوانۆکسیدی کاربۆن کە دەیەوێت بێتە دەرەوە بەهۆی جیڕیی پێکهاتەکەوە لە پۆرگی جیاجیادا قەتیس دەبێت و بەمجۆرە هەویرەکە بەرزدەبێتەوە و هەڵدەفزێت و دەڵێن هەویرەکە هەڵهاتووە. باوترین بەکتریاکانی نێو هەویرترش لاکتۆباسیلوسەکانن کە چەشەی ترش دەدەن بە نان. ئەم ماددە ترشە کە لە ناندا هەستیپێدەکرێت، سوودی دژەئۆکسانی هەیە و لەش لە نەخۆشی دەپارێزێت. هەرسکردن ئاسانتر دەکات و یارمەتی دەدات لە کەمکردنەوەی گلووتین کە لە زۆر کەسدا گرفت بۆ هەرسکردن ساز دەکات.
شێوازی ئاسان و گرنگ بۆ دروسکردنی هەویرترش بەمجۆرەیە: ٢٥٠ گرام ئارد، ٢٥٠ گرام ئاو لەگەڵ هەشت گلە ترێ تێكەڵاو دەكرێت ماوەى سێ رۆژ دادەپۆشرێت. دواى سێ رۆژ سەيری دەكرێت و دەپشكنرێت بۆ دڵنيابوون لە خراپ نەبوونى. شایانی باسە کە گلە ترێیەکان نابێ بشۆرێنەوە چونکە بەشی زۆری کەڕووەکەیان لەگەڵ ئاودا دەڕوات. ئينجا بۆ سێ رۆژى تريش دەمێنێتەوە. دواى ئەوە پێدەگات. ئەوسا ٣٠٠ گرام لە هەويرترشەكە لەگەڵ ٣٠٠ گرام ئاو تيكەڵدەكرێت بۆ بەكارهێنان وەك هەويرترش. شایانی باسە کە هەویرترشەکە لە چ جۆرە ئاردێک دروستدەکرێت، باشترین کار ئەمەیە کە بۆ هەمان جۆر هەویر بەکاربهێنرێت؛ چونکە بۆی هەیە هەر جۆرێک ئارد سەرنجی جۆرێک کەڕووی تایبەت بۆ خۆی رابکێشێت، هەربۆیە جۆری هەویرترشەکانیش جیاواز دەبێت.
باشترین شوێن بۆ هەڵگرتن و پاراستنی هەویرترش سارنجۆکە. هەرکاتێکیش پێویست بوو دەکرێت شەوی پێشتر بڕی ٢٥ گرام لە هەویرترشەکە بکرێتە نێو لیوانێکەوە. بۆ بەیانییەکەی ١٠٠ گرام ئاوی شیرەتینی تێکەڵ بکرێت و ماوەی هنگارێک دابپۆشرێت تا بەکتریاکان دەکەونە خۆ. دەکرێت بۆ هاندانی خێراتری بەکتریاکان کڵۆیەک قەندیش بە تێکەڵاوەکەوە زیادبکرێت. ئینجا ئامادە دەبێت بۆ بەکارهێنان.


6.2.21

خشتی کەڕوویین بۆ بیناسازی

ڤیدیۆیەکی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە دروسکردنی خشتی بیناسازی لە کارگ 

لە دەرفەتێکدا دەیکەیەن بە کوردی



1.2.21

دۆزینەوەی کەڕووی مێشکوژ



 

لێکۆڵەران لە هۆبەی زانستەکانی رووەک و ژینگەی زانکۆی کۆپنهاگن و  مۆزەی مێژووی سروشتی دانمار ک دوو چەشنە کەڕوویان دۆزیوەتەوە و بۆ یەکمجار وەسفیان کردوونکەڕووەکان تووشی مێش دەبن و دەبنە هۆکاری دروستبوونی کونێک لە زگی مێشەکەدامێشەکە لەو کاتەدا تووشی کەڕووەکە دێت ویزە ویز دەکات و لە فڕین ناکەوێت تا کاتێک کە هاگی کەڕووەکە لە کونەکانەوە دێنە دەرەوەرەنگە سێ بۆ چوار رۆژ بخایەنێت تا کەڕووەکە گەشە دەکات ومێشەکە دەمرێتلەم ماوەیەدا مێشەکە لەگەڵ هەر مەشێکەی تر جووت ببێت کەڕووەکە بۆ ئەوانیش دەگوازرێتەوەئەم دۆزینەوەیە بەشداریی دانمارکییەکان دەسنیشاندەکات لە نەخشەسازیی فرەرەنگ ژیانی جیهانیلە هەمان کاتدا ئەم وانستە نوێیانە دەرگا واز دەکەن لە بەردەم دۆزینەوەی دەرمانگەلی توانای پەیوەست بە سروشتەوەهەردووک کەروو لە ناوچەی پایتەختی دانمارک دۆزراونەتەوە کە بریتین لە سترۆنگوێلسی تیگرینای و سترۆنگوێڵسی ئەسیرۆسا.




















سەرچاوە

فیزیکس

زانکۆی کۆپنهاگن

دەیلی مەیڵ


18.12.20

قەڵاغ یا دەوەڵان



لە رۆژهەڵات بە مەڕوماڵات دەگوترا دەوڵەت.  هەربۆیە کەسێک کە مەڕ و ماڵاتی زۆری هەبووایە پێیان دەگوت دەوڵەمەند.  دەوڵەمەند واتە خاوەن دەوڵەت، خاوەن مەڕ و ماڵاتی زۆر.  زۆر جار دەیانگوت مەڕ و ماڵات پاشەرۆیەکەیشی هەر زێڕە.  مەبەستیان ئەمە بوو کە پاشەرۆیەکەیشی بەخۆڕایی ناچێت و سوودی لێوەردەگیرێت.  لە زمانی کوردیدا چەندین واژەی جیاواز هەیە کە واتای پاشەرۆی ئاژەڵ دەبەخشێت وەک: ریخ، سنێر، سەنیر، شیاکە، لاس، تەپکەلاس، ساهیک، سەرگین، کشپەڵ، پشقڵ  وتاد.. بە پاشەرۆی وشکبوو دەڵێن تەپاڵە یا دەوەدەشتی.  زۆر جاریش تەپاڵە وەک ناوێکی گشتی بۆ پاشەرۆی ئاژەڵ بەکاردەهێنرێت.

لە زۆربەی ناوچەکانی موکریان و ورمێ و بەشێکی ئەردەڵانیش لە وەرزی گەرمادا خەڵکی لادێکان پاشەرۆی ئاژەڵەکانیان کۆدەکردەوە بۆ مەبەستی بەکارهێنانی وەک سووتەمەنی.  ئەمەیش وەک ئەرکێکی ژنان بوو.  پاشەرۆکەیان کۆدەکردەوە و ئاویان بەسەردادەکرد و وەک قوڕ هەڵیاندەشێلا و جارێکی تر لە شێوەی هێلەکەیی یا بازنەیی و قەبارەی جیاوازدا دایاندەڕشتەوە و لەبەر خۆرەتاو ووشکیان دەکردەوە.  بەکارهێنانی پاشەڕۆی ئاژەڵ بەتایبەتی مەڕو بزن و مانگا وەک سووتەمەنی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان نییە.  لە ووڵاتانی ئاسیای رۆژهەڵاتیش وەک نیپاڵ، هیندوستان، بانگلادێش و هەروەها پاکستان و ئازەربایجان و تاد.. پاشەرۆی ئاژەڵ بۆ خۆگەرمکردنەوە و چێشت و نان پێژان بەکاردەهێنرێت..

بە پاشەرۆی هەڵشێلدراوی داڕێژراویان دەگوت دەوە. دووای ووشکبوونەوە، بە شێوەی هەرەوەزی یا دەسەوام هەموو دەوەکانیان کۆدەکردەوە و لە شێوەی بینا و وارخانێکی جوان دایاندەمەزراند.  بێگومان ژنی هونەرمەند و دەسڕەنگین هەبوون کە کاری بیناسازییەکەیان دەکرد.  بۆ پاراستنی دەوەکان لە تەڕبوون و تلیسانەوە بەهۆی بەفر و باران، هەر بە پاشەرۆی ئاژەڵ رووکاری دەرەوەی بیناکەیان سوواق دەدا.  لەبیرمە زۆر جار لەتکە ئاوێنە و شووشەی رەنگاورەنگیان لە دیوی دەرەوەی قەڵاخەکە دەچەسپاند بۆ مەبەستی جوانی و چاوەزار.  بیناکە لە هەر ناوچەیەک ناوی تایبەت بەخۆی هەبوو، لە ناوچەی پیرانشار پێیان دەگوت قەڵاخ، قاڵاخ ، قەڵاغ یا قڵاغ.  هەروەها دەوەڵان و کۆشکەڵانیشی پێدەگوترێت.  گوایە ئە م واژەیە تورکییە و  تورکە ئازەربایجانیەکان پێیدەڵێن قالاق واتە کۆما یا کۆگا.  قەڵاخ تا سەرەتاکانی دەیەی ١٩٩٠ هەر مابوو، بەڵام لەوە بە دوواوە بەرەبەرە کەمبوویەوە؛ و رەنگە ئێستا نەمابێت.

پاشەرۆی ئاژەڵ لەو وڵاتانەی کە وەک بەرهەمهێنەری گۆشت و سپیایی ناسراون، یەکێکە لە گرفتە ژینگەییەکان.  لەلایەکەوە راددەیەکی زۆر لە گازی میتان و نایترۆجینی لێوە دەردەچێت کە زیانی بۆ مرۆڤ و زیندەوەرەکانی تر هەیە و لەلایەکی تریشەوە وەک پاشماوەیەک ژینگە دژووندەکات و زۆرجار وەک زبڵ و کرش رەفتاری لەگەڵ دەکرێت و دەسووتێنرێت و دووکەڵەکەی هەوا پیسدەکات بێ ئەوەی سوودێکی لێوەربگیرێت. راستە لە ساڵانی پێشوویشدا دەسووتێنرا بەڵام ئەو کاتە لەبری نەوت و کارەبا و گاز کەڵکی لێوەردەگیرا و بۆ گەرمکردنەوە و نان وچێشت و تەنانەت بۆ گەرمکردنی کوورەی سوواڵەت و خشت سوورکردنەوەیش بەکاردەهێنرا. 


سەرچاوە:

خاڵە کوارگەوان