19.2.21

هەویرترش


 
کاتێک کە نان دەپێژن گونتکێک لە هەویرەکە لە کەوڵ و خوانی نانکردندا هەڵدەگیرێت بۆ ئایندە؛ هەرکاتێک پێویستیان بە نانپێژان بێت، ئەو گونتکە هەویرە هەڵگیراوە لەگەڵ هەویری تازە تێکەڵدەکەن تا یارمەتی بدات لە خێرا هەوکردنی هەویرەکە. بەم گونتکە هەویرە دەگوترێت هەویرترش.
هەویر دوای ئەوە کە دەمێنێتەوە سەرنجی کۆمەڵێک بەکتریا بۆ لای خۆی رادەکێشێت و دوای ئەوە کە شەکرەکانی نێو هەویرەکە دەگۆڕێن بۆ ترشی لاکتیک و دەبنە هۆی ترشبوونی هەویرەکە. گازی دوانۆکسیدی کاربۆن کە دەیەوێت بێتە دەرەوە بەهۆی جیڕیی پێکهاتەکەوە لە پۆرگی جیاجیادا قەتیس دەبێت و بەمجۆرە هەویرەکە بەرزدەبێتەوە و هەڵدەفزێت و دەڵێن هەویرەکە هەڵهاتووە. باوترین بەکتریاکانی نێو هەویرترش لاکتۆباسیلوسەکانن کە چەشەی ترش دەدەن بە نان. ئەم ماددە ترشە کە لە ناندا هەستیپێدەکرێت، سوودی دژەئۆکسانی هەیە و لەش لە نەخۆشی دەپارێزێت. هەرسکردن ئاسانتر دەکات و یارمەتی دەدات لە کەمکردنەوەی گلووتین کە لە زۆر کەسدا گرفت بۆ هەرسکردن ساز دەکات.
شێوازی ئاسان و گرنگ بۆ دروسکردنی هەویرترش بەمجۆرەیە: ٢٥٠ گرام ئارد، ٢٥٠ گرام ئاو لەگەڵ هەشت گلە ترێ تێكەڵاو دەكرێت ماوەى سێ رۆژ دادەپۆشرێت. دواى سێ رۆژ سەيری دەكرێت و دەپشكنرێت بۆ دڵنيابوون لە خراپ نەبوونى. شایانی باسە کە گلە ترێیەکان نابێ بشۆرێنەوە چونکە بەشی زۆری کەڕووەکەیان لەگەڵ ئاودا دەڕوات. ئينجا بۆ سێ رۆژى تريش دەمێنێتەوە. دواى ئەوە پێدەگات. ئەوسا ٣٠٠ گرام لە هەويرترشەكە لەگەڵ ٣٠٠ گرام ئاو تيكەڵدەكرێت بۆ بەكارهێنان وەك هەويرترش. شایانی باسە کە هەویرترشەکە لە چ جۆرە ئاردێک دروستدەکرێت، باشترین کار ئەمەیە کە بۆ هەمان جۆر هەویر بەکاربهێنرێت؛ چونکە بۆی هەیە هەر جۆرێک ئارد سەرنجی جۆرێک کەڕووی تایبەت بۆ خۆی رابکێشێت، هەربۆیە جۆری هەویرترشەکانیش جیاواز دەبێت.
باشترین شوێن بۆ هەڵگرتن و پاراستنی هەویرترش سارنجۆکە. هەرکاتێکیش پێویست بوو دەکرێت شەوی پێشتر بڕی ٢٥ گرام لە هەویرترشەکە بکرێتە نێو لیوانێکەوە. بۆ بەیانییەکەی ١٠٠ گرام ئاوی شیرەتینی تێکەڵ بکرێت و ماوەی هنگارێک دابپۆشرێت تا بەکتریاکان دەکەونە خۆ. دەکرێت بۆ هاندانی خێراتری بەکتریاکان کڵۆیەک قەندیش بە تێکەڵاوەکەوە زیادبکرێت. ئینجا ئامادە دەبێت بۆ بەکارهێنان.


No comments:

Post a Comment