31.1.22

سێ سەمارۆقی دەرمانی لە مەڵبەندی خۆرمووا لە لورستان

سێ چەشنە کارگ\سەمارۆقی دارستانەکانی دەوروبەری شاری خۆرمووا، کە لە توێژینەوەیەکی زانکۆی لوڕستاندا وەک قارچکی دەرمانی ناویان هاتووە. بەهۆی ئەوە زاگرۆس نیشتمانی هاوبەشی هەموو ئەوانەیە هەزاران ساڵە لێی نیشتەجێن، بە باشم زانی بە ووردی توێژینەوەکە بخوێنمەوە و وێڕای تێبینی و سەرنجەکانی خۆم، لەگەڵ هاوڕێیانی هاوزمانم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پاری بکەم. شایانی باسە کە توێژینەوەکە بە زمانی ئینگلیسی و لەلایەن (سەید زەهرا حوسەینی، ئەحمەد ئیسماعیلی، عەید بازگیر، مستەفا دەروێشنیا، غەففار عەلی مەحموودی)ەوە ئەنجامدراوە و ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوکراوەتەوە. لە توێژینەوەکەدا باس لە هەشت چەشنە سەمارۆق کراوە کە سیانیان وەک دەرمانی و پێنجیان وەک ژەهراوی ناسێنراون.

لاکتاریوس ڤێڵێریوس

Lactarius vellereus
لاکتاریوس ڤێڵێریوس

لە کوارگە شیرەدارەکانە، شیرێکی سپی لە نێوان شیپەڕەکانییەوە دەچۆڕێتەوە. سەرچاوەکان دەڵێن لە ئەوروپا و مەڵبەندەکانی مەدیتەرانە دەڕوێت. ساڵی ١٨٢١ ئەوروپاییەکان وەسفی ئەم قارچکەیان کردووە، ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن زانکۆی لوڕستانەوە سەلمێنراوە کە لە دارستانەکانی دەوروبەری خۆرمووایش هەیە و دەڕوێت. تامی خۆش نییە و بۆ خواردن ناشێت، بەڵام ژەهراویش نییە. زانکۆی لوڕستان ساڵی ٢٠٠٩ لە توێژینەوەیەکدا وەک کارگێکی دەرمانی باسی کردووە.

کۆڵیبیا ماکیولەیتا


Collybia maculata
کۆڵیبیا ماکیولەیتا

ئەمەیش جۆرە قارچکێکە لە نێو دارستان و لێڕەواردا دەڕوێت بەتایبەتی لە شوێنی نسار و دوور لە باران. بە کۆمەڵی بچووک دەڕوێن. تیرەی کڵاوەکەی ٤ تا ٨ سانتیمەتر دەبێت. تام و چێژێکی ناخۆشی هەیە. تفت و کەمێکیش تاڵە. بەڵام بۆنێکی خۆشی قارچکیی هەیە. لە نەخشەی کوارگەکانی جیهاندا روونکراوەتەوە کە ئەم کوارگە لە بەشێکی زۆری ئەوروپا و ئەمریکا، لە رووسیا و ژاپۆن دەڕوێت. یەکەم جار ساڵی ١٩٢٥ تۆمارکراوە بەڵام ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن زانکۆی لوڕستانەوە پشتڕاستکراوە کە لە دارستانەکانی خۆرمووا لە لوڕستان دەڕوێت؛ و وەک کارگی دەمانی ناسێنراوە.

لاکتاریوس پیپەرەیتوس


Lactarius piperatus
لاکتاریوس پیپەرەیتوس

ئەم قارچکەیش لە شیرەدارەکانە، تامی توون و تیژە. یەکەم جار ساڵی ١٧٧٣ لەلایەن ئەوروپاییەکانەوە وەسفکراوە. دەڵێن لە بەشی سەرەکیی ئەوروپا و لە باکووری ئەمریکا دەڕوێت و هەروەها گەیشتووەتە ئوسترالیایش. لە هیندوستان کوارگێکی زۆر مەردمییە و بایەخی زۆری پێدەدرێت. دەکرێت ووشک بکرێتەوە و لەجیاتی بیبەر بەکاربهێنرێت. زانکۆی لوڕستان لە توێژینەوەیەکدا کە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوکراوەتەوە سەلماندوویەتی کە لە خۆرمووا ئەم چەشنە قارچکە دەڕوێت و لە ریزی کوارگە دەرمانییەکان دایناوە. هەروەها لە یەک دوو ساڵی رابردوودا چەند هاوڕێیەک لە باشووری کوردستان بەتایبەت لە شارباژێر وێنەی ئەمەیان بۆ من ناردووە؛ و ئەوان پێیدەڵێن کارگە بزنە.


سەرچاوە

29.1.22

سەمارۆقی ئەمانیتا ئاتکنسۆنیانا

 خۆراکی و ناخۆراکیبوونی نادیارە 


چەشنە کوارگێکە بە تەنیا یان کۆمەڵی بچووک و بە هاوژینی لەگەڵ بەڕوو، سنەوبەر و چەشنە نزیکەکانیان دەڕوێت.   یەکەم جار ساڵی ١٩١٧ لەلایەن رووەکزانی ئەمریکایی ویڵیام چامبەرس کۆکەر وەسفیکراوە.  وەک رێزگرتن لە کەڕووزانی ئەمریکایی سەدەی نۆزدە جۆرج ئاتکینسن کە لە باشوور و رۆژهەڵاتی ئەمریکا کارگی کۆکردووەتەوە و وەسفیکردوون ئەم ناوی لێنراوە.  لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەمریکا و باشووری کویبێک و تا دەگاتە ویلایەتی میشیگان لە مەکسیکۆ دەڕوێت.  تەنمیوەکەی لە سپییەوە هەیە تا قاوەیی.  


تیرەی کڵاوەکەی ١٢٥ میلیمەتر دەبێت.   سەر کڵاوەکە بە زیپکەگەلی قووچەکیی وورد تەنراوە کە رەنگیان قاوەیی سوورباو یا قاوەیی مشکییە.  شیپەڕەکانی بە قەدەوە نەنووساون ئازادن؛ و زۆر لەیەکترییەوە نزیکن.


درێژیی قەدەکەی دەگاتە ١٠٠ میلیمەتر.  و ئەستوورییەکەیش دەگاتە ٢٠ میلیمەتر.   پارچەکانی پەردەکە وەک داوێنی کراسێک بە قەدەکەدا شۆڕدەبێتەوە.  رەنگە هەڵوەرێت یا بمێنێتەوە و دوواتر لە کاتی پێگەیشتنیدا بگۆڕێت بۆ زەردی لینج.

رەنگی گۆشتەکەی سپییە؛ و تەنمیوەکەی بۆنی کەمێک لە بۆنی هاڕڕاوەی پەڵەبەر (بڵیچ پاودەر) دەچێت.  هەروەها رەنگی هاگەکانی سپییە.  لە بنی قەدەکەیدا سەرکێکی هەیە کە بە پوولەکەگەلی قاوەیی مشکیباو داپۆشراو.


سەبارەت بە خۆراکیبوون یا ژەهراویبوونی ئەم چەشنە قارچکە بۆچوونی جیاواز هەیە.  پۆمەرڵۆ ١٩٨٠ دەڵێت بە گومانەوە خۆراکییە.  ئۆرسن و میڵەر لە پەرتووکەکەیاندا دەڵێن لەوانەیە ژەهراوی بێت.  هەروەها رۆجەر فیڵپس وەک کوارگی ناخۆراکی ناوی بردووە.




سەرچاوە

ئەمانیتاسیی 

جەنگڵ دراگن




28.1.22

کوارگی ئەمانیتا ئاڵبۆکریتا

  ناخۆراکی 

وەک لە ناوەکەیەوە دیارە لە جسنی ئەمانیتایە؛ بەڵام ئەلقەی نییە.  بە پڵنگی بێ ئەڵقە و ئەمانیتای پڵنگی بێ ئەڵقەیش ناسراوە.  ساڵی ١٩٤٤ لەلایەن ویلیام موریلەوە دۆزرایەوە.  پێشتریش ساڵی ١٩٠٢ لەلایەن جۆرج  فرانسیس ئاتکینسنەوە وەسفیکرابوو؛ و بە ناوی ئەمانیتۆپسیس ئاڵبۆکریتا پۆلێنکرابوو.  لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەمریکا و باشووری رۆژهەڵاتی کانەدا، لە دارستانەکانی درەختی تسوگا کە چەشنێک رووەکی گاگۆڕاڵە دەڕوێت.  لە سەرەتای هاوین تا کۆتایی هاوین کە لەو ناوچانە وەرزی بارانە، ئەم چەشنە قارچکە دەبینرێت.  


کڵاوەکەی سپییە؛ و نێوەراستەکەی زەرد یا زەردی تاریکە؛ و لێوارەکانی کڵاوەکەی زۆر رێکن.  تیرەی کڵاوەکەیشی ٢٥ تا ٨٥ میلیمەتر دەبێت.


کڵاوە تەنک و رێکەکەی بینراوە کە پەردەی کاسەکەی پێوە دەنووسێت؛ بەڵام بە ئاسانی لادەچێت.  کاتێک کە تەڕە، لووس و دیسناکە.  شیپەڕەکانی ئازادن و رەنگە زۆر کەم بە قەدەکەوە بنووسێن.  رەنگیان قەیماغی و قەیماغیی کراوەیە. 


درێژیی قەدەکەی ٨٠ تا ١٢٠ میلیمەتر دەبێت و ئەستوورییەکەی ٦تا ٨ میلیمەترەقەف و ئەڵقەی نییە؛ بەڵام کاسەی بنی هەیە کە سپی و زیپکەدارەهەروەها بنی سەلکدارە و رەنگی سپییەئەم چەشنە کوارگە وەک ناخۆراکی هەژمار کراوە؛ بەڵام ژەهراویبوونی نەسەلمێندراوە.





سەرچاوە

مەشرووم جوورناڵ

ئەمانیتاسیی




کوارگی ئەمانیتا کرۆسی

  خۆراکی 

ئەمانیتا کرۆسیی بە شێوەیەکی بەرفراوان بە ئەوروپادا بڵاوە؛ و بە هاوژینی لەگەڵ درەختەکانی بەڕوو، بێتوولە\غان و چەند چەشنێک سنەوبەری ئەوروپایی دەڕوێت.  هەروەها لە باکووری ئەمریکایش دەڕوێت و باسی ئەوە کراوە کە لە ئێرانیش هەیە.  سەرچاوەیەک باسیکردووە کە لە ئێرانیش دەڕوێت؛ بەڵام ناوچەکەی دەسنیشان نەکراوە.  لە وەرزی هاوین و پاییزدا و بە تەنیا و بە کۆمەڵی بچووک دەڕوێن.  کوارگێکی خۆراکییە، بۆنێکی خۆش و تامی بادامیی هەیە.


کڵاوەکەی هیچ جۆرە پاشماوەیەکەی پەردە و کاسەی پێوە نییە.  تیرەی ٤٠ تا ١٠٠ میلیمەتر دەبێت.  لە دووای بۆڕبوون و پێگەیشتنیدا مەمیلەیەک لە نێوەراستتی سەر کڵاوەکەی دروستدەبێت.  لێوارەکان زۆر رێک و سافن.  بە تەڕ و تازەیی رەنگی نێوەراستەکەی نارنجییەکی زەعفەرانیی یا کەمێک قاوەییترە لە لێوارەکانی.


شیپەڕەکانی بە قەدەوە نەنووساون و ئازادن. زۆر لە یەکترییەوە نزیکن.  بە کۆمەڵ رەنگیان قەیماغییە و هەندێک جار بەلای ئاڵیش دا دەڕوانێت. کاتێک کە دەبڕدرێت یان لەتدەبێت رەنگی ناگۆڕێت.  بەڵام بە تکاندنی هایدرۆکسیدی پۆتاسیوم بەسەریدا رەنگی دەگۆڕێت بۆ زەیتوونی.



درێژیی قەدەکەی ٨٥ تا ٢٣٠٠ میلیمەتر دەبێت و تیرەی ئەستوورییەکەی ٧ تا ١٤ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی قەیماغیی زەرد تا نارنجیی کراوەیە.  قەدەکەی نەخشی وای تێدایە لە بڵێسەی ئاگر دەچێت.   لە بنی قەدەکەیدا کاسەیەکی سپیی شێوە هەگبەی هەیە کە درێژییەکەی ٣٠ تا ٦٥ میلیمەتر دەبێت؛ و رەنگی دیوی ناوەوەی قەیماغیی نارنجی، خۆخیی کراوە، نارنجیی مەیلەو قاوەییە.  لای سەرووی قەدەکەی کەمووسکەیەک باریکترە لەلای خواروو.  نە ئەڵقەی هەیە و نە بنەکەیشی سەلکی نییە.

شایانی باسە کە رەنگی هاگەکانی سپییە.





سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

مەشرووم ئێکسپێرت







27.1.22

کەڕووزانیی مەیدانی

 


کەڕووزانی زانستێک نییە کە تەنیا و تەنیا لە ژوورێک، ئەزموونگەیەک یا فێرگەیەکی داخراودا کاری لەسەر بکرێت و لێیبکۆڵدرێتەوە و بتوێژرێتەوە.  ئەو بەشە کە پەیوەستە بە ژوورەکانی خوێندن و فێرکردن یان پشکنین و دەویان، بە دەزگا و ئامێرگەلی پێشکەوتووی وەک مایکرۆسکۆپە دیجیتاڵەکان زۆر جیاوازە لەو بەشە کە توێژەر بەشێوەی مەیدانی و ناوچە بە ناوچە بە شاخ و دۆڵ و چەم و دارستان و مێرگ و چیمەنەکاندا دەڕوات و بە ووردی سۆراغی کەڕووەکان دەکات.


باشترین و  دروستترین وەسفی کەڕووەکان ئەو کاتە دەکرێت کە تەڕ و تازەن و لە شوێن و ژینگەی خۆیانن.  جوانترین و سەرنجڕاکێشترین وێنە و ڤیدیۆیش هەر ئەو کاتە دەگیرێت کە کەڕووەکە لە ژینگەی خۆیدایە و خاک و زیندەندامەکانی دەوروبەری دیار و بەرچاون.  


هەر بۆیە بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و وانستەی وورد و زانستی هەر دەرفەت و دەرەتانێک بڕەخسێت، پێویستە کەسی کەڕووزان یا ئارەزوومەندی بووارەکە قۆڵی لێهەڵماڵێت و کەرەستە و پێداویستییەکانی ئامادە بکات و بڕوات بۆ پشکنینی هەناوی سروشت.


لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە کەڕووەکان  چەند جۆر کەرەستە و ئامێری گەرەکە. وەک کامێرای وێنە و ڤیدیۆ کە بتوانێت چاویلکەی بەهێزی بخرێتە سەر بۆ گرتنی وێنە و ڤیدیۆی کارگ و کەڕووە بچووکەکان لە نزیکەوە، جی پی ئێس بۆ تۆمارکردنی ناو و شوێنی قارچکەکان، مایکرۆسکۆپی بەهێز بەڵام بچووک و سووک بۆ سەیرکردنی هاگ و رایەڵکەکانی کەڕووەکان،  ئایپادێک بۆ تۆمارکردن و هەڵگرتنی زانیارییەکان تیایدا، چرایەکی بەهێز بۆ رووناککردنی ژینگەی کەڕوو لە کاتی وێنەگرتندا.  دەزگایەکی بچووک و سووک بۆ ووشککردنەوەی کەڕووەکان.


هەروەها هەندێک پێداویستیی تر وەک دەفری پێتریی ئامادەکراو بۆ چاندنی هاگی کەڕووەکان، لوولەی ئەزموونی بۆ هڵگرتنی نموونەی هاگی کەڕووەکان، چەند ماددەی وەک هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆم، ترشییەکان و خوێیەکان و.. بۆ بەکارهێنانیان لەکاتی پشکنین و تاقیکردنەوەی کەڕووەکاندا.  کیسی نایلۆنی بچووک بۆ هەڵگرتن و پاراستنی دەفرەکانی پێتری و لوولە ئەزموونیەکان.  کیسی کاغەزی بۆ هەڵگرتن و پاراستنی کەرووەکان.  مێزێکی بچووکی گەڕۆک، کەرەستەکانی پێوانە و کێشانە وەک تەرازوو، دۆلکە، هێڵکێش و کاڵیپەڕ، هەروەها ووردبینێکی دەستی،  چەقۆ، مەقاش، مقەست، بێڵۆکە، تەورێکی بچووک.  


ناونیشانی باشترین ئەو ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنانەی وێنە و زانیارییان لە سەر چەشن و جسنەکانی کەڕووەکان تێدایە وەک مەشرووم ئێکسپێرت، ئەمیتاسی، مەشرووم ئندێکس، مەشرووم ئۆبزێرڤەر، ماییکۆ وێب، مایکۆ بانک، ئای ناچرالیست، بریتانیکا، پریڤەیڵەنت فەنجای، بریتیش مایکۆڵۆجی سۆسایەتی، تری رۆت، فێرست نەیچەر، مایکۆ کیز، پیکچەر مەشرووم، مایکۆپۆرتاڵ و تاد..





بەشێک لە ئەو ماددە کیمیاییانەی کە لە ناسینی جسن و چەشنی کوارگدا بەکاردەهێنرێن و کەڕووزانی مەیدانی پێویستە لەگەڵ خۆیدا هەڵیانبگرێت، ئەمانەی خوارەوەن:


ئامۆنیا                                               Ammonia, Household ammonia


کە رۆژانە وەک ماددەیەکی پاککەرەوە لە ماڵدا بەکاردەهێنرێت یەکێکە لەو ماددە کیمیاییانە کە بۆ ناسینی قارچک سوودی لێوەردەگیرێت.  بۆ وێنە دوو دڵۆپی بەسەر کارگی بۆڵیتوس سپادسیوس دا دەکرێت یەکسەر رەنگ دەگۆڕێت بۆ شین بۆ شین-سەوز.  ئامۆنیا لە بازاڕ لەژەڕ زۆر ناوی بازرگانیدا دەفرۆشرێت وەک (هاندی ئاندی).