کەڕووزانی زانستێک نییە کە تەنیا و تەنیا لە ژوورێک، ئەزموونگەیەک یا فێرگەیەکی داخراودا کاری لەسەر بکرێت و لێیبکۆڵدرێتەوە و بتوێژرێتەوە. ئەو بەشە کە پەیوەستە بە ژوورەکانی خوێندن و فێرکردن یان پشکنین و دەویان، بە دەزگا و ئامێرگەلی پێشکەوتووی وەک مایکرۆسکۆپە دیجیتاڵەکان زۆر جیاوازە لەو بەشە کە توێژەر بەشێوەی مەیدانی و ناوچە بە ناوچە بە شاخ و دۆڵ و چەم و دارستان و مێرگ و چیمەنەکاندا دەڕوات و بە ووردی سۆراغی کەڕووەکان دەکات.
باشترین و دروستترین وەسفی کەڕووەکان ئەو کاتە دەکرێت کە تەڕ و تازەن و لە شوێن و ژینگەی خۆیانن. جوانترین و سەرنجڕاکێشترین وێنە و ڤیدیۆیش هەر ئەو کاتە دەگیرێت کە کەڕووەکە لە ژینگەی خۆیدایە و خاک و زیندەندامەکانی دەوروبەری دیار و بەرچاون.
هەر بۆیە بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و وانستەی وورد و زانستی هەر دەرفەت و دەرەتانێک بڕەخسێت، پێویستە کەسی کەڕووزان یا ئارەزوومەندی بووارەکە قۆڵی لێهەڵماڵێت و کەرەستە و پێداویستییەکانی ئامادە بکات و بڕوات بۆ پشکنینی هەناوی سروشت.
لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە کەڕووەکان چەند جۆر کەرەستە و ئامێری گەرەکە. وەک کامێرای وێنە و ڤیدیۆ کە بتوانێت چاویلکەی بەهێزی بخرێتە سەر بۆ گرتنی وێنە و ڤیدیۆی کارگ و کەڕووە بچووکەکان لە نزیکەوە، جی پی ئێس بۆ تۆمارکردنی ناو و شوێنی قارچکەکان، مایکرۆسکۆپی بەهێز بەڵام بچووک و سووک بۆ سەیرکردنی هاگ و رایەڵکەکانی کەڕووەکان، ئایپادێک بۆ تۆمارکردن و هەڵگرتنی زانیارییەکان تیایدا، چرایەکی بەهێز بۆ رووناککردنی ژینگەی کەڕوو لە کاتی وێنەگرتندا. دەزگایەکی بچووک و سووک بۆ ووشککردنەوەی کەڕووەکان.
هەروەها هەندێک پێداویستیی تر وەک دەفری پێتریی ئامادەکراو بۆ چاندنی هاگی کەڕووەکان، لوولەی ئەزموونی بۆ هڵگرتنی نموونەی هاگی کەڕووەکان، چەند ماددەی وەک هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆم، ترشییەکان و خوێیەکان و.. بۆ بەکارهێنانیان لەکاتی پشکنین و تاقیکردنەوەی کەڕووەکاندا. کیسی نایلۆنی بچووک بۆ هەڵگرتن و پاراستنی دەفرەکانی پێتری و لوولە ئەزموونیەکان. کیسی کاغەزی بۆ هەڵگرتن و پاراستنی کەرووەکان. مێزێکی بچووکی گەڕۆک، کەرەستەکانی پێوانە و کێشانە وەک تەرازوو، دۆلکە، هێڵکێش و کاڵیپەڕ، هەروەها ووردبینێکی دەستی، چەقۆ، مەقاش، مقەست، بێڵۆکە، تەورێکی بچووک.
ناونیشانی باشترین ئەو ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنانەی وێنە و زانیارییان لە سەر چەشن و جسنەکانی کەڕووەکان تێدایە وەک مەشرووم ئێکسپێرت، ئەمیتاسی، مەشرووم ئندێکس، مەشرووم ئۆبزێرڤەر، ماییکۆ وێب، مایکۆ بانک، ئای ناچرالیست، بریتانیکا، پریڤەیڵەنت فەنجای، بریتیش مایکۆڵۆجی سۆسایەتی، تری رۆت، فێرست نەیچەر، مایکۆ کیز، پیکچەر مەشرووم، مایکۆپۆرتاڵ و تاد..
بەشێک لە ئەو ماددە کیمیاییانەی کە لە ناسینی جسن و چەشنی کوارگدا بەکاردەهێنرێن و کەڕووزانی مەیدانی پێویستە لەگەڵ خۆیدا هەڵیانبگرێت، ئەمانەی خوارەوەن:
ئامۆنیا Ammonia, Household ammonia
کە رۆژانە وەک ماددەیەکی پاککەرەوە لە ماڵدا بەکاردەهێنرێت یەکێکە لەو ماددە کیمیاییانە کە بۆ ناسینی قارچک سوودی لێوەردەگیرێت. بۆ وێنە دوو دڵۆپی بەسەر کارگی بۆڵیتوس سپادسیوس دا دەکرێت یەکسەر رەنگ دەگۆڕێت بۆ شین بۆ شین-سەوز. ئامۆنیا لە بازاڕ لەژەڕ زۆر ناوی بازرگانیدا دەفرۆشرێت وەک (هاندی ئاندی).