19.1.22

قارچکەکانی جسنی گانۆدێرما

گانۆدێرما ئەپڵانتوم
 

گانۆدێرما جسنێکی قارچکە سوودارەکانە لە خێزانی گانۆدێرماتاسیی کە نزیکەی هەشتا چەشن دەگرێتە خۆ.   ووشەی سوو بە واتای کونی باریک و بچووک دێت کە بەرامبەرە لەگەڵ ووشەی (پۆر)ی ئینگلیسی.   زۆرێک لەمانە شوێنزایان ووڵاتانی گەرمەسێرییە و لەسەر درەختی زیندوو یا مردوو دەڕوێنلە رووی بۆماوەییەوە هەمەجۆرن و لە پزیشکیی نەریتیی ئاسیاییدا بەکاردەهێنرێنگانۆدێرما لە سوودارەکانی تر بەوە جیادەکرێتەوە کە هاگسازەکەی جووتدیوارەناوی گانۆدێرما لە واژەی یونانیی گانۆس بەواتای رەخشان و درەوشاوە وەرگیراوە چونکە قارچکەکە دەدرەوشێتەوەهەروەها دێرما واتە پێستبەسەر یەکەوە واتە پێست ڕەخشان.


ئەم قارچکە لای ژاپۆنییەکان بە (رەیشی) ناسراوە و لای چینییەکانیش پێیدەگوترێت (لینگ جی) واتە کوارگی ژیان یا نەمری.  ئەم جسنە ساڵی ١٨٨١ ئەم ناوەی لێنراقارچکی گانۆدێرما لوسیدیەم لە ناسراوترین چەشنەکانی ئەم جسنەیە کە سوودی تەندروستی و دەرمانیی زۆری هەیە، و پێستی کەڕوویین و زۆر کەرەستەی تریشی لێدروستدەکرێتهەروەها کارگی گانۆدێرما ئەپڵانتوم کە لە کوردستانیش دەڕوێت، لەم جسنەیە و دەرمانی ڤارۆواکوژی لێدروست دەکرێت.   لە رووی دەرمانییەوە کارگی گانۆدێرما ئەپڵەنەیتوم کە هەم مفتەژییە و هەم گەندەژییە، هەموو سیفەت و خەسڵەتەکانی گانۆدێرما لوسیدیەمی تێدایە. لە ئەوروپا بە تەتەڵەی هونەرمەندانیش ناسراوە؛ چونکە نیگارکێش و خۆشنووسەکان بۆ کاری هونەری وەک نیگار و نووسراوە بەکاریان دەهێنا.


کارگی گانۆدێرما لوسیدیەم لە هەموو چەشنەکان بەناوبانگترە و چەندین جۆر هەتوان و تۆز و کەپسوول و چای لێدروستدەکرێت؛ و بۆ چارەسەری زۆر نەخۆشی و بیماری سوودی لێوەردەگیرێت.



ئەم ڤیدیۆیە رۆژی ١٠\٢\٢٠٢٢ لە باخچەکانی هامڵتن لە نیوزیلەند ئامادەکراوە.



کەڕووەکانی جسنی داکریمایسیس



جسنێکی لینجەکەڕووەکانە  و لە خێزانی داکریمایسیتالیسە کە لە ٣٩ چەشن پێکهاتووە؛ کە لە سەرتاسەری جیهان دەبینرێن.  ساڵی ١٨١٦ کەڕووزانی ئەڵمانی کریستیان گۆتفراید دانیەڵ نیس ڤۆن ئیسنبێک وەسفی لینجەکەڕووەکانی کرد و ناوی داکریمایسیس ستیلاتوسی لێناون.  ووشەکە پێکهاتووە لە دوو بەش (داکری) واتە فرمێسک، ئەشک. هێسر، ئەسرین؛ و (مایسیس) یانی کەڕوو.  واتە ئەسرینەکەڕوو یا کەڕوویەک کە شێوەی لە فرمێسک دەچێت.  لەسەر درەختی مردووی گەڵاپانەکان و سنۆبەرەکان دەڕوێن.  هەروەها لەسەر کۆنە تەختە و چێو و تەڕاش و ئەمانە دەڕوێن و لە هەر وەرزێکدا بێ ئەگەر هەوا شێدار بێت بۆیان هەیە بڕوێن.   ئەم کەڕووانە لەسەر هەر دارێک بڕوێن نیشانەی ئەوەیە کە دارەکە زۆر رزیوە.

تەنمیوەی ئەم کەڕووە لە سەرەتدا رەنگی نارنجییەکی تڵخە و تا زیاتر کۆن دەبێ پتر دەگۆڕێت بۆ قاوەیی و روونتر دەبێت؛ و شێوە ماسیوییەکەیان دەگۆڕێت بۆ پانی.  






18.1.22

سوودە پزیشکی و دەرمانییەکانی کارگی مێڵەگورگانە

  دەرمانی 

کۆردیسێپس میلیتاریسی سروشتی

کارگی مێڵەگورگانە یا کارگی مارەزیو یا ئۆفایۆکۆردیسێپس، لە خێزانی ئۆفایۆکۆردیسیپیتاسییە.  خۆی جۆرێک کەڕووی مفتەژی\مشەخۆرە؛ بەشێوەی سروشتی لەسەر لاشەی هەندێک جۆر مێروو و جاڵجاڵۆکە دەژیێت و گەشەدەکات و کاردەکاتە سەر مێشکیان؛ و ناچاریان دەکات بچن لە دارێکدا یا لە شوێنێکی لەباردا پەنابگرن، کە شوێنەکە گونجاو و لەباربێت بۆ گەشەکردنی کوارگەکە.  دووای ئەوە چووزەرەی قارچکەکە لە سەری مێرووەکەوە دێتە دەرەوە و گەورەدەبێت.  کارگی مێڵەگورگانە دەوروبەری  ٤٠٠ چەشنی جیاوازی هەیە کە هەرکامیان پێکهاتەی جیاوازیان هەیە.  بەڵام لە نێو ئەم ٤٠٠ چەشنەدا دوو چەشنی کۆردیسێپس ساینێنسیس و کۆردیسێپس میلیتاریس زۆر ناسراون و کاریان لەسەر کراوە و بایەخیان پێدراوە.

کۆردیسێپس میلیتاریسی دەسچێن


لە کۆنەوە لە ووڵاتانی وەک چین و تیبەت وەک دەرمان بۆ چارەسەری ژانەسەر، رەوانی، کۆخە، رۆماتیزم، نەخۆشییەکانی جەرگ، نەخۆشییەکانی گورچیلە و زۆر شتی تر بەکارهێنراوە؛ و لە پەرتووکەکانیاندا وەسپیان کراوە.  لە ووڵاتی سیکیم  باوەڕ وایە کە کارگی مێڵەگورگانە چارەی هەموو نەخۆشییەک دەکات.   تەنیا یەک دەنک کارگی کۆردیسێپس ساینێنسیس کە لە بەرزایی سەروو ٣٥٠٠ مەتر لە کێوەکانی هیمالایای تیبەت و سیکیم و هەندێک هەرێمی تری چین دەڕوێت، نرخی دەگاتە ١٠ دۆڵاری ئەمریکایی.  لە ٢٥ ساڵی رابردوودا رێژەی مێڵەگورگانەی سروشتی لەم هەرێمانە لەسەدا نەوەد دابەزیوە؛ هەربۆیە دەسکراوە بە روواندنی لە ئەزموونەگەکاندا.  هەرچەندە ئێستا لە ئەمریکا بەشێوەی بازرگانی بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام بەهۆی ئەوە کە شێوازی روواندنەکەی زۆر جیاوازە لە جۆرەکانی تری قارچک، بڕی بەرهەمهێنانەکەی زۆر کەمە.


لە ساڵانی رابردوودا زۆر توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم چەشنە قارچکە کراوە؛ و  ئاکام و ئەنجامی ئەرێنی بەدەسهێنراوە.  دیارە تاقیکردنەوەکان زۆرتر لەسەر مشک جێبەجێکراون نەک لەسەر مرۆڤ.  هەموو ئەوانەیش سەلماندوویانە کە مێڵەگورگانە دژی شێرپەنجەیە و خانەشێرپەنجەییەکان لە ناودەبات،  سیستمی سەلامەتیی لەش بەهێزدەکات.  دژی پیربوونە، ئاستی شەکری خوێن رێکدەخات واتە بۆ شەکرەی جۆری دوو باشە،  زام و برین لە دڵدا کەمدەکاتەوە؛ واتە بۆ سەلامەتیی دڵ باشە.  هەرەەها دژی سووتانەوە و هەوکردنە.  زۆربەی کەسانی دەوڵەمەند مێڵەگورگانە بۆ مەبەستی زایەندی دەکڕن؛ چونکە هەستی زایەندی دەبزوێنەت و ناوی لێنراوە ڤیاگرای هیمالایا.

کۆردیسێپس ساینێنسیسی سروشتی


بڕی خواردنی مێڵەگورگانە بەشێوەیەکی زانستی نەتوێژراوەتەوە؛ بەڵام بەشێوەی نەریتی رۆژانە ١٠٠٠ تا ٣٠٠٠ میلیگرام بەکاربهێنرێت زیانی لاوەکیی بۆ لەش نییە.  ئەم قارچکە دەشێت لە سرکە و خوێدا هەڵبگیرێت، دەشێت لە ئەڵکۆهۆڵدا هەڵبگیرێت؛ دەشێت ووشکبکرێتەوە و بکرێتە نێو کەپسوولی ٤٠٠ میلیگرامی و بەیانیان و ئێواران یا سێ ژەمە کەپسوولەکان قووتبدرێت.   بەڵام باشترین رێگا ئەمەیە کە بە تەڕ و تازەیی بخورێت.  چای مێڵەگورگانە یەکێکە لە دێرینترین شێوازەکانی بەکارهێنانی.  بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ماوەی ١٥ تا ٤٥ خولەک بکوڵێندرێت تا هەموو ماددە سوودبەخشەکان لە قارچکەکە دێنە دەرەوە.   هەروەها دەشێت راستەخۆ کوارگەکە بخەیتە نێو ستیکانی چا یا قاوەکەتەوە بیخۆیتەوە.


بە دڵنیاییەوە دەشێت هەندێک چەشنی ئەم قارچکانە لە کوردستانیش هەبن بەڵام بەداخەوە لە ووڵاتی ئێمە کار لەسەر ئەم چەشنە کوارگەیش نەکراوە؛ و رەنگە لەسەدا یەک کەس لە خەڵکی ئێمە ناوی ئەم چەشنە قارچکەی نەبیستبێت.  بە ئومێدی ئەو رۆژە کە  قارچکی مێڵەگورگانە و هەموو چەشنەکانی تر لەلایەن خەمخۆرانی بوواری زیندەزانی و کەڕووزانیی کوردستانە بایەخیان پێبدرێت و لێیانبکۆڵدرێتەوە؛ تا سوود و زیانەکانیان دەربکەوێت و گەلی ئێمە بتوانێت کەڵک لەم سامانە نامۆ و نەناسراوەی ووڵاتەکەی وەربگرێت.





15.1.22

قارچکەکانی جسنی سیتاریا

 


سیتاریا یەکێکە لە جسنەکانی کەرووی ئەسکۆمایسیت یا کاسەییەکان. دەوروبەری دە چەشنی جیاوازی هەیە. لە باشووری ئەمریکا و ئوسترالیا و نیوزیلەند هەیە و لەسەر درەختی بناوی باشوور دەڕوێت. درەختی بناوی باشوور لە جسنێکن پێیدەگوترێت (نۆتۆفەیگس). باس لەوە کراوە کە هەوێنی ساکارۆمایسیس یووبایانووس لەخۆیدا پەنادەدات کە هەوێنیێکە بۆ دروسکردنی بیرە\ئاوجۆی کەم ئاڵکۆڵ بەکاردەهێنرێت. ئەم چەشنە قارچکانە هەموویان مفتەژی\مشەخۆرن و زۆربەیان شیاوی خواردنن.



یەکێک لەم چەشنە کوارگانە کە لە ووڵاتی شیلی بە زمانی ناوچەیی پێیدەگوترێت لاوۆلاوۆ و رەنگی زەردی نارنجییە سەرەتا لە کرۆکی درەختەکەوە دەستدەکات بە گەشەکردن. درەختەکەیش بۆ داکۆکی لە ژیانی خۆی رووبەڕووی دەبێتەوە و کۆمەڵێک گرمۆتکە دروستدەکات. کەڕووەکە بەردەوام دەبێت و گرمۆتەکان تێدەپەڕێنێت و لە ئەو سەریەوە بەشێوەی تۆپێکی خڕ سەردەردەهێنێت و دەبێتە کارگ. ئەم جۆرە کوارگە لە ووڵاتی شیلی زۆر مەردمییە. چەشەی شیرینە و وەک دوایژەم (دەسەرت) و بەستەنی\ئایسکرێمش بەکاریدەهێنن.





12.1.22

رێنمایی بۆ ئەوانەی راوی قارچکی سروشتی دەکەن


کۆمەڵێکی زۆر قارچکی گوندی کانی سپیکە کە بەهۆی گڵ و
خۆڵەوە قوڕاوی بوون و رەنگیان تێکچووە و هەروەها بە هۆی
ئەوە کە لە هەگبەی گونجادا هەڵنەگیراون لەتوپەت بوون


سەرەڕای ئەوە کە زۆرێک لە خەڵکی کوردستان لە قارچک دەترسن و بەلایدا ناچن، لە هەمان کاتدا کەسانی کەڕووشەیدا و لایەنگری قارچکیش کەم نین.  لە پلەی یەکەمدا ئەوانەی خەڵکی کوێستانەکانن و لە وەرزی بەهاردا بە دووای کوارگەکانی کوێستاندا وەک هەڵز، کەما، کەرکۆڵ و تاڵیتۆز و ئەمانەدا دەگەڕێن.  هەروەها ئەو کەسانەیش کە لای دەشتی قەراج و کەندێناوە و  زرارەتی و گەرمیان لە وەرزی زستاندا خولیای دۆزینەوەی دۆمبەڵانن؛ یان ئەو کەسانە کە لە دووای دەسپێکی بارانی پاییزەوە لە دارستانەکان و نێو تەڕاش و دەم ئاوەکاندا دەگەڕێن بە شوێن جۆرە جیاوازەکانی کوارگدا.

قارچک هەم ناسکە و هەم توێکڵی نییە و زۆریشیان رەنگیان سپییە، هەربۆیە کاتێک قوڕ و گڵ پێیانەوە دەنووسێت رەنگیان ناشیرین و نەتەچاو دەکات؛ و زۆر بە ئاسانیش لەکاتی هەڵگرتنیاندا لەتوپەت دەبن.  هەربۆیە لەم کورتە بابەتەدا هەوڵدەدرێت کورتە رێنماییەک بدرێتە ئەو کەسانەی راوی قارچک دەکەن؛ بەو هیوایەی لەبەرچاوی بگرن.

یەکەم: کاتێک دەچن بۆ کۆکردنەوەی قارچک پێویستە چەقۆ لەگەڵ خۆتان ببەن.

دووەم: ئەگەر بتوانن فڵچەیەکی بچووکیش لەگەڵ خۆتان ببەن زۆر باشترە.

سێهەم: ئەو کیسە یا هەگبەیەی قارچکی تێدا هەڵدەگریت زۆر گرنگە کە بزانیت لە چی درووسکراوە.  نایلۆن و پلاستیک خراپترین ماددەن بۆ هەڵگرتنی کوارگ؛ چونکە ناهێڵن هەناسە بدات و خێرا قارچکەکە تێکدەچێت.

چوارەم: وا باشە بۆ هەڵگرتنی قارچک سەبەتەی چنراو لە شووڵ بەکار بهێنرێت؛ ئەگەر نەبوو، هەگبەی دروسکراو لە قوماشی خام یا جاو لەگەڵ خۆتدا ببە بۆ هەڵگرتنیان.

پێنجەم: هەندێک جۆری کوارگ خۆڵیان پێوەیە یان هێشتا بەتەواوی سەریان لە گڵ دەرنەهێناوە؛ بۆیە دووای ئەوەی لە هەردەکە دەریدەهێنیت، پێویستیی بە پاک کردنەوەیە.  پێش هەموو شتێک بە چەقۆ ئەو بەشە لە بنەکەی ببڕە کە گڵ یا قوڕی پێوەنووساوە؛  چونکە ئەو قوڕە ئەوانی تریش پیس دەکات.

 شەشەم: دوای بڕین و فڕێدانی بنەکەی، قەدەکەی و کڵاوەکەی بە فڵچە لە گڵ و قوڕ دابماڵە تا گڵەکەی لێبێتەوە و خاوێن بێتەوە؛ ئینجا بیخەرە ناو  سەبەتە یا هەگبەکەتەوە.


هەفتەم: زۆربەی قارچکەکان رەنگی شیپەڕەکانیان سپی، مۆر، زەرد، ئاڵ و قاوەییە بەڵام کاتێک تەمەنیان دەچێتە سەر و زۆر پێدەگەن رەنگەکەیان دەگۆڕێت بۆ رەش.  ئەو کوارگانەی ژەهراویش نین، کاتێک رەنگەی شیپەڕەکەیان دەگۆڕێت بۆ رەش شایستەی خواردن نین چونکە رێژەی ژەهر تیایاندا زۆر دەبێت و زیانی دەبێ بۆ تەندروستیی مرۆڤ.