5.1.22

جسنەکانی ڤۆڵڤاریلا و ڤۆڵڤۆپلوتیوس

ڤۆڵڤاریلا



هەردووک جسن رەنگی شیپەڕە و هاگەکانیان ئاڵ و پەمەییە.  هەردووکیشیان وەک لە ناوەکانیانەوە دیارە کاسەدارن واتە بنەکەیان پێکهاتووە لە کاسەیەک بە دەوری قەدەکەیانەوە.  گەندەژین و دار و چیلکە  و خاشاڵ دادەڕزێنن، یا لە نێو مێرگ و چیمەن یا نێو لێڕەوار دەڕوێن.  هەندێک لە چەشنەکانی ئەمانیتا لەمان دەچن بەڵام ئەوان رەنگی هاگەکانیان سپییە و هەندێک جاریش بە دەوری قەدەکەیانەوە ئەڵقەیان هەیە.  لەبەرئەوەی رەنگی هاگی ڤۆڵڤاریلا لە سەرەتادا سپییە، پێویستە لەسەرخۆ بیت و لێیبگەڕێت تا پێدەگات، ئەگەر رەنگی گۆڕا بۆ ئاڵ ئەوا ڤۆڵڤاریلایە، ئەگەر نا ئەمانیتایە



ڤۆڵڤۆپلوتیوس


لێک هەڵاواردنی چەشنەکانی ڤۆڵڤاریلا لەگەڵ ڤۆڵڤۆپلوتیۆس بۆ هەندێک چەشن زۆر ئاسانە و بۆ هەندێکیش زۆر چەتوونە.  خۆی جسنی ڤۆڵڤۆپلوتیۆس بەم دوواییانە لە جسنی ڤۆڵڤاریلا جیاکرایەوە.  ژمارەی چەشنەکانی جسنی ڤۆڵڤاریلا دەوروبەری ٤٥ چەشنە؛ و ژمارەی چەشنەکانی ڤۆڵڤۆپلوتیوس تا ئێستا چوار چەشنە؛ بەڵام نۆ چەشنی تریش لە نۆرەدان تا دوای دەویان و پشکنینی تەواو بڕیاریان لەسەر بدرێت.  هەروەها سەبارەت بە چەشنەکانی ڤۆڵڤاریلایش جیاوازیی بۆچوون هەیە.  بۆچوونێک دەڵێت کە بەشێکیان سەر بە خێزانی پلوتیساین و بۆچوونێکیش دەڵێت لە رووی دی ئێن ئەیەوە لە شیزۆفایلومەوە نزیکن.





تۆماری تازەی سێ چەشن کەڕوو لە کرماشان


لە راگەیەندراوێکدا کە لەژێر سەردێری دۆزەگەلێکی نوێ لە زیندەزانیدا بڵاوکراوەتەوە؛ و ناوی دەستەیەک لە گیاپزیشکانی زانکۆی رازیی کرماشانی تێدا نووسراوە کە بریتین لە ئیلهام سەید محەممەدی، سەعید عەبباسی، محەممەد رەزا ئاسف و سەمەد جەمالی، باس لەوە کراوە کە لە توێژینەوەیەکدا کە سێ ساڵی خایاندووە، واتە ٢٠١٤-٢٠١٧ توانراوە پێنج چەشن کەڕوو کە هەموویان سەر بە کاسەسانەکانن لە ناوچەکانی کرماشان بدۆزرێتەوە.

ناوی کەڕووەکان بەم جۆرە لە راگەیەندراوەکەدا نووسراوە: 

تیرمانیا پاینۆیی، تێرفێزیاکڵایەری، پایکۆوا جیوونێپێری و پایکۆوا لێفێڤری، هێلڤێڵا ئەسیتابیووڵەم.




شایانی باسە کە لەم پێنج چەشنە دووانیان پێشتریش لە کرماشان دۆزرابوونەوە؛

 بەڵام چەشنەکانی پایکۆوا جیوونێپێری و پایکۆوا لێفێڤری هەردووکیان دۆمبەڵانن و یەکەم جارە لە کرماشان تۆمار دەکرێن.

 هەروەها چەشنی سێهەم کە بریتی بوو لە هێلڤێڵا ئەسیتابیووڵەم لە قارچکە کاسەییەکانە و ئەویش یەکەمجارە لەوێ دەدۆزرێتەوە. 












سەرچاوە:

زانکۆی خوارەزمی



4.1.22

جسنی قارچکەکانی سترۆفاریا

 

جسنی سترۆفاریا کە پێکهاتووە لە ٣٠ چەشنە کارگ، هەندێک جار بە ناوێکی گشتی دەناسرێت کە بریتییە لە (راوندهێدس) واتە سەرخڕەکان. ئەم قارچکانە قەبارەیان لە مامناوەندییەوە هەیە تا گەورە و هەموویان ئەگاریکن بەڵام جیاوازییەکیان هەیە کە بریتییە لە هەبوونی پەردە بە قەدەکەیانەوە.  ناسراوترین قارچکی ئەم جسنە چەشنێکە بە ناوی سترۆفاریا روگۆسۆنوولاتا و چەشنێکی سەوزی شینباو بە ناوی سترۆفاریا ئێروگینۆسا. 


سترۆفاریاکان بەشێوەی گشتی بۆ خواردن دەسنیشان ناکرێن چونکە گومان لە خۆراکیبوون ژمارەیەکیان دەکرێت.  سەرەڕای ئەمەیش سترۆفاریا روگۆسۆنوولا کە ناوە گشتییەکەی (واین کەپ) واتە کڵاو شەرابیە، قارچکێکی باوە لە باکووری ئەوروپا و هەندێک شوێنی تر.  تەنانەت لە باخچەکانیاندا دەیڕوێنن.  هەندێک کەس تەنیا بۆ جوانی دەیڕوێنن و هەندێکیش بۆ خواردنی خۆیان یا بۆ فرۆشتن.  کوارگی سترۆفاریا کە لەسەر ووردە دار و چێو دەڕوێت، روواندنی زۆر ئاسانە.

لە هەندێک سەرچاوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە باشترین شوێن بۆ روواندنی کارگی سترۆفاریا مەزرای گەنمەشامییە.  کاتێک زەوییەکەت بە گەنمەشامی\گوڵەدان.زەڕات دادەچێنیت، دەتوانیت لە پاڵ ئەویشدا کارگی سترۆفاریا بڕوێنیت.  لەم بارەیەوە ئەم چەشنە قارچکە مێژوویەکی لە ئەوروپا تۆمار کردووە.  هەروەها لە توێژینەوەیەکدا کە ساڵی ٢٠٠٦ لە گۆڤاری (Applied  and environmental mibrobiology)دا بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە سترۆفاریا دەتوانێت پەلاماری مەچیرکی (Pagarellus redivuvus) بدات.  ئەم کەڕووە خانەگەلی دڕکنی بێوێنە (Acanthocytes) دروستدەکات کە دەتوانن رێگە لە جووڵەی مەچیرکەکان بگرن و قووتیان بدەن.




قارچکەکانی جسنی فلامولینا

 

جسنێکی قارچکەکانە لە خێزانی فیسالاکرایاسییە کە سەر بە سانی ئەگاریکاڵەکانە. لە زۆر بەی ناوچەی جەمسەرییەکان و ئەو ناوچانەی هەوای مامناوەندییان هەیە دەبینرێت. فیسالکرایاسییەکان ٢٨ جسنیان لێ ناسراوە. جسنی فلامولیایش کە سەر بەم خێزانەیە، ئەوەی تا ئێستا زانراوە ١٠ چەشنی جیاوازی هەیە. لەسەر دار و درەخت دەڕوێن. هەیانە رەنگی کڵاوەکەیان نارنجییە و هەیشیانە سپی یا سپیی زەردواشە.
ئەم جۆرە کوارگانە لە ژاپۆن و ووڵاتانی ئاسیا زۆر مەردمی و باون. چەشنی فلامولینا ڤێلیووتایپس تەنانەت بەشێوەی بازرگانیش دەڕوێنرێت؛ بەڵام کاتێک دەیڕوێنن قەدەکەی زۆر درێژ و باریک و کڵاوکەی بچووکتر و رەنگیشی سپی دەبێت. لە ژاپۆن بە ئینۆکی یا ئینۆکیتاکی ناسراوە. جیاوازیی ئەم جۆرە قارچکانە لەگەڵ زۆربەی قارچکەکانی تر ئەمەیە کە فلامولیناکان لە وەرزی زستاندا دەڕوێن.
لە کوردستانیش لە زستاندا و لەسەر درەختی (کەوت) دەڕوێن؛ کەواتە بە کوردی کارگی کەوت یاکارگی زستانیان پێدەگوترێت.
وێنەکە ساڵی ٢٠١٩ کاک #ئیبراهیم_حەمەدەمین لە گوندی #دارەبەن ی دۆڵی #شاورێ ی سەر بە #رانیە گرتوویەتی






3.1.22

جسنی کۆپرینووس


جسنێکی بچووکی کەڕووە شێوە قارچکەکانە. ئۆرناگ\گۆنمیناک(Type species)ی ئەم جسنە کۆپرینووس کۆماتووسە؛ و سەر بە سانی ئەگاریکاڵەکانن. تا ساڵی ٢٠٠١ ژمارەی چەشنەکانی ئەم جسنە لە ٣٥٠ چەشن پتر بوو. لەسەر بنەمای بیچم و روواڵەتیان پۆلێن کرابوون؛ و خاڵی هەرە گرنگی لێکچوویان بریتی بوو لەوە کە دووای پیربوون و پێگەیشتنیان دەتوێنەوە و دەگۆڕێن بۆ رەنگێکی رەش. لە ساڵانی کۆندا ئەم رەنگە رەشە دەکرا بە مەرەکەب بۆ نووسین؛ هەربۆیە بەم چەشنە قارچکانەیان دەگوت کڵاومەرەکەب. بەڵام لەوساوە کە بە رێگای پشکنینی ماکەتوخمی گەردی(Molecular phylogenetic) پشکنران، دەرکەوت کە زۆرینەیان جیاوازن. هەربۆیە لەم جسنە جیاکرانەوە و دابەشکران بەسەر جسنەکانی کاپریلینووس، کۆپرینۆپسیس و پاراسۆڵا. ئێستا بە گشتی جسنی کۆپرینوس و جسنە جیاکراوەکان وەک کەڕووەکانی کۆپرینۆیدا ناسراون.
ئەم چەشنە قارچکانە لەسەر چیلکە و پووش و دار و چێو و لەسەر پاشەرۆی ئاژەڵ دەڕوێن. چەشنەکانی کۆپرینووس کۆماتووس و ئەترامێنتاریوس خۆراکین و پێش ئەوەی رەنگیان بگۆڕێت بۆ رەش, ژەهراوی نین.




سەرچاوە: