27.10.21

چەکی زیندەزانی\بایۆلۆژیک



چەکەمەنیی زیندەزانی، جەنگەوزاری زیندەزانی. بریتییە لە نیتەندامگەلی لە گوین نیتگ(ڤایرەس)ەکان، بەکتریاکان و کەڕووەکان یا ئەو ژەهرانەی بە مەبەست بەرهەمدەهێنرێن و بەکاردەهێنرێن تا ببنە هۆکاری بیماری و مەرگی مرۆڤەکان، ئاژەڵەکان و رووەکەکان.
ماددەکانی وەک ئەنتراکس و ژەهری بۆتولینوم و تاعوون دەکرێت دۆخێکی نەخۆشینیی سەخت بهێننە ئاراوە؛ و ببنە هۆی مردنی ژمارەیەکی زۆری مرۆڤەکان لە ماوەیەکی کورتدا؛ و کۆنترۆڵکردنیشی چەتوون و دژوارە.
شایانی باسە کە بەکتریای باسیلووس ئەنتراسیس، ژەهری بەکتریایی بۆتیلینوم، نیتگی ڤاریۆڵا مەیجەر(ئاوڵۆکە)، بەکتریای فرانسیسێڵا تولارێنسیس، نیتگی ئیبۆڵا، بەکتریای یەرسینیا پێستیس، نیتگی ماربورگ، نیتگی بونیاڤایرەس و کەڕووی ئەفلاتۆکسین کوشندەترین چەکە زیندەزانیەکانن. لە هەمان کاتدا بەرهەمهێنانی هەندێکیان زۆر ئاسانە و لە رووی داراییەوە تێچوویەکی زۆر کەمی دەوێت. هەروەها بۆی هەیە بڕێکی زۆر کەم لەم ماددانە زیانێکی زۆر گەورەی لێ بکەوێتەوە بۆ وێنە دەکرێت یەک گرام لە ژەهری بۆتولینوم بکرێتە ئاوەوە و پتر لە یەک میلیۆن کەس پێی بکوژرێت.
لە گەرمەی جەنگیی جیهانیی دووەمدا هاوپەیمانەکان سازیی ئەوتۆیان دامەزراند کە توانای بەرهەمهێنانی ئەنتراکس و باسیلۆسیس و بۆتولینومیان هەبوو بەڵام، پێش ئەوەی ناچار بن بەکاریان بهێنن، دوایی بە جەنگ هات.
جێی سەرنجە کە کۆڤەنسیۆنی چەکەمەنیی زیندەزانی\بایۆلۆژیی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٧٢، گەشەپێدان، بەرهەمهێنان، خواست، گواستنەوە، کەڵەکەکردن و بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی زیندەزانی و ژەهرناکی قەدەغە کردووە؛ و لەلایەن ١٨٣ وڵاتەوە واژۆ کراوە.



سەرچاوە

ئارمی تێکنۆڵۆجی

وۆرڵد هێڵت ئۆرگەنایزەیشن

یونایتد نەیشنز 

مێدیکاڵ نیوز تودەی

ئینسایکڵۆپێدیا بریتانیکا

19.10.21

کەڕووی کاکتووس



 کەڕووی کاکتوس جۆرە کەڕوویەکە شێوەی دڕکنە و لە رووەکی کاتوس دەچێت هەر بۆیەم ئەم ناوەی لێنراوە.  ناوە زانستیییەکەی بریتییە لە تایڵاکڵیدیەم براکیاتوم.  ئەم کەڕووە لە سەر دار و چێوی مردووی ئەو درەختە سنۆبەرانە دەڕوێت کە وەک داری کریسماس بەکاردەهێنرێن.  هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە ئەم جۆرە کەڕووە لەسەر کەڕووی تر دەڕوێت.  ئەم کەڕووە پێشتر بە ناوی (کڵاڤاریا براکیاتا) یا (سیودۆنێکتریا تایڵاڵیدی) ناسرابوو؛ و بەوە ناسراوە کە لە هەموو هەرێمەکانی جیهاندا دەڕوێت.  دوواتر بە هۆی جیاوازیی بۆماوەیی (جێنێتیک)  جیاکرایەوە و وەک جسنێکی سەربەخۆ هەژمار کرا.  بەشێوەیەکی گشتی زانیاریی وورد سەبارەت بەم کەڕووە کەمە و لە ئایندەدا هەر ووردەکارییەک بڵاو ببێتەوە، تێدەکۆشین بیکەین بە کوردی.  



17.10.21

سەهۆڵە پرچ



سەهۆڵە موو یا خوریی سەهۆڵین یا ریشی یەخی، جۆرە سەهۆڵێکە کە لەسەر دار و  چێوی مردوو دروستدەبێت؛ و شێوەی پرچ و موو بەخۆیەوە دەگرێت.  زۆر بەربڵاو نییە و پتر لە دارستانی درەختە گەڵاپانەکانی هەرێمەکانی باکووری جیهان بەرچاودەکەوێت.


   یەکەمجار ساڵی ١٩١٨ وەسفکراوە و وەک کەڕوو ناسێنراوە.  ساڵی ٢٠٠٥ پشتڕاست کرایەوە کە کەڕووی ئێکسیدیۆپسیس ئێفووسا لەسەر چێوەکە دەڕوێت و پاشان لە ژێر کاریگەریی تەزووی سەرمادا تاڵ و ریشاڵە سەهۆڵەکان دروستدەبن و شێوەی پرچ بەخۆیەوە دەگرێت. 

  ساڵی ٢٠١٥ زانایانی ئەڵمانی و سویسی سەلماندیان کە ئەم هەر تاڵێک لەم سەهۆڵە تاڵێک لە کەڕووی ئێکسیدیۆپسیس ئێفووسا لە ناویدا هەیە.  شایانی باسە کە هەر چێوێک ئەم کەڕووە لەسەری بڕوێت بۆی هەیە تا دە ساڵ بەردەوام ساڵانە لەسەری بڕوێتەوە.




سەرچاوە

مێت ئۆفیس

بی بی سی

ساینس ئەڵێرت



 

مایکۆهیڵ


مایکۆهیڵ دەرمانێکە بە ناوی جیاواز و لە وڵاتگەلی جیاواز دەفرۆشرێت.  ئەم دەرمانە کە بەشێّەی هەتوان و کرێم دروستکراوە، بۆ نەهێشتنی کەڕووی هەوێنی پێستی و کەڕووی پەنجەکانی پێ و سووتانەوەی ئەندامی زاووزێی ژنان بەکاردەهێنرێت.

مایکۆهیڵ لە عومان و لوبنان و توونس بە ناوی مایکۆنازۆڵ دەفرۆشرێت

سەرچاوە:

16.10.21

کرمی بەفر

 


کرمێکی بچووکە درێژییەکەی یەک سانتیمەتر و پانییەکەی یەک میلیمەترە.  ساڵی ١٨٩٨ بۆ یەکەمجار دۆزرایەوە و  ناوە زانستییەکەی بریتییە لە مێسینکیترایوس و ٧٧ چەشنی جیاوازی هەیە.  لە کوردەواریدا دەگوترێت کە رەنگی سپییە و ئەو کاتە کە بەفر کۆن دەبێت واتە بەهار نزیک دەبێتەوە بەفردەگەنێت و ئەم جۆرە کرمەی لێ پەیدا دەبێت.  هەروەها قسەیەکیش هەیە کە دەڵێن ئەگەر کرمەکە دوای ووشککردنەوە بهاڕدرێت و بکرێتە نێو ئاوەوە ساردی دەکات.  ئەم ووتەیە  لە زۆر ناوچەی کوردستان دەبیسترێت بەڵام لە رووی زانستییەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.  گوایە ووشەی (زەلال) کە لە کورمانجیدا بۆ ئاوی سارد و چەییگ بەکاریدەهێنن ناوی ئەم کرمەیە.  واتە کاتێک کە دەڵێن ئاوی زەلال مەبەست ئەو ئاوەیە کە بە هاڕراوەی ئەم کرمە سارد بووە.  دیارە ئەمەیش هەر گومانە چونکە زەلال پتر واتای روون و رۆشن دەگەیەنێت نەک سارد و چەییگ.

  دیار نییە ئەو چەشنەی لە کوردستان هەیە ناوی چییە بەڵام ئەوانەی لە ووڵاتانی تر هەن رەنگیان سپی نییە.  زۆربەیان رەنگیان رەش، شین، قاوەیی و سوورە.  هەرچەندە زۆر بچووکە بەڵام لە چەشنی ئاڵقەییە و لە کرمە سوورەی گڵ دەچێت.  لە پلەی سفر سەدیدا دەژیێت و حەز لە رووناکی و تیشکی خۆر ناکات، هەربۆیە لە دوای کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆوە دێتە سەر بەفر و بە دووای خۆراکدا دەگەڕێت.


  خۆراکی ئەم کرمە بریتییە لە قەوزەی سوور و بەکتریا و ریزەندامەکان کە لەسەر کڵێڵە و رنووە بەفر دەژیێن.   زانکۆی دەوڵەتیی واشنگتۆن پشتڕاستی کردووەتەوە کە کرمی بەفر لە پلەی خوار سفری سەدیدا دەمرێت؛ و هەروەها دەڵێن لە هەر رنوویەکدا نزیکەی پێنج میلیارد کرمی بەفر هەیە.  ئەم کرمە لە رنوو و کڵێڵە بەفرەکاندا دەژیێت و جۆرە پرۆتینێکی تێدایە کە دژی یەخبوون و شەختانە، هەربۆیە بە ئاسانی دەتوانێت لە بەفر دا بژیێت و بە ناویدا هاتوچۆ بکات.





سەرچاوە


نیکۆڵس

ئایس وۆرم فێستیڤاڵ

نەیچەر وۆرڵد نیوز