13.10.21

کوارگی مێڵە گورگانە لە وانستەیەکی زانکۆی ئۆکسفۆرد دا

مێڵەگورگانەی دەسچێن


بەگوێری توێژینەوەیەک کە لە لایەن کۆمەڵێک توێژەری زانکۆی ئۆکسفۆردەوە ئەنجام دراوە، ماددەیەکی کاریگەری لە کارگی مێڵەگورگانە (کۆردیسێپس) دەرهێنراوە بە ناوی کۆردیسێپین کە زۆر کاریگەرە لە چارەسەرکردنی نەخۆشیی شێرپەنجە.

بە هاوکاریی کۆمپانیای دەرمانسازیی بەناوی (نووکانا) ئەم ماددەیە پێشخراوە و بە جۆرێک چڕکراوەتەوە کە چل بەرابەری خۆی بەهێزکراوە تا بۆ مەبەستی کیمۆدەرمانی بۆ چارەسەری نەخۆشەکانی شێرپەنجە بەکار بهێنرێت.

شایانی باسە کە سەدان و هەزاران ساڵە ئەم جۆرە قارچکە لە چین و وڵاتانی ئاسیای رۆژهەڵات وەک قارچکێکی دەرمانی بەکاردەهێنرێت؛ و بۆ سێرپەنجەیش بەکاهێنراوە.

مێڵەگورگانەی خۆڕسک


سەرچاوە

زانکۆی ئۆکسفۆرد

نیو ئەتڵەس


 


8.10.21

سوودەکان خۆراکی کفکاو یا کفکێنراو


لە توێژینەوەیەکدا کە لە زانکۆی ستانفۆرد لە کالیفۆرنیا ئەنجام دراوە، سەلمێندراوە کە ئەو خۆراکانەی بە هۆی کفکان یا ترشان دروستدەکرێن
سوودی زۆر بە لەش دەگەیەنن. لە توێژینەوەکەدا خۆراکی وەک ماست، کیمچی، کەلەم ترش، کۆمبوچا و کەفیر بەکارهێندراون. ئاکامەکەی بریتی بووە لەوە کە ئەو کەسانەی لە ماوەی توێژینەوەکەدا رۆژانە بڕێکی دیاریکراویان لەم خۆراکانە پێدراوە، رێژەی نیشانەکانی هەوکردن لە لەشیاندا دابەزیوە.

شایانی باسە کە گەدە و ریخۆڵەکانی مرۆڤ و زیندەوەران میلیۆنان جۆر بەکتریای سوودبەخش و زیانبەخشی تێدایە کە ناسراون بە بەکتریاگەلی وەلژی(مایکرۆبایۆ). ئەمانە بەشێوەی سروشتی لەگەڵ مرۆڤ و زیندەوەران دەژیێن. بەگوێرەی گوتەی پسپۆرانی زانکۆی ستانفۆرد رێژەی ئەم بەکتریا وەلژییانە لە خەڵکی شارنشیندا کەمترە. هۆکارەکەیش بریتییە لە جۆری خۆراکەکەیان کە کەمتر سروشتییە و بە زۆری قوتووبەندە.

ئاکامی توێژینەوەکە ئەمە رۆشن دەکاتەوە کە خواردنی ئەم جۆرە خۆراکانە کە پڕن لە بەکتریا و کەڕووی جۆراوجۆر دەبنە هۆی کەم کردنەوەی هۆکارەکانی هەوکردن،؛ بۆ وێنەی ئەو هەوکردنەی کە پەیوەندیی بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو وە هەیە. هەروەها هەوکردنی نەخۆشیی رۆماتیزمی جومگەکان.


سەرجاوە

نیویۆرک تایمز

سێڵ


 



24.9.21

ئەنتی بایۆتیک یا ژیدژ


جيهان نائومێدە لە پەیدابوونی ژیدژ(ئەنتی بایۆتیک): کەڕووەکانی نیوزیلەند وەک سەرچاوەیەک بۆ پێکهاتەگەلی
ئومێدبەخش. ئەمە ناونیشانی بابەتێکە کە پوختەیەکی دەکەینە کوردی.

ساڵی ٢٠١٤ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هوشداریی دا کە لە ماوەی دەیینەیەکدا بەکتریاگەلی بەرهەڵستکاری ژیدژ (ئەنتی بایۆتیک) بۆی هەیە نەشتەرگەری، گواستنەوەی ئەندامەکان و چارەسەری شێرپەنجە بخەنە ژێر مەترسیی بەبڕشتەوە؛ و وەک کۆتاییهاتنی سەردەمی دەرمانە مۆدێرنەکان ناوی برد.
ژیدژەکان بەردی بناخەی دەرمانگەریی مۆدێرنن، و بۆ چارەسەرکردنی ئالوودەزایی و پاراستنی ئەو نەخۆشانەی دەکەونە ژێر نەشتەرگەری و کیمۆدەرمانی زۆر گرنگن. جیهان بە نیگەرانییەوە پێویستیی بە ژیدژی تازەیە و کۆڤید-١٩یش رەوشەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
لە لێکۆڵینەوەگەلێکدا کە لە نیوزیلەند ئەنجامدراوە و بەتایبەتی لەسەر ئەو کەڕووانەی کە تەنیا لە نیوزیلەند تۆمارکراون، پێکهاتەگەلێکی کەڕوویین دۆزراونەتەوە کە دەتوانن بەکتریاگەلێکی کەڕووین بکوژن، کە هێواش گەشەدەکەن و یەک لەوانە ئەو بەکتریایەیە کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی سیل.
هەروەها پێکهاتەیەکی تری کەڕووییان دۆزیوەتەوە کە ئەو بەکتریایە دەکوژێت کە ناسراوە بە ستافیلۆکۆکوس ئۆریوس و لە نەخۆشخانەکان بەرهەڵستیی پەیداکردووە بە دەرمانی مەتیسیلین.





سەرچاوە

فیزیکس دۆت ئۆرگ

ستیمۆنیتیس


 

جسنێکی جیاوازی لینجەکەڕووەکانە لە هەموو کیشوەرەکان بینراوە جگە لە جەمسەری باشوور. ئەمانە هاگدانگەلێکی درێژکۆڵەیان کە بەسەر قەدێکی باریکەوەن و بەشێوەی هێشوویی لەسەر دار و چێوی رزیو دەڕوێن.  ئەم جسنە یەکەمجار ساڵی ١٧٥٣ لەلایەن رووەکزانی ئەڵمانی جۆهان گۆتلیب گلێدیچەوە پەسن دراوە.  بەگوێرەی سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠١٤ ئەم جسنە پێکهاتووە لە هەژدە چەشن و ناسین و هەڵاواردنیان چەتوونە و هەر بۆیە تەنیا دەبێ بە گەردبین لە یەکتری جیابکرێنەوە.  بەبەردبووی ئەم جسنە لە وڵاتی میانمار دۆزراوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ٦٦ تا ١٤٥ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر.









13.9.21

پزلیکی لایکۆپێردن ئێکینەیتم

 خۆراکی  

لایکۆپێردن ئێکینەیتم(Lycoperdon echinatum) یا پزلیکی دڕکن جۆرێک پسڵە یا پزیلکە لە خێزانی ئاگاریکاسیی.  مفتەژی\مشەخۆرێکە لە ئەفریقا، ئەوروپا ئەمریکای ناوین و باکووری ئەمریکا دەبینرێت.  لەسەر خاک و لە نێو درەختە گەڵارێزۆکەکاندا، لە مێرگەکان و  رووتەنی لێڕەکاندا دەڕوێت.  قسە لەوە کراوە کە چەشنە ئەمریکاییەکە جیاوازە لەمە و ناوی لایکۆپێردن  ئەمێریکانومی بۆ دانراوە بەڵام بە تەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە.  

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان ئەم پسڵەیە پەیوەندیی نزیکی بە پسڵەی ئاسایی واتە کاڵڤاتیاوە هەیە.  ناوی  لایکۆپێردن ئێکینەیتم دوو ووشەی یونانین. یەکەمیان لە ئێخینوسی یونانییەوە وەرگیراوە کە مانای ژووشک دەدات و دووەمیش واتە  فسە گورگ. ئەم پزلیکە وەک ژووشک دڕکنە و دوای ئەوە کە کۆن دەبێت دڕکەکانی هەڵدەوەرن و شێوەی دەگۆڕێت بۆ شێوەی تۆڕێکی خڕ.  رەنگی سپییە و لە درێژایی تەمەنیدا بەرەبەرە دەگۆڕێت بۆ قاوەیی.  قەبارەیان زۆر گەورە نابێت و ناگاتە دە سەنتیمەتر.  شیاوی خواردنە و تەنیا ئەو کاتە کە رەنگی ناوەوەی دەگۆڕێت بۆ قاوەیی یا دەبێتە تۆز ژەهراوییە و نابێ بخورێت.




سەرچاوە

فێرست نەیچەر

ناشناڵ بایۆدایڤێرستی نێتوەرک ئەتڵەس